بەهرۆز جەعفەر: کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان وەک زەمینیەیەکی هاوبەش، تێگەیشتنێکی ناوخۆیی و عێراقی و ناوچەیی و جیهانی بۆ دەرفەتەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پوختەی جێبەجێکار
لەماوەی ڕابردوودا، تا ئاستی پیشەسازییە نەوتییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەچووە پێشەوە، گرفتە دارایی و ئابورییەکانی هەردوولا کەڵەگەتر دەبوون! ئەم پەیپەرە ئەکادیمییە، لە “پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS” ەوە هەوڵ دەدات تێگەیشتنێک بۆ هەلومەرجی ناوخۆیی، عێراقیی، ناوچەیی و جیهانی توانا هایدرۆکاربۆنییەکانی هەرێمی کوردستان بخاتە ڕوو.
یەکەم/ تێگەیشتن لە هەلومەرجی یاسایی و کورتهێنانی پرۆسە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان. پەرلەمانی کوردستان ساڵی (2007) یاسای ژمارە (22)ی تایبەت بە نەوت و گازی دەرچواندوە. لەم یاسایەدا، بە پێی “بەشی پێنجەم” ماددەکانی (10، 11، 12، 13)، هەروەها بە پێی ماددەی (4) کە تایبەته بە ڕێکخستن و دامەزراندنی کۆمپانیا نەوتییە خۆماڵییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتیمانی- خۆماڵی هەیە. ئەو کۆمپانیایانەی بە پێی یاساکە دەبێت دابمەزرێن بریتین لە:
– كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت KEPCO
– كۆمپانیای نیشتمانیی كوردستان بۆ نەوت KNOC
– كۆمپانیای كوردستان بۆ هەناردەكردنی نەوت KOMO
– كۆمپانیای كوردستان بۆ پرۆسەكانی پاڵاوتن و پاشكۆكانی KODO
لە جیهاندا، تەنانەت هەندێ وڵاتیش کە خاوەنی هیچ یەدەگێکی سروشتی ئەوتۆش نیین، کۆمپانیای ئێجگار پێشکەوتوویان لە بواری وزەدا هەیە. بۆ نمونە؛ چیک کۆمپانیای خاوەنی گەورە کۆمپانیای Česká rafinérská و MND و نەک هەر کۆمپانیا هەوڵ و کۆششی زانستییان هەیە بۆ دۆزینەوەی یەدەگی زیاتر لە ناخی زەویدا بە تەکنیکی نوێ. فەڕەنسا خاوەنی تۆتاڵ Total و ئەنتەر Antar و ئی ئای ئێف EIF Aquitaine. چینییەکان و سەنگاپوراو هیندستان و تەنانەت فلیپین خاوەنی کۆمپانیای نەوتیی- نیشتیمانی خۆیەتی. وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت هەریەکەیان كۆمپانیای نیشتمانی نەوت و گازی خۆیان هەیە كە رۆڵێكی گرنگیان لە بووژانەوەی كەرتی نەوت و سێکتەرەکانی تردا لەوڵاتانەدا بینیوە، وەکو ARAMCOی عەرەبستانی سعودی و NIOC ی ئێرانی و QATAR PETROLEUM ی قەتەری و KNPC ی كوێتی و… تادوایی.
هەر لە دوای ساڵی (2003) ەوە هەرێمی کوردستان، لە بری ئەوەی هەنگاو بەرەو پێکهێنانی کۆمپانیای نەوتیی- خۆماڵی هەڵبگرێت و توانایەکی مرۆیی بەهێز لە بوارەکەدا دروست بکات. دەستی کرد بە ڕاکێشانی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانی بواری نەوت، هەتا ساڵی (2017) بەردەوام بە ڕێژەی (100٪ و 95٪) هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز (دەرهێنان، پاڵاوتن، هەناردەکردن) پشتی بە کۆمپانیا دەرەکییەکان بەستووە. لارییەک لەوەدا نییە ئەمە جیهانی مۆدێرنەو کۆمپانیاکان ئەکرێت لۆبییەکی سیاسیی بن بۆ کورد لە عێراقدا (کە کەمینەیە) و هەموو کاتێک کاتی ئەوەیە پەلاماری کورد بدرێت لە ناوچەکەدا.
