حەسەن ڕازانی: خڕۆشانی جەماوەری ئێران یان خڕۆشاندنی!
ئایا جەماوەرو خەڵکی ئێران خرۆشاوە یان خڕۆشێنراوە؟
خەڵکی ئێران خڕۆشاوە، هاتۆتە سەر شەقامەکان، دەستی داوەتە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، هیچ بستێک نەماوە پڕی نەکردبێت، هەر لە کووچەوە بیگرە تا کۆڵان. ڕژێمیش، وەک پیشەی هەمیشەیی، بێباکانەو بێ بەزەییانە لێدەدات، سەرکوت دەکات، دەکوژێت، دەگرێت و زیندانی دەکات، لە مەیدانەکاندا بە ئاشکرایی پەت دەکاتە ملی ئازادی خوازان، هەڕەشە دەکات و هەنگاوی هەتا نان بڕینیش دەنێت.
خڕۆشانەکە، وا دەردەکەوێت، زوربەی سێکتەرو ناو شارەکانیشی گرتبێتەوە. پرسیارێک، بە بڕوای من، دەبێ بکرێت ئەوەیە ئایا ئەمە خڕۆشان و ناڕەزایەتیە هی خەڵک خۆیەتی یان بە بەرنامەو پلانی دەرەوەی خۆیەوە خڕۆشێنراوەو هێنراوەتە سەر شەقامەکان و لە شوێنێکی ترەوە ئەو تەپڵی ناڕەزایەتییەی بۆ لێدەدرێت؟
کێیە خەڵک و جەماوەری خڕۆشاندووە؟ کام خەڵکەو کام جەماوەرەیە خڕۆشاوە یان خڕۆشێنراوە؟ ئایا ئەگەرخڕۆشان و ڕژانە سەر شەقامی خەڵک و جەماوەر بە شێوەی هەڕەمەکی بێت، پەرت و بڵاو بێت، ناڕێکخراوبێت، بێ بەرنامەو بێ پلان و بێ ئاسۆ بێت، دەبێ چی لێ شین ببێتەوە؟ ئایا ڕووخانی ئەم سیستەمە بە سیستەمێکی وەک خۆی یان لە خۆی خەراپتر چی دەگەێنێت؟ وەک چۆن ڕژێمی شاهنشاهییان بۆ ڕژێمی ئاخوندەکان کۆتایی پێهێنا. ئایا ڕۆڵی چینە هەرێ داپڕوکاوو زەحمەتکێشەکە لەو بێنەوبەرەیەدا چیە؟ ئەو چینەی کە هەمیشە دەبێتە زەخیرەو دەستەچیلەی تەواوی ئاڵووگۆڕەکان لە سیستەمەکانی حوکمڕانیدا وەک چۆن بۆ لادانی شا بە کارهێنران ئایا لە ئێستای وەلانانی ئاخوندەکانیشدا هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە؟ یان وەک دەردەکەوێت بەشی ئەو چینە شۆڕشگێڕو زەحمەتکێشە لە کۆتاییدا هەر ئەو بەشە دەبێ کە پێشتر هەیان بووە و لەوانەشە بەرەو خەراپتریش بچێت. وەک دەگوترێت زەمانی شا زۆر باشتر بووە لە زەمانی ئاخوندەکان. هەروەها مێژووی ئەو ناوچەیە شاهیدی درووستی ئەو بۆچوونەیە. ئایا بارو گوزەرانی چینی کرێکار چی لێ بەسەردێت؟ چەپ و کۆمۆنیستەکان کە خۆیان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی کرێکاران نیشاندەدەن لەو کێشمە کێشەی نێو ئێستای ئێراندا چ ڕۆڵێک دەتوانن ببین و لە کوێی ئەم بێنەو بەرەیەدان؟ دەتوانن چی بۆ داهاتووی چینی کرێکار بکەن؟ ئایا دەبێ پێشبینی ئەوەیان لێبکرێت، کە وەک ڕابردوو، تەوژمی سیاسی لایەنێکی سیاسی پەلکێشکیان بکاتە ناو خۆی و بەکار بهێنرێن وەک ڕابردوو؟ وە لە کۆتاییشدا بە مایەپووچ و سفر بەدەست بمێننەوە؟ شۆڕشی ٧٩ی گەلانی ئێران شاهیدی درووستی ئەو بۆچوونەیە.
