شەماڵ بارەوانی: گێلە فەقێ/ بەشی سێیەم.
2025ی، ئۆروپا دەڕووخێت.!
ڕوژی شەممەبوو و خەریکی خوێندنەوەی (مەجموعة الرسائل)کەی حەسەن بەنای بووم، دوای دوو ڕۆژ لە بێدەنگی، دیسان دەنگە نەگریسەکە هاتەوە دەنگ و دووبارە دەستی پێکردەوە: فەقێ گیان، ئازیزەکەی من، ببوورە گەر پێشووتر تۆزەک زبر لەگەڵت دوابێتم. ئەوە چی دەخوێنیتەوە؟
کۆڕە کاکە بەخوا تۆ پیاو کەر و دەهری دەکەیت! باشە هەی گێلە فەقێ، تۆ نووسەر و کتێب بڕانە، تا ئەو هەموو کاتە جوانەی خۆت، بەو نووسینە قۆڕانەی ئەو حەسەنۆکە بەنا ئیخوانیە فاشیستە و یوسف قەرەزاوی بیردۆگمایی و مەلا عەلی باپیر و کێ و کێتری ئیسلامی سیاسی نەخوێنەوار و نووسینە بێ تام و جەوگێ و بێ کەلکەکانیان بە فیڕۆ بدەیت؟ کوڕم، پێشوو چیم پێگوتی؟
دیارە گەمژە، یان هەر بەڕاستی گێلیت. یان کێشەی تێگەیشتن، یان شیزۆفرینیات هەیە!کاکە فەقێ، هێندە کەرمەبە و بڕۆ هەندەک مارکس و سارتەر و کامۆ و ڕاسل و ڕۆسۆ و ڤۆلتێر و نیچە و کانت و دیکارت و هایدگەر و کافکا و سادق هیدایەت و فەیلەسوفان بخوێنەوە. چیت داوە لەو کتێبە سادە و بێ مانا و ئایدیۆلۆژی و قۆڕانە. دەی بەهەرحاڵ.
فەقێ گیان، دەزانی ئەوجاره بۆچی هاتووم؟ هاتووم تا یارمەتیت دەم و پێشنیازت بۆ بکەم، بەوەی لە وتاری ئەمجارەت هەوڵدەیت درۆی زۆر بەهێزتر بکەیت و ترش و خوێی زیاتری پێداکەیت و بڵێ سوێند بە اللەی عارز و عاسمانان، ئیمانداران، هیچ گومانێکتان نەبێت کە لە 2025ی هەموو ئەوروپا دەڕووخێت. ناونیشانی وتارەکەشت با(ئەوروپا دەڕووخێت)بێت.
کوڕم، سەردەم سەردەمی پێوەنانێیە. هەڵە تێنەگەیت گێلە فەقێ، مەبەستم وتارەکەیە، نەک شتی قۆڕ. دەزانم ئەنگۆ مەلا و فەقێ، هەر مێشکتان لای پێوەنان و تێنان و دەرهینانێیه. خەیاڵتان هەر لای چوارژنی و حەفتاو دوو حۆری بەهەشتێ و کەنیزە و غیلمان وشتە.
فەقێ گیان، با ئەوەشت پێ بڵێم، بەڕاستی وتاری تایبەت بە(موعجیزە)شت بە دڵم بوو، بە تایبەتی کاتێک گوتت: ئیمانداران، پەیامبەر لە تەنها گوندکێک هەویر، دەهەزار و دووسەد و سی و سێ کولێرەی هەورامی دروستکرد و بەسەر هەموو خەڵکی مەکە و مەدینەیشی دابەشکرد!
ئای لە قوڕێت نێم فەقێ، مەبەستم ئەی ئافەرین گێلە فەقێ. هەرچەندە ئەو درۆیەت زۆر بەهێز و باشبوو، بەڵام هەستمکرد وتارەکەت، هێشتا درۆی وەک پێویستی تێدا نەبوو!
