عیماد عەلی: رۆڵی تێکدەرانەی جلخوارەکانی کوردستان.
بۆ سەلماندنی ئەوەی کە بەریتانیا و جلخوارەکانی کورد بە خۆی و بارودۆخە بابەتیەکەی ناوچەکەوە بەرپرسن لە نەبوونی دەوڵەتی کوردستان، بۆ بەرچاو روونی و دەرخستنی راستیەکان، ئەم بەڵگەتان دەخەینە بەرچاو. لە 9ی گەڵارێزانی دەمەدەمی پایزی ساڵی 1956، وەفدێک کە پێکهاتبون لە مامۆستاجەمال نەبەز و عەزیز موحەمەد و شێخ ئەحمەدی شێخ رەئووف، بەمیوانی سەردانی شێخ مەحمودی حەفید لە گوندی داریکەلی دەکەن. لەوێدا مامۆستا جەمال نەبەز دەبێژێت : زۆر بەختیارم لە خزمەت شای کوردستاندام. شێخ مەحمود دەڵێت: شای کوردستان! شای کوردستانی چی کورٍم، ئەگەر شای کوردستان بام رێم لێ نەدەگیرا بە کوردستاندا بگەرێم. کە باس دێتە سەر باسی ئینگلیزەکان، شێخ دەڵێت ئینگلیزەکان بە منیان دەوت بچۆ شەری تورک بکە. جلخوارەکانیش دەیانوت تورک موسڵمانن و لەگەڵیان رێک بکەوە، ئەم جلخوارانە لە ناو خەڵکیشدا ترسیان بڵاودەکردەوە و ئەوەیان دەوت کە ئینگلیزەکان ماوەیەک لێرە دەبن و دەرٍۆنەوە و ئەوسا تورک دەگەرٍێتەوە و تۆڵە لەوانە دەسێنێتەوە کە پشتی ئینگلیزیان گرتووە.
بەڵێ ئەمە هەڵوێستی جلخوارەکانی کوردستانی ئەو رۆژە بووە کە پشتگیریان لە تورک کردووە و هانی شێخیان داوە هاوکاری تورک بکات، گوایە ئەوانە موسڵمانن، ئەمرٍۆش جلخوارەکانی کوردستان هەمان هەڵوێستیان هەیە. ئەمانە بە فکر بێت یان بە پەرستنی بەرژەوەندی کەسی و ملکەچبوون و داردەستەیی و شێخانی بەرماڵ، هەمیشە ملکەچی داواکاریەکانی دوژمن بوون و قەت بەرژەوەندی و ئایندەی گەلی کوردستانیان لەبەرچاو نەگرتووە.
جەمال نەبەز لەوێدا کە لە شێخی نەمر دەپرسێت، قوربان رەنگە جەنابت دوودڵ بووبیت لە شەرٍکردن دژی تورک، چونکە ئەوان موسڵمان بوون. ئا لەوێدا بە پێچەوانەی هەموو ئەو پرٍوپاگەندانەی لە کوردستان دەکرا و تا ئێستاش دەکرێت، شێخی نەمر دەڵێت: موسڵمان! تورکەکان موسڵمان نەبوون نە عوسمانیەکان نە کەمالیەکانیش موسڵمان نەبوون. جا ئەگەر موسڵمان بونایە چۆن ئینگلیزەکانم دەهێنایە کوردستان، موسڵمان ئەوەیە خوێنی خەڵک برٍێژێ؟ راورووت بکات؟ نوکی رمەکانی بکات بە سنگی منداڵی ئەرمەنیەکاندا؟ دەست بۆ ناموسی ژنان درێژ بکات؟.
ئەوەی گرنگە لێرەدا شێخ باسی ئەوە دەکات کە جلخوارەکانی ئێمەش موسڵمان نەبوون. هەموو (سەرسەری) و (ئارەق خۆر) و (بەنگ- کێش) بوون.
