شەماڵ بارەوانی: گێلە فەقێ/ بەشی نۆیەم.
ئێمە ڕۆڵەی مارکسین، لە خوا نەبێت لەکەس ناترسین.!
جا گێلە فەقێ، دەزانی ئەو مەلا ئەسعەدە کونەبایە ناوی مناڵەکەی خۆی ناونابیت چی باشە؟
حەلیمە گوتم باشە هەی مەلا کونەبای بەرازباوک، بۆ ناوی ناکەیتە نەرمین؟ گوتی وسبە با کافرنەبیت، تۆ نازانی ئەوە ناوی ژنێكی سەحابەیە!
گوتم جا با ناوی هەرکەسێک بێت، و ناو چ پەیوەندی بە ئایینەوە هەیه! ئینجا لێم پرسی تۆ دەزانی حەلیمە واتای چییە بە کوردی؟ گوتی نەخێر!
من بەس هێندە دەزانم ئەو ناوە، ناوێکی پیرۆزە و تەواو، بۆیە چیتر قسەی لەسەر مەکە و بێدەنگ بە، کاکە با کافر و گومڕا و گوناحبار نەبیت.
فەقێ تڕۆ، ئەوە نموونەیەک، یان بابڵێم نوکتەیەکی بیرهێنامەوە.
ڕێزم بۆ شیوعیەکان کە زۆر ئازیزن لام و هیوادارم لێم دڵ گران نەبن لەو نوکتەیە و، من و موجامەلەیان ناکەم، بەلام لۆ خوا و لۆ مێژوو ئەوە دەڵێم: گەر هۆشیاری و مرۆڤ دۆستی و هاوڕێ دۆستی و ڕۆشنبیری و هێمنی و ویژدان و ڕاستگۆیی و وەفا و دەستپاکی، لە شوێنێک و لای کەسانێک مابیتن، ئەوە بە دڵنیاییەوە لای شیوعییەکانە. بەڵام گوتراویشە چەم بێ چەقەڵ نابیت.
دەی با نوکتەکەت بۆبڵێم، گێلە گیان، دەڵێن کاتی خۆی شیوعی و چەپەکانی دەشتی شارەزوور خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لەناو خۆپێشاندەراندا پیاوێکی بە تەمەنی تیابوو یەک بە دەنگ هاواری دەکرد و دروشمی دەگوتەوە و هۆتافی دەکێشا:ئێمە ڕۆڵەی مارکسین، لە خوا نەبێت لەکەس ناترسین، یەکێک لەخۆپێشاندەران لێی پرسی مامەحاجی تۆ دەزانیت مارکس کێیە؟! مام حاجی گوتی بۆ مارکس سەحابە نەبوو؟ کابرا گوتی نەوەڵا مارکس دەڵێت: خوا نییە و ئایینیش تلیاكی گەلانە، مامە حاجی توڕەبوو و گۆتی مارکس شەکری شکاندووە و با هەر بۆخۆی بڵێت.
جا نموونەی کوردی باشووری داماویش ئاوایە ئەزیزم. کوردی سەر لێ شێواو ناوێکی عەرەبی لە کچەکەی خۆی ناوە، بۆ نموونە: مائیدە، گەر بیکەیتە کوردی واتا: خوانی نان خواردنێ و کەچی بە مەبەستی پیرۆزیش ناوەكەی لێی ناوە! گێلە فەقێ واز لە ناوی”کەزیبان” بێنەو مەیکە کوردی.
لە هەمووی سەیرتر ناوی منداڵەکەی خۆی ناوە ئوسەید، کە لە زمانی عەرەبیدا پێی دەڵێن:اسم تەسغیر و، ناوەکە بە واتای(بەچکە شێرێکی بچوک و ترسنۆک و بێ هێز)دێت، کەچی ئامادەنییە ناوی بنێ شێرکۆ، (شێرێکی زیرەک و بە توانا).
فسکە فەقێ، عەرەب هەر بە فیزیکی وێران و ئەنفالی نەکردووین، بەڵکوو بە دەیان شێوازیتر ئەنفالی ناو و کولتوور و فەرهەنگ و بوونمان دەکات و هەوڵی سڕینەوەمان دەدات!
تۆ سەیرکە، لەناو زیاتر لە دووسەد ملیۆن عەرەب دوو ناوی کوردی نابینیت، کەچی لە ناو پێنج شەش ملیۆنەکەی خۆمان لە هەرێمی کوردستان، چوار ملیۆن کورد ناوەکەی عەرەبی و، ئوسامە و زەید و سەعد و سامر و مەولان و فەرحان و ڕەزوان و ڕەمەزان و چی و چی عەرەبیە!
جا وەک گوتم فەقێی نەخوێنەوار، تراژیدیا و ماڵوێرانی و خەتەریەکە لەوەدایە، ئەو تەعریب و بە عەرەبکردنەی ناو کولتوور و هەمووشتێکی کورد، لەناو بەرگی ئاییندابێت، ئەو تەعریبەی زۆر مەترسیناکترە لەو تەعریبەی بە ناوی نەتەوەوە، نەتەوەی عەرەب لە دژی نەتەوەی کورد جێ بەجێی دەکات.
تەعریبێکی مەترسیناک و بێتام، تەعریبێک ناوێکی عەرەبی بەر لە هەزار و چوارسەد ساڵە، تەنانەت بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلامیش، پیاوەكە، یان ژنەکە، ئەو ناوەی هەبووە و ناوەکە هیچ پەیوەندییەكی بە ئایینیشەوە نەبووە، تۆی کورد و لە سەدەی بیست و یەکدا بیت، تازە بە تازە بێیت و ئەو ناوە عەرەبییە، لەژێر عاتیفە و سۆزی ئاییندا، لە مناڵی خۆت بنێیت!
یان کوردی داماو، دیشداشەی ئەفغانی و عەرەبی لە بەردەکات و کڵاوی شیشانی و تەرپووشی عوسمانلی دەکاتە سەر و عەبای خەلیجی دەپۆشێت، جا لە هەمووی خۆشتر و نوکتەتر و سەیر تر، هەموو ئەو ناو دیشداشە و کڵاو تەرپۆش و عەبایەیشی لا ئایین و پیرۆزە!
ئەو تەعریبەی لەناو بەرگی ئاییندا، ئەو تەعریبەی ئیسلامی سیاسی تاوانبار و خەتاباری سەرەکییە تیایدا و دەستی ئەمی تیایە و ئەمی لە پشتیەوەیەتی. لە ڕاستیدا ئیسلامی سیاسی دیوێکی تری تەعربیە و ڕۆڵێکی گرنگ و یەکجار ترسناکی ناڕاستەوخۆی هەیه لە پرۆسەی بە تەعریبکردنی کورد و خزمەتکردنی بزاڤی تەعریب و، ئەنفالکردنی ناو ناسنامە و کولتووری کورد و لاوازکردن و خەفەکردن و کوشتنی هەست و شعوری نەتەوەیی لە دڵ و دەروونی تاکی کورددا، ئیسلامی سیاسی بۆ ناوی عەرەبی کورد هاندەدات و بە گوێرەی کتێبی«الاسلام السیاسی فی إقلیم كوردستان- العراق» لەساڵی 1991ڕێژەی ناوی کوردی لەناو کوردا، 65٪بووە و، بە هۆی چالاکی ئیسلامی سیاسی لەکوردستان و، لە ساڵی 2000، ئەو ڕێژەیە بۆ 33٪ دابەزیوە، ئەوەتا لە ماوەی نۆساڵ، ئەی دوای بیست و دوو ساڵ و ئێستا، دەبێت ڕێژەکەی بۆچەند دابەزیبێت؟!