دەزانم ئێستا دڵ لە دڵ دەدەیت و دەڵێیت باشه ئەگەر یەکێک لە ئامادەبوان لێی پرسیم: مەلا ئەگەر 2025 هات و ئۆروپا نەڕوخا؟دواتر تۆ چۆن وەڵامی ئەو کەسە و ئەو درۆیە زل و زەبەلاحەی خۆت دەدەیتەوە؟
فەقێی نەخوێنەوار، هێندە وڵاخ مەبە تکایه.کوڕە بە خوای بڵێیت عەن ئیبنولنەزار ئەلقەببانی عەن ئیبنو زەیتونولبەعشیقە وەلبەعزانی، عەن بینتولقەزوانی فی هۆنراوەتوئەل((اغضب)) فی حەدیسین قودسیین یەقول ڕەسولواللە سەلەلاهو عەلەیهی وەسەلەم، ئینە اللە جەلە جەلاله قال:
اغضب كما تشاءُ..
واجرحْ أحاسيسي كما تشاءُ
حطّم أواني الزّهرِ والمرايا
هدّدْ بحبِّ امرأةٍ سوايا..
فكلُّ ما تفعلهُ سواءُ..
كلُّ ما تقولهُ سواءُ..
فأنتَ كالأطفالِ يا حبيبي نحبّهمْ..
مهما لنا أساؤوا.. اغضب!
فأنتَ رائعٌ حقاً متى تثورُ
اغضب! فلولا الموجُ ما تكوَّنت بحورُ..
هەمووی سوبحان اللەی دەکات و سەڵاوەت لێدەدات.
پاشان خۆتۆ لە زانکۆی ئەزهەر وتار نادەیت، هێندە شتەکەت بە گێلی و قورسی گرتییە!
کوڕە خەڵکی ئەو دێیە دابڕا و دوورە دەستە، ئەو خەڵکە عەشایەر و ئوممییە، کێ توزانیت ئایەت و ڕیوایەت و شیعری عەرەبی لێکتری جیابکاتەوە. زانکۆشی تەواوکردیە، یەک لەیەکیان نا ڕۆشنبیرتر و ناهۆشیارتر و نەخوێنەوارترن. مەلا و بانگخوازی ئیسلامیەکان بڵێن کەری ماڵە هاوەڵەکی پەیامبەری، لە جیاتی قەرسەقوڵی گندۆرەی دەکرد، باوەڕدەکەن!
ئەو کوردە بۆرەی باشوری کوردستان سێ بەسێ لۆژیکی تەڵاقداوە و هەمووی ڕۆشتووەتە سەر مەزهەبی میزی حۆشتری خەلیجی.
کوڕم، فەزای کۆمەڵی کوردی ئێستا بە حکومی ئەوەی لە سۆشیال میدیا، ئیسلاميیەکان چاڵاکن و سەدان گرووپ و پەیج و چی و چیان داناوە و لێشاوێک وتار و وەعزی خوڕافی و نائەقڵانی و دژە زانست و نالۆژیکی پیاوانی ئایینی و بانگخوازانی سەر بە ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان بڵاو دەکەنەوە و کاریگەری لە سەر هزری هەرزەکاری بێ ئەزموون و سادە لەوح و بێ پاگراوەند و نا ڕۆشنبیر دروست دەکەن و خەڵکێکی لەو چەشنە لە ژێرکاریگەری گوتاری ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەرێتیدایه و ئەو ئەقڵیەتە ئەفسانەچی و خوڕافیچیەی بەسەردا زاڵە و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم هەژموونیان بەسەر مینتاڵێنت و ئەقڵیەتی بەعزێکی زۆر لە تاکی کوردیەوە هەیه و خوڕافە و درۆی وایان بە ناوی ئایین و پەڕچو و موعجیزەوە دەرخوارد دەدەن و مێشک و ئەقڵ و بیر و هۆشیان بەو جۆرە خوڕافیات و درۆیانە هاکدەکەن و تێک و پێک دەدەن.
گێله فەقێ: کابرا زانکۆ و شتی تەواو کردووە و عەوامانە بیردەکاتەوە و باوەڕ بەو جۆرە خوڕافیاتانە دەکات. مامۆستایەکی دەناسم بەشی فیزیای تەواو کردووە و لە قوتابخانە وانەی زانست دەڵێتەوە و لێرەڕا دەڕواتە نەجەف و کەربەلایێ، بۆشین و ڕۆ ڕۆ و لەخۆدان و قوڕ پێوان.
برادەڕێکی تر دکتۆرای لە قانون هێناوە ئێستا حاکمە لە دادگا و لە یادی عاشورادا، لە حوسێنیه جەستەی خۆی خەڵتانی قامچی و شەڵاڵی خوێن دەکات!
