زەبەنگ بەهادین: کتێبەکەت بە ناوی کێوەیە؟
ئەفلاتون دەڵێت: ئەگەر کەسێک تۆی پشتگوێخست، ئەوا بزانە دەیەوێت دوور کەویتەوە لێی و لە ژیانی بچیتە دەرەوە.
شکسبیر دەڵێت: ئەگەر کەسێک پشتگوێی خستی ئەوە بزانە تۆ گرنگترینی لە لای، بۆیە وا دەکات تا بێزارت نەکا و نەرۆی.
دوستورفسکی دەڵێت: ئەگەر کەسێک پشتگوێخستی بزانە ئەوە سەرکەوتنەکانی تۆی پێ نەنگە و نایەوێ لە پلەیەکی بەرزدا بتبینێت.
سێ لێکدانەوەی جیاواز کە رەنگە تا ئێستاش لای زۆرینەی دەرونناسان و خەلکی ئاسایی، ئەو دوانەی یەکەم بوترێتەوە، بەشێک لە دەرونناسان پشتگیری قسەکەی ئەفلاتون دەکەن، هەڵبەت ئەفلاتون فەیلسوفی ئەخلاق بووە، واتا لە روانگەی ئەفلاتون مرۆڤ دەبێت راستی بڵێت، کاتێک کەسێکی ناوێت باشترە لێی دوور کەوێتەوەو پشتگوێی بخات تا ئەو پەیوەندییە نەمێنێ.
بەشێکی دی لە دەرونناسان دەڵێن: مرۆڤ لە گرنگی پێدانی زۆر دەبێتە هۆی بێزار کردنی بەرامبەرکەی، تا وای لێدێت توشی بێزاری دەبێت و دوور دەکەوێتەوە. بۆیە ئەوان وای بە باش دەزانن پشتگیری قسەکەی شکسپیر بکەن، بەوەی بەرامبەرەکەت پشگوێبخەی تا لێت دور نەکەوێتەوەو هەمیشە بگەرێتەوە لات. هەڵبەت شکسبیر نوسەر بووە، بەشێک لە بیری نوسەر لە ناو خەیاڵ و رەنگدانەوەی کۆمەڵگا بەدی هاتوە، بۆیە دەبینین شکسبیر وەک ئەزمونەکەی ناو رۆمان و میتۆلۆژیاکان باسی کردوە.
ژیانی هەر کەسێکمان کتێبێکە، لە ناو ئەو کتێبە، چەندەها پەرەی تێدایە. دەبێت مرۆڤ هەر کەسێک یان بابەتێک لە ژیانیدا پەرەیەک یان چەند پەرەیەکی بداتی، بە نمونە تۆ خێزانەکەت چەند پەرەیەکە، منالەکان جەند پەرەیەکن، هاوریکانت پەرەیەکن، ئیشەکەت پەرەیەکە، وەرزش و چونە دەرەوەو نوسین و تەکنەلۆژیا هەریەکەی پەرەیەکە، ئەمە دۆخە تەندروستەکەیە کە دەبێت مرۆڤ ژیانی خۆی لەسەر بنیات بنێت. پێویستە بەرامبەرەکەش بە هەمان شێوە بێت. بەڵام ئەگەر تۆ کتێبی ژیان هەمووی یەک ناوی بەیتێ، بە نمونە تەنها خێزانەکەت یان تەنها ناوی کارەکەت بە واتا هەموو ژیانی تۆ، تەنها دەبێت لەو چوارچێوەیەدا بێت، لەم حاڵەتەدا پەیوەندیەکان هەمووی دەشێوێنیت و خۆشت توشی دۆخێکی دەرونی قورس دەبیت. لەوە گرنگتر دەبیتە هۆی بێزار کردنی ئەو لایەنەی کە هەموو کتێبەکەت بە ناوی کردوە. بۆ نمونە کاتێک تۆ پەرەکەت تەنها خێزانەکەت بێت، ئەو کات دەبی بە هاوسەرەکەت بڵێی دەوام مەکە، چونکە من هەموو ژیانم لای ئێوەیە، هیج ناکەم و ناچمە هیچ شوێنێک، بۆیە دەبێت تۆ بەردەوام بوون هەبێ لە مالەکەدا، لە کاتێکدا کتێبی خێزانەکەت کەس و کاری تێدایە، ئیشەکەی تێدایە، هاورێکانی تێدایە، وەرزش و ئاواتەکانی تێدایە. ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکە، بۆ بەرامبەرەکەش هەمان شت راستە، ناکرێ ئەو بڵێ نابێ بچیتە لای هاورێکانت، چونکە هەموو کتێبەکەم ناوی تۆی لەسەرە.
هەرسێ قسەکەی ئەفلاتون و شکسبیر و دستورفسکی سوودیان نییە بۆ بنیات نانی پەیوەندی کۆمەلایەتی نێوان تاکەکان، پەیوەندی نێوان دوو کەس هاوسەر بن یان خۆشەویست یان هاورێ لە هەموو کاتەکان هاوسەنگی دەوێت، لە نێوان گرنگی پێدان و بێزار نەکردن، لەوەی تۆش و ئەویش تێبگەن، ژیانی هەر یەکێکتان کتێبێکە، وە بونی هەر یەکێکتان چەند پەرەیەکە لە ژیانی ئەویتردا. بەمە دەتوانن هاوسەنگی تەواو رابگرن لە پەیوەندییەک نە پێوسیت دەکا پشتگوێی بخەی وە نە پێویست دەکا زیاد لە رادەی خۆی گرنگی پێبدەی. دروستی پەیوەندی ئەوەیە پێوانەی پەرەکان بە پێی جۆری پەیوەندییەکە و باشی و خراپی پەیوەندییەکە بێت، کاتێک کەسێک بەراستی ئەو پەیوەندییەی تۆی لا گرنگە و راست خۆشی دەوێیت و مەبەستێتی لە هەموو هەنگاوەکانی ژیان هاورێت بێت، پێویستە لێرە بە هەمان قورسایی گرنگی بەو کەسە بدەی و هەمان ژمارەی پەرەی لە کتێبی ژیانتا بۆ تەرخان بکەی.