رەزا شـوان: پەیام ئیبراهـیم و رۆمانی نازیلـێی مانگ و شازادەی خـۆر.
باسکـردن لە رۆمـان، باسکـردنـە لە جـۆرێـکی گـرنـگ و بـاو و بـڵاوی ئـەدەبی، کە شـوێـنـێکی بـەرزی لە ئـەدەبی نـوێـدا هـەیە. رۆمـان هـونـەرێـکی خەیـاڵی تـازەیـە لە هـونەرەکـانی ئـەدەب. کە لە رۆژئـاوادا سەری هـەڵـدا. رۆمـان لـە چـیـرۆک درێـژتـرە، یا لە زنجـیرە چـیرۆکـێک پـێکهـاتـووە. بە شـێوەی پەخـشـان دادەڕێـژرێـت و بـاس لە کـۆمەڵـێک رووداوی هـەمەجـۆرە دەکـات. بـێجـگە لە پاڵـەوانی سـەرەکی، ژمـارەیەکی زۆری کاراکتەری (کەسایەتی) تێـدا بەشدارن و رۆڵیان لە رووداوەکانی رۆمانـدا هەیە. دەشێ رووداوەکان لە لە شوێـن و دۆخێکی نامۆ و خەیاڵیدابـن. دەشێش کارەکتەررکان راستیبن یا خەیـاڵیبن، مەرجیش نییە کە تەنیا مرۆڤـبن، دەکرێ باڵندە و ئاژەڵ، یا شتی خەیاڵی و ئەفـسانەیی بن، بە تایبەتیش لە رۆمانی منداڵاندا. خەیاڵ رۆڵێکی سەرەکی و گرنگی لە نووسینی رۆماندا هـەیە. لە سەردەمی ئەمـڕۆدا، بەراورد بە ژانـرەکانی تری ئەدەب، رۆمـان گرنگـترین ژانـری ئەدەبیـیە و زۆرتـرین خوێنـەری هـەیە. جیـوازیشی لەوەدایـە، کە چـێژ و خـۆشی و جـوانی و هـونـەر و زمـان و ئەنـدێـشـە و فـانتـازی و ئەفـسوونی لەخـۆگـرتـووە و باس لە کـێـشەکـانی ژیـان و لە مـلملانـێی نێـوان بـاش و خـراپ و شەڕ و ئاشتی و لە هیـوا و لە خەونەکانی مـرۆڤ دەکات. رۆمان خـوێنەران دەهـێنێتە ناو جیهـانێکی بەرینەوە. وایان لێدەکات کە دەست لە خوێندنەوەی هەڵنەگرن تا بـزانـن رووداوەکان بە کـۆێ دەگـەن و بە چی کۆتـاییـان دێـت.
ئەگـەرچی رۆمـان بە هـونـەرێکی ئەدەبی تـازە دادەنـرێت. بەڵام رۆمـان مـێژوویـەکی دانەبـڕاوی هـەیـە. کـە دەگـەڕێتـەوە بـۆ زیـاتـر لـە دوو هـەزار سـاڵ بـەر لـە ئەمـڕۆ. رەسەنـایـەتی سەرهـەڵـدانیـشی بـۆ یـۆنـانییەکـان و رۆمـانییەکـان دەگـەڕێتـەوە.
گەورەکـان زیـاتر حەز لە خوێنـدنەوەی رۆمـانی ریالـیزمی دەکەن، کە شتی لـۆژیکیان لەخـۆگرتوون. بەڵام منـداڵان هـۆگری خوێنـدنەوەی چـیرۆک و رۆمـانی خەیـاڵـین، کە پاڵەوان و کاراکتەرەکانیان منداڵانن یا ئاژەڵ و باڵنـدەن یا شتی خەیاڵی و ئەفـسانەیین. چـێژ لە سەرەکـێـشییەکانی پاڵەوانەکانی چـیرۆک و رۆمـانەکان وەردەگرن. لەمە زیاتر درێـژە بـەم پـێشەکـییە نـادەیـن و دێـیـنە سـەر کـرۆکی ناونیـشانی ئـەم نووسـینەمـان.
