راینە هێرمان: کێ دەبێتە جێگرەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی؟
گەڕان بەدوای جێنشینێک دەستی پێکردووە
ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەو دیکتاتۆرەیە کە ئەمرۆ یەکیک لەهاوارە گرنگەکانی خۆپیشاندەرانی ئێران مەرگی بۆ دەخوازن. هاواری مەرگ بۆ دیکتاتۆر، ئاماژەیە بۆ خامنەی،کە لەساڵی 1989وە، وەک ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕ سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئیران دەکات.
خۆپیشاندەران دەخوازن و دەیانەوێت کۆتایی بەو رژێم و سیستەمە بهێنن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆساڵی 1979 کە پاش رووخاندنی رژێمی شاهەنشاهی لە سەردەستی ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئیراندا دروستکرا.
خومەینی لە ماوەی دەیان ساڵ بەرخۆدان لە دژی شا، تیۆریەکی تازەی سەبارەت بە حوکم یان ویلایەتی فەقێ (ڤێلایەتی فەقیه)بنیاتنا کە دوای سەرکەوتنی شۆڕش ویلایەتی فەقیە بووە واقیع.
خومەینی لەگەڵ ئەو سەرکەوتنەدا چەمکی تەقلیدی نیزامی سیاسی ئیسلامی شیعەی هەڵوەشاندەوە. وەک نەریتێک زانایانی مەزهەبی شیعە ناسیاسی بوون، ئاواتەخوازی پۆستی سەرکردایەتی سیاسییان نەبووە. تەنانەت هەتا ئەمڕۆش زۆرینەیان ڕۆڵی سیاسی سەرکردایەتی و پێشەنگایەتی ڕەتدەکەنەوە.
خومەینی بەکۆماری ئیسلامی بینایەکی تازەی سیاسەت و حوکمداری دروستکرد.
خۆی کە رێبەری شۆرشەکەبوو، لێهاتووترین زانای یاسایی و ئایینی بوو، هەر خۆشی، چاودێری و کۆنترۆڵی داموو دەزگاکانی کۆمارەکەی دەکرد، حکومەتێکی هاوتەریبی بنیاتنا بەدەسەڵاتی رەهای ئینقلابیەوە، ئەم حوکمەتە هاوتەریبە دەسەڵاتیان بەهێزترو سەرووتربوو لە دامەزراوە کۆماریەکە. خومەینی ڕێبەری شۆڕش، لە سەرۆکی هەڵبژێردراو دەسەڵاتدارتر بوو، ئۆفیسەکەی لە سەرووی کابینەی حوکمەتەوە بوو، ڕێنمایی دەدایە پەرلەمان. پاسەوانانی شۆڕشگێڕی (پاسدار) چەکداری دروستکرد کە لە سوپا باشترین ئامێری سەربازیان پێدرا بوو. دادگا ئینقیلابیەکان کە تا ئێستاش حوکمی لەسیدارەدان دەردەکەن هێشتا بوونیان هەیەو ترسناکترینین.
موشتەبا کوڕێکی هۆشیاری عەلی خامنەیە، نووسینگەکەی باوکیی بەڕێوە دەبات! ئەگەر زۆربەی پیاوانی ئایینی چەمکی خومەینی بۆ دەسەڵات ڕەتبکەنەوە، دەبینرێت کە لەم کاتەدا تەنیا چەند مەلایەکی کەم بەشدارن لە ناڕەزایەتییە جەماوەریەکاندا، دژی کۆماری ئیسلامی، کە لە چەند مانگی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە. خۆپیشاندەران دەیانەوێت کۆمارێکی تر، بێ سەرکردەی شۆڕشگێڕی ئاینی بنیاتبنێن!
