زاهیر باهیر: کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن/ بەشی یازدەیەم و کۆتایی.
ئەنجامگیریی
ماری ڕۆبنسن، سەرۆکی گروپی سەرکردە بەتەمەنەکانی پێشووی جیهان، کۆنە سەرۆکی پێشووی ئێرلەندا و دووجار نوێنەری کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی: جیهان لە لێواری کارەساتی کەش و هەوادایە. پێشکەوتنەکان لەسەر [کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی] زۆر خاو بووە. ئێمە لە لێواری جیهانێکی وزەی پاکداین، بەڵام تەنها ئەگەر سەرکردەکانی جی 20 لە ئاست بەرپرسیارێتیەکانیاندا بژین و قسەکانیان بپارێزن و ئیرادەیان بەهێز بکەن.
ئەرکەکە لەسەر ئەوانە”.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا و وتی: هەسارەکەمان هێشتا لە ژووری فریاکەوتندایە. پێویستە ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو دەردانی گازی ژەهراوی کەم بکەینەوە – و ئەمە پرسێکە کە ئەم لوتکەیە باسی نەکردووە. جیهان هێشتا پێویستی بە بازدانێکی زەبەلاح هەیە لەسەر تەماحی کەش و هەوا”.
لۆڕێنس توبیانا، یەکێک لە ئەندزیارانی ڕێککەوتنی کەش و هەوای پاریسی ساڵی 2015، کە ئێستا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی کەش و هەوای ئەوروپایە ئاماژەی بەوە کردووە، “کاریگەری پیشەسازی سووتەمەنی بەردینیی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەرکەوتووە”… “ئەم کۆبونەوەیە پێداویستییەکانی لە دەوروبەری ئەو وڵاتانە لاواز کردووە کە بەڵێنی نوێ و گەورەتریان لەبارەی کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوییەوە داوە. لە دەقی [گرێبەستەکەدا] هیچ باسێک لە کۆتاییهێنان بە قۆناغ بە قۆناغی سووتەمەنی بەردینی نەکراوە، و ئاماژەیەکی کەم بە ئامانجی گەیشتن بە پلەی گەرمی 1.5 سەدیی کراوە”. ئەو وتیشی ” سەرۆکایەتی میسر دەقێکی خستە بەردەست کە بە ڕوونی دەوڵەتە پترۆ نەوت و گازەکان و پیشەسازییەکانی سووتەمەنی بەردینی دەپارێزێت کە ئەم ڕەوتە ناتوانێ ساڵی داهاتوو لە ئیمارات بەردەوام بێت”.
ئێد میلیباند، شادۆ سکرتێری گۆڕانی کەشوهەوا و دابەزینی پلەی گەرمی بۆ سفرە لە حیزبی لەیبەر بە پەرلەمانتارانی ڕاگەیاندووە کە ” Cop27 شکستی هێنا لە پرسە سەرەکییەکەی هێشتنەوەی گەرمبوونی جیهانی بۆ تەنها 1.5ی سەدیی لە سەرووی ئاستی پیشەسازییەوە”
لە بەشداریکردنی دانەوەی وەڵامی پرسیارەکاندا وتی ” پێویستە ڕوون بین، لەسەر پرسە چارەنووسسازەکەی هاتنەخوارەی پلەی گەرمی بۆ 1.5 پلە، ئەم لوتکەیە شکستی هێنا. ئێمە لە ئێستاوە کاریگەرییە کارەساتبارەکانی یەک پلەی گەرمبوونەوە دەبین هاوکاتیش لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە ببنەوە، زۆرێک لە سەرکردەکان یاری دەکەن لە کاتێکدا جیهان دەسوتێت، سەرەنجامی ئەوەش بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمە لە ئێستادا لەسەر ڕێڕەوی گەرمبوونێکی کارەساتباری 2.8 پلەین”
هەروەها وتیشی ” پێویستە ڕاستیەکان بڵێین. ئەگەر کارێکی جیاواز و خێرا نەکەین، میراتێکی ترسناک بەجێدەهێڵیین. بەم پاشخانەوە هیچ وڵاتێک ناتوانێت پشتی خۆی بخورێنێت هەر وەکو هەر وڵاتێک کە خۆی بە پێشەنگی کەش و هەوا دەزانێت، بەرپرسیارێتی و دەرفەتێکمان لەبەردەمدایە بۆ دانانی پلانێکی خێرا لە ساڵی داهاتوودا و دەسەڵاتی ئەخلاقیمان لە دانوستانەکاندا پەیوەستە بەوەوە.”
* نوسینی ئەم وتارە بەرهەمی خوێندنەوەی زیاتر لە 20 وتار و توێژینەوەیە. بە پێویستم نەزانی لە دامێنی وتارەکەوە ئاماژەیان پێبکەم ، بەڵام هەر خوێنەرێك بە گومانە لە ئامار و بەڵگەکان دەتوانێت لە مێسنجەرەوە یاخود بە ئیمەیل ئاگەدارم بکاتەوە تاکو هەندێك لەو سەرچاوانەی بۆ بنێرم.