هەر بەدوای کوژرانی مەهسا ئەمینی لە ڕۆژی 16. 09. 2022 خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەری ئێران دەستی پێکرد. سەرەتا تەواوی شارەکانی کوردوستان و ئینجا زۆری نەبرد تەواوی قوڵایی ئێرانیشی گرتەوە. حکومەتی ئێران هەر لە سەرەتاوە ڕایگەیاند کە ئەوە دەستی دەرەکییەو هی خەڵکی ئێران خۆی نیە. بەشێکیش لە خەڵک پێیان وابوو هەروەک جارانی پێشوو کێبەرکێیئ نێو باڵەکانی ئاخوندەکانی ناوخۆی ئێران بێت. بەتایبەتی بۆی هەیە لە نێوان ڕیفۆرمیستەکان و ئاخوندە موحافزکارەکاندا بێت. هەندێکیش بەلای ئەمریکاو ناتۆدا دەڕۆییشتن و دەیان گوت فشاری ئەمریکاو ناتۆیە بۆ سەرئێران تا دەربارەی بابەتی ئەتۆمییەکە نەرمی بە ئێران بنوێنن لەگەڵ ئەمریکاو بە داخوازیەکانی ئەمریکاو ناتۆ ڕازی بێت.
بە بڕوای من، ئەو بۆچوونانە ڕاستییان تێدا هەیە. بەڵام لە هەموو ئەمانە ڕاستر بریتییە لە ڕق و توورەیی جەماوەری ئێران لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی. جەماوەرو خەڵکی ئێران وا بۆ چەندین دەیە دەچێت کە بەدەستی ئەو سیستەمەوە دەناڵێنن . ئەو سیستەمە بە کۆماری پەت و سێدارە ناسراوە، خەڵکی ئێرانی لە ئەوپەڕی ژیانی کۆڵەمەرگی و خەفەقاندا ڕاگرتووە، بەتایبەتی بەشە کوردوستانیەکەی.
بۆیە دەبێ بڕوامان وابێ کە ئەوە خەڵکی ئێرانە بە گشتی و خەڵک و جەماوەری کوردوستانی ئێرانیشە بە تایبەتی کە بزووتوون و هاتوونەتە سەرشەقامەکان و داوای چاکسازی و خۆشکردنی ژیانیان دەکەن. هەندێک جارانیش واوەتر ڕۆییشتوون و داوای گۆرینی سیستەم و حکومەتیان کردووە. بەڵام هەموو جاران کۆماری ئیسلامی ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی تێک شکاندوون و بە ئاگرو ئاسن ڕووبەڕوویان بووەتەوە. لەو نێوەشدا پەیوەندی ناجێگیرو توڕەیی جەماوەر لەگەڵ ئاخوندەکان وای لە جەماوەر کردووە کە نەک هەر بۆخۆی بخرۆشێ و دەست بداتە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ، بەڵک و زۆر بە ئاسانیش دەبێتە نێچیرێک و دەهێنرێتە سەر شەقامەکان و بەرەو ناڕەزایەتی دەربرین دەبرێت و دەخرۆشێنرێت. باڵێکی سیاسی ناو ئاخوندەکان دەتوانێت بەو کارە هەڵسێ لە دژی باڵەکەی تر.
لەوەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر کارە، دەماو دەم و ناوە ناوە ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە کراون. جا هەندێک جاران تەواوی شارەکان و قوڵایی ئێران وبەشە کوردوستانیەکەشی گرتۆتەوە. هەندێک جارانیش هەندێک شار یان زۆر لۆکاڵی بووەو بێکاریگەر بووەو زوو خامۆش کراوە. هەندێک جاران درێژخایەن بوون وهەندێک جارانیش زۆر کورت خایەن . بۆ نمونە ڕاپڕینی بزووتنەوەی سەوز لە 2009. دوایش ناوبەناوەو بە پچڕ پچڕی لە 2010 و 2011. ئینجا دیسان لە 2017 ، 2019 تا دەگاتە ئەمەی ئێستا کە تازەترینیانە کە لە ناوەڕاستی مانگی 9ی 2022 وە دەستی پێکردووەو هێشتا هەربەردەوامە.
