زەبەنگ بەهادین: ترس لە رەخنە یان پیرۆزکردن.
رەخنە کوشتن و تێکدان نییە، هێندەی پێداچونەوە و پاکبونەوەیە. مرۆڤی ژیر پێویستی بە رەخنەو رێکسازی هەیە، هەرکات نەنگیمان نواند لە ئاست رەخنە بە مانا خۆمان لا پیرۆزە یان پیرۆز کراوین، هەموو پیرۆزکردنێک بەمانای بە بتکردن یان بە بت بوون.
نوقم بوونی کوردوستان لە گەندەڵێ دەرگای رەخنەی واڵا کردوە بۆ هەموان تا تانە و تەشەریان بگرنە دەسەڵات، ئەو دەسەڵاتەی گەورە و بچوک مێژوو ئێستایان شارەزان، تا گەیشتینە ئاستێک هونەری نەماوە لە رەخنەگرتن لە حیزب و حکومەت و سیاسەت، بە پێچەوانەوە خەڵک بێئومێد بووە و حەوسەڵەی قسە و نوسینی نەماوە، رەخنەمان لە هەموو گرت لە خۆمان نەبێ لەوانە نەبێ کە رەخنەیان دەگرت لەوانە نەبێ کە رێگاکانیان بۆ نیشان دەکردین، لێرەدا هەڵە بووین خۆمان و رۆشنبیرانمان پیرۆزکرد تا هەردولامان بوینە بت و بێئومێد بووین لە هەر گۆرانکاریەک.
ئەم بێئومێدییە کۆمەڵگا بەرەو سێ ئاراستە دەبات:
یەکەمیان/ پاڵدانە تەنیشت گەندەڵکاران
دووەمیان/ پاڵدانە تەنیشت ئیسلامییەکان
سێیەمیان/ پاڵدانە تەنیشت بێئومێدان
دەبینین لە ئێستا و داهاتودا هەم گەندەلکاران زیاد دەبن، هەم تەوژمە دینییە توندرەوەکان زیاد دەبن، هەم بێئومدان گەشە دەکەن، لەو کاتەشدا ئێمە چیدەکەین؟ وەک چۆن مێژووی حیزبەکانمان پیرۆزکرد و ئێستا ئەوان سەرقافلەی گەندەلکارانن بەو شێوەیە مێژووی رەخنەگران پیرۆز دەکەین تا دەبنە سەرقافڵەی بێئومێدان. وەک چۆن ئاین پیرۆز کردن وەک بتکردنی لێکراوە کە ئەمە دەکرێ و هەلگرانی رەوتەکانی زیاد دەکەن لە ئەنجام توندرەوانی ئاینی زیاد دەکەن، ترسە گەورەکە لێرەدایە کاتێک کۆمەڵگا بەسەر سێ جەمسەری وێرانەی هەنگاو دەنێت، ئەو کات هیچ جارەیەک جگە لە هەلتەکانی بنەرەتی هیجی دی نامێنێ، وامان لێهاتوە دەبێ بەرەیەک هەڵبژێری ئایا بێئومێدی لەگەل رۆشنبیرانا یان گەندەڵی لەگەڵ حیزبەکانا یان توند رەوی لەگەل رەوتە ئیسلامییەکانا، دەرگای رەخنە بکەنەوە با رێگە بدرێت رەخنە لە هەموان بە من و تۆ و ئەوەوە بەردەوام بێت، با کەسمان پیرۆز نەکرێت و هیچمان بە بت نەکرێت پێشکەوتنی میللەتان بە رەخنە و پێداچونەوە بووە، نەک بە بێدەنگ بوون بێئومێد بوون.