ئینگلیزەکان نەدەچوونە ژێر هیچ پەیمان و بەڵێنێک بۆ دوارۆژی کوردستان. شێخ دەڵێت: دەمویست بزانم ئەو کوردستانەی ئەوان بەرەسمی دانی پێدادەنێن سنوورەکەی دەگاتە کوێ، بەڵام ئەوان هیچیان نەدەگوت، هەر دەیان گوت تۆ جارێ بچۆ شەرٍی تورکان بکە. ئا لەبەر ئەوە بوو شەرٍی تورکم نەکرد، نەک لەبەر ئەوەی موسڵمان بوون.
بەمە بێت، لەبەر نەبوونی هیچ پەیمانێک لە لایەن ئینگلیزەوە شێخی نەمر شەرٍی تورکی نەکردووە، نەک لەبەر موسڵمان بوونیان وەک زۆرینە باسی دەکەن و، ئەم پرٍوپاگەندەیەش ئینگلیز لەبەر چەواشەکاریی خەڵک لە نێو کورددا بڵاوی کردۆتەوە و خەلًک تا ئێستا باوەرٍی پێکردووە. شێخ دەبێژێت زۆر هەوڵم دا دڵی ئینگلیزەکان رابگرم، بەڵام ئەوان لە پشتەوە و بە دزیەوە خەریکی پاشقول گرتن بوون لە من و هەندێک هەتیمچە و ناکەس بەچەیان چراخ کرد و راستکردەوە لە دژی من، بۆیە باوەرٍم بە ئینگلیزەکان نەما. شێخ کە باس لە سەر عیراق دەکات، دەبێژێت: ئەم عیراقە کابرایەکی ( دودەکی) سێر پێرسی کۆکس دروستی کرد، کە لەگەڵ فەیسەڵە ( حیز) سەربەسەرێنەیان دەکرد.
دەمی هەر کەسێک دەکەیتەوە رەخنە لە شێخ مەحمودی نەمر دەگرێت، گوایە لەبەر خاتری ئیسلامێتیی تۆقەی لەگەڵ ئینگلیز نەکردووەو هەر لەبەر ئیسلامێتی شەرٍی تورکی نەکردووە و ئایندەی کوردی زامن نەکردووە و عەقڵی بەو سیاسەتە نەشکاوە و پرسی گەلی کوردستانی دۆرٍاندووە. گوایە لەوە ئاگادار نەبووە کە بەریتانیا لەو کاتەدا لە توانایدا بووە وڵاتمان بۆ دروست بکات، گوایە شێخی نەمر پشتگیری لە تورک کردووە لە دژیان.
ئا ئەم راوبۆچون و قسەیەی کە بۆ ماوەیەکی زۆرە لەسەر زاری گەورەو بچوکدا بڵاوبۆتەوە، بێ ئەوەی کەس سەرچاوەکەی بزانێت و ئەوە لێکبداتەوە کە ئەم بۆچونە بۆ چی مەبەستێک بڵاودەکرێتەوە. بێگومان دیارە ئەمەش یەکێک بووە لەو واتەوات و پروپاگەندانەی موخابەراتی جیهانی و بە تایبەتی بەریتانی کە کوردی پێ هەڵخەڵەتاندووە و تاوانی دروستنەبونی دەوڵەتی کوردی لەسەر خۆی لابردووە و تەنانەت گوناحەکەیشی خستۆتە سەر کوردی بێگوناح خۆی و سەرکردەکەی، ئەم پرٍوپاگەندەش هیچ راستیەکی تێدا نیە.
لێرەدا رۆڵی ناجوامێرانەی جلخوارەکان بەزەقی دەردەکەوێت و لەمرۆشدا زۆرێک حزب و کەسایەتی و بیر چەوتی پەیوەست بە تورک و وابەستە بە فکری چواشەکاری ئایینی و مەزهەبیانەی تورکیا دووبارە هەمان رۆَڵی کۆنە جلخوارەکان دەبینن.
* زۆربەی زانیاریەکان لە لایەن میدیای کۆکەوەیە. بە سوپاسەوە مامۆستا (وەهبی رەسول) بۆی ناردم.