عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ئارام ی سەرکردە/ بەشی یەکەم.
ئارام ی شۆڕە سواری ره‌نج و ماندووبوونی بێ سنوور، هێمای بیری نوێ و کرداری نوێ، هه‌ڵوێستی نوێ و تێڕاونینی نوێ. پێشمه‌رگه‌و سه‌رکرده‌یەکی خاکی بێ پشت و په‌نای دوای هەرەس و رەشبینی و گومان و ترس و تێک شکان، بڵێسه‌ی ورەو ئیرادەی هه‌ڵگیرسانی شوڕش.
ئارام ی دوور له گیان و رۆحی نه‌رجسیه‌تی سه‌رکرده کلاسیکیه‌کانی ره‌وتی خه‌باتی رزگاریخوازی کورد، دوور له عه‌قڵی مه‌زاجی هه‌ڵپه‌ی په‌له‌په‌لی شپرزه‌یی سه‌رکردەکان.
ئەو سەرکردانەی به تێڕوانینی کۆکتێلی (عەقڵی خێڵەکی و میکافیلی )، بۆ گەیشتن و مانەوەو ده‌سه‌ڵات، خاوەنی سەدان سیناریۆو هەزارەها فێڵ و درۆی ره‌نگاو ره‌نگ بوون.
خوینی گەنجانی ئەم نیشتمانەیان بۆ سیناریۆ و بۆ بهرژهوهندییەکانی دەسەڵاتی تاک رەوانەی خۆیان و خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌کانیان، ئاراستەی ئێستای پوچ کرد.
کۆمه‌ڵه‌ی مارکسیزم -لینی نیزیم، له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه، بە ره‌وتی بیر‌و باوه‌ڕی مارکسیزم – لینینزم سەری هەڵدا. له‌و سه‌رده‌مه‌دا رێرەوکەیان له‌ژێر کاریگه‌ری بیروباوه‌ڕی ماوتسی تۆنگدا ئاراستە کرد، ماوتسی تۆنگ-یان به (مارکس و لینین ) دادەنا.
ئارام -ی سه‌رکرده به خوێندنەوەیەکی نوێ و بە تێڕوانینێکی نوێ و جیاوازەوە، یه‌که‌م سیاسەتمەداری خاکی بوو، به جورئه‌ته‌وه ئه‌و تێڕوانینه‌ی ئەوانی ئاوا خسته روو:
(ماوتسی تۆنگ ) نه دامه‌زرێنه‌ری فه‌لسه‌فه‌و تیوری مارکسیزمه، نه داهێنه‌ری تیوری تازه‌یه له فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیزم. ئارام ی رۆشنفکر، به ستراتیژێکی نوێ و بە بەرنامەی زانستی دەیویست ره‌وتی خەباتی ره‌نجده‌رانی کوردستان، له هه‌ڵه‌ی سه‌رکرده کلاسیکییەکانی کورد دوور بخاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر بە ناوی پێشمەرگایەتی و شۆڕش، نه‌بنەوە به پاشکۆی به‌شێک له داگیرکه‌رانی (عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا) و زلهیزەکانی دنیا.
ئارام سنوورێکی دیاریکراویی بۆ ئه‌و زنجیره هه‌ڵه مێژوویانه‌ی سەرکردەکانی کورد له نیشتیمانهکەیدا دانا بوو، بۆ ئه‌وه‌ی سەکردەکانی شۆڕش، وه‌ک سەرکردەی ئه‌ماره‌ته‌کان نه‌بن به پاشکۆی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامگه‌ری سونه‌ی تورکی دەوڵەتی عوسمانی و نەبن بە پاشكۆی سیستەمی دەسەڵاتی ئیسلامگەری شیعه‌ی فارسی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی. بە بڕیاری عەقڵی دۆگمای سەرکردە کان، کورد، کورد نەکوژێ.
ئارام ده‌یویست ئاراسته ئه‌و پاشکۆیهتیهی باڵی بارزانی بۆ شای ئیران و باڵی مەکتەبی سیاسیی بۆ دەوڵەتی عیراق، دووبارە نه‌بنه‌وه. گرێی دەروونی ئالۆزیەی 1964ی جەلالی و مەلایی، دوای هەرەسی 1975، لە لای هه‌ردوو حیزبه سه‌ره‌کییه‌که‌ی کوردستان، جارێکی تر دەمەزەرد نەکرێتەوە.
ئەوە 59ساڵە گرێی ئالۆزی جەلالی و مەلایی، لە رق و توند‌و تیژی و کوشتن و بڕین و تۆڵەو تۆڵە کردنەوەو سیناریۆی یەکتر سڕینەوەو کورد کوشتن زیاتر هیچ بەرهەمێکی نەبووە.
سترانیژی بیری نوێی ئارام بۆ ئاراسته‌ی شۆڕش و پێشمەرگایەتی به‌جۆرێک بوو، سیسته‌می عه‌قڵی خێڵه‌کی و ئاینیی، له ناو بۆتەی خه‌باتی رزگاریخوازی کوردا، رۆڵی سه‌ره‌کی و سه‌رکردایه‌تی نه‌بینێت. بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر، کورد رووبه‌روی هه‌ڵه‌ی سیاسی گه‌وره‌و تێکشکانی تر و هه‌ره‌سی تر نهبنێتەوە.
ئارام ی سەرکردە، به‌ته‌نیا، ده‌یویست کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لینینی کوردستان، دوور بێت له مه‌زاجی عه‌قڵی داخراویی مه‌لایی و جه‌لالی و گرێ ئاڵۆزه‌کانی ئەو زنجیرە هه‌ڵه گه‌وره‌کانی ئه‌و دووباڵه.
گەر لاپەرەکانی مێژووی نزیک هەڵ بدەینەوە، هەموو ململانێی ناڕەوای نێوان سەرکردەکان، گرێی مەلایی و جەلالی لە 1964 تا 1970، پڕ بوو له ناکۆکۆکی شه‌خسی و رق و توند‌و تیژی و شه‌ڕی هیستریای خۆکوژی و تۆڵەو تۆڵەکردنەوەو سڕینه‌وه‌ی یه‌کتریی.
لاوازی کەسایەتی سیاسیی سەرکردەکان کورد بە جۆرێک بوو، هیچ سەرکردەیەک، سەرکردەکەی تریی قبوڵ نەبووە، بەڵام هەریەکەیان شانازیان بە پاشکۆی داگیرکەرانی نیشتمانەکەیانەوە کردووە، بۆ دژایەتی یەکتریی.
بەم کارانەیان سەرکردەکانی کورد ده‌رفه‌تیان داوە به داگیرکەران، جاش و خائین و جاسوس دروست بکەن، بۆیە دوای ڕاپەڕین و نەمانی سەدام. سەرکردەکانی کورد جیاوازیان لە نیوان پێشمەرگەو شەهیدو جاش و خائین و جاسواسدا نەهێشت.
ئارام ی سەرکردە، دوای هەرەس، له ناو جه‌رگه‌ی شارەکان و له ناو گوند‌و شاخ، ره‌وتی شۆڕش و پێشمەرگایەتی به‌رەو ستراتیژێکی نوێ و بۆ ئەزمونێکی نوێ ئاراسته کرد.
بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ک خێڵ و پێشه‌وا ئاینییه‌کان و سەرکردە کلاسیکییەکان وەک ئەزمونی شەستەکان و حەفتاکان، رۆڵی سه‌ره‌کی نه‌بین، کورد رووبەرووی تراژیدیای کۆمەڵ کوژی نه‌بێته‌وه،
ئاراستەکانی خەباتی رزگاری خوازی کورد، سێبه‌رو پاشکۆی هیچ کام له داگیرکه‌رانی کوردستان نه‌بن، خاوه‌نی وتاریی نه‌ته‌وه‌یی و ئەمنی قەومی بن. گه‌نجه به ههڵوێستەکان به پەروەردەی نوێ و بە بیری نوێ، رۆڵی دیاریان هەبێ و بە توانای لە بن نەهاتووی خۆیان گۆڕانکاری بکەن.
جارێکی تر سه‌رکرده‌ی خۆپەرست و هیچ لە بارانەبوو سهرههڵنهداتەوە، به عه‌قڵی سه‌رکردایه‌تی به‌کۆمه‌ڵ ره‌وتی خه‌باتی رزگاریخوازی کورد، رۆڵی خۆی ببینێ.
شاسوارێکی خاکی و هێمنی بێ پشت و په‌نا، له ناو ته‌م و مژی ئه‌و ململانێ نارەوانانەدا، گەورەترین پەڵەی شەرمەزارییە بۆ سەرۆکەکانی کورد، بە دەستی سەرەک جاشێکی مێشك پوچەڵ، لە تەنگیسەر گولە باران بکرێ.