نەبوونی کۆمپانیای نیشتیمانیی- کوردستانیی- دیجیتالیزەکراو لە بواری وزەدا، دوو مانای زۆر نەرێنی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان:
یەکەم/ لە ڕووی ئابورییەوە، سەرچاوەی هەرە زۆری قەیرانە داراییەکان زۆریی ئاستی تێچووی بەرهەمهێنانە؛ بە جۆرێک کابینەی (9) ی حکومەتی هەرێم کە زۆرترین چاکسازی کردووە لە بوارەکەدا، هێشتا (42٪) ی داهاتی نەوت ئەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت و، (58٪) ی بۆ دەستهەقی کۆمپانیاکان و دەرهێنان و هەناردەکردن و کرێی بۆڕیی و دانەوەی قەرزە. پێشووتر (33٪) و ساڵ هەبووە کەمتر لە (28٪) ی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حکومەت بووە. وەکو ئەوە وایە، تۆ مریشکێکت هەبێت، هێڵکەت بۆ بکات، بۆ ئەوەی هێڵکەکە بکوڵێنیت، پارەیەکی زۆریش بدەیت و بینێریت بۆ وڵاتێکی دیکە، تا بە کوڵاوی هێڵکەکەی خۆتت بۆ بنێرنەوە!
دووەم/ نیشانەی جۆرێک لە بێ ئیرادەیی بووە. جۆرێکیش لە تێنەگەیشتن لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تیایە. چونکە کۆمپانیای فرەڕەگەز لە “لیبراڵیزم” دا وەکو ئەکتەرێکی سەرەکییە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەکرا کورد کە دەوڵەتی نییە، ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی بۆخۆی دروست بکات لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمپانیای نەوتیی- خۆماڵییەوە. پانزە ساڵ بەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕی و ئەو (4) کۆمپانیایە هەر دروست نەبوو! ئەکرا لەماوەی ئەو پانزە ساڵەدا کوردستان خاوەنی لەشکرێک کادری نەوتیی و گازیی و ئەزموونی بەهێز بێت. نەکرا تا دادگای باڵای فیدراڵی –عێڕاق بڕیارێکی سیاسیی بە دژی پرۆسە نەوتییەکانی هەرێـم لە (15 ی شوباتی 2022) دا دەرکرد. ئەمە جگەلەوەی بە ئەنقەست بووبێت (یان نا!) هەندێک لەو کۆمپانیا فرەڕەگەزانە لە دادگا شاهانەکانی جیهان دۆخێکیان دروستکرد کە بە ملیارەها دۆلاریان لە حکومەتی هەرێم لەو ڕێگەیەوە (بەناوی قەرەبوو) ەوە وەرگرت.
لە هەرێمی کوردستان، کارگروپ لە بواری کارەباو نەوت و پاڵێوگەکاندا، هەنگاوی گەورەی ناوە؛ لە ڕووی پێگەیاندنی کادیری تەکنیکی، ڕووبەڕووبونەوەی ڕیسکە جۆراوجۆرەکان، بونیادنانی ڕێژەیی ژێرخانی وزە، کردنەوەی لقی خۆی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و دەرەوە، بونیادنان و بەڕێووەبردنی وێستگەکانی بەرهەمهێانی کارەبا کارە بەرچاوەکانی دیارە. جگە لەوەی خاوەندارێتی لە (60٪) ی هێڵی بۆڕیی کوردستان ئەکات. بەڵام ئەمە هێشتا پێی ناوترێت کۆمپانیای نەوتیی- نیشتیمانیی- دیجیتاڵیزەکراوی- کوردیی لە بوارەکەدا:
– چوونکە کەرتی وزە بە توندی نە بەستراوەتەوە بە سیستەمێكی ئابوریی و بانکیی گونجاوەوە.
