عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی سیی و حەوت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مامۆستا کەریم ئەحمەد دوندێکی دیکەی قەندیل بوو هەرەسی هێنا
ئەم بەیانییە کە هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا کەریم ئەحمەدم بیست, وەک دەستێکی بەهێز, یان ڕەشەبایەکی بێ ئامان ڕایتەکاندم و تا ڕادەیەک هۆشم بە خۆمەوە نەما, چونکە هەرچەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەواڵی سەت ساڵەی تەمەنی ڕاگەیەندرا و هەموومان بەو هەواڵە دلخۆش بووین و هیوای تەمەندریژیمان بۆ خواست. ئەوەی خەڵکی بەشەڕەف و ویژدان زیندوو و مەردانە بۆ ئەو مامۆستایەیان خواست لەبەر ئەوە نەبوو کە خاوەنی دەسەڵاتە، یان پارەدارە، یان حۆی لەژوور خەڵکەوە داناوە، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە ئەو پیاوە بەڕاستی پیاو بوو, مەرد بوو, بۆ میللەت ژیا, خەباتی بۆ گەلەکەی کرد, دەیویست چینی چەوساوە وەحەسێ و خێر لە ژیان و رەنجی شان و بازووى خۆی ببینێ و هەر لەو پیناوەشدا هەرچی تاڵی و سوێریی ژیان هەیە چەشتی، بەڵام تا گوشار زیاتر دەبوو, ئەو بە تواناتر و ورەبەهێزتر دەبوو. چەندی لەبارەی ئەو مامۆستا بەڕێزە بنووسم, ناتوانم هەقی خۆی بدەمێ و ئەو وەک هەیەو هەبووە, وێنای بکەمە, چونکە هیچ قەڵەمێک بە باڵاى کەریم ئەحمەد ناگات.
هەموو خاوەن ویژدانێک بێ ڕتووش و ڕازاندنەوە مامۆستا کەریم ئەحمەد دەناسێ و هەریەکە لە گۆشەنیگاى خۆیەوە باسی دەکا, بەڵام ئەمن وەک قوتابییەک, بە هەموو مانای ئەو وشەیە, قوتابی ئەو بووم. هەرچەندە من ڕۆژێک لە ڕۆژان شیوعی نەبووم, بەڵام لەڕووی فیکرییەوە من کەوتبوومە بەر کاریگەریی بیروباوەڕەکەی ئەو.
مرۆڤ هەرچەند تەمەنی بێ لە سەرەنجامدا هەر دەمرێ
تەمەنی نووحیشی هەبێ , ڕۆژێک مەرگ ڕێی پێ دەگرێ
هەندێک کەس ژین و مردنیان لاى خەڵک وەکو یەک وایە
ئەوان ناویان بزر دەبێ و قەت بە نەمر ناویان نایە
بەڵام هەندێک کەس کە دەڕۆن خەڵک بە چاک ناویان دێنێ
هەتا دنیا بە دنیایە, ئادگاری چاکیان دەمێنێ
پۆلی یەکی ناوەندی بووم، چەند مامۆستایەک بۆ کۆیە گوێزرانەوە, لەوانە ( کەریم رەئوف, جابر پیرداود, کەریم ئەحمەد و چەندانی دیکە ) کە بە داواى لێ بوردنەوە ئێستا ناوی هەموویانم لەبیر نییە. تازە ( حزب التحرر الوطنی ) رووی ئاشکرای حزبی شیوعی عیراقی دروست بوو بوو. ئەو ماوەیە ( سعد صالح ) وەزیری داد بوو. ئەو پیاوێکی دیموکراتخواز بوو و ماوەیدا حزبەکان تا ڕادەیەک بە ئاشکرا چالاکی بنوێنن. جاری دیکە باسم کردووە لە کۆیە ڕۆشنبیرەکان ڕوویان لەو حزبە کرد و جەماوەرێکی زۆریان لە دەور کۆبووەوە و مەکتەبەیەکیان لە کۆیە کردەوە بە