عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: دەسەڵاتێکی وڕووکاس لەئاست میللەتێکی بەئاگا، پێنجوێن و پێنجوێنیەکان بەنمونە.
پێنجوێن جگەلەوەی بەیەکێک لەناوچەستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان هەژماردەکرێت، بۆتە شادەمارێکی بەهێزوگرنگی ئابورییش بۆ حکومەت و دەسەڵاتی کوردی لەماوەی سێ دەیەی حوکمڕانی خۆماڵیدا.
دانیشتوانی سنوری قەزای پێنجوێن ڕۆڵی کاریگەروبەرچاوییان هەبوە لەهەموو ڕوداوگۆڕانکارییەکان لە ماوەی ( 100 )ساڵی ڕابردوودا، پێنجوێنیەکان هیچ کاتێک زۆڵمیان لەکەس نەکردوەو بگرە زۆرجار زۆڵمیشیان لێکراوەو لەهەندێ کاتیشدا پشوودرێژبون و وەک دەوترێت سەبری ئەیوبیشیان هەبوە. بەڵام بەردەوامبون لەزۆڵم و ستەمکردن لێی باجی قورسی بەدوادا دێت و قبوڵکردنی ئاسان نیە.
ناکرێت شارێک لەسنورییەکانیەوە ڕۆژانە بەملیاران دینارو دۆلار بئاخنرێتە بانکەکانیانەوە، بەڵام نزیکەی 10 ساڵە بچوکترین پڕۆژەی تێدا جێبەجێنەکرێت. شارێک کەلەوەرزی زستانەکەیدا پلەی گەرمییەکەی دابەزێتەخوار ( 25 )پلەی سفری سەدیی، کەچی بۆساڵێک بڕی ( 200 )لیتر نەوتی بدرێتێ و بشکرێتە منەت بەسەریەوە، بەو نرخە زۆرەش، لەکاتێکدا لەکۆی ( 365 )ڕۆژەکەی ساڵدا هێندەی ژمارەی ئەو بڕە لیترە نەوتەی پێیاندراوە ڕۆژانە پێویستی بەئامێری گەرمکەرەوەهەیە.
ئەم شارەبەهۆی دلێری و ملکەچنەکردنەکەی ڕوسەکان پێش زیاترلە( 100 )ساڵ وێرانیانکرد. حەرەس قەومیەکان لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا، گڕییان تێبەرداو سوتاندییان. حکومەتی بەعس لەگەڵ دەستپێکی شەڕی (عێراق – ئێران)دا جگە لەوەی کردیە شەڕگەیەکی فراوان، سەرجەم ماڵ و دام و دەزگا حکومیەکانی بەمزگەوتەکانیشەوە لەگەڵ زەویدا تەختکردو بەتەواوی سەرخان و ژێرخانی داتەپی. ئەمەجگەلەوەی کەلەشەڕی نابوتی ناوخۆشدا ئەم شارەو دانیشتوانەکەی توشی چ نەهامەتی و دەردەسەرییەک بونەوە. ئاخەر چ ڕەوایەتیەک و دادپەروەرییەکی تێدایە لەماوەی ساڵەکانی (2013 ــ 2022 ) تەنها لەدەروازەیەکی وەک باشماخدا بڕی ( 2 ) ترلیۆن و ( 159 )ملیاردو( 36 )ملیۆن و( 919 ) هەزار دینار بەفەرمی داهاتی بۆخەزێنەی حکومەتی هەرێم هەبوبێت. بەڵام ( 9 )ساڵە بایی کەمترلە ( 15 )ملیارد دینار پڕۆژەی تێدا وەستێنراوە. یاخود نەتوانراوە شەقامێکی کەمتر لە( 10 )کیلۆمەتری نێوان (باشماخ ــ پێنجوێن)تەواوبکرێت.
پێنجوێن خاک و ژێرخاکەکەیشی زیاد لە ( 10 )جۆر سامانی کانزایی و سروشتی تێدایەلەنمونەی(ئاسن، مس، کرۆم ، نەوت، ئاڵتون، یۆرانیۆم )و زۆری دیکەش، کەچی نەتوانراوە لەسێ دەیەی ڕابردوودا کارگەیەکی تێدا بنیادبنرێت و هەلی کار بۆ ژمارەیەک لەخەڵکی ناوچەکە دەستەبەر بکرێت. لەکاتێکدا ( 40 )ساڵ پێش ئێستا بەردی پێنجوێن دەبرایە کارگەکانی شاری بەسرەی باشوری عێراق و سودییان لێ وەردەگیرا.
ئەم شارە لەماوەی ( 30 ) ساڵی ڕابردوودا تا بەئێستاش دەگات لەلایەن بەرپرسەباڵاکانی حیزب و حکومەتی کوردییەوە هێندە بەڵێنی درۆی پێدرا، گەر نیوەشی جێبەجێبکرایە، ئەوا ئێستا دانیشتوانەکەی نەدەڕژانە سەر شەقام و نەدەنگیان دژی حوکمی خۆماڵی بەرزدەکردەوە.
ڕاستە پێنجوێن ناوچەیەکی کوێستانی و فرەساردە، بەڵام خاوەن خەڵکێکی دڵ گەرم و خوێن گەرم و بەئاگاو هۆشیارن. دەزانن لەم هەرێمە چی دەگوزەر ، دەشزانن دەسەڵاتی کوردی چ جیاوازییەک دەکات لەنێوان ناوچەوشارەکاندا لەبواری خزمەتگوزاری و پڕۆژەکاندا، بۆیە پڕ بەگەروی هاواردەکات و دژی نادادی و جیاکاریی و پەراوێزخستن هاتۆتە سەرچۆک و بەدەنگی بەرز دەڵێ: بەسەو چیدیکە لێتان قبوڵناکەین.
پێنجوێن و پێنجوێنیەکان زۆریان خەباتکرد، قوربانی بێشومارییاندا، بێ ئەندازەش دلێرو خۆڕاگربوون، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە کەمترین خزمەتکران و زۆریش بێ ئومێدبون لەحوکمی خۆماڵی.
بەسە بێباکی، بەسە خۆ کەڕکردن لەئاست داواو و خواستەکانی خەڵکی پێنجوێندا. هەقە ئەم بێدەنگی و خەمساردی و بێ هەستیەی ئێوەی دەسەڵات و حوکمڕان و ئەو جوامێری و ئازایەتیەی پێنجوێن و پێنجوێنیەکان بخرێنە کتێبی (گێنس)وە ب ۆژمارە پێوانییەکان.
پێنجوێن و پێنجوێنیەکان بەڕوونی پەیامی خۆیان گەیاند، بەڵام حوکمەت و دەسەڵاتێک لەواتاکەی تێناگات، ئەوەیە ئەو پەری بێشەرمی و بێ هەستی.
سەربەرزی بۆ پێنجوێن، سەرفرازی بۆدانیشتوانەکەی.