لە زوربەی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەدا خەڵک داوای خۆشکردنی ژیانیان کردوەو هەندێک جارانیش داوای گۆرینی حکومەت یان کاربەدەستێکیان کردووە. هەندێک جارانیش لێرەو لەوێ تاک و تەرا داوای لە ڕەگ و ڕیشەوە گۆڕینی سیستەمیان کردووە. هەموو جارەکانیش ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان سەرکوت کراون و بە ڕواڵەت بێدەنگ کراوون، بەڵام لە ڕاستیداو خەڵک لە نێوخۆیدا هەرناڕازی بووە.
هەرچەندە ئێستا ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانی خەڵک و جەماوەری ئێرانیان لە سەرتاسەرییەوە بەرتەسک کردۆتەوەو گواستوویانەتەوە بەرەو کوردوستان. خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێرانیان لە قوڵایی شارەکانی ئێرانەوە بۆ شارە سەرسنوریەکانی کوردوستانی ئێرانیان پاڵپێوەناوە. کە ڕوونترو سادەتری بکەینەوە دەتوانین بڵێین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و جەماوەری ئێرانیان لە هەموو ئێرانەوە گواستۆتەوە بۆ ناوچەیەکی دیاری کراوی بچووک و لە خەڵکی ئێرانەوە بۆ خەڵکی کوردوستان و لە گەلانی ئێرانەوە بۆ کوردەکان و جا ئینجا لە کوردەکانیشەوە بۆچەندین شتی تر.
دەگوترێت ئەمە نە خۆپئشاندانی خەڵک و گەلانی ئێرانەو نە هی گەلی کوردیشە. بەڵک و ئەمە هی جوداخوازان و نۆکەرانی بێگانەیە. دەگوترێت دەستی ڕۆژئاواو ئەمریکاو ئیسڕائیل و سەهیۆنیەت و کوفری لە پشتە. دەگوترێت ئەمە بۆ ئەوەیە تا ئێرانیش پڕبکەن لە پەشێوی و ئاژاوەو لە کۆتاییشدا ئێرانیش بە مەرەدی وەڵاتەکانی تری ناوچەکە بەرن لە وێنەی لیبیا، تونس، میسر، سوریاو ئەفغانستان و یەمەن و لوبنان.
کۆماری ئیسلامی ئێران پێی وا نیە ئەوە خەڵک و جەماوەری ئێرانە لە دژی سیستەمی ئاخوندی ڕاپەڕیوەو خڕۆشاوە، بەڵک و پێیان وایە کە ئەوە دەستی دەرەکی و ئیسڕائیل و ئەمریکاو ڕۆژئاوای کوفرە کە بە یارمەتی پڕۆکسەکانیان لە نزیک و ناوخۆ هەوڵی تێکدان و پەشێوی دەدەن لە ئێران. بۆیە هەرلە یەکەم هەنگاودا کە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێران بەرەو کوردوستان هێنران و لۆکاڵی کرانەوە هەر لەو ساتەوە، بە بڕوای من، زەنگی یەکەم هەنگاوی خامۆشکرانی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵک لێدرا و لە لایەکی تریشەوە یەکەم ئاماژەی خڕۆشاندنی جەماوەر، نەک خڕۆشانی بە ویستی خۆی، وەدەرکەوت.
