عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دوا هه‌ناسه‌ی نامورادیی!
له روخساری دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵدا، بێ ده‌نگی و خامۆشییه‌کی پڕ له تراژیدیای نامۆیی ده‌خوێنرایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ که‌س په‌ی به نهێنی چیرۆکی خه‌م و برینی قوڵی ئازاره کپه‌کانی ناخی نه‌با، زۆرجار له‌به‌ر خۆیه‌وه، به ده‌م زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه، کۆپلهویهک شیعر یا برگه‌یه‌ک گۆرانی ده‌وت.
دکتۆر مارف له‌و رۆژه‌وه‌ی له گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌ست به‌رداری یه‌ک بوون و له رێژنه‌ی کچی دابڕا، هه‌موو خه‌ون و خۆزگه‌و هیواو ئاواتێکی ئه‌وه‌بوو، جارێك ته‌نیا جارێک، بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک، (رێژنه)ی کچی له ئامێز بگرێ، سروه‌ی خۆشه‌ویستی و حه‌سره‌تی سۆزی باوکایه‌تی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی دابڕان و بارانی فرمێسکی دووری به‌سه‌ر کچه شیرینه‌که‌یدا ببارێنێ، بۆ تاوێک رۆحی باوکایه‌تی ئارام بێته‌وه. به‌ڵام گرێی ئاڵۆزی ده‌روونی نه‌رجسیه‌تی ئه‌هریمه‌نێک، هه‌موو ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌و زه‌وی و ئاسمان و سنووره‌کانی له به‌رده‌مدا قفڵ کرد، بواریان نه‌دا باوکێک به دیداری کچه‌که تاقانه‌که‌ی شاد بێێته‌وه.
چه‌ندساڵێک له‌مه‌وبه‌ر ئێواره‌یه‌ک له‌گه‌ڵ سه‌ردار فه‌تاح و ئیبراهیم محێدین، پێکه‌وه له گه‌ڵ دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ، له ماڵی خۆیان دانیشتبووین.
دکتۆر مارف به‌ده‌م خه‌م و هه‌ناسه و حهسرهتیێکی قوڵه‌وه، چیرۆکی مه‌رگه‌ساتی نامۆیی و دابڕانی رێژنه‌ی په‌پوله‌ی بۆ گێڕاینه‌وه:
– بڵێی رۆژێ له رۆژان، له دووره‌وه، به رێکه‌وت رێژنه‌ی کچم ببینمه‌وه، هاواری لێ بکه‌م.
رێژنه – رێژنه، کچم جگه‌رم بۆ وا دووریت، ئه‌ویش به رووه خۆشه‌که‌یه‌وه هه‌ردوو ده‌ستی بۆ ئاسمان به‌رز بکاته‌وه‌و باوه‌شی خۆشه‌ویستیم بۆ بکاته‌وه و بڵێ:
بابه – بابه، زۆر ده‌مێکه عه‌وداڵی هه‌واڵێکتم، هیچ که‌س سۆراغی تۆیان پێ نه‌ده‌وتم.
ئای کچه شیرینه‌که‌م، پێش ئه‌وه‌ی مه‌رگ یه‌خه‌م بگرێ، ئۆخه‌ی ئێستا تۆ له ناو دڵ و چاو و هه‌ناسه‌م دایت، ئۆخه‌ی نه‌مردم تاسه‌ی دابڕان و دووریت شکا.
هاوڕێیان، ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاره‌هاجار هه‌وڵمدا، ده‌یان که‌سم راسپارد، بۆ ئه‌وه‌ی رێژنه ببینم، ئه‌رکی باوکایه‌تی بۆ جگه‌ر گۆشه‌که‌م جێ به‌جێ بکه‌م، به‌ڵام ده‌ستی ئه‌هریمه‌ن چرنووکی له مێشک و جگه‌رم گیرکرد، بۆ هه‌تا هه‌تایه له یه‌کیان دابڕین.
نه دکتۆر مارف رێژنه‌ی کچی لە ئامیز گرت، نه رێژنه باوکی بینی. بوون به دوو هیڵێ ته‌ریب، دوو ئه‌ستێره‌ی دوور، بوون به داوا هه‌ناسه‌ی نامۆیی و نامورادیی.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts