عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: شه‌ڕی ناوخۆ/ بەشی یەکەم.
له دیمه‌نه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی که‌ڵه‌شێره‌کاندا، شه‌ڕی ناوخۆی برا کوژی ده‌بینین، شه‌ڕ شێتێتیی یە، هیستریایه، لۆژیکی عەقڵ نییە.
لیرەدا سەردەمی شه‌ڕی برا کوژی حیزبه‌کانی کوردستانی باشوور، کاریی درندایه‌تی و جانەوەرانەی توندوتیژی و ناڕه‌وایی و هێستریای شه‌ڕی کورد کوشتن و برا کوژی، به بڕیاری سه‌رکرده سیاسییەکانی کورد دەخەمە روو. ئەو کەسەی مرۆڤ دەکوژێ، ئازا‌و قارەمان نیە، بەڵکو لاواز‌و تاوانبار‌و ترسنۆکە.
بەیانییەک رووم کرده شوێنی شه‌ڕی ناوخۆی که‌ڵه‌شیره‌کان و لەوێ لە دیمه‌نی شەڕە کەڵەشێرەکاندا، دیمەنی شه‌ڕی کورد بە کورد کوشنم هاتەوە یاد:
له دوای راپه‌ڕین و په‌رله‌مان و دامه‌زراندنی حکومه‌تی هه‌رێم، شه‌ڕی برا کوژی حیزبه‌کانی کوردستان بەرپا بوو. وەک رەوشتی رۆژنامەنووسیم، ریپۆرتاژی شه‌ڕی ناوخۆی که‌ڵه‌شێره‌کانم، به‌زمانێکی کاریکاتێری نوسی و بڵاوم کردەوە، ئه‌و که‌ڵه‌شێره‌کانه‌ی که له گۆڕپانه‌که‌دا شه‌ڕیان پێ ده‌کر ، لام بوون بە حیزبه‌کانی کوردستان، خاوه‌ن که‌ڵه‌شێره‌کان تورکیا‌و ئێران بوون. بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان شه‌ڕیان به عه‌قڵی سه‌رکرده‌کانی کورد ده‌کرد، ئەوانیش براکان یان بە سیناریۆی جیا جیا دەدا بەشەڕ، بۆ ئەوەی یەکتریی بکوژن، ئه‌م نیشتمانه‌یان کرد به گۆڕه‌پانی شه‌ڕ. ئه‌و سه‌رده‌مه ئه‌م نوسینانه‌م، له رۆژنامەی ( ئاڵای ئازادی و هەرێم و کوردستانی نوێ )دا بڵاو کرده‌وه، هه‌ژانێکی دروست کرد.
گه‌ر بڕوانییه مێژووی دوور‌و نزیکی شه‌ڕی کوردکوشتن، به ده‌ستی یه‌کتریی، پڕه له زنجیره شه‌ڕی ناوخۆی براکان، له‌و شه‌ڕانه‌دا مرۆڤ ده‌بێت به ئامیرێکی دڕنده، جگه له‌وه‌ی لە شه‌ڕه‌کاندا، براکان یەکتریی ده‌کوژن، دەیان جار و سەدان جار له شه‌ڕه‌کاندا، براکانی خۆیانیان به بریندار‌و دیلی گرتوه و یه‌کسه‌ر گوله بارانیان کردوه‌و ته‌رمه‌کانیان شوین بزر کردوه، بکوژه‌کان خۆیان به ئازا‌و قاره‌مان زانیوه، له لایه‌ن سه‌رکرده‌کانی کورد خه‌ڵات کراون. شانازیان به توندوتیژی و شهڕێنگێزیی و یەکتر کوشتنەوە کردووه، به ئازایه‌تی و قاره‌مانێتیان داناوه.
لێره‌دا له دیمه‌نه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌م کهڵهشێرانهوه، شه‌ڕی ناوخۆی حیزبه‌کانی کوردستان ده‌بینین، چه‌ند مێژووه‌یه‌کی شه‌رمه‌زاری و ترسنۆکانەو رسواییه.
ئایا ئه‌و هه‌موو کورد کوشتن و براکوشتن و ئامۆزو خاڵۆزا کوشتنه، چ سه‌رکه‌وتنێکه؟، چ قاره‌مانیه‌تیه‌که؟، هەموو ئه‌و شه‌ڕانه، شه‌ڕی رسوایی و شه‌رمه‌زاری و خیانه‌ت و کۆیلایه‌تی یه بۆ داگیرکه‌رانی نیشتمان.
