شــــــــوان خـــورشـــید: مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری لە کەرکوک/ بەشی یەکـــــــــەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەرکوک ئەو شارەی کە بایەخی جیهانی هەبوە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی جیوپۆلیتیکیەوە، دەبینین لە هەموو بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و کشتوکاڵ و ڕۆشنبیری و گرنگی ناوچەی و پێشەنگ بوەو، هەمیشە ئەگەر لە ڕیزبەندی یەکەم نەبوبێت هاوشانی ناوچەو شارو مەڵبەندەکانی هاوسنوری بوەو لە کاروانی پێشکەوتن دانەبڕاوە، بەڵکو سەرمەشقی بەرەوپێشچون لە کەرکوک و ناوچەکە بە باڵای ئەو شارەدا بڕاوە، دیارە شوێنەوارە دێرینەکانی و مێژووی پڕ لە هەڵچون و نیشتنەوەی شارەکە گەواهی ئەو ڕاستیە دەدەن و گرنگی شاری کەرکوک دەسەلمێنن.
بۆیە دەبینین جگە لەو داهێنانانەی لە کەرکوک چەکەرەی کردوە لە ڕووی ڕۆژنامەگەری و دەرکردنی ڕۆژنامەو گۆڤارو چاپەمەنیەکان، ناوچەی کەرکوک ڕۆڵی هەبوەو هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەریەوە لە ساڵانی 1908،کەرکوک و ڕۆشنبیرانی شارەکە ئەسپی خۆیان تاو داوەو بونەتە دەرچەیەک لە پێشکەوتنی بواری ڕۆژنامەگەری،کە مێژوویەکی دورو درێژی هەیە لە خەباتی ڕۆژنامەگەری و ئاستێکی بەرچاوی نەخشاندوە لە مێژووی گۆڕانکاریە ڕۆشنبیری و ڕوناکبیریەکانی ناوچەکە. هەرچەندە ئەو ڕۆژنامەو گۆڤارانەی ناوچەی کەرکوک، بەهۆی گۆڕانە سیاسی و ڕژێمەکانیەوە تەمەنیان کورت بونەو زوو قەدەغە کراون و داخراون. بەڵام ئەو ڕاستیە گوم نابێت، سەرهەڵدانی ئەو بزاوتە سەلماندویەتی، کەوا کەرکوکیش ڕۆڵی کارای هەبوە لە بزوتنەوەی ڕۆژنامەگەری دا. بۆیە لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو ڕۆژنامەو گۆڤارانەی لە ناوچەی کەرکوک دەرچونەو کتێبخانەو بیری خوێنەریان دەوڵەمەند کردوە.
٭ ڕۆژنامەی (حوادث)، یەکەم ڕۆژنامەیە لەشاری کەرکوک بە زمانی تورکمانی بڵاوکراوەتەوە، لە دوای بانگەوازی (المشروطیة) له ساڵی 1908لەلایەن ئەحمەد مەدەنی قودسی زادە یەکەم ژمارەی لە 24ی شوباتی 1911بە شێوەی فۆتۆکۆپی دەرکراوە، ماوەی حەوت ساڵ بەردەوام بوە. لە ڕۆژنامەکەدا هاتوە کە ڕۆژنامەیەکی (هەفتانەی تورکی رەسمی، سیاسی، اجتماعی، علمی، ادبي، اقتصادی، تجاری، صحی، زراعی)ـه، بەڵام لە گەڵ داگیرکردنی شاری کەرکوک لەلایەن ئینگلیزەکانەوە ڕۆژنامەکەش ڕاگیراوە.
٭ ڕۆژنامەی اژانس، ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆژانە بە زمانی تورکی لە کەرکوک تا 14/ 5/ 1918ی هەمان ساڵ بەردەوام بوە و بە هاتنی ئینگلیزەکان ڕۆژنامەکەش داخراوە، تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە نەکردوە کە چەند ژمارەی لێ دەرچوە.
