عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: مامه‌ریشه، ئه‌فسانه‌که‌ی گه‌رمیان/ بەشی دووەم.
چۆن بوو به مامه ریشه؟
پایزی 1979 که‌رتی 4ی جه‌باری دروستکرا، مام رۆسته‌م فه‌رمانده‌ی که‌رت بوو، بێستون بارۆیی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی هه‌مه‌وه‌ند بوو، مه‌ولود گوربازی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه بوو، حه‌مه ته‌له ناسراو به [شاهۆ ] فهرماندەی مه‌فره‌زه‌ی جه‌باری بوو.
نه‌جمه‌دین زیاتر هۆگری شاهۆ بوو، زۆربەی جه‌وله‌کانی له گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌کرد، له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌جمه‌دین عه‌زه ڕه‌شی خه‌ڵکی چه‌مچه‌ماڵ ده‌بینێ و له سه‌ره‌تادا لێی ده‌که‌وێته گومانه‌وه، که بۆی ده‌رده‌که‌وێت مرۆڤێکی شۆڕشگێره له لای خۆی به پێشمه‌رگه وه‌ری ده‌گرێت. خه‌ڵکی ناوچه‌که سه‌ریان سوڕما، چۆن وا زوو عه‌زه ره‌ش به پێشمه‌رگه وه‌رگیرا و بوو به هاورێی نزیکی نه‌جمه‌دین، مام رۆسته‌م عه‌زه ره‌شی له گه‌ڵ خۆی ده‌برد بۆ جه‌وله‌کان، عەزەرەش که‌سیه‌تیه‌کی پاک و رووخۆش و نمونه‌یی بوو. نه‌جمه‌دین هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی عهزهرهشی به‌دڵ بوو، هه‌ردوکیان بوون به دوو هاورێی زۆ خۆشه‌ویست و نزیکی یه‌کتریی.
رۆژێکیان نه‌جمه‌دین و عه‌زه‌ڕه‌ش و ئه‌حمه‌د کانی مسته‌فایی و فه‌خره‌دین ئاوهبۆرهکهیی و خالید هه‌ناره‌یی له ده‌وروبه‌ری ته‌کیه‌ی جه‌باری له جه‌وله‌دا بوو، دواتر روویانکرده گوندی [مۆرانه‌و مۆفهرو نوره، قه‌ره‌تامور) شه‌وه‌که‌ی له قه‌ره‌تاموور مانه‌وه، به‌یانییه‌که‌ی روویانکرده گوندی داره‌توو، له رێگا عهزهرهش به نه‌جمه‌دینی ی‌وت: ئه‌مشه‌و خه‌وێکی ناخۆشم بینی، له خه‌وه‌که‌مدا خۆشه‌ویسته‌که‌م شیوه‌نی به‌دیارمه‌وه ده‌کرد.
تۆش وه‌ک من به هه‌مان شێوه، دڵم ده‌ڵێت: یه‌کێکمان شه‌هید ده‌بین.
نه‌جمه‌دین بزه‌یه‌ک گرتی و هیچی نه‌وت، دواتر روویانکرده تاڵه‌بان و قرخ، شه‌وه‌که‌ی چونه ماڵی حه‌مه‌ساڵح له [دێ ڕشه]، تاریک و لێڵی به‌یانی روویان کرده ژاڵه. جاشه‌کان زووتر خۆیان گه‌یاندبووه ناو ئاوایی ژاڵه، نه‌جمه‌دین و هاورێکانی به تراکتۆر گه‌یشتنه نزیک گونده‌که‌و دابه‌زین، هه‌موویان پێکه‌وه روویانکرده ناو ئاواییه‌که، جاشه‌کان تێ یان ده‌خوڕن: ئێوه کێن، بۆکوێ ده‌چن؟
نه‌جمه‌دین ده‌ست بۆ چه‌که‌که‌ی ده‌بات، جاشەکان زووتر دێنه ده‌ست، له یه‌که‌م دهسرێژدا عه‌زه‌ڕه‌ش ده‌پێکرێ و برینداریی ده‌که‌ن.
نه‌جمه‌دین و فه‌خره‌دین و خالید هه‌ناره‌یی بە خێرایی دهکشێنەوه، فه‌خره‌دین رووده‌کاته ئاوه =بۆره‌که و مه‌مله‌حه =، ئه‌حمه‌دیش رووه‌و چه‌مه‌که هه‌ڵدێ،نه‌جمه‌دین و خالید هه‌ناره‌یی رووه‌و به‌کر باجه‌لان هه‌ڵدێن، جاشه‌کان کۆده‌بنه‌وه‌و دوایان ده‌که‌ون، خالید هه‌ناره‌یان له نزیک باسه‌ره به برینداری گیرا، ته‌سلیم به ئیستیخباراتیان کرد‌و به‌کۆپته‌ر بردیان بۆ زیندان.