جاشە فەقێ، لەسەردەمی بەعس، سەرەڕای دڕندەیی و ترسی بەعس و نەبوونی ئازادی، ئینجا خەڵک وەکوو تەحەدایەک بۆ دوژمن و قەناعەتێکی نەتەوەییش ناوی کوردییان لە مناڵەکانیان دەنا. ناوگەلێک کەهەڵگری دەلالەت و واتای نەتەوەیی و مێژوویی و بەرخودان بوون و وەکوو تەحەدایەک بۆ ڕژێمی بەعس و بە ڕێگەیەکی ئاشتیانە و سەلماندنی خەباتیان دەزانی. لەگەڵ ئەوەی بەعس زۆر دژی ئەو ئاڕاستە و ناوانەش بوو. ئەوە بەڵگەی بە هێزی بەرزی هەستی نەتەوەیی و هۆشیاری نەتەوەیی ئەو سەردەمە لای کورد دەگەیەنێت. ناو واتای ناسنامەی نەتەوەیی دەگەیەنێت، وەلێ ئیسلامی سیاسی بە پێی بەرنامە و پیلانێک کاردەکات، لە پێناو ئەوەی ناوە عەرەبییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ مناڵی کورد و لە دوای ڕاپەڕین و ڕووداوی 11ی سێپتەمبەر بە پێی تۆمارەکانی لە دایکبوون و تۆمارەکانی باری شارستانی گۆڕانێکی زۆر لە ناوی مناڵانی کورددا، ڕوویداوە و دەیان و سەدان مناڵی تازە لەدایک بوو ناونراون ئوسامە)٭. و «زۆربەی ئەو ناوانەی ئیسلامی سیاسی لەمناڵەکانی خۆیان ناون لەنەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ناوگەلێکی وەک: سوهەیب و موسعەب و خوبەیب و خەباب و ڕەیان و لەو شێوە بوونە.)٭سەیرە! لە سەردەمی بەعس و ترس و نەبوونی ئازادیدا، کورد وەکو تەحەدایەک بۆ تەعریب و دوژمن ناوی کوردی بۆ مناڵەکانی خۆی هەڵدەبژارد و ناوی مناڵەکانی دەکرد بە ئازاد و ڕزگار و شێروان و کاروان، کەچی دوای ڕاپەڕین و سەردەمی ئازادی کورد و ئازاد بوونی هەرێمی کوردستان، لەژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیا و ئەجێندا و وەعز و وتاری ئیسلامی سیاسی موتوربەکرا و بە تەعریب و لێوان لێو لە بیری عروبە، کورد ناوی عەرەبی لە مناڵەکانی خۆی دەنێت و ناویان دەکات بە ئیمان و هیدایەت و سەورە و مائیدە و روئیا و ئیخلاس!
ئەفسوس هیچ کەسێک بە قەد ئیسلامی سیاسی زەربەی لە داب و نەریت و کولتووری کوردی نەداوە. ئیسلامیە سیاسییەکان هانی خانەوادەکان دەدەن ناوی مناڵانیان بکەن بە عەرەبی و بە پرۆژەو بەرنامە و پیلان ناومان لە دیاکۆ و کامەران و گۆران و سیروان و دلێر و دڵدار و شێرکۆ بەناز و بەهار و ئاواز و دڵخواز و نەرمین و… تاد. لە ژێر پەردەی پیرۆزی و بە ناوی ئایینەوە دەگۆڕن، بۆ ناوی عەرەبی، ناوگەلێک کە نەپەیوەندییان بە کولتووری کوردەوارییەوە هەیەو نە ئایینی ئیسلامیش، ناوگەلێک تەنها خزمەت بە بیری عروبە و ئەجێندا شۆڤێنیەکەی عەرەب دەکات. کە ئیسلامی سیاسی ناڕاستەوخۆ جێبەجێکارین و شەڕی بەوەکالەتی بۆ دەکەن!
حاڵی بوویت چیم گوت: گێلە فەقێ؟ یان گوێزم ژماردن!
٭ عەبدولفەتاح عومەر بۆتانی،«الاسلام السیاسی فی إقلیم كوردستان- العراق»، ل١٠٠-١٠١.
٭ هەمان سەرچاوە، ل.١٠١.