٭ گۆڤاری(معارف)، گۆڤارێکی هونەری و ئەدەبی بوە، بە زمانی تورکمانی لە 24ی نیسانی 1913 بەهەشت لاپەڕەی قەوارە گەورە، هەر دوو هەفتە جارێک چاپکراوە. خاوەنی ئیمتیازی محمەد جواد و دامەزرێنەرەکەی قودسی زادە بوە، تا سێ مانگ و 20/ 11/ 1913 بەردەوام بوە لە دەرچون.
٭ گۆڤاری (كوكب المعارف)، گۆڤارێکی هەمەڕەنگ بوە لێکۆڵینەوەی دەربارەی زانست و ئەدەب و هونەری و باری کۆمەڵایەتی کردوە، لە چاپخانەی (مدرسة صنائع)لە کەرکوک چاپکراوە، یەکەم ژمارەی لە 3ی شوباتی1915 دەرچوە، دووەم گۆڤارە لە شاری کەرکوک دەرچوەو مستەفا یەعقوبی سەرنوسەری بوە.
٭ ڕۆژنامەی (نجمە)، بەزمانی عەرەبی یەکەم ژمارەی لە 15ی کانونی یەکەمی 1918 دەرچوە، لە سەرەوە نوسراوە(جریده رسمیه تصدر وتباع كل الصباح في البلده وفی سرای الحكومه)، له دوایدا گۆڕا بۆ زمانی تورکی و تاکو دە ساڵ بەردەوام بو لە دەرچواندن، یەکێک بوو لەو ڕۆژنامانەی ئینگلیزەکان دایانمەزراند و دایانە حکومەتی عێراق، لەم ڕۆژنامەیەدا گەلێک نوسەرو شاعیری کورد نوسین و شیعریان بڵاو کردۆتەوە وەک و ڕەفیق حلمی، عبدالقادر خلوسی، کفریلی، هیجری دەدە و حلیم، لە ساڵی 1926ڕۆژنامەی کەرکوک جێگای نەجمەی گرتەوە.
٭ ڕۆژنامەی (تجدد)، ڕۆژنامەیەکی هەواڵی ئەدەبی بوە لە 20ی تشرینی دووەمی 1920، یەکەم ژمارەی دەرچوە بە زمانی تورکمانی و تەمەنی کورت بوە دوای ماوەیەک لە دەرچون وەستاوە. خاوەنی ڕۆژنامەکە ئەحمەد مەدەنی بوە، سەرنوسەرەکەشی سەعدی ناوێک بوە،کە بەڕێوەبەری بەرپرسی دکتۆر حەمدی ئاوچی بوو.
٭ ڕۆژنامەی کەرکوک، ڕۆژنامەیەکی سیاسی وێنەدار بوە، درێژەدەری ڕۆژنامەی نجمە بوە گۆڕدرا بۆ کەرکوک،یەکەم ژمارەی لە 12ی تشرینی یەکەمی 1929 دەرچوە بە زمانی تورکی هەفتەی دوو جار چاپ و بڵاودەکرایەوە لە چوار لاپەڕە دا،ڕۆژنامەکە لە چاپخانەی الحوادث پاشان لە چاپخانەی شارەوانی کەرکوک چاپ دەکرا و وەجدی ئەفەندی کاروباری نوسین و بڵاوکردنەوەی گرتبوە ئەستۆی،پاشان لە ژمارە 66وە هجری دەدەی کاکەیی سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی چاپخانەکەو دەرچواندنی ڕۆژنامەکەی کردوە،ڕۆژنامەکە بەردەوام بوو تا پاش شۆڕشی 14ی تەموزی 1958و ناوەکەی گۆڕا بۆ گاورباخی بەهەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی تورکی دەرچوەو بەشە تورکیەکەی لەتیف بەندەر ئۆغڵو سەپەرشتی کردوە،پاشان ناوەکەی گۆڕاوەتەوە بۆ کەرکوک،شارەوانی کەرکوک سەرپەرشتی ڕۆژنامەکەیان کرد تا 20ی ئابی 1972لە گەڵی دا ڕۆیشتن ،ئیتر دوای ئەو بەروارەوە ئەستێرەی ئەو ڕۆژنامەیە لە ئاسمانی ڕۆژنامەگەری کەرکوک ئاوا بوو، تا ئەو ساتەی بەیەکجاری ڕۆژنامەکە لە دەرچون وەستاوە 2033 ژمارەی لێ دەرچووە.
٭ ڕۆژنامەی ئەیلەری ، ڕۆژنامەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی بوە هەفتەی دوو ژمارەی لێ دەرچوە بە زمانی تورکمانی یەکەم ژمارەی لە 2ی ئاداری 1935 بوە، خاوەنی ئیمتیازی بکر سدقی محی الدین بوەو بەڕێوەبەری ڕەشاد عارف بوە،کە ئەندامی (مجلس السیاده) بوو لە دوای شۆرشی 14ی تەموز، سەرنوسەرەکەشی کفریلی عبدوالقادر خلوسی بووە، ڕۆژنامەکەلە هەموو تەمەنی 17 ژمارەی لێ دەرچو.
٭ڕۆژنامەی(الوحده)، ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی ڕۆشنبیری هەفتانە بوە بە زمانی عەرەبی، یەکەم ژمارەی لە 6ی ئاداری 1948 چاپ و بڵاوکراوەتەوە، خاوەنەکەی جمال عبدوالنور بوە، تا وەستانی 21ژمارەی لێ دەرچوە لە ئابی 1948 ماڵئاوای لە گۆڕەپانی ڕۆژنامەنوسی کردوە.
٭ ڕۆژنامەی (الافاق) ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی بوە بە هەردوو زمانی عەرەبی و تورکمانی بڵاوکراوەتەوە، یەکەم ژمارەی لە 8ی مایسی 1954 دەرچووە، خاوەنی ڕۆژنامەکە قائیمقام، شاکر ضیاءالدین هورمزی و سەرنوسەری حسام الدین ساڵەیی و عەتا تەرزی باشی و سوعاد هورمزی بوە.
٭ گۆڤاری (صدی الشباب)، گۆڤارێکی زانستی ڕۆشنبیری بوو، خاوەنی ئیمتازی قوتابخانەی ناوەندی (الغربیە)ی کوڕان بووە، سەرنوسەرەکەی مامۆستای زمانی عەرەبی حوسێن عەلی بەیاتی بوە وژمارەی یەکەمی لە کانونێ دووەمی 1949دەرچوەو تا وەستانی تەنها چوار ژمارەی لێ دەرچووە.
٭ ڕۆژنامەی(صدی الشمال)، ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی سیاسی بوە بە زمانی عەرەبی، خاوەنی ئیمتیازی مەعروف عارف و سەرنوسەرەکەی بورهان عومەر تکریتی بوە، ژمارە یەکی لە شوباتی 1951دەرچوە لە چاپخانەی شارەوانی کەرکوک چاپکراوە،لە مایسی 1951 دوای 13 ژمارە ڕۆژنامەکە داخراوە.
٭ ڕۆژنامەی (صدی الشباب)، پەخشنامەیەکی ڕۆشنبیری ناوبەناوی قوتابخانەیی بوە، لەلایەن (لجنة النشاط الثقافي)،بە زمانی عەرەبی لە ئامادەیی کەرکوک دەرچووە، دەستەی نوسەرانی ماموستایان محەمەد شێخ و مەحمود عوبێدی بونە، ژمارە یەکی لە کانونی دووەمی 1958دەرچوەو پاشان وەستاوە.
٭ گۆڤاری (الثقافة الحدیثة)، گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتی بوو تایبەت بە زانیاری ئەدەبی لەلایەن (جمعیة المعلمین)، بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، یەکەم ژمارەی لە مایسی 1954 دەرچووە، بەڕێوەبەری نوسینی عەتا تەرزی باشی بوە، جێگری نوسینی حوسێن عەلی داقوقی بوە، گۆڤارەکە بەپێی دەرچونی یاسای (الجمعیات)ی ژمارە 29لە ساڵی 1954وەستا.
٭ بڵاوکراوەی (صدی الشباب)، بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری قوتابخانەیی بوو، خاوەنی ئیمتیازی ناوەندی (الغربیە) بوو، سەرنوسەری مامۆستا سنان سەعید بوو، ژمارە یەکی لە ئازاری 1957 لە کەرکوک بە زمانی عەرەبی دەرچوە.
٭ ڕۆژنامەی (البشیر)، هەفتانەییەکی ئەدەبی بوو بە تورکمانی و عەرەبی بڵاوکراوەتەوە، خاوەنی ئیمتیازی محەمەد ئەمین عەسری بوو، سەرنوسەرەکەی مەحەمەد حاجی عزەت بوەو بەشە تورکمانیەکەی عەتا تەرزی باشی و عەرەبیەکەی حەبیب هورمزی سەرپەرشتیانکردوە، ژمارە یەکی لە 22ی ئەیلولی 1958 دەرچووە،تاوەستانی لە 17ی ئازاری 1959(26)ژمارەی لێ دەرچووە.
٭ ڕۆژنامەی گاورباخی، هەفتانەیەکی ئەدەبی بوە، درێژەدەری ڕۆژنامەی کەرکوک و نەجمەی پێش کەرکوک بوە، ئەرکی دەرچونەکەی لەلایەن عوسمان خۆشناوەوە بوە، لە دوای شۆڕشی گەلاوێژی 1958، ژمارە یەکی لە 29/6/1959 دەرچووە، دوای دەرچواندی 26 ژمارە، ناوەکەی گۆڕایەوە بۆ کەرکوک بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپ دەکرا.
٭ گۆڤاری(شەفەق- بەیان- شەفەق)، لە 15ی کانونی دووەمی 1958 دەرچووە، سەرنوسەرەکەی عەبدولقادر بەرزنجی بوو، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی،لە سەرەتای ساڵی 1959 گوێزرایەوە شاری سلێمانی و ناوەکەی گۆڕایە بەیان، گۆرانی شاعیر سەرپەرشتی دەکرد، بوە ئۆرگانی ئاشتیخوازان و پاش ماوەیەک دیسان گواسترایەوە کەرکوک ناوەکەی جارانی وەرگرتەوە، تا سەرەتای 1963 داخرا، شەفەق یان بەیان گۆڤارێکی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و زانستی بوو دوو هەفتە جارێک لە کەرکوک دەردەچوو، بەڕێوەبەری دارایی شاعیر عەلی کەمال باپیر ئاغا بوو، تا لە دوای دا حەمید عوسمان کرایە سەرنوسەری.
٭ گۆڤاری دەنگی قوتابیان، بە کوردی و عەرەبی و تورکمانی لە ساڵی 1959 لقی یەکێتی قوتابیانی عێراق لە کەرکوک دەری ئەچواند، چەند ژمارەیەکی کەمی لێ دەرچوو، هەر هەمان ساڵ داخرا.
٭ بڵاوکراوەی (العزة)، لە ساڵی 1959 قوتابخانەی سەرەتایی کوڕانی (العزة)، دەری دەکرد، وەک بڵاوکراوەیی قوتابخانەیی، دەستەی نوسەرانی- عەبدولحەکیم ڕژی ئوغلو، عیزەدین عەبدی بەیاتلی، حەسەن عیزەت چارداخلی، سەلاحەدین ساقی، حەسەن فەتاح بونە.
٭ ڕای گەل (رای الاهالی)، وەک زمانحاڵی پارتی (نیشتمانی دیموکراتی) لە 6ی ئەیلولی 1959 دەرچوە، دەستەی نوسەرانی محەمەد مەردان قەڵەمچی، جنازم وەنداوی، محەمەد تۆفیق بونە، ژمارە یەکی لە 6ی 1959دەرچووە، تا لە 15ی ئەیلولی 1961وەستاوە.