جاشه‌کان ده‌چنه سه‌ر جەستەی خوێناوی عه‌زه‌ڕه‌ش، ئه‌ویش به‌ده‌م سوێی ئازاری برینه‌که‌یه‌وه، ده‌ستیان لێ ده‌کاته‌وه‌و جاشێکیان ده‌کوژێت، جاشه‌کان هه موو جه‌سته‌ی به گوله ده‌بیژن.
ئه‌م ڕووداوه زۆر کاری کرده سهرناخ و دەروونی نه‌جمه‌دین، سوێندی خوارد: ریش نه‌تاشێت تاکو تۆڵه‌ی عه‌زه ره‌ش نه‌کاته‌وه. ئه‌وه‌بوو له ده‌یان نه‌به‌ردیدا شوین ده‌ستی له هه‌ڵمه‌ت و زه‌بر وه‌شاندن له دوژمن دیار بوو، بووه مایه‌ی تێرامانی هاورێکانی ناویان نا[ مامه ریشه]. دوای 3مانگ مامه ریشه کرا بەجێگری فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه، دواتر پله‌کانی پێشمه‌رگایه‌تی بڕی تا بوو به فه‌رماندی که‌رتی 4 ی جه‌باری.
ته‌رمی مام شکور
ئه‌و کاتانه‌ی مامهریشهو که‌رتی 4 ی جه‌باری زه‌بری زۆر کاریگه‌ریی پارتیزانانه‌یان له هێزه‌کانی سوپای عێراق و جاشه‌کان ده‌دا، جاشه‌کان ئازاری باوک و دایک و خوشک و براکانی ده‌دا. ده‌یانجار جاشه‌کان چوارده‌وری ماڵی مامه ریشه‌یان ده‌گرت و هه‌ڵس و که‌وتی دڕدانهیان له گه‌ڵ کردون.
له ساڵی 1980دا ته‌حسین شاوه‌یس ده‌گاته تاڵه‌بان و مام شوکری باوکی مامه‌ریشه ده‌سگیرده‌کات و به‌ره‌و لیوای چه‌مچه‌ماڵی ده‌بات، له‌رێگا لێ ده‌داو باڵی ده‌شکێنێت، دیباته به‌رده‌م [که‌ریم حه‌مدان]ی ئامر لیواو ده‌ڵێت: ئه‌مه باوکی مامه ریشه‌یه.
ئه‌ویش که‌ده‌بینێت پیاوێکی پیره ئازادی ده‌کات، به‌ڵام جاشه‌کان ده‌ستبه‌رداری نه‌بوون به به‌رده‌وامی ئازاریان ده‌دا، چه‌ند جارێكی تر گرتیان، ئه‌ویش بۆ ده‌رباز بوون لێیان روویکرده که‌رکوک، له‌وێش ده‌ستبه‌رداری نه‌بوون، له شه‌وی 28. 8. 1981مام شوکریان ده‌سگیر کرد، له‌و کاته‌وه بێسه‌روشوینکراو هیچ سۆراخێکی نه‌بوو.
له 20. 12. 1981 ئه‌حمه‌د کرداری سه‌رقاڵی پاک کردنه‌وه‌ی بیرە کشتوکاڵیه‌کانی [ته‌رجیل – له‌یلان ] بوو، ته‌رمێکی له ناو بیره‌کاندا بینییه‌وه، به خێرایی روو کرده ئه‌منی ناحیه‌ی له‌یلان و ههواڵەکهی پێگه‌یاندن، که ته‌رمه‌که‌یان ده‌رهێنا، روخساری به ته‌واوی شێوا بوو، که‌س نه‌یده‌ناسییه‌وه، شاره‌وانی که‌رکوک تەرمەکەیان به‌خاک سپارد. دواتر هه‌واڵیان گه‌یاند بهمامهریشه. به دوای باوکتا مه‌گه‌رێ ئه‌و ته‌رمه‌ی دۆزرایه‌وه مام شوکری باوکت بوو.
