دانا مەنمی: تەنز ژانرێکی ئەدەبییە و تێکەڵ بە ناوزراندنی مەکەن.
لە ئەدەبیاتی کوردیدا تەنز لقێک وەیان ژانرێکی ئەدەبی و هونەرییە، خاوەن مێژوویەکی دورو درێژە بە جۆرێک مێژووی ئەدەبی کوردی لە سەدەی بیستەم دا زۆرترین تەنزی لە خۆگرتووە، زۆرینەی شاعیرانی کورد لە هەلومەرجێکی زۆرئەستەم لە ڕووی سیاسی کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە لە دۆخێکی دژوارو نەدارو چەرمەسەرییدا ژیاون وهۆنراوەیان هۆنیوەتەوەو زۆرینەی هۆنراوەکانی ( بێکەس، قانع، شێخ رەزا تاڵەبانی و شوکری فەزڵی و هێمن و مەلا مارف کۆکەیی چەندینی تر) پڕیەتی لە تەنزو هەجوو.
لەناو ئەدەبیاتی جیهانیشدا گرنگی و بایەخی زۆر بە تەنز دراوە، مەسەلەن “بۆکۆڤسکی” لە ڕێگەی چیرۆک و ڕۆمانە تەنزئامێزەکانی، یان “ دۆستۆڤسکی و ئەنتۆنیۆ چیخۆف و مراڤیاو عەزیز نەسین“ هەر یەکێک لەمانە هەم کۆمەڵگاو هەمیش حکومەتەکانیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە، مەجلیسی شاعیرانی کوردیش بە گشتی پڕ بووە لە قسەی خۆش و نوکتەباز و تەنز و باشتر توانیویانە پەیوەندی لەگەڵ چین توێژە جیاجیاکاندا بگرن، هۆنراوەکانی ئەو سەردەمە لە دڵ دەنیشن و مەفاهیمی نوێیان بە زمانی تەنز ئامێز خستووەتە ڕوو لەپاڵ ئەوەشدا ڕەچەشکێن بوون و بە توندی رەخنەی تەنزیان لە بێ ئاگایی خەڵک و لە زوڵم و ستەمکاران گرتووە.
تەنز لەپاڵ ئەوەی کە ژانرێکی ئەدەبی رەخنەگرتنە بەرپرسیارەتیەکی ئەدەبی ئەخلاقیشە کە بابەتیانە بە ئامانجی بونیادنان رەخنەکانی دەخاتەڕوو، رەخنەگرتنیش مافێکی یاساییو رێپێدراوی هەموو کەسو رۆژنامەنوس و ئەدیب و شاعیرێکە دەبێ ڕێزی لێبگرین و کوێرانە تیکەڵی نەکەین بە ناوزراندن، بەڵام ئەوەی لێرەدا کێشەیە ئەو تێگەیشتنە سیاسییەیە کە هەندێک حیزب بۆ تەنز هەیانە و لەپاڵ ئامانج و خەونێکی سیاسی دا تێکەڵی ناوزراندن ( تشهیر) دەکەن! دوایەمین تەنزی دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا لە بارەی قۆنتەراتەکەی شاری سلێمانیەوە پارتی تەنگەتاو دەکات، تەنگەتاوی ئەم حیزبە بەڵگەی ئەوەیە کە هیچ سیستەمێکی فیکری و ئەخلاقی لە پشتیەوە نییە وە هیچ لە دونیای فیکرو ئەدەبیات نازانێت و هیچ تەفسیرێکیشی بۆ ئەو شتانە نییە کە دەیڵێت!
دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا لە دوای ڕاپەرینەوە زۆرترین خزمەتی ئەم لقە ئەدەبیەی کردووە، بێ گوێدانە تیروتوانجی خەڵک و هیچکات باکی بە چاوسورکردنەوەی بەرپرسان نەبووە و لە قەفەزی هیچ حیزبێکیشدا هەتا بە یەکێتیشەوە گیری نەخواردووە، هیچ گۆشەو سوچ و کەلێنێک نییە لەو کوردستانە زمانی تەنزە شیعرییەکانی دکتۆر شیرکۆ عەبدوڵای پێ نەگەیشت بێت، هەموو ئاشنای گۆڤاری سیخورمە بووین کە بەتەمەنترین و دەوڵەمەندترین گۆڤاری تەنز ئامێزە لە كوردستاندا دەرچووبێ و باشکاتبەکەی دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا بوو، سەرباری ئەوەی ڕۆڵێکی بەرچاوو گەورەی هەبووە لە دەوڵەمەندکردنی چەندین ماستەرنامەداو هاندەرو ڕێنیشاندەری خویندکاران بووە.