کەسێکی تر دەناسم، پزیشکی گشتی تەواو کردووە و دەروێشی تەریقەتی عەبدولقادری گەیلانیە و بڕوای وایە: شێخ داویەتی لەشەقەی باڵ و فڕیوە!
گێلە فەقێ بیرتە لەو حوجرەیەی دەمایتەوە، کە ماڵە شێخێک سەرپەرشتیان دەکرد، ڕۆژانە دەیان کچە خوێندەکاری زانکۆ و پەیمانگا و ژنە مامۆستا، دەهاتنەلای شێخ ژنێکی نەخوێنەوار، بۆ نوشتە و مراز حاسڵ بوون و گرێی بەخت کرانەوە و شت؟!
وەڵاهی کەسێکی تر دەناسم دکتۆری لە سایکۆلۆجی هێناوە و مامۆستای زانکۆشە و ڕێک واعیزێکی تەمام عەیارە، وەلێ لە بەرگی دەروونناسیدا. کابرا مامۆستای زانکۆ و سایکۆلۆژیست و پڕۆفیسۆرە و دابەزیتە ئاستی نەخوێندەوارترین مەلا و ڕۆڵی خوڕافەگێڕێک دەگێڕێت و فرۆید و دەروونناسی تێکەڵ بە گوتارێکی ئایینی لێوان لێو لە عاتیفە و خوڕافه دەکات و لە شێوەی واعیزێکی سەر بەئیسلامی سیاسی و پیاوێکی ئایینی قسە دەکات و بازاڕ بۆخۆی گەرم دەکات و مێگەڵ لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە.
کابرایەکی تر دەناسم، لە فەڕەنسا و سۆربۆن و دکتۆرای لە ئەدەب و فەلسەفە و شت خوێندووە و خۆی پێ کامۆ سارتەر و کامۆ و ئەندرێ بریتۆن و، فەیلەسوفی کوردەو لە تەسەروفات و هەڵسوکەوت و قسەکردن، دادەبەزێتە ئاستی کەسێکی شێت و فەریکە فەقێیەکی نەخوێنەوار و دەستی مەلا عەلی کەڵەک ماچ دەکات و بازاڕی فاڵ و فێڵ و نوشتە دەبووژێنێتەوە.
ئیتر ئاوایە ئازیزەکەم، لە کۆمەڵی ئەقڵ خوڕافیدا، هەزارجار بڵێیت خەڵکێک ڕۆیشتە سەرمانگ و ناسا ئاوی لەسەر مەریخ دۆزیەوە و ستیڤن هۆکینگ باسی مەترسی بونەوەری ئاسمانی کردووە لەسەر ئاییندەی مرۆڤ، زانست و ئەو قسانە قۆڕانە فلسێکی سوتاو ناهێنێت و هەزار و یەک جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزی بۆیەت، مادام جندۆکەی مەزهەب و دووپشکی زل زلی سزای ناوگۆڕ و موعجیزەی پەیامبەر نەبێت، کە گوایه وەکو بەلوعە ئاو لە پەنجەکانی دەڕۆیشت.
لە کۆمەڵی خوڕافە تۆ بڵێ: لەسەر شاخی پیرەمەگرون نووسراوە:لا ئیلاهە ئیلا اللە و لەسەر هێڵکەی مریشكێك و زگی مانگایەک و پشتی بزنێك نووسراوە(اللە)،
هەزاران وەی سوبحان اللە و ماشااللە وجەزاکە اللەت لە کۆمێنت بۆ دێت!
وەکو چۆن بینیمان لەو ماوەی رابردوو گەنجێک مرد، گوایە ئەو گەنجەی کە سەر بە ئیسلامی سیاسی بوو و گرنگی بە ڕیوایەت و دین و شت داوە، بۆنی میسك و شت لە لەشی هاتووە و ئەم پەیجی ئیسلامی سیاسی داماو، بۆ ئەویتری بەستەزمان، ئەو هەواڵە خوڕافی و تڕوهاتەیان حەواڵە دەکرد و لە لایان لەشکری خورافه و کۆمەڵی مێگەڵ و مرۆڤی نابیرکەرەوە و ئەفسانە پەروەر، هەزاران کۆمێنتی ماشااللە و سوبحان اللە و شتی بۆهات!