٭ ڕۆژنامەی دەنگی داس، شیوعیەکانی قادر کەرەم وەک و ئۆرگانی حیزب بە دە نوسخەی دەستخەت، بە قەبارەی 16 لاپەڕەیی دەریان دەکرد، ڕۆژنامەکە لە 1947تا 1949 بەردەوام بوو، ڕۆژنامەکە جگە لە بابەتی سیاسی بابەتی کۆمەڵایەتی و گرنگی بە تەندروستی و ژیانی خەڵک و ئەدەب داوە، پاشان ڕۆژنامەکە لەسەر داوای حیزبی شیوعی گوزرایەوە شارەزوورو بوە ئۆرگان و زمانحاڵی حیزبی شیوعی عێراق.
٭ گۆڤاری(الطلیعه)، خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەکە(دار المعلمین)ی کەرکوک بوە،گۆڤارێکی ڕۆشنبیری مانگانە بوەو ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 1959دەرچووە، دەستەی نوسەرانی بریتی بونە لە سەعدی جەباری، زوهدی داوێ،کەمال نامیق.
٭ گۆڤاری (العرین)، لە کەرکوک وەک گۆڤارێکی ڕۆشنبیری سەربازی لەلایەن (قیادة الفرقة الثانیة) ژمارە یەکی 1959دەرچووەو پێنج ساڵ بەردەوام بوە.
٭ گۆڤاری (الطلیعة)، گۆڤارێکی ڕۆشنبیری پەروەردەیی بوە، خاوەنی ئیمتیازی یەکێتی قوتابیانی عێراق لقی کەرکوک بوو، بەهەر سێ زمانی کوردی، تورکمانی، عەرەبی چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە چاپخانەی شیمال لە کەرکوک چاپکراوە، ژمارە (1-3)لە ساڵی 1960دەرچووەو پاشان لە دەرچون وەستاوە.
٭ ڕۆژنامەی ئازادی، ڕۆژنامەیەکی سیاسی و ئورگانی ئاشکرای حیزبی شیوعی عێراق بوەو خاوەنی ئیمتیازی پارێزەر نافع یونس بوە، ژمارە یەکی لە 11ی مایسی 1959 دەرچووە، لە ماوەی ژیانی لە کەرکوک تەنها 12ژمارەی لێ دەرچووەو پاشان گوازراوەتەوە بەغدا و تا 1960بەردەوام بوە.
٭ گۆڤاری (الربیع)، گۆڤارێکی مانگانەی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی بوە، خاوەنی ئیمتیازی دانیال داود بنیامین و سەرنوسەری تەیمور ساحب قران بوە، لە 14/9/1960تا6/8/1961 بە زمانی عەرەبی و ئاسوری بەردەوام بوە.
٭ گۆڤاری (النشاط المدرسي)، پەروەردەی کەرکوک لە ساڵی 1962دەری کردوە، گۆڤارێکی هونەری وەرزی بوە،نوسەرە دیارەکانی بریتی بونە لە مەحمود عوبێدی، ئەنوەر محەمەد، ڕەمەزان و زۆری تر، دوو ژمارەی لێ دەرچووە.
٭ گۆڤاری(العامل الاشتراكي)، ژمارە یەکی لە 30/5/1963 دەرچووەو لە 18/11/1963 داخراوە،گۆڤارێکی هەفتانەی سیاسی بوەو خاوەنی ئیمتیازی رجب طلفاح حویجه و سەرنوسەرەکەی خلیل العباسی و دەستەی نوسەرانی محەمەد حوسێن داغستانی بوە.
٭ (صدی كركوك الریاضي)، لەلایەن ئیسماعیل سرت تورکمن و محەمەد حوسێن داغستانی وەک بڵاوکراوەیەکی وەرزشی، ژمارە یەکی لە 1966دەرچوە، تاکۆتای 1967 بەردەوام بوە دوای دەرچواندنی 4 ژمارە لە دەرچوون وەستاوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت