عیماد عەلی: رۆشنبیران و دەسەڵاتی کوردستان.
بە پێی بیرو بۆچونی گرامشی، هەمووان بیریارن، بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێت کاریی بیریاران رۆشنبیران لە کۆمەڵگەدا بکات. جولیا بەنداش دەڵێت: رۆشنبیر ویژدانی میلەتە و دەتوانێت کاریگەریی لەسەر فەرمانرٍەوایان هەبێت. کەچی فۆکۆە دەڵێت: رۆشنبیری جیهانی شوێنەکەی بۆ رۆشنبیری پسپۆری خۆجێی بەجێهێشتووە و لە تاقیگەکەیدا کار دەکات، بەڵام دەتوانێت شارەزایی خۆی بەکار بێنێت و تاکی کۆمەڵ تەماشای بەرهەمەکانی و کاریگەریەکانی دەکەن.
ئەوەی جێگەی باسە، ناتوانرێت رۆشنبیری وەک پیشە بەکاربێت و رۆشنبیر تەنها تاکێکی لێوەشاوەو سەر بەچینێک بێت و پیادەی کاری خۆی بکات. رۆشنبیر پەیامێکی پێیە، بە شێوەیەک هەوڵی گەیاندنی دەدات و مەبەستەکەی لە ریگەی چالاکیەکانیەوە دەپێکێت، نەک تەنها لە تاقیگە کاری خۆی بکات، وەکو هەندێک بەو شێوەیە تەماشای دەکەن.
ئەگەر لە رۆشنبیرانی کوردستان و ئەرکە تایبەتیەکەیان لە ئاست دەسەڵات ورد بینەوە، لە هەردوو روویەوە: ئەوەی تایبەتە بە خودی رۆشنبیر، ئەگەر بتوانین رۆشنبیرانی کۆمەڵگە دیاریی بکەین و، ئەوەش تایبەتە بەدەسەڵات و دیدگای بۆ رۆشنبیر. لەبەر چەندین هۆکار ناتوانین لەسەر ئەرزی واقیع ئەرک و چالاکی تایبەتیی رۆشنبیر وەک چاودێر و چاکساز و پەیامهێن دیاری بکەین. بۆ؟
لە رووی بارودۆخی بابەتیەوە، تا ئێستا هۆشیاری گشتی و رادەی رۆشنبیری خەڵک و بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی میلەت لەو ئاستەدا نیە کە گوێ رایەڵی رۆشنبیر بن و ئەرکی رۆشنبیر وەک خۆی بناسن و بسەپێنن و دەسەڵات ناچار بکەن کە هەڵوێست و دیدی رۆشنبیر لەبەرچاو بگرێت و راوبۆچونیان لەمەرٍ بابەتە گستیەکان بخوێنێتەوە. ئاڵۆزیی باری ژیانی خەڵک بە گشتی و رۆشنبیر بە تایبەتی خۆی لە خۆیدا لایەکی نەرێنی سەپاندووە کە زۆرێک لە رۆشنبیران بە هۆکاری خودیەوە لە راوبۆچون و ئەرکەکەی خۆیان دوور کەوتونەتەوە.
ئەوەی پەیوەستە بە دەسەلاتەوە، مانەوەی رۆشنبیر و چەقبەستنیەتی لە زەلکاوی نەزانی و دواکەوتویی، هۆکارەکەی زیاتر لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە. لەبەر ئەوەی کە خودی دەسەڵاتەکە ئەوەندە لێی تێدەکات کە فەرمانرٍەوایی ئەرکی ئەوە بە تەنها و هیچ لایەک لە خەڵکی تر ناداتەوە و وەکو ئەوەی دەسەلات قۆرخکاری بێت و ئامرازێک نەبێت بۆ سودی میلەت و بەریوەبردنی کارەکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگە هیچ جێگەیەکی تایبەتی بۆ رۆشنبیر دانەناوە بۆ سنوردانان بۆ کاری نەشیاوی دەسەلات و رێکار لە دژی بگرێتە بەر، ئەمەش بۆتە هۆکاریی ئەوەی کە رۆشنبیر هەست بە بەرپرسیارێتی نەکات و خۆی لەقەرەی کاریی رۆشنبیریی سیاسی نەدات و لە هەوڵی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆی بێت.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە، هەنگاویی زۆری دەوێت چی لە رووی بابەتیەوە بێت یان خودیی تایبەت بە خەڵک و رۆشنبیریش، ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو دەسەڵات و کۆمەڵگە و رۆشنبیریش هەر یەکە و لای خۆیەوە دیدی خۆی لەمەر رۆشنبیر بگۆرٍێت و ئەرک و مافەکانی ئاشکرا بن لای ئەوان و رۆڵی خۆیان بە راستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ لە راستەرٍێ کردنی دەسەڵاتی سیاسیدا یگێرٍن.