– چوونکە ئاریشەی یاسایی و دەستوریی لە هەر چرکە ساتێکدا لە ڕێگەی تارانەوە بێت یان بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن.
– چوونکە تا ئەندازەیەک هەڕەشەی ئەمنی لە سەر کێڵگە سەرەکیی و مامناوەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، کە هێلی تەماسییان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە. وەکو؛ چیا سورخ و پوڵکانە لە سنوری دیالەو گەرمیانەوە. کۆرمۆر لە سنوری دووزەوە، خورمەڵە و جەبەل کەندو دەمیرداخ لەلای سنوری کەرکوک و مەخمورو موسڵەوە هەڕەشەیان لە سەرە.
لێرەدا، مەبەست لە ” دیجیتاڵیز”ەکردنی پیشەسازیی نەوت و گاز (Digitalization in oil & gas industry) ئەوەیە، کە پیشەسازییەکان تەکنەلۆژیا لە باوەش دەگرن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دیمەنی کارکردنیان و پیاچوونەوەی سوودەکانی باشترکردنی بەرهەمهێنان، کارایی بەرزتر و زیادکردنی پاشەکەوتکردنی تێچوون. پیشەسازی نەوت و گاز لە لێواری شۆڕشێکی دیجیتاڵیدایە. هەڵاوسانی نرخ و خواست، نادڵنیایی ئابووری جیهانی و زیادبوونی گرنگیدان بە بەردەوامیی ژینگە تەنها چەند ئاستەنگێکن کە فشار دەخەنە سەر ڕێکخراوەکانی نەوت و گاز بۆ ئەوەی بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێن بۆ باشترکردنی مۆدێلی کارکردنی ئێستایان و بەرهەمهێنانی کارایی زیاتر. یەکێک لەو ڕێگایانە تەکنەلۆژیایە. بە تایبەتیش نازاندرێت کە ڕێکخستنی نەوت و گاز لە داهاتوودا چۆن دەبێت! بۆیە پێویستە لەسەر بنەمایەکی مۆدێرن ئەم کەرتە پیاچوونەوەی بۆ بکرێت، ئەوەش وا دەکات سێکتەرەکە متمانەی دەرەکی لای بانکەکان، دەوڵەتانی پێشکەوتوو، ئاژانسە جیهانییەکان بەدەست بهێنێت.

دووەم/ تێگەیشتن لە هەلومەرجی دەستوریی و ئابوریی عێڕاق لە ڕوانگەی نەوت و گازەوە
ڕۆژی (15 ی شوباتی 2022) دادگای باڵای فیدراڵی لە بەغدا بڕیاری دا، کە؛ پرۆسە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و گازی هەرێم نادەستورییە! ئەوەش بە پێی ماددەکانی (110، 111، 112، 115، 121، 130) ی دەستوری عێراقی ساڵی 2005؛
بەڵام هەر بە پێی ئەو دەستورەی دادگای فیدراڵی ئاماژەی بۆ ئەکات، خودی دادگای باڵای فیدراڵی و پێکهاتنەکەی نا- دەستورییە. لە ماددەی (92) بڕگەی (دووەم) دا ئەڵێت؛ دادگای باڵای فیدراڵی بە دەنگی 2/3 دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پێک دێت، ئەمە ڕووینەداوو. کەواتە دادگاکە نا- دەستورییە. هەروەها لە ماددەی (87) دا ئاماژە بە سەربەخۆبوونی قەزا ئەکات. لە هەموو عێراقدا، کەم کەس هەبوو نەزانێت بڕیاری دادگاکە لەو کاتەدا سیاسیی بوو، تاوەکو بۆ مەرامی سیاسیی و کارتی گفتوگۆی سەر مێزەکان بەکاربهێندرێت.
عێڕاق، لە ساڵی (1927) ەوە نەوتی خۆماڵی کردووە. هێشتا یاسای نەوت و گازی نییە. ئایا یاسای نەوت و گاز چی بۆ عێراق ئەکات؟ ئایا عێراق ئەوەندەی پێوە ماوە فریای ئەوە بکەوێت یاسای نەوت و گاز پەسەند بکات، یاخود تەقینەوەی دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی عێراق و دەستوەردانە دەرەکییەکان ئەمجارە یەکلاکەرەوەیەو، عێراق لە ژووری بوژانەوەو ژێر چاودێری چڕدایە؟
هەرکامێکیان بێت، ڕێژەی هەژاریی لە عێراق (38٪)ە، قەرزی دەرەکی لەسەر عێراق هەیە، گەندەڵی و بە هەدەردان لە عێراق بەرچاوە، دەوڵەتەکە دەوڵەتێکی فشۆڵە، هێزی دەوڵەتیی بە دەست خودی دەوڵەتەوە نییە. سەروەری خاک ئاسمانی عێراق پارێزراو نییە. کارەساتە ژینگەییەکان وەهایان کردووە (39٪) خاکی عێراق ڕووبەڕووی بە بیابانبون ببێتەوە. حکومەتەکەی “شەیاع سودانی” کەمترین پاڵپشتی هاونیشتیمانیانی هەیە لە (2023) دا. لایەنەکانی بەشدار لە کابینەکەدا لە بری پلاندان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسییەکان کەوتونەتە هەڵپەی وەرگرتنی پۆستە چەورەکان و دابەشکردنی پۆستەکان. زیاتر وەک “غەنیمە” یەک تەماشای حکومەت ئەکەن نەک وەک فەرمانڕەوایی لەسەر بنەمایەکی زانستیی و نیشتیمانیی و مرۆیی. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرزبونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای دینار حکومەت و گەلانی عێراق تووشی ماندووبونێکی تر ئەکات. سەرباری ئەوەش، موقتەدا سەدر و نوێژە بە کۆمەڵەکانی لەسەر شەقام بەرە- بەرە دەرکەوتونەتەوە.
کەواتە، دەرفەتەکە، دەرفەتی هەرێمی کوردستانە. دەرفەتێک کە ماوەیەکی ئاوها بە کراوەیی نامێنێتەوە، ئەگەر سوودی ستراتیجیی لێ نەبینن، لە چەند مانگێکدا ئەم دەرفەتانە هەرئاوها نامێنن؛
* نرخی نەوت و گازی سروشتی بەرزە، هەردوولا (بەغداد و هەولێر) ئەتوانن سوود لەم دەرفەتە ببیننن؛ ژێرخانێکی پەروەردەیی، ئابوریی، پیشەسازیی و ئاوەدانی بەهێزتر بینا بکەن.. چونکە بە پێی ناوەندە باوەڕپێکراوەکانی جیهان لە کۆتایی (2023) و لە ناوەڕاستی (2024) دا نرخی نەوت بە تەواوی دادەبەزێت.
بەغدا، زۆر پێویستی بە هەرێمی کوردستانە، ئەوەش بۆ ڕاگرتن و بە پێوە وەستانی حکومەتەکەی لایەنە شیعییەکان.

* بە دیاریکراوی (252) پۆستی جۆراوجۆر پۆستی کوردن و چەندین ساڵە بە بەتاڵی ماونەتەوە، ئەم پۆستانە لە سوپاسالار و جێگری وەزیر و سەرۆکی دەستەو، بەڕێوەبەری گشتی و دادگاکانەوە دەست پێدەکات …تادوایی. ئەگەر ئەمە بەباشی ڕیك بخرێت، زیاتر لە پۆستە سیادییە باڵاکان سوودی ئیداری و سیاسی و دارایی و سەربازی و کۆمەڵایەتی و هەواڵگریی بۆ کورد دەبێت.