داستانی حه‌مک
تاریک و لێڵی به‌یانی 17. 5. 1982 بوو، 12 پێشمه‌رگه لهناوئاوایی حهمکدا له‌خه‌وی قوڵدا بوون، له‌وکاته‌دا ژنێک رووی کرده لایان وتی: هه‌ستن وا سوپا‌و جاش ده‌گه‌نه ئاوایی، پێشمه‌رگه‌کان به‌خێرایی خۆیان به‌ست و له‌ماڵه‌کان هاتنه ده‌ره‌وه‌و روویان کرده لای مامه ریشه. له‌وکاته‌دا موکه‌به‌ره‌ی جاشه‌کانیان به‌ر گوێ که‌وت: ئاگاداریی .. ئاگاداریی خه‌ڵکی حه‌مک ده‌که‌ین به خێرایی ئاواییه‌که چۆڵ بکه‌ن، مامهریشهو جهماعهتهکهیمان حه‌سر کردوه، ئه‌مرۆ دوارۆژی ژیانیانه.
خه‌ڵکی گونده‌که به ترس و له‌رزه‌وه روویانکرده ده‌ره‌وه‌ی گونده‌که، ته‌نیا مامە ریشەو پێشمه‌رگه‌کان مانه‌وه، نه RPG و نه BKCیان پێ نه‌بوو، پێشمه‌رگه به 12 کڵاشینکۆف و له 15ماڵی کوێره گوندێکی جه‌باریدا بوون، شوێنی هه‌ڵکه‌وتنی جوگرافیای حه‌مک چاڵ بوو، چه‌ند گردۆڵکه‌یه‌ک له ده‌وری ئاواییه‌که‌دا بوو، ده‌یانروانی به سهرماڵهکانا، به‌رزایی گردۆڵکه‌کان بۆ دوژمن له بار بوو، هێزيکانی سوپای عێراق پێک هاتبوون له [ سریه‌ی مغاویری که‌رکوک و قوات خاسه‌و جاشه‌کانی سه‌نگاو، چه‌مچه‌ماڵ، له‌یلان، قه‌ره‌هه‌نجیر، جه‌یش شه‌عبی دوزو قه‌ره‌هه‌نجیر، به سه‌رپه‌رشتی که‌ریم حه‌مدانی ئامرلیوای چه‌مچه‌ماڵ، هه‌زار سه‌ربازو جاش، به‌رزاییه‌کانی چوارده‌وری ئاواییه‌که‌یان ته‌نی بوو.
12 کۆپته‌ریش به‌سه‌ر ئاسمانی گونده‌که‌وه به نزمی ناو گونده‌که‌یان له ئاسمانه‌وه ده‌بێژا، له کاته‌دا مامه‌ریشه به حه‌ماسه‌وه وه‌ستابوو، جامانه‌یه‌کی له مل پێچا بوو، کڵاوه‌که‌ی له سه‌ردابوو، قژی سه‌ری و ڕیشی تاڵ تاڵ وه‌ستابوو، روویکرده پێشمه‌رگه‌کان وتی: ئێمه پێشمه‌رگه‌ین، ئه‌مڕۆ دوا هه‌ناسه‌ی ژیانمانه، با به‌رگرییه‌کی وا بکه‌ین گه‌له‌که‌مان شانازیمان پێوه بکات.
له‌کاتژمێر 6 ی به‌یانییه‌وه، شه‌رێکی قورسی نابه‌رامبه‌ر له ناو ماڵه‌کانی حه‌مکه‌وه به‌رپابوو، سوپا به تۆپی قورس و هاوه‌ن و هه‌موو جۆره چه‌کێکه‌وه ئاگر بارانی ئاواییه‌که‌یان کرد.
کۆپتهورهکان له ئاسمانه‌وه به بۆمبی فسفۆریان داده‌باراند، پێشمه‌رگه‌کان بوون به دوو به‌شه‌وه، به‌شێکیان له‌لای رۆژهه‌ڵاتی حه‌مکه‌وه به سه‌رپه‌رشتی عه‌له ره‌ش، له 10 ی به‌یانیدا زۆربەی خانوه‌کانی حه‌مک روخان به‌سه‌ر یه‌کدا، ئاواییه‌که له ناو باروت و گڕودوکهڵدا ون بوو.
له به‌ر چڕیی و سه‌ختی شه‌ڕه‌که، مامه‌ر ریشه نه‌یتوانی هه‌موو سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کان به سه‌ر بکاته‌وه، دوژمن هیچ بوارێکی له به‌رده‌ما نه‌هێشتبوونه‌وه.
