شـــــــــوان خورشـــــــید: گێجەڵەکانی تورکیا لەم ساتەدا بۆ چی؟
بەر لە هەموو شتێک دەبێ ئەوە بزانین کە سیاسەتی تورک و دەوڵەتی تورکیا فراوانخوازیە، بە نەفەسی ئیمپریاتۆریەتی عوسمانی و هەمیشە تورکە ڕەگەزپەرستەکان بەو ئاواتەوە دەژین کە لە سەردەمی عوسمانی دا هەیان بوە بە مەبەستی فراوانخوازی دروستکردنی کۆشکی سوڵتانەکان و دوبارە بنیاتنانەوەی حەرەمسەرا و، کێبڕێی کەنیزەو بە کۆیلەکردنی مرۆڤگەلی غەیرە تورک، جا ئەو فراوانخوازیەی یان ئەو پەلامارەی دەیکاتە سەر سەروەری هەرێمی کوردستان، ئەگەر لە ژێر ناوی پاراستنی سەروەری خاکی تورکیاش بێت، تەنها بەهانەیەکی ڕوتەو گەر پەکەکەش نەبوایە هەمان کاری دەکرد، ئەوکات لە ژێر ناوێکی تردا. لە بەر ئەوەی تورکیا لە شەڕی جیهانی دووەم کە تێکشکاو بە پەیماننامەیەک وولایەتی موسلی جێ هێشت و ئێستاش ئەو ناوچانە بە موڵکی خۆی دەزانێت و گەر بۆی بلوێت لە بەیانی زووتر نیە هەموو خاکی هەرێم دەگەڕێنێتەوە ژێر پەرچەمی دەسەڵاتەکەی بە ناوچە جێناکۆکەکانیشەوە.
گەر ئەمڕۆ دەسکراوەیە لە سنور بەزاندن بە ناوی دژایەتی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، خۆ لە لیبیا پەکەکەی لێ نیە، خۆ نیمچە دورگەی قوبرس کە داگیریی کرد، بارەگاو نفوزی پەکەکەی لێ نەبوو. ئەی هەڕەشەکانی بۆ سەر یۆنان، بەهۆی بونی پەکەکەوە نیە. تورکیای تازە هەمان ئەو تورکیایەیە کە سوڵتانەکان خەونیان لەسەر کەڵەکە دەکرد بە داگیرکردنی سنورێکی بەرفراوان لە جیهان و، ناوچەکە کە، بە پێی ئەو پەیماننامەیەی لە نێوان لایەنی شەرکەر، دۆڕاو و براوە کەلە نێوان تورکیاو هێزە هاوپەیمانە براوەکانی شەڕی جیهانی یەکەم کە لەسەریی ڕێکەوتون، تورکیا بۆی نیە هیچ جموجۆڵێکی سەربازی و ئابوری و گەڕان بۆ دەرهێنانی نەوت لە کەناراوەکان بکات تا 2022 ، کەواتە ئەو مودە زەمەنیەی کە لە موعاهەدەکەدا هاتوە،گەیشتۆتە سەر ئەوەی توکیا بە خەونی نەزۆکی خۆی بگات، کە دووبارە شەرعیەت بە تورکیا بداتەوە دەس بە بەدیهێنانی خەونەکانی بکاتەوە بۆ دروستکردنی ئیمپریاتۆریەتێکی تر لە فۆرمێکی تازەترو مۆدرێنەتردا.
بۆیە کە دەبینین ئەمڕۆ تورکیا بێ هیچ دەربەستیەک سنوری نێودەوڵتی دەبەزێنێت و خاکی ووڵاتان پێ شێل دەکات بۆ بەدیهێنانی خەونە لە مێژینەکەیانە، تا زیاتر دەست بەسەر سەرچاوەی نەوت و ئابوریدا بگرن و چۆن مەغۆل ئاساکان ئامانجیان لەوەڕ بوو بۆ ئەسپ و ووڵاغەکانیان، تورکەکانیش بە هەمان نەفەس دەیانەوێت ئابوری ناوچەکە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. نەرمی نواندنی زلهێزەکانیش بەتایبەت ئەمەریکاو ڕوسیا وای کردوە تورکیا زیاتر شولی لێ ڕاکێشێ،چونکە هەردوولا دەیانەوێ دڵی ڕابگرن. چونکە تورکیا ژمارەیەکی دیارە لەو ناوچە جوگرافیایە گرنگە، هەریەک لەو دوو هێزە دەیانەوێ تورکیا زیاتر بەلای خۆیان دا پەلکێش بکەن. هەرچەندە تورکیا سەر بە ناتۆیە، بەڵام زۆرکات لەسنوری ناتۆ دەردەچێ و بەلای ڕوسیادا دەدات وەک کڕینی سیستەمی بەرگری S400لە ڕوسیا.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش دیارە تورکیا هەرگیز خۆشی بە گەلی کوردا نەهاتوەو ناشیەت، ئەو هەمیشە کوردی بە سەرچاوەی مەترسی زانیوە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بۆیە تا بۆی کرابێت لە هەوڵی ئەوەدا بوە کێشەی بۆ دروست بکات و نەتوانێت بکەوێتە گڕوگاڵ، هەر کاتێک قەیرانێک ڕووی لە هەرێم کردبێت لە جیاتی هاوکاریکردنی وەک هاوسێیەکی باش قەیران دوای قەیرانی تازەی بۆ هاوردە کردووە، دەسەڵاتدارە تورکەکان بەدرێژایی مێژوو لە هەوڵی ئەوەدا بونە، نێو ماڵی کوردی پەرتەوازەیی پێوە دیار بێت و، کورد یەکگرتویی بە خۆیەوە نەبینێت. هەوڵ ئەدات هێزە سیاسیەکانی کوردستان خەنجەر لەیەک بسوون و پەیوەندیەکانی نێوانیان ئاڵۆزتر بکەن، هەرچەندە تا ئەم ساتەش کورد لە کوردستان نەگەیشتونەتە عەقڵیەتێک کە تەنها یەکگرتویی و یەک هێزو یەک گوتاری سیاسی دەرمانی دەردیانە، بەسەر ئەستەنگەکانی بەردەمیاندا زاڵ دەبن، تورکیاش ئەوەندەی تر گەمەکەی خەستر کردوەو بێ گوێ دانە عورفە نێودەوڵەتیەکان دەستی بە لەشکرکێشیەکی فراوان کردوەو سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقی پێشێل کردوە، بە ناوی ڕاوەدونانی چەکدارانی پەکەکە.
لە ئێستادا تورکیا بە بەرنامە دەستی کردۆتەوە بە بەدیهێنانی خەونی عوسمانیەکان و ئەوەی نەیکردوە دەیکەن وەک ئەوەی کە ئێستا ئەنجامی دەدات بە بەهێزترین لەشکرو پڕچەکترین سوپا ڕۆژانە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج و بە مۆدرێنەترین چەکی جەنگی هێڕشیان دەکاتەسەر، جگە لە داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان.
دیارە تورکیا و عەقڵیەتی ئەردوگانیەکان بۆ ئەوەیە پەلوپۆ بۆ هەموو ئەو ناوچانە بهاوێت، کە لەسەردەمی پیاوە نەخۆشەکە لەژێر قەڵەمڕەویاندا بون، لەشەڕی جیهانی یەکەم لەدەستی داون، بە تایبەت ولایەتی موسڵ، کە ئێستا بەبەهانەی بونی گەریلاکانی پەکەکە، هەنگاویی کرداری ناوەو ناوچەیەکی زۆری باشوری کوردستانی کۆنترۆڵ کردوەو، بارەگاو چەکی قورس و هەواڵگری لێ جێگیرکردوە. ڕۆژ بەڕۆژیش هەنگاوە داگیرکاریەکانی فراوانتر دەکات، جا ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم کورد دەبێ چی بکات و کاردانەوەی چی بێت؟ دەبێ کورد لەو قەیرانەی کە خەریکە سەری دەخوات چی بکات و پلانی چۆن بێت، بۆیە دەبێ بە نەفەسی کوردایەتی دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی دوور لە هەموو رەنگ و ئایدیایەک کوردانە بکەونە ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردی و کوردایەتی بکەنە شیعاروو خەباتی نەپسانەوەی کوردو کوردستان دەنا کار وا بڕوات سەدان ساڵ دەگەڕێینەوە کەناری مێژوو بە شەرمەزارکردنی نەوەکانمان و مێژووش ڕەحم بە کەس دا ناکات.