* بەغدا گەیشتوە بەو بڕوایەی، هەم دادگای باڵای فیدراڵی خەریکە بێ ئەرزش ئەبێت، هەم پێویستی بە بوونی یاسایەکە بۆ ڕێکخستنی نەوت و گاز لە نێوان هەولێر و حکومەتی مەرکەزیدا. بەڵام ئەگەر خێرا نەکرێت لە دەرچواندنی ئەم یاسایەدا، دەرفەتەکە ئاوها نامێنێتەوە. ئەگەر کورد ئەو بوونی ئەو (4) کۆمپانیا نەوتییە- خوماڵییە- کوردستانییە لە یاساکەی عێراقدا بچەسپێنێت، ئەوە گەورەترین دەستکەوتێکە کە هەم هەوڵ و بڕیارەکانی پێشووی دادگای فیدراڵی پێ بە درۆ بخاتەوە لە پێش چاوی جیهان، هەم خۆی پرۆسە نەوتییەکان بەڕێوەببات و، عێراق بەشیكی گاز یان نەوتەکەی بۆ بفرۆشێت.
“لە (11 ی جانیوەری 2023 )، سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم “مەسرور بارزانی” بۆ بەغدا، نەک هەر گرنگ و سەرکەوتوو بوو، بەڵکو پێویستە مانگانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سێ ڕۆژ، سەرۆکی حکومەتیش سێ ڕۆژ لە بەغدا بن.”

سێهەم/ تێگەیشتن لە هەلومەرجی ناوچەیی لە ڕوانگەی نەوت و گازەوە
ئێران و ڕووسیا چێژ لە گرانبونی نرخی وزەو سووتەمەنی ئەبینن و، لە ژێر سمێڵەکانیانەوە بە ئەوروپاو ئەمریکا پێ ئەکەنن کە نرخی نەوت و گاز هەڵکشاوەو، هەڵاوسانی ئابوریی گەورەی لە ئەوروپاو ئەمریکا دروست کردووە؛
کەواتە، ئێران و ڕووسیا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکادا، گرفت بۆ خستنەڕووی نەوت و گاز لە ناوچەکەدا دەخەنەڕوو، چوونکە هەر هەناردەکردنێک، ڕاکێشانی هەر لوولەیەک بەرەو خۆرئاوا، یاخوود خستنەڕوویەکی زیاتری نەوت و گاز، ئەرکی سەر شانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی سووکتر دەکات.
لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە، لە پاڵ وتە باوەکەی وڵاتانی جیهاندا ” پێویستە ماف و داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا جێبەجێ بکرێت”، ئیدارەی ئەمریکا، چەندین جار لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەو باڵوێزخانەو کونسوڵخانەدا پاڵپشتی تەواویان بۆ کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان دووپات کردۆتەوە. ئەمریکا تەنها لە (2022) دا (250) ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتی فراوانترکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر خەرج کردووە. ئێران نەک هەر نایەوێت هەرێمی کوردستان گازی سروشتی ڕەوانەی دەرەوە بکات، لە دابین کردنی گازی سروشتی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست وخوارووی عێراقیشدا ڕێگرییەک دروست دەکات. چونکە نایەوێت هیچ جێگرەوەیەک بۆ گاز و نەوتی ئێران هەبێت لە عێراقدا. بە پێی وەزیری کارەبای عێراق “زیاد عەلی” بە تێکڕا ئێران (6000 – 7000) مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکات.
کەواتە، ئێران کێشە بۆ هەر جموجوڵێکی تایبەت بە وزە لە ناوچەکەدا دروست ئەکات؛ کاتێک سەرۆکی حکومەتی هەرێم یەکەم سەردانی خۆی لە (2023) دا بۆ بەغدا ئەنجام دا و گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە نەوتییەکانەوە کرا. شەیاع سودانی بەڕێگاوە بوو بگاتە بەرلین بۆ ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان تا ژێرخانی کارەبای عێراق بە‌هێزتر بکەن. هەر هەمان ئەو کاتژمێرانەدا، دەنگی تەقینەوەیەک لەناو کێڵگەی کۆرمۆر بیسترا. لە ساڵی (2022) شدا (4) جار هەمان کێڵگە لە لایەن گروپە میلیشیاکانی نزیک ئێرانەوە کراوەتە ئامانج.
تورکیا، بە پێچەوانەی ئێرانەوە تینووی وزەیە.. هەموو چاودێرە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە ئەردۆگان بۆ ڕزگاربونی لە تەنگژەی هەڵبژاردن و مانەوەی لەسەر کورسی سەرۆکایەتییەکەی، پێویستی بەوەیە لە دەوروبەری تورکیادا پشێوییەک دروست بکات. بە پێچەوانەوە پێویستی بەوەیە تورکیا لە دەوڵەتێکی شۆڕشگێرییەوە بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی بازرگانی و دیبلۆماسیی بۆ فەرمانڕەوایی کردن؛ لە دوای ساڵی (2010) ەوە پەلاماردانی ئیسرائیل و میسر و سوریاو یۆنان و پەکەکەو سعودییەو ئیمارات و ڕووسیا هەریەکەیان بەجۆرێک و بە زمانێکی نەگونجاو پیشەی تورکیا بووە. وەهمی ئەوەی هەر بۆڕییەک بە ناوچەکەدا بەرەو خۆرئاوا تێپەڕی ئەبێت بە ناو خاکی تورکیادا بڕوات، هەڵوەشاوەتەوە. کەچی هێشتا تورکیا جەختی لێ دەکاتەوە. بۆ نمونە، لە نەوەتەکاندا لە ئازەربایجانەوە بە خاکی تورکیادا گازی سروشتی دەچوو بۆ ئیسرائیل، ئێستا ئیسرائیل خۆی بە هێڵی بۆڕی ئیست- مێد لەگەڵ قوبرس و میسر گاز ڕەوانەی ئەوروپا دەکەن. لە ئایندەدا دوورنییە گازی سروشتی کەنداویش بەخاکی سوریادا بچێتە سەر دەمی بۆڕییەکەی قوبرس و ئیسرائیل لە دەریای سپی ناوەڕاست.
لە ئێراندا، بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان بۆ خۆی گرفتی هەیە؛ بەگوێرەی داتای بەردەست، بڕی غازی بەفیڕۆچوو لە ڕێگای بەرهەمهێنان بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە گەیشتووەتە 27 ملیۆن مەتر سێجا کە یەکسانە بە یەک لەسەر سێی کۆی بەکارهێنانی ڕۆژانەی هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ. لەکاتێکدا شارەزایانی ئەو وڵاتە پێیان وایە ئەم ڕێژەیە گەیشتووەتە 100 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا. مەزەندە دەکرێت کە ڕۆژانە 100 میلیۆن مەتر سێجا گاز لە پرۆسەی دەرهێنان و پاڵاوتن و گواستنەوەی لە ئێراندا دەسوتێت، بەو پێیەی هیچ تەکنۆلۆژیایەک بۆ کۆکردنەوەی غاز نییە. بۆ بەرگرتن لەم ڕووداوە، حکومەتی ئێران دەتوانێت ئەو گازە دابین بکات کە لانیکەم 11 میلیۆن ئێرانی پێویستی پێیەتی.

چوارەم/ تێگەیشتن لە هەلومەرجی یەکتربڕینی سیستەمی نوێی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
یەکتربڕینەکە، بریتییە لە بەیەکداکێشانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە (7 ی دیسەمبەری 2022) سەرۆکی چین “شی جینپینگ” لەسەر بانگهێشتی سەلمان بن عەبدولعەزیز سەردانی سعودییەی کرد، سێ ڕۆژیش مایەوە. بە بەشداری سەرۆکوەزیرانی عێراق “محەمەد شەیاع سودانی” لوتکەی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ چین بەڕێوە چوو. چین وەک دووەم گەورەترین ئابوریی جیهان و سعودییەش وەک یەکەم بەرهەمهێنەری نەوت لە ئۆپیکدا، ساڵانێکە نزیکبونەوەیان بووەتە جێگەی مشتومڕی سەدان ناوەندی توێژینەوەو ئاژانسی میدیایی. لێرەدا دوو سیناریۆ هەیە؛
سیناریۆی یەکەم/ ئەم ڕووداوە ناو دەنرێت زیادبونی هەژموونی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێزاربونی وڵاتانی ناوچەکە لە وابەستەییان بە ویلایەتە یەکگرتوەکانەوە. جەنگی ئۆکراینا دەرفەتێکی گەورەی بەخشییە وڵاتانی کەنداو کە لە ڕووی ئابورییەوە سوودی گەورە لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە ببینن، لە ڕووی سیاسیشەوە، وڵاتانی کەنداو هەریەکەیان بە جۆرێک و بە ئاستی جیاجیا خۆیان لە هەژموونی ئەمریکا دووربخەنەوە.
