بورهان شێخ رەئوف: كه‌نداوی (25) له به‌سره.
له پارێزگای به‌سره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت، یارییەکانی جامی (25)ی پاڵه‌وانی تۆپی پێی وڵاتانی كه‌نداو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئامانجی سه‌ره‌كیی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش به‌هێزكردنی پێگه‌ی عیراقه له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی هه‌رێمی بەگشتی و وڵاتانی كه‌نداو بەتایبەتی، ئه‌م گرنگیدانه‌ی حكومه‌تی عیراقیش به پارێزگای به‌سره، هۆكاره سه‌ركییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه به‌سره شاده‌ماری ئابووریی عیراقه و به‌هێزترین و كاریگه‌رترین سه‌رچاوه‌ی داهاتی وڵاتیشه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و له‌دوای ساڵی 2003 وە ئه‌و پارێزگایه به‌ده‌ست كه‌میی خزمه‌تگوزارییه پێویست و سهرهتاییهكانییهوه ده‌ناڵێنێت وه‌كو هه‌موو پارێزگاكانی تری عیراق.
چاوه‌كان هه‌موو له‌سه‌ر به‌سره‌یه
ئێستا چاوی هاووڵاتییانی عیراق و وڵاتانی كه‌نداویش له‌سه‌ر عیراق و به‌سره‌یه، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا هه‌ردوو حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی خۆجێی به‌سره ده‌توانن كار و چالاكییه‌كانی جامی كه‌نداوی (25) تا كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌كه به سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌ببەن؟ به‌تایبه‌تی كه مانگی پێشوو یارییەکانی مۆندیال له قه‌ته‌ر به سه‌ركه‌وتوویی و بە شێوه‌یه‌كی نایاب به‌ڕێوه‌برا، به‌تایبه‌تی كه دۆسێی ئاسایش یه‌كێك له به‌ربه‌سته گه‌وره‌كانی به‌رده‌م كرانه‌وه‌ی عیراقە به‌گشتی و به‌سره به تایبه‌تیی به‌ڕووی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەیی و جیهان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌سره جۆرێك له سه‌قامگیریی رێژه‌یی به خۆوه ده‌بینێت.
چه‌ند رۆژێك پێش ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی جامی كه‌نداو (25)، له به‌سره دیمه‌نی هاووڵاتیانی كه‌نداو ده‌بینرا كه خۆشییان ده‌رده‌بڕی و باسی پێشوازیی جوانی بهسراییهكان و هه‌ست و سۆزی جوانی ئه‌وانیان ده‌كرد له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، كه ئه‌وه‌ش خاڵێكی باش و ئه‌رێنی بوو وایكرد، خه‌ڵكانێكی زۆری تریش هه‌م له كه‌نداو و هه‌میش له شاره‌كانی تری عیراقه‌وه به‌ره‌و به‌سرە بچن بۆ بینینی یارییه‌كانی پاڵه‌وانێتییه‌كه.
وه‌رزش وه‌كو ئامرازێكی گرنگی نه‌رمه هێز
له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه وه‌رزش وه‌كو ئامڕازێكی گرنگ و كاریگه‌ری نه‌رمه هێز وایه، ده‌توانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت له بوژاندنه‌وه‌ی بارودۆخی شڵه‌ژاوی به‌سره، له رووی ئابووری و رۆشنبیرییه‌وه و رووییه‌كی گه‌شی شاره‌كه‌ش نیشانی وڵاتانی كه‌نداو ده‌دات، به پێچه‌وانه‌ی بارودۆخی جه‌نگ و وێرانكاری كه ساڵانێكی درێژ شاره‌كانی عیراق به‌ده‌ستیه‌وه ده‌یانناڵاند.
ئێستا نه‌ك هه‌ر وه‌رزش، به‌ڵكو ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و كایه‌ی رووناكبیری به گشتی له‌لایه‌ن زۆرێك له وڵاتان و حكومه‌ته‌كان و سیستمهكانهوه وه‌كو هێزی نه‌رم به‌كاردێت بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان، هه‌ربۆیه جامی كه‌ندا و (25) له به‌سره هه‌موو ئه‌و وێنه نێگه‌تیڤ و ترس و دڵه‌ڕاوكێ و دڕدونگییهی كه له‌هه‌مبه‌ر به‌سره و عیراق خوڵقابوو، له‌لای هاووڵاتیانی كه‌نداو ره‌وانده‌وه، چونكه كاتێك هاتنه به‌سره هه‌موو ئه‌و وێنانه گۆڕا كه له زه‌ینیاندا كێشرابوو سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئه‌منیی عیراق.
عیراق ده‌باته دۆخێكی باشتر له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو
سه‌ركه‌وتن له به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی ئه‌م كه‌ڕنه‌ڤاڵه وه‌رزشییه گرنگه‌دا، عیراق ده‌باته دۆخێكی نوێه‌وه له‌گه‌ڵ دراوسێ عه‌ره‌به‌كانیدا، وڵاتانی عه‌ره‌بیش پێداچوونه‌وه به زۆر له هه‌ڵوێسته‌كانیاندا ده‌كه‌ن كه له رابردوودا له بواری سیاسی و ئابووری به‌رامبه‌ر به عیراق وه‌ریانگرتبوو.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌م كه‌ڕنه‌ڤاڵه وه‌رزشییه پێگه و گرنگیی به‌سره‌ی له شارێكی ئابووریی گرنگی عیراقه‌وه گۆڕی بۆ شارێكی گه‌وره له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمی، بۆیه پێده‌چێت گۆڕانكاری گه‌وره‌ش له‌سه‌ر ئاستی ئاسایش و ئابووری ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ش بێنێته ئاراوه .
شاری به‌سره به هۆی پاڵه‌وانێتی كه‌نداوه‌وه جارێكی تر گه‌ڕایه‌وه بۆ پێگه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی، وه‌كو ده‌رگای عیراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو بەگشتی و كوێت-دا بەتایبەتی.