تاونباری سەرەکی ئەو شەڕانە سەرکردەکان بوون. ئەوان بڕیاریان داوە برا براکەی بکوژێ. له هەموو شه‌ڕەکانی کورد کوشتن لە شاخ و لە دوای راپەڕین،
شەڕی براکوشتن و مرۆڤ کوشتن و پێوه‌ری به‌های ئازایه‌تی و ترسنۆکی نیه، له‌و شه‌ڕانه‌دا براوه‌و دۆڕاو نی یه، هه‌ردوولا براوه‌و دۆڕاو، هەموویان (دۆڕاون ).
لیره‌دا چه‌ند دیمه‌نێکی شه‌ڕی ناوخۆی که‌ڵه‌شیره‌کان، وه‌ک شه‌ڕی برا کوژی، بۆ رسوا کردنی شه‌ڕی کورد کوشتن، له دیمه‌نه‌کانی شه‌ڕه که‌ڵه‌شێردا ده‌بینین.
(1)
ئه‌بو حه‌ربه له 8شه‌ڕدا سه‌که‌وتوو بوو
که‌ڵه‌شێری ئه‌بوحه‌ربه له هه‌ولیره‌وه هاتووته سلێمانی، ره‌نگی شۆکی یه،کێشی 5 کیلۆو نیوو ده‌بێت، تا ئێستا له 8 شه‌ڕی ناوخۆدا سه‌رکه‌وتوه به‌سه‌ر که‌ڵه‌شێری ( ئه‌بو لئوزدی هه‌ولێری و رامبۆی چه‌مچه‌ماڵ و چاوسووری هه‌ولیری و ئاسترای به‌غدادی )، له‌ساڵی 1997 دا ئه‌بو حه‌ربه له شه‌ڕێکدا بریندارکراو توشی نه‌خۆشی گان گرین بوو، خاوه‌نه‌که‌ی خستیه په‌راوێزه‌وه تا مرد؟
(2)
فیرعه‌ون کوڕی ته‌ره‌قه‌یه
که‌ڵه‌شیری فیرعه‌ون زه‌رد باوه‌و له بنه‌ڕه‌تا کوڕی که‌ڵه‌شێری ته‌ره‌قه‌یه، دایکی کچی سه‌قاته‌یه و خه‌ڵکی بازیانه،کێشی 4 کیلۆو نیووه، ئێستا لای ئاکۆ عه‌زیزه، خۆی ئاماده‌کردووه بۆ جه‌وله‌کانی تری شه‌ڕی ناوخۆ.
(3)
سه‌رشێت له شه‌ڕێکی نابه‌رامبه‌ردا سه‌رکه‌وت
که‌ڵه‌شێری سه‌رشێت ره‌نگی سوورێکی تێره، باوکی ته‌ره‌قه‌یه، دایکی له خێڵی ئارامه، سه‌رشێت باڕێکی 7 مانگی بوو، توانی به سه‌عاتێک و 26 ده‌قیقه له شه‌ڕێکی نابه‌رامبه‌ردا، به‌سه‌ر که‌ڵه‌شێرێکی ته‌مه‌ن 2 ساڵی دا سه‌رکه‌وێت، دوو هه‌فته دوای ئه‌وه له شه‌ڕیکی تردا که‌ڵه‌شێرێکی تری به سه‌عاتێک و 50 ده‌قیقه له خێڵی سه‌قاته به‌زاند، تا ئێستا له 5 شه‌ڕی ناوخۆدا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه، خاوه‌نه‌که‌ی زۆر خزمه‌تی سه‌رشێت ده‌کات، ئاماده‌کراوه بۆ هه‌ر شه‌ڕێکی ناوخۆ له هه‌رشوێنێکی ئه‌م نیشتمانه بکرێ.
(4)
هه‌رمن دوو که‌ڵه‌شیری له مه‌یداندا کوشتووه
که‌ڵه‌شیری هه‌رمن سوورێکی تۆخه، چاوی شینه، باڵای مام ناوه‌ندییه، کێشی 6 کیلۆیه، تا ئێستا له 15شه‌ڕدا سه‌رکه‌وتووه. هه‌رمن بێ که‌سه‌و که‌س نازانێ باوک و دایکی کێ یه؟، بۆیه ناویان ناوه هه‌رمن، ته‌نیا هه‌ر خۆی ماوه. شاسوار له کفری یه‌وه هێناویه‌تی بۆ سلێمانی، هه‌رمن له کاتی شه‌ڕدا نیو سه‌عات به ده‌وری مه‌یدانی شه‌ڕگه‌که‌دا ده‌سوڕێته‌وه، له پڕ شاڵاو بۆ که‌ڵه‌شیری به‌رامبه‌ری ده‌بات، به به‌رده‌وامی شه‌ق ده‌هاوێ، تا ئێستا له شه‌ڕدا دوو که‌ڵه‌شێری کوشتووه، تا ئه‌م ساڵانه‌ش مابوو، لای کاک مه‌حمود ره‌شید بوو، خزمه‌تی ده‌کرد و وه‌چه‌ی لێ ده‌گرێته‌وه، بۆ جه‌وله‌کانی تری شه‌ڕی ناوخۆ.
(5)
عه‌رام دڵی وه‌ستا
رۆژێک خه‌ڵکێکی زۆر سه‌یری شه‌ڕی نێوان که‌ڵه‌شیری عه‌وام و که‌ڵه‌شیرێکی شۆکی یان ده‌کرد، له شه‌رگه‌که‌دا، بهرببونه جه‌سته‌ی یه‌کتری و یه‌کتریان داده‌پاچی، ئه‌وانه‌ی سه‌یری شه‌ڕه‌که‌یان ده‌کرد، شه‌ڕه‌که‌یان به‌وردی ده‌بینی، دڵنیابوون ( عه‌وام ) له‌شه‌ڕه‌که‌دا سه‌رده‌که‌وێت، چونکه پێشوو تر له چه‌ند شه‌ڕدا سه‌رکه‌وتو بوو، به‌ڵام له ناکاو عه‌وام له کاتی شه‌ق وه‌شاندا که‌وته سه‌ر زه‌وی، دڵی وه‌ستا، به‌مه‌ش (شۆکی )ی شه‌ڕه‌که‌ی برده‌وه.
(6)
RBG
که ڵه‌شێری R.B.G سورێکی خورماییه، ته‌مه‌نی 10مانگه، کێشی 5 کیلۆیه، باوکی شه‌قاته‌ی هه‌ولێریه‌و دایکی کۆمنسۆیه، باڵای به‌رزه، له شه‌ڕدا زۆر ئازا‌و کۆڵنه‌ده‌ره، به‌زه‌یی نازانێ، زۆر به ئازایه‌تی و سه‌که‌وتنه‌کانی خۆی ده‌نازێ و له خۆی بایی یه، هۆگری خاوه‌نه‌که‌یه‌تی، که‌ڵه‌شیری RBG بێ مریشک ناژی،گه‌ر مریشکی لی دوور بخه‌یته‌وه ژیانی لا تاڵ ده‌بێت، مان له خواردن ده‌گرێ، که‌م ده‌خوێنێ، ناڕه‌زای نیشان ده‌دات.گه‌ر مریشک بخه‌یته لایه‌وه له خۆشیا ده‌قوقێنێ و فیکه لی ده‌دات، خاوه‌نه‌که‌ی زۆری خۆش ده‌وێت، به 4 هه‌زار دۆلار نایفرۆشێ.
(7)
سوار، سه‌ری به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌بڕێته‌وه
که‌ڵه‌شیری سوار، ره‌نگی سوورێکی کاڵه، زۆر ئازا‌و به‌هێزه، چاوێکی کوێره، ته‌مه‌نی ساڵێک و 6 مانگه. تا ئێستا له 6 شه‌ڕی ناوخۆدا سه‌رکه‌وتو بووه، به‌سه‌ر دوو که‌ڵه‌شیری هه‌ولیر و دوو که‌ڵه‌شیری سلێمانی و دوو که‌ڵه‌شیری چه‌مچه‌ماڵدا، له شه‌ڕدا زۆر وریا‌و زاڵه. هه‌وڵ ده‌دات ده‌نوکی بگاته سه‌ری که‌ڵه‌شیری به‌رامبه‌ری به چه‌قانه‌کانی سه‌ری که‌ڵه‌شیری به‌رامبه‌ری داده‌گرێته‌وه، وه‌ک چه‌قۆ سه‌ری به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌بڕێ. له‌شه‌ڕدا هه‌ناسه درێژه، توانای به‌رگریه‌کی درێژخایه‌نی هه‌یه، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی سه‌رکه‌وتنی. له هه‌موو شه‌ڕه‌کاندا به (50- 75 ) ده‌قیقه، که‌ڵه‌شیری به‌رامبه‌ری ده‌به‌زێنێت، ئه‌م که‌ڵه‌شیره لای عه‌لی حاجی سادقه.