کۆماری ئیسلامی بەو پلانەی کە بە زەبری هێزی ئاگرو ئاسن تا ئێرەی هێناوەو سەرباری ئەمەش خۆپیشاندانەکان هەر بەردەوامییان هەیەو فشارەکانی خەڵکیش هەرچەندە بە ڕواڵەت لۆکاڵی بوونەتەوە بەڵام هێشتا لە ناوەڕۆکدا هەر سەرتاسەرییە. بۆیە ، بە بڕوای من، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو پلانەی دوو سێ مەبەستی پێکاوەو تێشیدا، وەک دەردەکەوێت، سەرکەوتوو بووە.
یەکەم : کاریگەریی و مەترسیی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی لەسەر دەسەڵاتی ئاخوندەکان بە گشتی و لەسەر چەق و ناوەندی دەسەڵات کە شارە گەورەکانی قوڵایی ئێرانە بە تایبەتی تاران بە تەواوی لاداوە یان هیچ نەبێ کەمی کردۆتەوە
دووەم: ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێستا خۆی دەست ئاوەڵاتر کردووە، لە ڕاستیشدا هەر وا دەردەکەوێت ، بەهانەی سەرکوت و خەفەقان و دەستبردن بۆ پەت و سێدارەی زۆرتر دەست کەوتووەو بەبەردەوامی ئەو زەخیرەیەیەشی دەستدەکەوێت و جێبەجێکردنیشی ئاسانتر بووە. هەروەها هێزی سەرکوتی جێبەجێکاری کەمتر پێویستەو تواناو لۆجستی کەمتریشی بۆ ئەو مەبەستە پێویستە .
سێهەم: ئێستا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێشوو زیاتر هەم سوود زیاتر دەبینێ و هەمیش زیاتر پەرە دەدا بە جیاوازی ڕەگەزیی، جیاوازی ئایینی و مەزهەبی، جیاوازی نەتەوەیی، جیاوازی شوێن و پێکهاتەی جوگرافی، جیاوازی زمان و ئەتەکێت و کەڵچەرو چەندین جیاوازی تر.. ئەمەش هاریکاری ئەو سیستەمە دەبێت تا زیاترکەلێن بخاتە نێوان خەڵکی ئێران و زیاتر خەڵکی ئێرانیش بێهێزو نایەکگرتوو دەکات و لەبەرامبەریشدا خۆی بەهێزو دەستکراوەتر دەمێنێتەوە.
کەواتە ئێستا، بە بڕوای من، خۆپیشاندانەکان خەریکە لەدەست خەڵک و ویستی خەڵک و بەرنامەی خەڵک بهێنرێنەدەر. وا بۆ پێنج مانگ دەچێت بەردەوامییان هەیە بەڵام هێشتا ناڕێکخراو دیارن و کاریگەریشیان تادێت بەرەو کەم بوونەوە دەچێت لەسەرکۆماری ئیسلامی و تەواوی سیستەمەکە. وا دەردەکەوێت کە چۆن خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی مەیدانی تەحریری بەغدا و 17ی شوباتی بەردەرکی سەرای سلێمانی بە تێپەڕبوونی کات کپ کرانەوە بێ ئەوەی بگەن بە هیچ، یەکێک لە ئامانجەکانیان ئەوانەی ئێرانیش هەر بەو مەرەدە دەڕۆن.
