عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دکتۆر ساجید و هه‌ڵوێسته‌کانی/ بەشی دووەم.
مرۆڤێک به‌قه‌د به‌رینی ئاسمان، دەروون خاوێن و هه‌ستناسک و به‌خشنده بوو، سه‌نگی به‌های رۆمانسیه‌تی خۆشەویستی مرۆڤایه‌تی بوو، هه‌ڵوێستەکانی و دڵسۆزیه‌که‌ی ئاسایی نه‌بوو، ئه‌وه‌نده میهره‌بان بوو، زیندانییەکان و پێشمه‌رگه‌کانی هاوڕێی، ده‌یان هەڵوێستی نمونەیی دەگمەن و چیرۆکێکی زیندان و شاخی ئەم کەسێتییە خاکییە ده‌گێرنه‌وه.
ئه‌و زنجیره چیرۆکانه‌ی ئه‌م پێشمه‌رگه ونه درامای ئه‌و عه‌شقه‌ی هەر هەمووی پاکێتی بوو/ بۆ خاک، بۆ مرۆڤ، بۆ زیندانی، بۆ پێشمه‌رگه، بۆ نه‌دارانی نیشتمانەکەی.
یاده‌وه‌ریی وێستگە جیاجیاکانی تەمەنی دکتۆر ساجید ئه‌و رۆمانه‌یه تا ئێستا تۆمار نه‌کراوه، ئه‌و به کۆڵه پشتێکی پڕ له ده‌رمانه‌وه، له سه‌نگه‌ری هه‌موو نه‌به‌رد و چالاکی و داستانه‌کاندا بوو.
به‌ناو رێژنه‌ی گوله‌و ره‌تڵی تۆپ و به نێو رۆکێتی فرۆکه‌و گوله‌ی دۆشکه‌ی کۆپتهرهکاندا، له‌م سه‌نگه‌ره‌وه ده‌گه‌یشته ئه‌و سه‌نگه‌ر. قوڵپی خوێنی پێشمه‌رگه برینداره‌کانی دهوهستاندوه، زامی جه‌سته‌یانی ساڕ‌ێژ ده‌کرد. مه‌رگیانی ده‌کرده‌وه به ژیان، خه‌ڵکی گونده‌کان به جۆرێک هه‌ڵوێسته جوامێرییه‌کانی ده‌گێڕنه‌وه:
هه‌موو بیرەوەریەکانی چیرۆکی ئه‌فسانه‌ی عەشق و خۆشه‌ویستی و مرۆڤایه‌تی بوو. هه‌میشه زه‌رده‌خه‌نه له‌سه‌ر لێوه‌کانی بووه. به‌نوکته جوان و سه‌رنج راکێشه‌ره حازر به‌ده‌سته‌کانی خۆشه‌ویستی و بزه و پێکه‌ننینی ده‌به‌خشی یه هاوڕێکانی له گه‌ڵ خاڵه به‌هادین مه‌جیدی هاوڕێ و پورزایدا به ده‌نگ و ئاوازێکی پڕ لە حەسەرت دنیایه‌کی پڕ له رۆمانسیه‌تی وایان ده‌به‌خشی یه هاوڕێکانیان، پڕ بوو له عه‌شقێکی بە ئاکام نەگەیووی ئه‌به‌دی و بۆ دابڕان، بۆ هونه‌ر، بۆ ژیان.
1- دوو هۆده‌و هه‌یوانێک
دکتۆر ساجید له دوای راپه‌ڕین له خانوویه‌کی کرێ دابوو، دوو هۆده‌و هه‌یوانێک بوو. جه‌رده‌و مافیاکانی نیشتمان، خه‌ریکی دزی و راورووت بوون، هه‌موو که‌ره‌سه‌و که‌ل و په‌لی دام و ده‌زگاکانی ئه‌م هه‌رێمه‌یان تاڵان کرد، ئاودیوی سنوورەکانیان کرد. به دۆلاری دزی و راو‌و رووت، بوون به خاوه‌نی و تهلاروکۆمپانیا و ده‌یان پرۆژه‌ی خه‌یاڵی. بوون به ده‌وڵه‌مه‌ندو و که‌سێتی دیار، هه‌موو خه‌ڵک، ئه‌و ده‌م و چاوانه ده‌ناسن، زۆریان مه‌سئولی حیزب و حکومه‌تن، له دام و ده‌زگا باڵاکاندا له هه‌رسێ شاره که‌ی هه‌رێمدا رۆڵیان هه‌یه، ئه‌وان لە دام و دەزگا باڵاکاندا، چاره‌نووس و ستراتیجی وتاری نه‌ته‌وه‌یی کورد له په‌رله‌مان و حکومه‌تدا دیاری ده‌که‌ن. هه‌موو ئه‌م نیشتمانه، بە زەوی و ئاسمانەوە، موڵکی ئه‌م ده‌م و چاوانه‌یه و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمه و حکومه‌ت و په‌رله‌مان و بڕیارن.
ئا له‌و سه‌رده‌مانه‌دا دکتۆر ساجید، خاوەنی یەک مەتر زەوی و هیچ موڵک و کوخێک نەبوو، له خانووه کرێدا بوو. خانویه‌کی حکومه‌تیان پێ به‌خشی، له‌و کاته‌دا دکتۆرێک داوای خانووی کرد، دکتۆرساجید به ده‌روونه بەخشندە دهوڵهمهندهکهیهوە، بە عیزه‌تی نه‌فسی گه‌وره‌و باڵاکه‌یه‌وه، کلیلی ئه‌و خانوه‌ی که پێیان بەخشی، ده‌بوایه بیکردایە لانه‌ی خۆی و هاوسه‌رو جگه‌ر گۆشه‌کانی، به‌خشی به‌و دکتۆره!
2- پێشمه‌رگه بریداره که
پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین، له شه‌ڕێکدا به سه‌ختی بریندار ببوو، ببوو به که‌م ئه‌ندام، له‌ده‌رگای زۆر له لێپرسراوانی حیزبی و حکومەتی هەرێمیدا بوو، ده‌ستیان نابوو به روویه‌وه، مەسئولین به جۆرێک هەستیان بریندار کردبوو، برینه ده‌رونیه‌که‌ی له برینی جه‌سته‌ی زیاتر قوڵتر و بە ئازارتر بوو. به پێی راپۆرتی لیژنەی پزیشکی، چاره‌سه‌ری برینی جەستەی و دەروونی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌کرا. دکتۆر ساجید بوو به هه‌موو که‌سێکی ئه‌م برینداره، زیاد لە سنوور، بە پەرۆشەوە، هه‌موو پێداویستییه‌کانی بۆ دابین کرد، تا نه‌یگه‌یانده نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ئه‌وروپا، ده‌ست به‌رداری نه‌بوو !
سه‌رچاوه/ ئه‌م زانیاریانه‌م له به‌رێزان خاڵه به‌هادین مه‌جید-ی هاوڕێ و پورزای دکتۆر ساجید و کاک ئازاد جاف پێ گەیشتووە.