بەیان ئیبراهیم: عەشق و چەمکی لێبوردن.
مانادان بە عەشق تەنها بریتی نیە لە کورتکراوەی خۆشەویستیەکی قوڵی نێوان نێر و مێ، دەکرێ وەک بەشێکی گەورەی عەشق و ئالودە بون لێی بڕوانین، بەڵام ناکاتە ئەوەی لە گشتیدا وەک پێویستیەکی ژیانی گشتی بیبینین، واتا ئەوەی ژیان جوان دەکات ، ئەوەی وا دەکات لەسەرو ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیەوە دەچێتە ناو پەیوەندییەکانەوە و دەستکاری جۆری پەیوەندییەکان دەکات بۆ خۆشەویستی و ژیان دۆستی عەشقە، بە مانایەکی تر ئەگەر عەشق هەبێت ئەوا تلورانس و لێبوردەیی و هێز زیاتر دەبێ و هەڵەکان نابنە هۆی بەریەککەوتنە ڕەقەکان و جەنگ، بە دیوێکی تردا عەشق بەخشینە لەگەڵ لێبوردەیدا و وە هێز دەبەخشێت کاتێک بەخشین و لێبوردەیی و هێز یەک دەگرن ئەوکات کەموکوڕییەکان و هەڵەکان زۆر بەسانایی دێت و دەڕوا و هیچ زەرەرێکی گەورەی نابێ، بەدەرلەوەی ئینسان قابیلی هەڵە و لەبیرچونەوە و غەریزەی تەماعکاریە و دەبێتە هۆی داگیرکاری مەساحی ئەوی تر و خواردنی مافی ئەوی تر، کەواتە لەبەرامبەردا وەک چارەسەری ئەم نەخۆشیە عەشق وەک ژیان دۆستی و لێبوردەیی و بەخشین و هێز دەتوانێ ببێتە هۆی ڕاگرتنی بەریەککەوتنی ڕەق.
عەشق بۆ ژیان دەبێت لە هەمو کایەکاندا ئامادەیی هەبێت وەک عەشق بۆ مرۆڤ، عەشق بۆ نیشتمان، عەشق بۆ پیشە، عەشق بۆ خێزان، عەشق بۆ ژینگە، بۆ کتێب، بۆ هتدەکانی تر. بەو واتایە دێت عەشق هێزی بەگەرخستنی توانایە، کە کەسێک عەشقی بۆ ئیشەکەی نەبو لەبەردەم سادەترین کێشەدا سەرکەوتو نابێ،بۆیە وەزیفەی عەشق لەبەردەم ژیان کردندا بەخشینی لێبوردەیی و بەخشین و هێزە.
کاتێک باسی عشق دەکەین واتا باسی ژیان دەکەین و هەموشمان پێی سەرسام دەبین وەک بینینی دو باڵدار پێکەوە تا دەگاتە سەمای ئەو گیاندارانەی بە دڕندە ناو دەبرێن، سەمای مارەکان و هەڵۆکان و شێرەکان پێکەوە چەند دڕەندە بن ئەو چرکەساتە لای هەموان چرکەساتی عەشق کردنە، واتا ژیان کردن و مافی ژیان. عەشق دەرون ئاسودە دەکات وەک ئەو کاتەی درەختێک دەبینین سەوز و جوانە، بەڵام کە درەختێک دەبینی وشک بوە دیوە ناشیرینەکەی دژی ژیان دەبینی و نائارام دەبی.
جەنگەکان ئەوکاتانە ڕوو دەدەن کە عەشق نامێنێ، کەواتە عەشق دەبێ ببێ بۆ ئەوەی ژیان و لێبوردەیی و بەخشین و هێز هەبێ، لەم نێوەندەدا ئەوەی زۆر بڵاوە و تەواوی ژانرەکانی هونەر و ئەدەبی داگیرکردوە پەیوەندی نێوان نێر و مێیە کە عەشق و ئالوەدەبون بە مانا ئاسودەییەکەی دروست دەبێ زیاتر لە هەمو کێڵگەکانی تری ژیان لێبوردەیی و بەخشین و هێزی دەرونی تێدایە ، چونکە سروشی فیسۆلۆجی و سوسێولۆژی و سایکۆلۆژی نێر و مێ جیاوازن زیاتر جیاوازیەکان پەرش دەبێ کاتێ نێر و مێیەکان زیاتر لە ئاستی پەیوەندی کۆمەڵایەتی تێکەڵ دەبن بەریەککەوتن و جیاوازیەکان زیاتر دەبن بەڵام لەسەروی نەریتگەراییەوە عەشقی قوڵە وا دەکات زیاتر لەهەڵەکانی یەکتر خۆش ببن و زیاتر تلورانس خۆی مانیفێست دەکات، واتە عەشق جەنگەکان و هەڵەکانی یەکتر لە لێبوردەیی و بەخشیندا ون دەکات و هێز بە یەکتر دەبەخشن.
بە جۆرێکی دی ئەگەر عەشق بۆ ژیان دۆستی هەبوایە ئەوا جەنگەکان ڕویان نەدەدا، عشق بۆ ژیان بەخشندەیی بەرهەم دێنێ و ئەم بەرهەمەش یەکسانی و ئازادی دروست دەکات و هێز دەبەخشێتە کارکردن بۆ جوانترکردنی ژیان، کە دەتوانین بڵێین ژیان بە تەنها وەک بیابانێکەو تێرمان ناکات بۆیە پێویستیمان بە عەشق هەیە تا ژیان باخچەکی ڕازاوە بێت و تێرمان بکات، مروڤ دۆستی و ژیان دۆستی عەشقێکە مرۆڤایەتی دەتوانێ لە پەنایدا زۆر کاری جوان بکات بۆ ژیان دۆستی.