کاتێک کە دەگوترێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەردەڕووخێت و لە ناودەچێت دەبێ بزانرێ و بگوترێ کێ ئەو کارە دەکا؟ کێ و چ جیهەتێکی سیاسی مۆری گۆڕان و ڕووخان لە سیستەمەکە دەدا. هەموومان دەزانین هەموو سیستەم و ڕژێمێکی سیاسی بۆ هەتاسەر نامێنێتەوە، جا یان هەر خۆی دەڕواو دەڕووخێت ، کە ئەوەش شتی نالۆجیک و دەگمەنە یان دەرووخێنرێت و لەناو دەبرێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کێ ئەم کارەی کرد یان دەیکات، چ بەدیلێک جێگەی گرتەوە یان دەگرێتەوە؟
خەڵکی ئێران وانەی باشی لە دوێنێی خۆی وەرگرتووە. شۆڕشی 79ی گەلانی ئێران کە چەپ و لیبڕاڵ و کۆمۆنیستەکان بەشی شێریان لە وەلانانی ڕژێمی شا بەردەکەوێت بەڵام بەشی ڕێویەکیشیان لە ئەنجامدا دەست نەکەوت. ئەمە خاڵە گرنگەکەیە کە دەبێ ئاگامان لێی بێت. ئەم مێژووە بە درێژایی خۆی پێمان دەڵێت خەڵک نەخرۆشابوو بەڵک و خرۆشێنرابوو، خەڵک ناخرۆشێت بەلک و دەبێ بخرۆشێنرێت. واتە لایەنێکی سیاسی و لە پشتی خەڵکەوە ئەو کارە ئەنجام دەدا. ئەوەی ئێرانیش هەروا دەردەچێت و لە هی شوێنەکانی تر بەدەر نیە. وا دەدەکەوێت کە لایەنێکی سیاسی هەیەو هەر ئەویش لە دەرەوەی ئیرادەو خواستی زۆرینەی خەڵکی ئێران کۆتاییەکە بەدەست دەهێنێت. سیستەمی ئاخوندەکان ئەو لایەنە سیاسییە بوون و لە دەرەوەی ئیرادەو خواستی زۆرینەی خەڵکی ئێران توانییان کۆتاییەکە بەدەست بێنن.
کە دەگوترێت ئاخووندەکان بە زەبری هێزو فڕوفێڵ و پاڵپشتی دەرەوە خۆیان سەپاند، ئەمە نابێتە جێی باس و بە بڕوای من هیچ گرنگیش نیە. بابەتی جێی باس و گرنگ ئەوەیە کە کێ دەڕوا یان لادەبرێت و لە کۆتاییشدا کێ هات یان کێ دێت؟ کێ ماندوو بووە نابێتە مەسەلەیەک کە گرنگی بمێنێت. واتە کێ حوکمی بەدەستەوە گرت یان چۆنی بەدەستەوە گرت مەسەلەیەکی ترە.
بابەتە سەرەکیەکە ئەوەیە کێ خرۆشاوە گرنگ نیە بە قەدەر ئەوەی کێ خرۆشاندوویەتی. ماشێنێک کە دەڕوا گرنگ نیە ، بەڵک و گرنگە بزانرێت چ مەکینەیەک ئەو ماشێنە دەبزوێنێت.. خەڵکەکە ئێستا ماشێنەکەیەو بزوێنەرەکەش ئەو لایەن و باڵ و گرووپە سیاسییە کە ڕێکخراوەو لە پشتەوە خەڵکەکە دەبزوێنێت و ئاراستەشی دەکا. ماشێنی بێ مەکینە بوونی نیەو بشبێت ناجوڵێت و نابزوێت. بۆیە دەبێ خەڵک و جەماوەر ببزوێنرێت و بجوڵێنرێت.. ئایا چەپ و کۆمۆنیست و لیبڕالەکان ئامادەن ببنە ئەو بزوێنەرو داینەمۆی جوڵاندنی خەڵکی ئێران و هەر خۆشیان کۆتاییەکەی بەدەستەوە بگرن و دیاری بکەن؟ یان دیسان دەیبزوێنن و دەیخرۆشێنن بەڵام گوێ نادەنە ئەوەی کۆتاییەکەی چ دەبێت و کێ مۆری خۆی لێدەدات؟ یاخود لێ دەگەڕێن بۆ چینێکی ئاخوندی تر یان ستایڵێکی تری شاهنشاهی ؟ بە بڕوای من داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.
زووربەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتیی و دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کە دەوڵەت و وەڵاتی ئیسرائیلی لێ بینیتەدەر زۆر بەکەمی توانیویانە بۆ ماوەیەکی درێژ سەقامگیری سیاسی بەخۆیانەوە ببینن. ئەمەش هەم ڕۆژگارو مێژوو سەلماندویەتی و هەم پێکهاتەی سیستەمە حوکمڕانیەکان بە شێوەیەک بنیاتنراوون کە بەشێکی ئەو ناسەقامگیرییە خۆیان ڕاستەوخۆ لێی بەرپرسن و بەشێکیشی دەوڵەتانی تری گەورەی جیهانی..
