یاڤوس بایدەر، مارکوس کەریم، مینا ئالاندەر: هەڕەشەیەکی جددی, ئایا ئەردۆغان مەترسی لەسەر ناتۆ دروست دەکات؟
پشکۆ ئەمین، کردوویەتی بە کوردی
بە گوتەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای ئەوەی قورئانێک لەلایەن کەسێکەوە لە ستۆکهۆڵم سووتێنرا، ئیتر سوید نابێت حساب بۆ پشتگیری تورکیا بکات بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە.
لە سەردەمی سەرۆک ئەردۆگاندا، ئەگەر بە ئەسپایی بیڵێین، کە تورکیا هاوبەشێکی ناقۆڵاو نالەبارە لەناو ناتۆدا:
A- بە هۆی گرژییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ یۆنان، ئەمە بۆ چەندین جار هەڕەشەی تێکدانی یەکگرتوویی هاوپەیمانییەتێکە دەکات.
B- سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە میلیشیا کوردەکان لە سوریا کە بە ڕۆحی ناتۆوە هەنگاویان لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی گرتەبەرو شەریانکرد.
C- لەساڵی 2019دا لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن تێکیداو ئاڵۆزی کەوتە بەینیان.
D- تورکیا مەرج دادەنێت لەسەر خواستی فینلەند و سوئێد بۆ هاتنە ناوەوەیان بۆ ناو هاوپەیمانییەتی ناتۆ، ئەم بەئەندام بوونە تائێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بەڵام دوو ( ئەرگومێنت ) حوجە هەیە، کەوا دەکات ڕەخنەگرانی ئەردۆغان دوودڵبن لە داوای سزادانی یان تەنانەت دەرکردنی ئەنقەرە لە هاوپەیمانێتیەکە:
یەکەم/ تورکیا بە 525000 هەزار سەربازەوە لە ناو ناتۆدا دووهەم زۆرترین سوپای هەیە، بۆیە بەرگری هاوپەیمانی ناتۆ بەبێ ئەنقەرە کارەکەی قورس دەبێت.
دووەم/ لەم کاتەدا سەرۆک ئەردۆغان یەکێکە لە سەرۆکی ئەودەوڵەت و حکوومەتانەی کە سەرۆک پوتین بە پەرۆشەوە زوو زوو گفتوگۆی لە گەڵدا دەکات، بۆیە ڕەنگە ئەم کارەی ئەردۆگان لە هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیادا سوودی هەبێت. ئەم دوو حوجەیە وا دەکات،کە پێمانوانییە تورکیا یان ئەردۆغان لەم کاتەدا هەڕەشە بن بۆ سەر ناتۆ، لە سەرووی هەمووشیانەوە گەمارۆدانی ئەنقەرە بۆ ناتۆ زۆر ناخۆشە. لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، تورکیا بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ناتۆ، جگە لەو سوپا گەورەیەی کە هەیەتیی! ئەردۆغان هیزو قورسایی تورکیا دەزانێت و خۆی بەوەوە بادەدات!
تاکە پرسیار ئەوەیە، بۆچی ئەوەندە مانۆڕ دەکات تا دەچێتە گۆشەیەک کە ناتوانێت بە تەنیا لێی دەربچێت؟ ئەوەتا دەبینین کە سیاسەتی دەرگا کراوەکەی ناتۆ لە قەیراندایە، نزیکەی هەموو وڵاتانی ئەندام هاوڕان بۆ بەئەندام بوونی سوئیدو فیرلەند، تەنها تاکە دەوڵەتێکە کە بلۆکی دەکات، بەڵام ئەمە دیاردەیەکی نوێ نییە، یۆنان بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی مەگدۆنیای باکوور کرد، تا ئەو کاتەی وڵاتی مەگەدۆنیا ناوی خۆی گۆڕی. گۆڕینی ناوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتی بەرگرییەوە نەبوو. کەواتە تەنها تورکیا نیە کە لە دانوستانەکانی پەیوەستبوون، ئا بەو شێوەیە یاری دەکات. بۆیە ئەگەر ئەم یاسای یەکدەنگیە هەبێت، هەر دەوڵەتێک دەتوانێت ڕێگری لە وەرگرتن بکات.
سەرچاوەی کێشە سەرەکیەکە لەوەدایە کە دەیان ساڵە لە تورکیادا عەقڵیەتێکی دژە ناتۆ هەیە! ئەردۆغانیش بەهەمان عەقڵیەت گۆشکراوەو بەو شێوەیە لە قاڵبدراوە.
تورکیا ئەندامی هاوپەیمانی سەربازییە، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ساردیش بە توندی بەرەنگاری دیموکراسیبوون دەبێتەوەو بانگەشە بۆ پێگەی تایبەتی و جیۆپۆلەتیکی خۆی دەکات، لەکاتێکدا شەری سارد نەماووە، جگە لەوەش، لەژێر ناوی هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 کە تیایدا بە کۆمەڵ سوپای تورکیای لە ئەفسەرانی لایەنگری ناتۆ پاککردەوە، ئێستاش لەناو سەرکردایەتی باڵای سوپای تورکیادا لیژنەیەکی دژە ناتۆ باڵادەستە. کەواتە پرسیارەکە ئایا نەبوو! بەڵکو پرسیارەکە ئەوە بوو کە کەی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ناتۆدا ڕوودەدات؟
کاتێک ئەردۆغان هاوپەیمانیتیەکی دەسەڵات و سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ناو بازنەی ئۆراسیا دروستدەکات، ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەردۆگان بۆ ئەوەی مانەوەی سیاسی خۆی مسۆگەر بکات، پیویستە هەموو داواکاریەکانی هاوپەیمانە نوێکانی جێبەجێ بکات، بۆ ئەمەش پێویستە تورکیا خۆی لە ڕۆژئاوا دووربخاتەوە.
ئایا ئەردۆغان بڕیاریداوە خەتی سوور تا ئەوشوێنە تێپەڕێنێت کە ناتۆ، سنوری سەبرگرتنی نەمێنێت؟ ئەوەی روونە هەتا ئێستا ئەردۆگان تەنها تەحەدایەک بووە بۆ هاوپەیمانی ئەتڵەسی، بەڵام لە ئێستادا کە “پشێوییەکی جیهانی”بەڕیوەیە، ئەردۆغان بۆتە مەترسییەکی جددی بۆسەر هاوپەیمانی ئەتڵەسی.