بە تایبەتیش، لە دوای تیرۆرکردنی جەمال خاشقچی لە (2018) ەوە تا ئەگاتە کۆتا گورز گورز کە بەر هاوبەشیی نێوان ریاز و واشنتن کەوت، لە ئۆکتۆبەری 2022 دا کاتێک کە ئۆپێک پڵەس رێککەوت لەسەر کەمکردنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمی رۆژانەی نەوت، هەنگاوێک کە کۆشکی سپی پێیوابوو “لە بەرژوەندیی رووسیادایە”. ئۆپێک پڵەس بێ گوێدانە داواکانی ئیدارەی بایدن بڕیاریدا ئەو کەمکردنەوەیە وەکو خۆی بمێنێتەوە. چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوی سعودیەیە و ساڵانە چارەکێکی کۆی هەناردەی نەوتی سعودیە دەکڕێت. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان چین و سعودییەدا لە ساڵی (2021) دا (87.3) ملیار دۆلار بووە. لە میانەی سەردانەکەی “شی جینپینگ” دا بۆ ڕیاز بە بەهای (29.26) ملیار دۆلار (34) پرۆژەیان واژۆکردووە کە کۆمپانیا چینییەکان لە بواری جیاجیادا وەبەرهێنان لە سعودییەدا بکەن.
سیناریۆی دووەم/ جوانتر خوێندنەوەی مێژووە، بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوای دووەمین جەنگی جیهانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:
لە (21ی شوباتی 1947) باڵوێزخانەی بەریتانیا لە واشنتۆن یاداشتێک لە بارەی یۆنان و تورکیا (مەبەست هەوڵدانە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕاپەڕین و بزوتنەوە کۆمۆنیستییەکانە لەو دوو وڵآتە) ئەداتە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە تیایدا ئاماژە بە کۆتایی هاتنی سەرپەرشتیارێتی کردنی بەریتانی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چەند ڕۆژێک دواتر لە (12ی ئازاری 1947) پرەنسیپی “هاری ترومان” ڕاگەیەندرا. بنەمای کاری سەرۆکی ئەمریکا “هاری ترومان” لە بەردەم کۆنگرێسدا خرایە ڕوو بۆ سیاسەتی دەوردانی سۆڤیەت لە ناوچەکەداو، ڕاستەوخۆ هەڕەشەکردن لە هەموو ئەوانەی دەبنە هەڕەشە لە بەردەم سیاسەتەکانی ئەمریکا لە هەر شوێنێکی جیهاندا. هەر بۆ ئەو مەبەستە بەدوایدا لە (5ی حوزەیرانی 1947) پرۆژەی مارشاڵ بۆ ئاوەدانکردنەوەی و سەرپێخستنی ئابورییانەی ئەوروپای دوای جەنگ ڕاگەیەندرا. ئینجا خێرا پرۆژەکە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هات؛ یەکەمین هەڵبژاردن لە سوریا لە (تەمموزی 1947)، دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل (14ی ئایاری 1948) و، کودەتای حوسنی زەعیم لە سوریا (1949)، کودەتای جەمال عەبدولناسر لە میسر (1952)، هەمان ساڵ ئەمریکا کاری بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی بەرگریی لەناوچەکەدا کرد. بە دەستی سی ئای ئەی سابوون خرایە بن پێی “موحەمەد موسەددەق” لە ئێران (1952) کە ئەیویست سەربەخۆیانە نەوتی ئێران خۆماڵی بکات. ئیتر تا ساڵ ئەگاتە (1970) زۆرترین کودەتا لە میسر و عێراق و سوریاو لوبنان و ئەردەن و یەمەن ڕوویاندا.