هەر کاتێک کە خەڵکی یەکێک لەو وەڵاتانە کەوتوونەتە سەرخۆو هەوڵی گۆڕانکاری ڕیشەییان دابێت کە لەبەرژەوەندی خەڵکی وەڵاتەکەدا بووبێت ئەوا لەولاوەو بە ئاشکراو بە نهێنی هەم بۆ خۆیان هەم لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیانەوە بزووتنەوەو جوڵانەوەو ناڕەزایەتیەکانی خەڵکیان بەلاڕێدا بردووەو خۆیان بە ویستی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لەسیستەمەکەدا کردووە. هەموو جارێکیش بەهانەی ئەوەی ئەو سیستەمە دژی مافی مڕۆڤەو خەڵکی خۆی دەچەوسێنێتەوەو دیکتاتۆرەو دەیان شتی تریان ئەوەندەی کە خۆی بوونی هەیە هیندەی تریشیان لە بەر بەرژەوەندی سیاسی بۆ زیاد کردووە.
بزووتنەوەو پارتە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناوخۆی وەڵاتەکەش بەرژەوەندی سیاسی خۆیان وای لێکردوون کە بچنە ناو بازنەی پلانی دەوڵەتە گەورەکەو بە هەمان تەپڵ هەڵپەڕێندراون. تەنانەت هەندێکیشیان خۆیان بەشێک بوون لەو پلان و ئەجیندایە و وەک پڕۆکسی کاریان کردوەو لەولاشەوە خۆڵیان کردۆتە چاوی خەڵکی وەڵاتەکەی خۆیان و وەک پاڵەوان و شۆڕشگێری وەڵات خۆیان بەخەڵک ناساندووە. ئا لێرەدایە کە دەڵێین خەڵک دەخرۆشێنرێت نەک دەخرۆشێ یان خڕۆشاوە.
ئەو دەوڵەتە گەورەو زلهێزانە هەرکە هەستیان بەوە کردووە خەڵک خەریکە گۆڕانکاری دەکات و سیستەمی حوکمڕانی خەریکە بە شێوەیەک بگۆڕێت کە لەبەرژەوەندی ئەواندا نابێت، دێن خۆیان لەناوخۆی وەڵاتەکە هەڵدەقورتێنن جا یان خۆیان ڕاستەوخۆ بەوکارە هەڵدەستن یان لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیانەوە ئەو کارە ئەنجام دەدەن. لەوبارەوە نموونە زۆرن. ئەو دەوڵەتە گەورانە ناوە ناوە لەبەرژەوەندی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لە سیستەمی هەروەڵاتێکدا کردووە کە خۆیان ویستوویانە. یان هەر کە گەییشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئیتر ئەو سیستەمە کۆن بووە یان پیر بووەو توانای ئەوەی نەماوە کەڵک و سوودی بۆ ئەوان هەبێ پلانی ئاڵوگۆڕیان بۆداناوە. بۆیە هاتوون جێگرەوەیان ئامادەکردووەو هەموو جارێکیش جێگرەوەکان ئەوەندە دژە خەڵکی بوون کە خەڵک ئاواتی بە سیستەمی پێشی ئەو خواستووە. بەهاری عەڕەبی بە نموونە. هیچ وەڵاتێک لە تونسەوە بیگرە تا میسرو سوریاو تەنانەت عێڕاقیش، کە پێش بەهاری عەڕەبی و بە بەهانەیەکی تر سیستەمەکەیان بەگەلەکۆمەکی نێودەوڵەتی لەناوبردووە، نەتوانراوە سیستەمێک جێگیر بکرێت کە بۆ خەڵکی وەڵاتەکە لە هی پێش خۆی باشتر بێت..
بۆیە دەبێ خەڵک ئاگاداری مێژووی سیاسی دوێنێی خۆی بێت و دەنگی تەپڵی سیاسەتمەدارانی بەرژەوەندی خواز هەڵی نەپەڕێنێت.