زەبەنگ بەهادین: مرۆڤ پێش ئەوەی مادە بێت، بونەوەرێکی سۆسێلۆژییە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی حیزبی شیوعی, بنەماکانی کارکردنی بوو بە تەنها لەسەر ماتریاڵی مرۆڤ. ئەوەی وورد و درشت بوو لەسەر مادە و سەرمایە کارل مارکس لە نوسینەکانیدا رونی کردەوە. ئەوەی گرنگی پێنەدا لایەنی سۆسێلۆژی مرۆڤ بوو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ناوەرۆکە مەعنەویەکەی مرۆڤ، ئەمەش بووە خاڵی بەهێزی دەستی سەرمایەداری کە بتوانێ جەنگەکە بباتەوە لە پرۆلیتارەکان و شیوعیەکان. مارکس باس لە یەکسانی و دادپەروەری دەکات لە نوسینەکانیدا، ئەوەی بیرچوو کە مرۆڤ بونەوەریکی کۆمەڵایەتی یە پێش ئەوەی مادیی بێت. راستە پێویستیە مادییەکان بەردەوامی بە ژیانی مرۆڤ دەدەن، بەلام ئەوەی وا دەکات مرۆڤ دەست بە ژیانەوە بگرێت لایەنی مەعنەوی و سۆسێۆلۆژی مرۆڤەکەیە.
مرۆڤ بە تەنها هیچ نییە ئەگەر دەوری پر بێت لە پارە و سەیارە و دەسەڵات و مادەکانی ژیان، رەنگە هەر خۆی کۆتایی بەو ژیانە بێنێت لە کاتێکدا مرۆڤ لەگەل کۆمەلدا و لە ناو سۆز و گرنگی پێدانی بەرامبەرەکەی ئاسودەیە و ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک بەرگەی ژیان بگرێت.
مارکس کە دەیوت کرێکارانی جیهان یەکگرن، ئەوەی لە یاد کرد کە باوکێک لە پێناوی بژێوی مناڵەکەی، ئامادەیە کرێکارە هاورێکەی بفرۆشێت و یەک نەگرێ لەگەلیدا، ئەمە لایەنی مەعنەوی مرۆڤەکەیە کە سۆزداریی باوکایەتی لە یەکسانی چتنایەتی لا گرنگترە. بیری چوو سەربازێک لە پێناو یەکسانی شەر دەکات، بەڵام کە کار گەیشتە سەر ئازاردانی خۆشەویستەکەی، ئەوا بە ئاسانی خۆی و نیشتیمانیش دەدات بە دەستەوە.
زۆرمان ئەمرۆ خانو و سەیارەو پارەو تەکنەلۆژیا و کەمالیاتی ماڵ و دەرەوەی ماڵمان هەیە، کەچی بەختەور نین. چونکە کاتمان نییە بۆ یەک، گرنگیمان نییە بۆ یەک. بیرەوەریەکمان نییە لەگەل یەکدا، هیندەی خەریکی پەیداکردنی دوو پولی زیاترین بۆ سەیارەکی بەرزتر و ماڵیک بریقەدار تر، هێندە خەممان نییە دانیشین گوێ بۆ یەک بگرین و خەمەکانی یەک بسرینەوە، پێکەوە پێبکەنین و پێکەوە بگرین. وامان لێهاتوە خووی ماتریالمان وەرگرتوەو بێزار دەبین لە یەک، وەک چۆن بێزار دەبین لە مۆبایلەکەمان یان لە ئۆتۆمبیلەکەمان. هەمیشە بە دوای نوێ و باشترین کارێ دەگەرێین، بونی مرۆڤایەتیمان لە ناوماندا لە یادکردووە، بوینەتە ئامێر. ناهەقیشمان نییە هێندەی هەڵپەمانە بۆ پارە و کەمالیاتەکانە، بابەتە روکەشیەکانە، هێندە هەلپەمان نییە نانێک پێکەوە بخۆین، گوێ لە یەک بگرین. هاوکاریی یەک بکەین. سەرەنجام دەبینین وەک کەوتنی حیزبی شیوعی، هەموو پەیوەندییە کۆمەلایەتیەکان دەکەویت و شکست دەهێنیت، خۆ ئەگەر بە روالەتیش نەکەوێ، لە ناوەوە کالبۆتەوە و نەماوە. لە دوا نەفەسدا تێدەگەین دەنگێکی بەسۆز بڵێ بیرتدەکەم یان بڵی خۆشمدەوێی یان بڵێ پێویستمان پێتە لەگەلمان بی، ژیان دەکاتەوە بە بەری مرۆڤدا. نەک کاتژمێرێکی مارکە و سەیارەیەکی بەرز. پیاسەیەکی ناو باخی گشتی بەختەوەری دەداتێ پیکەوە، نەک کافتریا و ئاهەنگەکانی شەوانی بارەکان، هەر یەک بەجیا لەگەڵ دەنگی ناپەسەند و بەرزی گۆرانییە بێ ماناکاندا. پارە خۆشە، باشە، بەلام لەو گرنگتر ژیانکردنە. دەی تۆ هەموو کات بۆ پەیداکردنی پارە بەسەر ببەی، ئەی کەی سەرفی دەکەی. مارکس لە دوا رۆژەکانی تەمەنی تێگەیشت دانیشتنێک لەگەل هاورێکەی یەکسانی راستەقینە بوو لە نیوان مادە و رۆحی مرۆڤدا.