قورسایی شه‌ڕه‌که له سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی گونده‌که بوو، تا سه‌عات 12 ی نیوه‌ڕۆ، عه‌له ره‌ش و هاوڕێکانی رۆڵی جوامێرانه‌یان نواند له به‌رگریکردن، له‌و قۆڵه‌وه عه‌له ره‌ش، ستار باوه فهتهیی، ئه حمه‌د عه‌بدولره‌حمان عومه‌ر ناسراو به هاوار که‌رکوکی شه‌هید کران، ئازاد بیلال چاوێکی له‌ده‌ستدا، ئامۆزا تاڵه‌بانی بریندارکرا.
ته‌نیا مامه ریشه،که‌ریم شێخ جیری ناسراو به [سه‌رکه‌وت شێخ جیری ]، نه‌سره‌دین خاڵۆ بازیانی، سه‌ید ئیبراهیم، دلاوه‌ر لالۆ بوون.
له‌وشه‌ڕه‌دا 62 سه‌ربازو جاش کوژران، عاسی ره‌ئوف لێ پرسراوی جاشه‌کانی سه‌نگاو کوژرا، له شه‌ڕه‌که‌دا پێشمه‌رگه‌کان RPG و قه‌ناسی سەربازە کوژراوەکانیان ده‌سگیر کرد.
مامه ریشه به‌قه‌ناس مشتی له کۆپته‌ره‌کان گرته‌وه، کۆپته‌رێکی پێکا و ئه‌وانی تریش بڵاوه‌یان لێکرد، به FM گوێیان لێ‌بوو وتیان: مقاوه‌مه‌یان به‌هێزه.
سه‌عات 7 ی ئێواره بوو، سوپا‌و جاش شپرزه بوون، به‌جۆرێک شکان ته‌رمی 43 سهربازوجاش و جه‌یشی شه‌عبیان لێ به‌جێ ما‌و کشانه‌وه، 25که‌سیان بریندار بوون، خه‌ڵکی حه‌مک له خۆشی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه ماچ بارانی مامه ریشه‌و پێشمه‌رگه‌کانیان کرد، ته‌رمی شه‌هیده‌کانیان له تاڵه‌بان به خاک سپارد،
له‌و شه‌ڕه‌وه لێپرسراوانی سوپای عێراق به‌مامه ریشه‌یان وت: الرجل الحدیدی.
گه‌ر شه‌ڕی حه‌مکی دووه‌م، شه‌ڕی ناو ئاوایی بێت. دوای شه‌ڕی ژاڵه، ته‌نیا جیاوازییه‌ک له نێوانیاندا ئه‌وه‌یه، له‌شه‌ڕی ژاڵه‌دا پێشمه‌رگه‌کان توانیان له بازنه‌ی ئابڵۆقه‌ی قایمی سوپای عێراق و جاشه‌کان ده‌ربازبن. به‌ڵام له‌شه‌ڕی حهمکدا پێشمه‌رگه‌کان توانیان بازنه‌ی قایمی سوپای عێراق و جاشه‌کان تێک بشکێن و پاشه کشه‌یان پێ بکه‌ن. له داستانی ژاڵه‌و حهمکدا، سوپای عێراق و جاش نه‌یانتوانی کۆنترۆڵی ناو ئاوایی ژاڵه‌و حه‌مک بکه‌ن.
سه‌رچاوه/ عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود کتێبی پێشمه‌رگه پۆڵاینه‌که
+ هونه‌رمه‌ند کاک جه‌لیل زه‌نگه‌نه، دوای کتێبی پێشمه‌رگه پۆڵاینه‌که‌ی کرد، بۆ سیناریۆی درامای ( گه‌رده‌لوول )، کتێبەکەم پێشکەش کرد.
هه‌موو سه‌رچاوه‌ی کتێبه‌که‌و زۆر نوسینی ترمی له زنجیره دراماکه‌ی دا کردوه به سیناریۆ ، بێ ئه‌وه‌ی به ئه‌مانه‌ته‌وه، ده‌ست نیشانی بکات.
به‌ڵام کاتێ که له رۆژنامه‌ی کورداستانی نوێ دا، ره‌خنه له درامای گه‌رده‌لول ده‌گرن، ده‌ڵێ: ئه‌و زانیاریانه‌م له کتێبی پێشمه‌رگه پۆڵاینه‌که‌ی عه‌بدولا که‌ریم مه‌حمود، وه‌رگرتووه.
زمانی سیناریۆی گەردەلوول لە زۆر شویندا، لە رووی دارشتنەوە لاوازەو زمانی ئینشایە، زمانی پەڵەوانی نێو رووداوەکان نییە، دەبوایە کاک جەلیل چەند جارێک سیناریۆکەی بە وردی دابڕشتایەتەوە.