خوشبەختانە لە کۆتـایی ساڵی پار (2022) و لە ئەمساڵدا (2023) دا لە لایـەن دوو نووسەری ناسـراوی کوردمان لە بـواری ئەدەبیـاتی منـداڵان، دوو رۆمـان بە زمـانی کـوردی بـۆ منـداڵان چـاپکـران. رۆمـانی (کـچـی دورگـە بچـکـۆلـەکـە) لـە نـووسـینی مامۆستا (ئەمـین محەمەد) بۆ مێردمنداڵان. رۆمانی (نازیـلێی مانگ و شازادەی خـۆر) لە نووسینی خاتوو (پەیـام ئیبـراهـیم) بـۆ نەوجـەوانان. پێموایە هەردووکیان بە هـەڵە نەچوونە کە نووسیویانە بۆ مێردمنداڵان و نەوجەوانان. چونکە منداڵانی خوار تەمەنی سیانزە ساڵان، ئەو پشوودرێـژییەیان نییە کە رۆمان بخوێننەوە و لە هـێماکان تێبگەن.
هـەردوو رۆمـانەکەش لە چـوارچـێوەیـەکی کلاسـیکی خەیـاڵئـامێزدان و بە شێوازێکی فانتـازی ئاسان داڕێـژراون. بـۆ گەیـشتـنی پاڵـەوانی رۆمـانەکانیـان بە خـەونـەکانیـان، پەنایان بۆ ئەفـسوون (جـادوو) بـردوون، بۆ ئـەوەی بەسـەر ئەسـتەم و لە تـوانابـەدەر سەرکـەون و خـەونـەکانیـان بـەدی بهـێـنن. گـەلێ لە کـەڵە رۆماننووسانی جیهانیش لە شاکارە رۆمانەکانیان بۆ منـداڵان و مێردمنـداڵان، بۆ رووبەڕووبوونەوە و سەرکەوتنی پاڵەوانەکانیان بەسەر کـێشە و تەگەرەکانـدا و گەیـشتـنیان بە خەونەکانیـان پەنیـان بـۆ جـادوو بـردوون. زۆرن گـەر ناویـان بهـێنـین.
پاڵەوانی هەردوو رۆمانەکەش (لـولـو) و (نـازە) دوو کچی جوانکـیلە و ئازا و ژیـر و سەرەکـێشن. هـێنانەدیی خەونەکـانیان دەبەنە دوو جیهـانی نمـوونـەیی دروستکـراوی زادەی خەیاڵی هەردوو رۆماننووسەکە. تەمەنی هەردوو پاڵەوانەكەش لە یەکترییەوە نزیکن. هەردوو رۆمانەکە دوو ئەزموونی تازەن لە بـواری نووسینی رۆمـانی کوردی بۆ مێردمنـداڵانی کورد. دوو دەستپێشخـەریی ترسشکـێنن بۆ نووسین و چاولێکـردنیان و بۆ سەرهەڵدانی رۆمانی تازەی کوردی بۆ منداڵان. مـژدەبەخـشن بۆ پێشکەوتن و بۆ داهـاتـوویـەکی باش بـۆ رۆمـانی منـداڵانی کورد. ئـەوەی بە وردی هـەردوو رۆمـانەکە بخـوێنێتەوە. هەست بەوە دەکـات کە چەنـد خاڵێکی هـاوبەش و لەیەکچـووی نـزیک لە نێوان ئەم دوو رۆمانە کوردییەدا هەیە. مەبەستیشم ئەوە نییە کە ئەم دوو رۆماننووسە چـاویـان لە یەکـتری کـردووبێـت.
دوو هـەفـتە پێـش ئێـستا، نـووسـینێکـمان لەژێـر ناوی (خـوێنـدنەوەیـەک بـۆ رۆمانی کچی دورگـە بچکـۆلـەکە) نووسی و بـڵاومان کـردەوە. پـێمخـۆشە کە بە کورتی و بە چـڕی باس لە رۆمــانی (نـازیـلـێی مـانـگ و شـازادەی خـۆر ) یـش بـکەم.
رۆمانی (نازیلێی مانگ و شازادەی خـۆر) لە نووسینی چـیرۆکنووس و راگەیـاندکار و سەرپەرشـتیکار و ئامادەکەر و پێشکەشکەری بـەرنامەی (چـیرۆک بـۆ منـداڵان) لە تەلەفـزیـۆنی پەروەردەیـی. خاتـوو (پەیـام ئیـبراهـیـم عـەبـدولـڕەحـمـان)ە. کە یەکـەم ژنـی کوردە کە رۆمـان بـۆ منـداڵانی کورد بنووسێت. بەمـەش نـاوی چـووە مێـژووی سەرهەڵـدانی رۆمانی منـداڵانی کورد و تا هەتـایە شانازی و شکـۆداری و نەمریی بۆ خـۆی تـۆمـارکـرد.
پەیـام خان لەدایکبووی شاری سلێمانییە و هەر لە سـلێمانی دەژی. دەرچـووی بەشی ژمێریارییە. لە پۆلی چواری قـوتابخانەی بنەڕەتییەوە، هـۆگری نووسینی شیعـر بووە. دوایی دەستی بە نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان کـردووە. لە (2010) وە، چـیرۆک بۆ منـداڵان دەنـووسێ و لە گـۆڤـارەکانـدا بڵاوی کـردوونەتەوە. تا ئێستا بەم رۆمـانەیەوە شەش کتێبی چاپکـراوی هەیە ناوەکانیان ( سمـۆرەی میهـرەبان، ژینگەکەم دەپارێـزم، قـاپی خـواردنەکەی یەسـنا، ئـۆتـیزمـم هـاوکاررم بە، ددانی ورچـە، نازیـلـێی مانگ و شـازادەی خـۆر) خـاتـوو پەیـام ئـەنـدامـێکی چـالاکــیشـە لـە چـەنـد رێـکـخـراوێـکی پـەروەردەیی و ژیـنـگەپـارێـزی لـە سـلـێـمانی. خـاتـوو پەیـام هـاوسەرگـیریی کـردووەو دایـکی (دوو کـوڕ) و (دوو کـچ) ـە.
رۆمانی نازیـلـێی مانگ و شـازادەی خـۆر، نۆبـەرەی رۆماننووس پەیـام خانە، هیـوای نـووسینی رۆمـانی تـری بـۆ منـداڵانی کـورد بـۆ دەخـوازیـن.
وێـنـەی بـەرگی رۆمـانـەکە و (13) وێنـەی روونـکـردنەوەی رەنـگاوڕەنـگ لـەلایـەن وێنەکێش (جـێژوان عـەبـدوڵڵا) وە کێشراون. کوالـێتی وێنـەکان باشن. بەڵام خـۆزەگە شێوەیەکی کوردی بە نازەوە دیاردەبـوو، جـلێکی ساکاری کوردیی لەبەربـوایە، زیـاتر سەرنجی منـداڵانی کوردی رادەکێشا. گەر لە وێنەی ژمارە (2) بڕوانین. وێنەکە هـیچ شـێوەیەکی کـوردی پێـوە دیـارنییە. هـەڵـەیەک لە وێنـەکانـدا هـەیە. نـازەی پاڵـەوانی رۆمانەکە لە یەکەم وێنەوە تا دوا وێنە هەر هەمـان شێوە منداڵی هـەیە، وەک ئەوەی کات وەستابێ و نەگـۆڕابێـت. لە کـاتێکـدا ئـەو گەورەدەبێـت و هـاوسەرگـیری لەگـەڵ شازادەدا دەکات و دووگیان دەبێت. دەبوایە کاک جێژوانی وێنەکێش. دوا وێنەی نازەی لایـەنی کەمەوە لە شـێوەی کچـێکی نەوجـەوان بکـێـشایە. شـازادەش لە وێنەکـەدا لە تەمەنی منداڵـێکی یانـزە بـۆ دوانـزە ساڵی دایـە، دەبـوایە خاتـوو پەیـام هـەستی بـەم هەڵەیە بکردایە. من وەکو خوێنەرێک لە وێنەکان دەڕوانم، نەک وەک رەخنەگرێک.
دکتۆر (ماجـد خەلیـل) پێشەکییەکی جـوانی بۆ رۆمـانەکە نووسیوە، هـۆی دواکەوتـنی نووسینی رۆمانی کوردی بۆ قۆناغە سیاسییە نالەبارەکان دەگەڕێنیتە. بەڵام گرنگترین هـۆی دواکەوتـنی رۆمـانی منـداڵانی کورد بۆ داگـیرکردنی کوردسـتان دەگەڕێتـەوە. کە زیـاتر لە سـەد سـاڵە داگـیرکەران بـواری کوردیـان نەداوە سەری خـۆشی بخورێنێـت. هـەمیشە هـەوڵی قـڕکردن و سـڕینەوەی ناسنامەی نەتـەوەیی کوردیان داوە و دەدەن.
دکتۆر ماجـد لە پێشەکییەکەیدا، سەرهەڵـدانی دەستپێکردنی رۆمانی منـداڵان لە جیهاندا بۆ (جـۆن نیـوبـەری) دەگـەڕێـنێتەوە، بە دروسـتـیش بـۆ ساڵی (1744ز). بەڵام جـۆن نیـوبەری لە سەرەتـادا، شـاکارە رۆمـانی (رۆبـنـسون کـرۆزو ـ 1719ز) لە نـووسینی (دانیال دیـڤـو)، کە بۆ گەورەساڵان نووسـیوێـتی. ئـەو کـورتی کـردەوە و بە زمـانـێکی ئاسانـتر و بە شـێوازێکی ناسکـتر و شـیرینـتر بـۆ منـداڵانی داڕشـتەوە.
رۆمانی (گەشتەکەکانی گۆلیڤـەر) لە نووسینی رۆماننووس (جوناسان سویـفـت) کە لە ساڵی (1726) نووسیوێتی، بە کۆنترین و بەناوبانگترین رۆمان بۆ منداڵان دادەنرێت.
خاتـوو پەیـام ئیبراهـیم، لە رۆمـانی نازیـلـێی مانگ و شازدەی خـۆردا، بە شـێوازێکی فـانتازی و بە تەکـنیکـێکی تـۆکـمە و بە زمـانێکی کـوردیی ناسک و شـیرین و ئاسان رۆمانەکەی داڕشتووە. لە میانەی نازیـلێی پاڵەوانی رۆمانەکەی، کاری لەسەر زجـیرە رووداوەکانـی کردووە، کاری لەسەر رەهەنـدی پەروەردەیی دروستی منداڵان کردووە. کۆمەڵێک بەهـای بەرزی بەرجەستەکردووە، کە دەیەوێت لە دەروونی منداڵانی کوردا بیان روێنێت. وەک: رەوشت بـەرزی، خۆشەویستی، هـاورێتی، دڵسۆزی، هـاوکاری، سـوزداری، متـمـانە بەخـۆبـوون، ئـازایـەتی، مـرۆڤـایـەتی، بـاڵـنـدە و ئـاژەڵـدۆسـتی، ژینـگەدۆستی، بـەزەیی و دلـۆڤـانی، حـەزی سـەرەکـێـشی، گەشـبیـنی، هیـواخـوازی، چـاکەخـوازی، یارمـەتی، تێکـۆشـان، کۆڵـنـەدان، فـریـاڕەسی، سەرکەوتن، … هـتد.
فانتازیش بە شێوەیەکی ئەدەبی دەوترێـت، کە مەیـلی ئەوەی هـەیە لە جیهـانی داب و نەریتی باودا دابڕێت و کاری لە لۆژیک بەدەر بکات. فانتازی یەکێکە لە فاکتەرەکانی پێـشکەوتـن و داهـێنـان لە جـیهـانی رۆمـان و چـیرۆک و هـونـەردا.
خاتوو پەیام، خەونی منـداڵان لە هـێنانەدیی داهاتوویەکی باشتر و ژیانێکی خۆشتر، لە نازەی ئازا و دلۆڤـانی پاڵەوانی رۆمانەکەیدا بەرجەستە دەکات و دەیکات بە نوێنەریان. نـازە خەونی ئەوەی هـەیە کە بفـڕێـت و سـوورە لەسەر هـێنـانەدیی خەونـەکەی. ئـەم خەونەش پێویستییەکی هەمـوو منـداڵانە، بۆ ئـەوەی ئاشـنای جیهانێکی فـراوانترببن و شتی تازە بدۆزنەوە و زانیاری زیاتر وەربگرن و ئەزمـوونی تـازە فـێرببن. هـێنانەدیی ئەم خـەون و خواستەش، پێـویستی بە بـڕیـارێکی تـۆکـمە و بە ئازایـەتی جەسـتەیی و دەروونی و بە سەرەکێشی و سووربوون و کـۆڵنەدان و هـەنگاونـانی کـرداری هـەیە. بە هـاوکاری و هـاوڕێتی و بە هــێزی لە توانەبـەدەر هـەیە. رۆماننووس خاتوو پەیام بۆ هێنانەدیی خەونەکەی نازە، جەخـتی لەسەر هەمـوو ئەو فـاکتـەرانە کـردووە. ئەو هـەستەی لە ناخی نازەدا روانـدووە، کە لە سـایـەی ویسـتن و متمـانە بەخـۆبـوون و سووربـوون و ئیـرادەیـەکی بەهـێز و پـۆڵاییندا، لە سـایەی هـەوڵ و کۆششکـردنـدا، شتێک نییە کە ناوی ئەسـتەم بێت. هەموو خەون و هـیوایـەک دێتـەدی گـەر مـرۆڤ دەست لە خواست و خـەون و هیـواکانی هەڵنەگـرێـت. شاعـیرێـکی عـەرەب دەڵێـت:
ئـەوەی ویـستی بە خـۆر بگات، بە تیشکەکانیـدا سەرکەوت بـۆ گەیشـتن بە هیـوای.
حەزەکەم بە کورتی، ئامـاژە بە دوو نمـوونـەی ئیـرادەی راسـتی بـدەم:
لە سەرەتاکانی ساڵی شەستەکانی سەدەی رابردوودا، لە گەرمەی ململانی و پێشبڕکێی نێـوان ئەمـریکا و یەکـێتی سۆڤـیەتـدا. بۆ باڵادەستی لـە بـواری پـشکـنیـنی ئاسمانیـدا. ئەمریکا ویستی پێش سۆڤیەت مـرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ و بە ساغیش بیگەڕێنێتەوە بۆ سەر زەوی، ئەوبوو کە (جـۆن کەنەدی) سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، لە ساڵی (1961) دا بڕیاری ناردنی مرۆڤی بۆ سەر مانگ دا. کە زۆربەی سەرکردەکانی جیهـان گاڵتەیان پێکـرد و بە خەونێکی ئەستەم و نەزۆک ناویـان برد. بەڵام لە سایەی هەوڵدان و سووربووندا، خەونەکەی کەنەدی هاتەدی و لە ساڵی (1969) دا ئەمریکا لە رێی کەشـتیی ئاسمانی (ئەپـۆلـۆ ـ 11) ەوە، مـرۆڤـیان گەیـانـدە سـەر مـانـگ کە هـەردوو کەشـتیوانی ئاسمانی ئەمـریکی (نیـل ئارمسـترۆنگ) و (باز ئاڵدرین) بوون، لەسـەر مانـگ دابـەزیـن و بە سـاغـیش گـەڕانـەوە بۆ سـەر زەوی. خـەونی ئـێسـتای ئەمـریکا ناردنی مـرۆڤـە بۆ سەر هەسارەی کەیـوان (مەریخ) ئەمەش ئەستەم نییە و دێتـەدی.
زیاتر لە (750) ساڵ بەر لە ئێستاش بیرمەنـد و زانـای ئینگـلیزی (رۆجـەر بایکـۆن) کە هـێشتا باڵـۆن و فـڕۆکە دروست نەکرابوون، وتی:” لە داهاتوودا مرۆڤ دەتـوانێت ئامێرێک دروست بکات و پێی بفـڕێت” کە چی بە شێت و گـومـڕا و دژ بە ئاین ناویان برد و لە کەنیسە دەریان کرد. ئەوەتا خەونەکەی رۆجەر هاتەدی و فرۆکە دروستکرا.
ئـەو خەونانەی کە لە ئەمـڕۆدا دەمانەوێـت، پێویستە لە خەیـاڵ و لە هـزری منداڵانی ئەمـڕۆمـدا بەرجەستەیان بکەیـن. چـونکە دواڕۆژی گەلەکەمان لە دەستی منـداڵانی ئەمڕۆمـان دایـە. هەموو بیـرێـکی نوێـش بە قـۆناغـێکی دژایەتیکـردنـدا تێدەپەڕێت.
نـازەی پاڵەوانی رۆمـانەکەی خـەونێکی گەورەی هەیە، خەونەکەشی (فـڕیـن) ە، بۆ ئەوەی بە جیهـانێکی فـراونتـر و بە گیانلەبەرانی زۆرتر و بە ژینگەیـەکی گەورەتـر ئاشنابێ. لە پێناوی هێنانەدی ئەم خەونەشیدا، توانی بەسەر ئەستەمدا سەربکەوێت و خەونـەکەی بهـێنێـتەدی. ئامـانج لە فـڕینەکەی خاتـوو پەیـام. ئەوەیە کە ژیـان نابێـت بـوەستێـت و بچـەقـێـت، چـونـکە وەسـتان مـردنە. دەبـێـت خـەون بە داهـاتـوویـەکی باڵاتـرەوە بـبیـنـین. بـویە رۆماننووس بە دەمی ژولیـای یەکـێک لە کاراکتەرەکـانەوە دەڵێت:”هەموو جیهان خەون بە فڕینەوە دەبینن، ئیمە خەونی هەموو جیهانمان بەدی هـێنا” ئامانجی ژان و ژولیا، ئەوەبـوو کە شارێک لە مرۆڤـە باڵدارەکان دروستبکەن. کە هـەمـوویـان تـوانـای فـڕینیـان هـەبێـت، وەک و نمـوونە و سـەرمـەشـق، چـەنـد منـداڵـێکیـان لە نێو ئەشکەوتـەکەدا فـێری فـڕین کردوون. رۆماننووس خەونی فـڕین بەر گوێی کۆرپـەلە جوانەکەی ناو سکی نازیـلێ دەدات. شاژنی مانگ دەڵێت: “دەبێت منداڵەکەم خەونی هەبێت، چونکە مـرۆڤ بەبێ خـەون وەک ئەوەیە هـەر نەژیـابێت”.
هـەردوو هـاوسەری زانـای جـێنەتیک (رەگەزی) ژان و ژولیـا، کە دوو کەسایەتین لە رۆمـانەکەدا دەڵـێن:”لە وڵاتی خـۆمـان ئـەم خەونەمـان هـەبـوو، کاتێـک پـێیان زانـین ویستیان بـمانگـرن و ئەشکەنجەمان بـدەن. بۆیە ئێمە بـڕیارمادا شارەکە بەجـێبهـڵێن، هـەڵهـاتـوویـن بـۆ ئـەم ئەشکەوتە”.
بۆچی خاتوو پەیام ئیبراهـیم و مامۆستا ئەمین محەمەد پاڵـەوانی چـیرۆکەکانیان کچـن؟
لە نووسینێکمدا لەژێر ناوی (نایەکسانی رەگەزی لە ئەدەبی منداڵاندا) کە لە (2021)دا لە سایتەکانـدا بـڵاوم کردۆتەوە. جەخـتـم لە نایەکسانی و ناهـاوسەنگی و نادادپەروەری لە رۆڵی رەگەزی کچـان کردووە، کە بە زەقی بە دیـدەکەین. کوڕسالاری لە چـیرۆک و رۆمـانەکـانـدا رەنگـدانەوەی هـەیە، بە زۆری پاڵـەوانی چـیرۆک و رۆمـانەکان کـوڕن. هەمـوو هـێز و تـوانا و ئازایـەتی و قـارەمانێتی و هیـوا و سەرەکـێشی و فـریـاڕەسی و سەرکـەوتـنێک دراونـەتە پـاڵ کـوڕان. بـەڵام سـۆزدای و بێ دەسـەڵاتی و لاوازی و بێ هیـوایی و بەدبەخـتیش دراونەتە پـاڵ کچـان. ئەمەش جیـاوازیییەکی زەقی رەگـەزییە و ناڕەواییـەکی گـەورەیە بەرانبـەر بە کچـان. ئـازادی و پێشکەوتـنی گـەل و نیشـتمان لە هەموو بوارەکانـدا، بەنـدن بە بەدیهـێنانی یەکسانی و هـاوسەنگی رەگەزیـیەوە لەسەر بنەمای توانـا و لـێهاتـوویی و شایستەیی.
نووسەرانی بـوارەکانی ئەدەبیاتی منـداڵان، دەتـوانن رۆڵیکی گـرنـگ و کاریگەریـان لە چـاندنی تـۆوی یەکسانی جـێندەریـدا هەبێت. بۆیـە بەشێکی زۆری نووسەرانی منـداڵان لەم سەردەمەدا، بە زۆری پاڵەوانی بابەتە ئەدەبییەکانیان کچـن، دەیانەوێـت قـەرەبووی ئەو سـتەم و نایەکسانییەیان بۆ بکەنەوە. بێ سەلـمێنن کە ئازایەتی و هـێز و تواناکانی کچان لە کـوڕان کەمـترن نیـن. خاتـوو پەیـام دەڵێت:”لە رۆمـانـەکەدا بـەدوور لە هـەر بابەتێکی ئایدۆلۆژی و رەگەزی و نەتەوەیی، تەنها ئامانجـم پێشانـدانی توانای کچـە و هـانـدانییەتی بـۆ سەرکەوتـن”.
رۆمانی نازیلـێی مانگ و شازادەی خـۆر، تا رادەیەک لەبیرۆکەی رۆمانی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجبـاتییەکانـدا ـ 1865) نـزیکە. کە رۆماننووس (لـویس کارۆل) نووسیوێتی، کە باس لە کچـێکی بچووک دەکات، کە ناوی (ئەلـیس)ە. دوای کەروێـشکـێکی سـپی دەکـەوێت و دەکـەوێتـە نـاو چاڵـێکی قـووڵەوە و لە جـیهـانێکی خەیـاڵی و عـاجـبـاتی سەیـر و سەمەرەی ژێـر زەویـدا خـۆی دەگـرێتەوە. لەگـەڵ ئـاژەڵان و شـتی بێ گیـان دەبێت بە هـاوڕێ و ئاشنایان. تا لە دواییدا جادوولێکردنەکەی بە تاڵ دەبێت و لەسەر زەویـدا خـۆی دەبـینێتەوە. گەلێ بیرۆکەی جـوان و بەهـای بەرز لەم رۆمانەدا هـەیە. زۆر لە رۆماننووسانی منـداڵان ئیـلهـام و سـوودیـان لـەم رۆمـانە وەرگـرتـوون.
جـادوو و هـێـزی لەتـوانابـەدەریـش، ئـامـانـج نـین لـە رۆمـانـدا، بەڵکـو هـۆیـەکـن بـۆ گەیـشتن بە ئامـانج. جـادوو و هـێزی لە تـوانابـەدەر، بوونـەتە بەشـێک یا رەگـەزێـک لە رەگـەزەکـانی چـیرۆک و رۆمـانی فـانـتازی و ئەفـسوونـاوی تـازەدا. بۆ هـێـنانەدیی خـەون و ئامـانجـەکـانی پاڵـەوانی رۆمـانـەکـان و سـەرکـەوتـنیـان بەسـەر ئـەسـتەم و کـاری لەتـوانـابـەدەردا. لە زوربـەی چـیرۆک حـیکایەت و ئەفــسانە و داسـتانەکانـدا، جـادوو رەگـەز و هـۆیـەکی سەرکەوتـنی پاڵـەوانەکـانیـان بـووە.
لە بارەی داڕشتنی رۆمانی نازیلێی مانگ و شازادەی خـۆر، خاتوو پەیـام ئیبراهـیم بە شـێوازێـکی ناسک و ئاسان دایـڕشـتووە، وشـە و رسـتەکانی لە فـەرهـەنـگی زمـانی منـداڵانی کوردەوە وەرگرتـوون، هـیچ گرانی و ئاڵـوزییەکیان تێـدا نییە. بێگومان هەر نووسەرێکـیش تا رادەیـەک، شـێواز و سـتایـلی تایبـەتی خـۆی لـە نـووسـیـندا هـەیە. شێوازیش بریتییە لە رێگەی نووسین و داڕشتنی نووسەر، رێگەی گوزارشتکردن لە خەیـاڵ و بـیر و هـزر بەهـۆی زمـانەوە.
چەنـد سـووکە تـێبینیـیەکـم دەربـارەی رۆمـانەکەی هـەیە:
خاتوو پەیـام نووسـیوێـتی نازە تاقانەی ماڵەوەیـانە. نازەیەک کە دوو بـرای هـەبێـت بۆ تاقـانەی ماڵەوەیە؟ پـێموایە وشەی تاقانەکەی هەڵەیە. لە بەشی (گەڕان بە دوای ژیانی گیانداراندا) لە دێڕی (8) نووسیوێتی:”لەگەڵ خوشک و براکانیـدا پێکەوە لەسەر سفرە هەمـوو کـۆدەبوونەوە”. لـێرەدا وا دەردەکەوێت کە نازە خوشکی هەیە. کـەچی لە هـیچ شـوێـنێکی کەی رۆمانەکەیـدا باسی لەوە نەکـردووە کە خـۆشکی هـەیە. گـەر خوشکی هـەبێـت بـۆ تـاقـانەیـە؟
کە وشـەی (خـوان) ی کوردیمان هـەبێـت پێـویست نیـیە وشـەی (سـفـرە)ی عـەرەبی بەکاربهـێنین. خۆزگەش ناوی باوکی نـازە (ئەحمەد) نەبوایە و ناوێکی کوردی بـوایە.
لە رۆمانەکەدا نازە باس لە (رۆژی هەنـار) دەکات لە گونـدە جـوانەکەیـان. وابـزانـم لە ئێستادا (رۆژی هەنار) بووە بە بۆنەیەکی ساڵانە لە شاری هەڵـەبجەدا بەڕێـوەدەچـێت. ئەم رۆژەم زۆر پێ جـوانە. من لە وڵاتی نەرویـج ـ لە شاری (ڤـۆس) دووجار ئامادەی (رۆژی سـەروپـی) بـووم. لـەو رۆژەدا لـە سەنـتـەری شـارەکـەدا مـەقـاڵـەی گـەورە و درێـژ دادەنـێن و سەروپـێی لەسەر دەبـرژێـنن. لە مەنجـەڵی گەورەشدا جـۆرەها گیاو و روەکی سـروشتی وەکـو دەرمـان دەکـوڵـێنن. هـەرکەسێک بچـێت بە لایانـدا فەرمـووی لێدەکەن کە تامیان بکەن. سەیـر لەوەدایـە کە خۆیـان زۆر حەز لە خـواردنی سەروپێ ناکەن. بووە بە نەریتێکی کولتووری تایبەتی خەڵکی ئەو شارە و شانازی پێوەدەکەن.
لە بارەی رێنـووسی رۆمـانەکەوە، لە زۆر شـوێنی رۆمـانەکەدا، رۆماننووس ئامـرازی پەیوەندیی (لە) ی نووساندووە بە وشەکەی دوایـەوە. ئەمە بە هـەڵـەیەکی رێنـووسیی دەزانـم. چـونـکە ئامرازی پەیـوەنـدی (لە، بە، و) نابێ بە وشەکەی دواوە و پێشەوەی بنووسـێنین، نابێت بنووسـین (لەکوردسـتان) بەڵکو (لە کوردسـتان) نابێت بنووسـین (بەبـەرد) دەبێ بنووسین ( بە بـەرد) نابێت بنووسین ( هەنـارو هەنجـیر) دەنـووسین (هەنار و هەنجـیر). گەر ئەو ئامرازانە نووسانە وشەوە دەبن بە بەشێک لە وشەکان.
کۆتـایی رۆمانەکەشی وەکو مەرجێک لە مەرجەکانی چـیرۆک و رۆمـان بۆ منـداڵان بە خۆشی کۆتایی پی هـێناوە. هەمـوو شاکارە رۆمانەکانی جیهـانیش بـۆ منـداڵان، کۆتایی رۆمـانەکانیان بە سەرکــەوتـنی پاڵـەوانەکە و بەخـۆشی و شـادی کـۆتـاییـان پێهـێناون.
حەزەکەم ئەوەش بڵـێم، تەنانەت شاکارە رۆمـانە جـیهـانییەکانیش بۆ منـداڵان لە سەدا سـەد لە هـەمـوو روویـەکەوە پێـرفـێکـت نیـن، خـاڵی لاواز و هـەڵـەشـیان تێــدایە.
لە کۆتاییـدا، جـوانتریـن پیـرۆزبـایی و دەستخـۆشی لـە خاتـوو پەیـام ئیـبراهـیم دەکـەم. بۆ ئـەم ئەزمـوونە سەرکەوتـوویـەی لە بـواری نووسـینی رۆمـان بـۆ منـداڵانی کـورد.