هەوڵدانێک لە نێو سەرکردایەتی ئیسلامیدا دەستی پێکردووە بۆدانانی جێگرەوەیەک بۆ پاش خامنەیی تەمەن 83 ساڵ. هەندێک چاو لەسەر مۆشتەبایە کە لەساڵی 1969 لەدایک بوەو کوری دووهەمی خامنەییە، خامنەی خاوەنی چوار کوڕە. موشتەبا بەرپرسی نووسینگەکەی باوکیەتی، یەکێکە لە دەسەڵاتدارە زلهێزەکانی کۆماری ئیسلامی، ماوەیەکە هەوڵدەدات پێگەیەکی باش بۆ خۆی بەدەستبهێنێت، تا لە شەڕی جێنشینی باوکیدا سەرکەوتووبێت.
ئەم هەوڵەی موشتەبا کاتێک دەستی پێکردو دەرکەوت،کە لە9 ی ئابی 2022 دا لەنووسینێکدا لە ماڵپەڕی میرحوسێن موسەوی ڕیفۆرمخواز بڵاوکرایەوە. لەو ماڵپەرەدا نووسەرێکی بێ ناو، لە نووسینەکەیدا هۆشداریداوە لە پیلانێک کە ئامانج لێی، رێگە خۆشکردنە بۆ ئەوەی مۆشتەبا، ببێتە جێگرەوەو پچێتە شوێنی عەلی خامنەی باوکی.
نووسەری ئەو بابەتە پرسیاری کردوە،( چۆن دەکرێت لە دەوڵەتێکی شۆڕشگێڕدا وەک سەردەمی شا، خەبات بکرێت و هەوڵی جێنشینی بنەماڵەی بدرێت).
ماڵپەڕی ڕاسا نیوزی کۆلێژی ئیلاهیاتی شاری قوم کە ناوەندی ڕۆحانی ئێرانە، وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوەو دەڵێت: کە لە سەرەتای وەرزی خوێندندا، (ئایەتوڵڵا مۆشتبا خامنەیی کۆڕێکی بۆ خوێندکارانی پێشکەوتوو گرتووە، لە کاتێکدا کە موشتەبا تەنها چەند ساڵێک وانەی ئیلاهیاتی خوێندووەو هیچ کام لەو مەرجانەی تێدانیە، کە ببێتە هەڵگری نازناوی ئایەتوڵڵا.
ڕێبەری شۆڕش خامنەی خۆی بیر لە چی ئەکاتەوە؟
جارێکیتریش پاش ماوەیەکی کەم، بانگخوازو وتارخوێنی هەینی شاری بەهارستان، مهدی تاجزادە، پێچەوانەی ئەوبەڵگەیە بوو، کە لە کۆماری ئیسلامیی شۆڕشگێڕدا نیشتەجێ بوونی بنەماڵەیی ڕەتدەکرێتەوەو دەڵێت: ئەو دوانزە ئیمامەی، لە ئیسلامی شیعەدا گرنگن، واتە نەوەی خەلیفە عەلین، کوڕیان وەک جێنشینی خۆیان دیاری کردووە.
تا ئێستا دیارنیە خودی خامەنەی چۆن بیر لە جێنشینەکەی دەکاتەوە، بە لەبەرچاو گرتنی نەبوونی هیچ کاندیدێکی بەتوانای بروا پێهێنەر، لە ڕابردوودا خامنەی چەندین جار ،لە دژای جێنشینی بنەماڵەی قسەی کردووەو نارازیبووە ،
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا،ئایەتوڵلە خامنەی،(حوسەین تەیب) کە بەرپرسی دەزگای نهێنی سوپای پاسداران بوو ،لەسەر کارەکەی دوور خستەوە، بە بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک بخاتەڕوو، دەوترێت کە مۆشتبا خامنەیی و حوسەین تەیب، پێکەوە پەیوەندیەکی بەهێزیان پێکهێنابوو، ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە پەردە پۆشکردنی ئەو هەموو گەندەڵیەی لە ناو کۆماری ئیسلامیدا دەکراو دەیانکرد،
گرنگی پەروەردەی ئیلاهیات، کەمتر بۆتەوە !!،
پەیوەندی نیوان مۆشتبا خامنەیی و حوسەین تەیب، کێشەیان بۆ کارەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی دروستدەکرد.کاتێک رەئیسی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بوو، بۆ شەری دژی گەندەلی، ساڵانی 2019تا 2021 ، ئەوکارەی رەئیسی لەلایەن دانیشتووانەوە جێگەی بایەخی هەمووان بوو. دووریش نیە کە موشتەباو حوسەین پێکەوە هەوڵیان دابێت و دەزوەکانیان ڕاکێشابێت تا ڕەئیسی ببێتە سەرۆک وەزیران.
ئەم دووانە بەم کارەیان، بە یەک بەرد دوو چۆلەکەیان کوشت، هەم بەردەوامدەبن لە بازرگانی و گەندەڵی، هەم دەیانزانی کە بە هۆی گرانی و نەبونی کارو هەڵاوسان و قەیرانی ئابووریی و دابەزینی تمەنەوە، ڕەئیسی سەرکەوتوو نابێت لە سەرۆک وەزیرانیدا، واتە سەرۆکێکی دۆراودەبێت، بەمەش چانسی لای خامنەیی کەمدەبێتەوە ئەو کاتە خامنەی لە جێنشینی دووریدەخاتەوە.
ڕاستە یەکێک لەو بەڵگانەی ( ئارگیومێنت) دژی مۆشتبا خامنەیی ئەوەیە کە وەک پیاوێکی ئاینی، ئاستی ئیلاهیاتی نزمەو بەزەحمەت دەتوانێت بڕوا بەخەڵک بهێنێت، بەڵام باوکیشی هەروەک ئەم لە ئاستی ئیلاهیاتی خومەینیدا نەبوو، کاتێک بووە جێگرەوەی خومەینی. جگە لەمانە، دەمێکە دەسەڵاتی (ڤێلایەتی فەقیه ) لە ئاینیەوە بۆتە دەسەڵاتێکی سیاسی. بۆیە توانای ڕێبەرایەتی کردنی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی سیاسییەوە، گرنگتر بووە لە بڕوانامەی ئیلاهیات.
خامنەیی لە کۆتایی تەمەنی درێژخایەنی خۆیدا ئامانجی پاراستنی سیمای شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیە، ئەمەشی وەک میرات لە خومەینی بۆمایەوە. هەر بۆیە ساڵانێکە ڕێگری لە چاکسازی دەکاو، ئەو کەسانە لە سیاسەت دووردەخاتەوە کە ناڕازیین و متمانەی پێ نەدەکردن.
تەنانەت عەلی لاریجانی کۆنەپەرست، کە ماوەیەکی دوورو درێژ سەرۆکی پەرلەمان و خزمەتیکی زۆری کۆماری ئیسلامی کرد، لە کۆتاییدا خامنەی دوریی خستەوە،
بەڵام توندڕەوەکانی وەک برایان ( سەعیدجەلیلی و واحید جەلیلی )کە لە هەرە توندڕەوەکان و نەیارانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و نزیک بوونەوەن لە ئەمریکا، لە کەسە هەرە نزیکەکانن و لە ژینگەی خامنەیی دان. جگە لە پاکتاوکردنی سیاسەتەکە، پرسێکی تری سەرەکی بۆ خامنەیی پێداگریە لە سەر (ئابووری خۆڕاگر)، کە بەرگەی سزاکانی بگرێت، گەرچی وڵات بەرەو هەژاری دەبات.
خۆپیشاندەران هەتاکوو ئێستا دروشمی (مەرگ بۆ دیکتاتۆر) دەڵێنەوە، مەبەستیان خامنەییەو دەیانەوێت کۆتایی بە کۆمارە ئیسلامییەکەی بهێنێن، کە کۆیلایەتی و هەژاری بۆ ئەوان هێناوەتەدی.