ئێستا، لە جیاتی هەژموونی سۆڤیەت، هەژموونی پەڕینەوەی “چین” هەیە لە ناوچەکەدا؛
زۆر ڕوونە، کە سعودییەو بنەماڵەی “شا سەلمان” چەندین دەیەیە ئەمریکا دەیانپارێزێت لە ڕووی ئەمنی و سیاسی و سەربازیی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە. گەورەترین مەترسیی بۆ سەر سعودییەو خێزانی “شا سەلمان شا عەبدولعەزیر” ئێرانە لە ناوچەکەدا؛ ئێران “زیاتر لە وشەی مەترسی” مەترسیی بووە بۆ سەر سعودییە. جگە لەوەش کە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی سعودییە بە زۆری شیعەن. ئەگەر ئەمریکا نەبێت لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا، دەیان مەترسیی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ سەر “شا سەلمان” و بنەماڵەکەی دروست دەبێت.
ماوەیەکی زۆرە، ئێران و ڕووسیاو چین پێکەوە هاریکاری یەکدی دەکەن. نزیکبونەوەی ئێران لە چین مەترسییە ئێجگار هەست پێکراوەکەی ئەمریکابو. بۆ ئەوەی ئێران لە چین دوور بخاتەوە، ئەمریکییەکان لە ڕێگەی “محەمەد بن سەلمان” ەوە بانگهێشتی سەرۆکی “چین” یان کرد، کە چیتر بایی تەنها (20) ملیۆن دۆلار پارچەی درۆن بە ئێران نەفرۆشێت، ئەوە بایی (29.26) ملیار دۆلار سعودییە گڕیبەستتان لەگەڵ ئەکات و، ئەو پەیوەندییە لەگەڵ ئێران دروست مەکەن.

دەرئەنجام
بە پێی تیۆرە سیستماتیکییەکان لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بە تایبەت تیۆری نیۆریالیستەکان، کە لایانوایە هەڕەشەکان لە دەرەوە دێن و جەخت لەسەرسیستەمی نێودەوڵەتی و، بەرژەوەندی و دەستخستنی هێز ئەکەنەوە؛ عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکی لەناکاودان کە لەناوچەکەدا لە ئارادایە. بزوێنەری گۆڕانکارییەکەش فایلی “وزە” یە. بەم پێیە، پێویستە کورد خۆی خاوەندارێتی لە پرسە سیاسیین و ئابورییەکانی بکات، ئەوەش لە ڕێگەی ئامادەبونییەتی لە دونیادا بە ڕێگەی جیاجیا. پرۆسە نەوتییەکان تەنها گرێبەست کردن، گەڕان و پشکنین، دەرهێنان و پاڵاوتن نیین. پرۆسە ئاڵۆزەکە قۆناخی دواتر دەست پێدەکات کە ڕێگەکانی هەناردەکردن (جیۆپۆلەتیکی وزە) و لۆبی کردن و لێکۆڵینەوە کردنە لەسەر بازاڕی ئابوریی جیهانی و پەیوەندییە گشتییەکان و دەرهاویشتە سیاسییەکانی. گازی سروشتی بێ ئەندازە کاریگەریی دروست کردووە لەسەر پەیوەندییە هەرێمایەتی و جیهانییەکان؛ ئەو لایەنە سیاسییەی گرفت بۆ ڕەوتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن دروست بکات لە ناوخۆی عێراق و کوردستاندا، سیناریۆی لە قوتوونراوی ئەمریکی و ئەوروپی هەیە بۆ چۆنیەتی گورز لێدان و پەراوێزخستنیی لە ژیانیی سیاسییدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت