سەردەشت محەمەد: ساڵێکی نوێ و سەدان هیوا و ئومێدی دوبارە.
واخەریکین لە هاتنی ساڵێکی نوێ نزیک دەبینەوە و ماڵئاوایی لەساڵی ڕابردوو دەکەین، ڕۆیشتنی ساڵەکان و هاتنی ساڵی نوێ ئەگەر بۆ جیهان و بەتایبەت هەموو ئەو گەل و نەتەوانەی کە سەدان ساڵە بەتێگەیشتنی خۆیان بۆژیان توانیویانە بە پارێزگاری کردن لە یەکڕیزی گەلەکانیان و بەرگریکردن لە خاکیان زۆرینەی هەرەزۆری هیوا و ئومێد و خەونەکانیان بەدیبهێنن و لای ئەوان هاتنی ساڵی نوێ ئاهەنگی بوێت، ئەوا بۆ نەتەوەیەکی ژێردەستەو خاک دابەشکراوی وەک گەلی کورد، بەبڕوای من لەپاڵ خۆئامادەکردن بۆ ئاهەنگ گێڕان و ڕازاندنەوەی شەقام و تەلار و باڵەخانەکان واباشترە خەڵک و دەسەڵاتدارانیش پێداچونەوەیەک بەژیانی خۆماندابکەین.
نامەوێت بگەڕێمەوە بۆ مێژویەکی زۆر دوری کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان، بەڵکو تەنها لە سی ساڵی ڕابردووی باشووری کوردستانەوە دەست پێدەکەم، چونکە لانی کەم بەشێکمان خودی خۆمان کارەکتەری ناو ئەو مێژوەین و بەشێک لەوانەشی لەنێو بەشێکی ئەومێژووەدا نەژیاون و ڕوداوو بەسەرهاتەکانیان نەبینەوە دەتوانن لەڕێگەی تۆمارە ڤیدۆیەکانی ڕابردوو، هەروەها نوسینی نوسەران و ئەدیبان و ڕۆشنبیرانەوە زۆر بەباشی پەی بەو ڕاستیە ببەن کە ئێمە سی ساڵە جگە لە گۆڕینی ژمارە و بەرواری ساڵەکان نەمانتوانیوە شتێکی ئەوتۆ لەژیانمان بگۆڕین.
ئێمە سی ساڵە لەبەردەم مایکەکاندا لەکۆڕ و کۆبونەوەکاندا لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا بۆ هاتنی ساڵی نوێ هەر ئومێدەوارین و هیوادەخوازین و دەڵێین: بەهیواین ساڵی نوێ ساڵی بەدیهاتنی خەونەکانمان بێت، ساڵی نوێ ساڵی نەمانی گرانی و گەڕانەوەی ئاشتی و برایەتی بێت بۆ گەلی کورد، ساڵی یەکگرتنی ئەم هێزانەبێت، ساڵی نوێ ساڵی نزیکونەوەمان بێت لە سەربەخۆی و ڕزگاربونمانبێت لە ژێردەستەی سەدان و هەزاران هیوا و ئومێدی دیکە. کەچی بەداخەوە هاتنی ساڵی نوێ نەک هیوا و ئاواتەکانمانی تێدا بەدی نەهات، بەڵکو زیاتر حەقیقەتی ئەو پەندە کوردییەی بۆ دەرخستین کە دەڵێت: ساڵ بەساڵ خۆزگەم بە پار” ئێمە ساڵانێک تەنها هیوامان باشبونی مووچەو نەمانی شەڕی داعش بوو، کەچی ئێستا ترسی پەلاماردانی خاکەکەشمان لەلایەن ئێران و تورکیاو مەترسی لەدوبارە دابەشبونی کۆمەڵگاوە بەهۆی پرسی جێندەرەوە ئەویشی هاتۆتەسەر.
چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە و هەوڵدان بۆ بەدیهاتنی هیواو ئومێدەکانمان پێویستی بەئاشتبونەوەیەکی نیشتیمانی هەیە، پێویستە سەرکردایەتی کورد پێداچونەیەک بە سیاسەتی کاری خۆیدا بکات، پێویسته سەرکردیەتی کورد لە زاخۆوە تاخەنەقین، بەیەک چاو تەماشا بکات، نەک پاش سی ساڵ داوای بە قۆنتەرات گرتنی پارێزگایەک بکرێت وەک ئەوەی ئەو پارێزگایە و خەڵکەکەی سەر بەدەوڵەتێک و دونیایەکی دیکەبێت.
- Latest Posts by سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts