ڕەووف محەمەد ئالانی: پەروەردە، ئەرکی لە گێڕانەوەی شکۆ بۆ مامۆستایان.
لەناو کۆمەڵدا، هەموو پیشەکان خاوەن تایبەتمەندی و ڕێزی خۆیانن و هەر یەکێکیش لەوانە پێگەی گرنگی لەناو کۆمەڵدا هەیە، کەواتە هەموو پیشەو تاکێک پێویستە بەچاوی ڕێزگرتن و خۆشەویستی لێی بڕوانرێت.
ئەوەی مەبەستی منە ئەمجارە لیی بدوێم و هەڵوێستەی لەسەر بکەم، بێڕێزی کردن و ناشیرینکردنی پیشەی پیرۆزی مامۆستایەتیە، کە لێکەوتەودیاردەی خراپی لێ دەبینرێت، تەنانەت وایلێهاتوە، ڕۆژانە هەواڵی سەیروسەرسوڕهێنەردەبیستین لەسەربێڕێزیکردن بە مامۆستایان، ئەمانەش لەخۆیانەوە ڕونادەن، پێویستە بەچاوێکی ووردو ڕەخنەگرانەو وورد بینیانە، خوێندنەوەی بۆ بکرێت، تابزانرێت هۆکاری ڕودانیان بۆچی ئەگەڕێتەوە؟
هەرکاتێک فەلسەفەیەکی پەروەردیی نەگونجاوبەرکاربوو، لەناو کۆمەڵگەدا ئەو بەریەککەوتنانە دەبینین، چونکە شێوازی پەروەردەکەی وادەکات سنورەکانی کەسێتی و بەشەکان دیاریکراو نەبن، کاتێ کەسێتی وشوێنەکان نادیاربوون، سنووریش جێگەی نیە، پرسی شکۆی مامۆستایان لەناو پرۆسەی پەروەردەدا، بۆتە جێگەی مشتومڕوباسی ناو میدیاکان، ئەم گرفتەش بۆ چەند لایەک ئەگەڕێتەوە، کە ئەمانەن:
1- وەزارەتی پەروەردە وبەشەکانی، زۆرجار بەبێ ئەوەی بیربکرێتەوەوڕاوێژ بەکەسانی شارەزا بکرێت، فەرمان وڕاسپاردەی وادەردەکرێت، کە زەرەروزیانی زۆرترە لە باشی و چاکەکانی
2- مامۆستایان، کەسیتی مامۆستا یەکێکیرترە لەولایەنەی کە دەبێتە هۆکاری شکاندنی کەسیتی خۆی.
3- نەبۆنی یاسایەکی بەرکارتا ببێتە لەمپەروڕێگر لە شکاندنی شکۆی مامۆستایان، لێرەدا مەبەستم لایەنی پەروەردەیە نەک قەزاودادگا، چونکە دەکرێ لە بڕیاروڕاسپاردە پەروەردییەکان، گرنگی بە کەسێتی و شکۆی مامۆستایان بدرێت، چونکە ئەو ڕاسپاردانە لەناو پڕۆسەی پەروەردەدا ڕەنگدەدەنەوە.
4- ئاستی گەشەکردنی کۆمەڵگە، تاکۆمەڵگە ئاستی گەشە سەندوتر بێت، شکۆی تاک لەئاستێکی باڵادا دەبێت.
هەرلایەک لەو لایەنانەی سەرەوە، بەرپرسیارێتی گرنگی لەئەستۆیە بەرامبەرڕێزگرتن و گێڕانەوای شکۆبۆ مامۆستایان، کاتێ سنوری ڕێزهەبێ، شکۆش دەگەڕێتەوە، دیارە ئەم سنوری ڕێزگرتنەش وابەستەیە لەگەڵ دادوەری وکارگێڕی وکۆمەڵیەتی.
کاروپیشەی مامۆستایەتی گرنگ و جێی بایەخە، چونکە مامەڵەی ئەولەگەڵ مرۆڤدایە، لەم بارەوە(بیل گەیتس) دەوڵەمەندترین پیاوو بازرگان دەڵێت: (تەکنەلۆژیا تەنها ئامڕازێکە، لە ڕووی پاڵنانی منداڵان وهاندانیان بۆهاوکاریکردنی یەکتر،بەڵام مامۆستایان گرنگترینن).
لەم سەردەمی شارستانی و پڕتەکنالۆژیەدا، چەند گرنگی بەهۆکارەکانی گەیاندن ئەدرێت، کە مرۆڤ لەڕێگەیەوە دەتوانێت بە هەموو زانستەکان بگات، بەڵام هەرناگات بە مامۆستاوکاریگەریەکانی لەمناڵان وسەرژیان و کۆمەڵگە.
لەڕێگەی پەروەردەوە، مەعریفە دەگاتە مەنزڵی ژیان، کە ڕێگەیەکی جوانی پڕلە هونەر و ژیانە، بۆ ئامانجە بەرزەکەی مرۆڤایەتی. سیاسەتمەدارو فەیلەسوف و دەوڵەتمەدار(شیشرۆن)دەڵێت: مەعریفە هونەرێکە، بەڵام پەروەردە لەسەرخودی خۆی هونەرێکی ترە.
ئەوەی شکۆی مامۆستایانی هێناوەتە خوارەوەودایبەزاندوە، دەسەڵات خۆیەتی، چونکە بیانووی داوەتە دەست مامۆستایان وکۆمەڵگە، کە شکۆی نەگاتە ئاستی خۆی، بەوبێبایەخکردنەی بەرامبەرتوێژی مامۆستایان ئانجامیداوە، لە دابین نەکردنی ژیانێکی شایستە بە مامۆستایان و وەرنەگرتنی خواست وداواکانیان، وەڵامدانەوەیان بە خراپی و ناشیرینی، نمونە بۆ ئەم باسە زۆرە، ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و شەقەکەی لە مامۆستاکە درا، وێنەیەکی دیاروتابلۆیەکی هەڵواسراوە و لەیاد ناچێت، ليرەوە کۆمەڵگە ببینیت شەق لە مامۆستا ئەدرێ، چۆن قوتابی و خوێندکارەکانی ڕێزی ئەگرن؟
لەپەروەردەی هاوچەرخ و مۆدێرندا، مامۆستایان، دەبنە فاکتەری جوانکردن وباشکردنی داهاتوی ژیان، (سی. س.لویس)دەڵێت: (ئەرکی پەروەردەکاری مۆدێرن پاککردنەوەی جەنگەڵەکان وقیرتاوکردنیان نییە، بەڵکوئاوەدانکردنەوەی بیابانە ووشکەکان و ئاودانیانە).
لەسەرمامۆستایانیش ئەرک وپێویستە، پێشەکەی خۆیان خۆشبوێت و گرنگی بە لایەنەکانی (ڕوکەش و ناوەڕۆک)بدەن، مەبەست لە ڕوکەش، جلوبەرگ و کەسێتی دەرەوەیە، کە ئەبێت پۆشتەوڕێکپۆش بێت، چونکە مناڵ سەرنجی دەدات، ناوەڕۆکیش، بایەخدانە بە خۆپڕچەککردن بە زانیاری و خوێندنەوە.
لەوکاتەدا مامۆستا، دەبێتە دەروێشێکی دڵسۆزی پەروەردە، بەدڵنیایی پەیامەکەی بەباشی دەگاتە کۆمەڵگە، وەک(ئەحمەد ئەمین)دەڵێت: (مامۆستا دەروێشێکە، کە بۆ خزمەتکردنی زانست دانراوە، وەک چۆن دەروێش بۆخزمەتکردنی ئایین خۆی تەرخان دەکات).
خاڵێکی ترکەهەمیشە دەبێت جەختی لەسەر بکرێتەوە، وازهێنانی حیزبەکانە، لە دەست وەردانیان لە کاروبارەکانی پەروەردە، چونکە هۆکارێکی ترە کە مامۆستایان وابەستە نەکرێن بەئایدۆلۆژیای دوور لە پیشەکەی خۆیان، هەرچەندە هەندێ لەمامۆستایان، خۆیان دەستی حیزبەکان دەگرن بۆ ناو پرۆسەی پەروەردە، تەنها بۆ ئەوەی پۆستێکیان بدرێتێ یان پشتگیریان بکرێت، کە بمێننەوە لەسەر کورسی بەڕێوەبەریان چاوپۆشی کردنیان لە کەموکوڕی و کەمتەرخەمیەکانیان، (نەجیب مەحفوز 1911 – 2006 نوسەروهونەرمەند، دەڵێت:(مامۆستایی گەورەترین پیشەیە، کە هەموو پیشەکانی ترلەسەردەستی ئەودەردەچن).
ئەوەی باسمانکردولێی دواین، بەشێک لە گرفتەکانی نەهێشتنی شکۆی مامۆستایە، بەو هیوایەین، جارێکی ترئەوەی پێویستە بۆیان بگڕێتەوەوڕێزوشكۆوماف و پێزانین لەخزمەتە گەورەکانی مامۆستایان بگیرێت.