ناوی ( مەکتەبەى کۆیسنجەق ). نامەوێ زۆر لەسەر ئەم خاڵە بووەستم نەک لە باسی مامۆستا کەریم دوور کەومەوە. مامۆستا کەریم تەوەرەى چالاکی نواندن بوو چ لەنێو قوتابییان و چ لەنێو کرێکاراندا. بێ گومان هیچ کارگەیەک لەکۆیە نەبوو و کریکاران هەموویان کرێکاری بیناسازی و سەر زەویی کشتوکاڵی بوون. مامۆستا هەموو قوتابییە ( تحررەکانی ) لە دەوری خۆی کۆکردەوە. ئەو دەرچووى ( دار المعلمین الریفیة, لقی دار التدریب) بوو کە دەبوون بە مامۆستای وەرزش و بەڕاستیش مامۆستای وەرزش بوو. ئەو هەم وەرزش و هەم ئاینی پێ دەگوتین. ئەوساڵە بەڕێوەبەرى قوتابخانەى ناوەندیی کۆیە، کۆنە ئەفسەرێکی زووی مووسڵاویی پایەند بە ئاینەوە بوو، ناوی عبدالرزاق عبدالوهاب بوو. شتاقە مامۆستامان بە عەڕەب و کوردەوە وەکو ئەو نەبوون. ژوورێکی قوتابخانەی بۆ کردبوون بە مزگەوت و هەموو قوتابییەکانی پۆلی یەک کە خۆی وانەی( زانستەکان ) ى پێ دەگوتن, ناچار دەکرد نوێژ بکەن و خۆی پێشنوێژیی بۆ دەکردن.
کریم ئەحمەد و جابر پیرداود هەمیشە پێکەوە بوون. ڕۆژێکیان چووبوون بۆ گەرمووکی کۆیە و لەوێ مامۆستا کەریم مەلەی کردبوو و وێنەیەکیان گرتبوو بە ڕووتی. مامۆستا جابر ئەو ئەو وێنەیەی گەورە کربوو بەڵام مایۆیەکیشی لەپی کردبوو.
مامۆستا کەریم وەرزش و ئایینى پێ دەگوتین, زۆرجار لە وانەی وەرزش گۆڤاری ( المجلة) دەهێنا و هەندێک گوتارمان دەخوێندەوە. گوتاری ( یوسف سلمان یوسف ) کە ناوی ( فهد) سکرتیری حزبی شیوعییەو گوتاری ( ذوالنون أیوب) کە شیوعییەکی کونی مووسڵاوییە لەو گۆڤارە بەرچاوم کەوتوون، بەڵام بیرم نییە باسی چییان دەکرد. هەروەها هەندێ گوتاری گۆڤاری گەلاوێژ کرابوون بە عەڕەبى و نووسرابوو ( عن مجلة گەلاویش ) الکوردیة. لەو کاتانەدا شیعرەکەی هەردییان بە بەرفراوانی دەگوتەوە:
ئازادیخوای کوردین ئێمە
شوورەی پۆڵا و بەردین ئێمە
پشتی جووتیاری زەبوونین
ئالاى بەرزى چون یەکبوونین
بارووت و قوڕقوشم و پؤڵا
گوللـەی زۆرداری ناقؤڵا
یەک زەڕڕە کارمان تێ ناکا
تەرکی ڕێگامان پێ ناکا
بەداخەوە هەر ئەوەندەم لەبیر ماوە. بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێم هەندێ کەس دەیانگوت: ئازادیخوای گەلین ئێمە لە جیاتی ئازادیخواى کوردین ئێمە.
هەروەها شیعرێکی دیکەی لە پۆل بۆ دەخوێندینەوە کە تەنیا دوو دێڕم بیرماوە:
لێفێکمان هەیە بە حەوت سەر خێزان
لەناو تلیانە دەیبەین بۆ سەربان
بەشەوی تاریک دەنگی سیسرکە
عبدالوهاب و کەلسووم لەبیر کە
ئەو لە کۆیە خوشکی کاک عوسمان خۆشناوى هێنا کە هاوڕێ و هاوبیری خۆی بوو, واتە لە کۆیە خێزانی پێکەوەناو هەر بە کۆیی ناسرا و قسەیەک هەیە دەڵێن: ( گوتیان خەڵکی کوێی, گوتی جارێ ژنم نەهێناوە ).
نازانم پۆلێ دوو بووم یان سێ, مامۆستا کەریم ئەحمەد ( فصل ) کراو دەستی بە کرێکاری کرد و لەگەڵ ئەو کرێکارانە کارى دەکرد کە خۆی پێی گەیاندبوون و نەشیدەهێشت یارمەتیی بدەن و کام ئیشیش قورس بوو دەیکرد. ڕۆژێکیان لە قەسرەکەی کاکە زیاد ئیش دەکەن و کاتی نانی نیوەڕۆ کاکە زیاد یەکێک دەنێرێ بۆ لای مامۆستا و پێی دەڵێ کاکە زیاد دەڵێ با بێت لەلاى ئێمە نان بخوات. ئەویش دەڵێ سوپاسی دەکەم من لەگەڵ کرێکارەکان نان دەخۆم و ئەگەر ئەوان هەموویان بێن ئینجا منیش دێم.
ئیدى دوای ئەوەی ئەحکامی عوڕفی جاڕدرا, حکوومەتی مەلەکی دەستی کرد بە گرتنی نیشتمانپەروەران و بە تایبەتیش شیوعییەکان و پاش ئیعترافکردنی ( مالک سیف ) کە دوای گیرانی فهد و حازم ( زکی بسیم ) و صارم ( محمد حسین الشبیبی ) بوو بە سکرتیر, حزبی شیوعی تووشی هەرەسێکی گەورە هات, چونکە دوای مالک سیف زۆر کەسی دیکە ئیعترافیان کرد. مامۆستا لەوساوە ئەوەندەی لە بەندیخانەکان بووە ئەوەندە لە ماڵی خۆی نەبووە و یان بەندیخانە، یان خۆشاردنەوە.
بیرمە جارێکیان لە پۆل شتێکی بۆ گێڕاینەوە و گوتی: وو کەس گیرابوون. یەکێکیان وا دیار بوو شل بوو و خەریک بوو ئیعتراف بکات. ئەوی دیکە پێی گوتن من دەمەوێ ئیعتراف بکەم, بەڵام لەبەر ئەم پیاوە ناوێرم. ئەگەر بیکوژن, ئیعتراف دەکەم و هەموو شتێکتان پێ دەڵێم. ئەوانیش ئەوەیان کرد و هاتن بۆ لای تا ئیعتراف بکات کەچی پێی گوتن ئەگەر پارچە پارچەشم کەن وشەیەک لەمن نابیسن و من دەترسام ئەو بڕووخێ و ئیعتراف بکات.
ئەوانەى نووسیومن چینکەیادن, واتە ورتکە یادن, دەنا قوناغی ژیانی مامۆستا کریم ئەحمەد پڕە لە پاڵەوانەتی و خۆڕاگری و کۆڵ نەدان و مەردایەتی و هەرچی لەسەر ئەو پیاوە جوامێرە بنووسرێ کەمە, چونکە ئەو مامۆستا گەورەیە هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی گەلەکەی و چینی چەوساوە و زەحمەتکێشدا دانا. ئەو لە ژیانیدا سێجار جەرگی سووتاوە, جارێکیان بە مردنی دایکی منداڵەکانی کە لە خەباتدا پشت و پەناى بوو, ئینجا شەهید بوونی ( بۆتان ) ى کوڕی و دواییش ( بەیان ) ى کچی کە نزیکەی سێ ساڵ پیش ئێستا لەپڕ کۆچی دوایی کرد. لە کۆتاییدا هەر ئەوەندە دەڵێم: مامۆستا زۆر ژیا و کەڵ ژیا, تێکۆشەرانە ژیا, مەردانە ژیا. مامۆستاى مامۆستاکان تۆ ڕۆیشتی، بەڵام هەمیشە بە زیندوویی لە یادی ئەم میللەتەدا دەمێنیتەوە. گەورە مامۆستا ئەوانەی بە سەروەت و سامان و دەسەڵات خۆیان بادەدەن و خۆهەڵدەشەنگێنن لەچاو تۆدا زۆر کورتە باڵان و هەرگیز بە باڵای تۆ ناگەن و تۆ هەمیشە ئاڵای شەکاوەی خەبات و کۆڵنەدانی, دوندی بەرزی تێکۆشانی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت