موتەلیب سەعید عومەر: حکومەت بێ منەتم لەو مافەی پێم نادەی..
ئەگەرچی بەندە هیچ کاتێک بڕوام بەوەنیە شتێک هەبێت بەناوی حکومەت، بۆ ئەم ڕایەش دەیسەلمێنم کە حکومەت بەمانا ئیداری و مۆراڵیەکەی لەکوردستان بوونی نیە و نەبووە بەدرێژایی 32 ساڵی ڕابووردوو ئەوەی هەبووە تەجروبەیەک بووە، ئەم ئەزموونە ساڵ بەساڵ بەرەو شکستو ئیفلیجی ئیداری، سیاسی، ئابووری هەنگاوی ناوە لەهە موو وێستگەکانی قۆناغی سیاسی دوای ڕاپەڕین تا ئەو سەردەمەی دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق و هەرێم لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری جێبەجێکرا، دەسەڵاتدارانی هەرێم پشتیان بەبودجە بەستبوو. ڕاستە بوودجە مافی هەموو گەلانی عێراق و کوردیشە لەو بەشە مافی خەڵکی کوردستانە وەک بەشێک لەعێراق، بەڵام گرنگترین مافێک کە مافی شایستەی خەڵکە پێدانی نەوتە بەهاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کەبەشێکی زۆر خەڵکی کوردستان لەم ووزەیە بێ بەشکراوە. ئەوەتا دوای سی و دوو ساڵ ئەزموون پڕ لەشکست، دەسەڵاتی خێڵەکی بنەماڵەیی، دوو حیزبی فاشل نەیانتوانیوە سادەترین مافی هاوڵاتیان وەک پێویست دابین بکەن بەتایبەتی کەرتی کارەبا و نەوت بەنمونە.
ئەز وەک هاوڵاتیەک زۆر بێ منەتم بەرامبەر ئەم حکومەتە لۆکاڵیە حیزبیە فاشلە کە نەیتوانیوە و ناتوانێت ئیدارەیەکی دروستی ئابووری سەربەخۆ بەڕێوە بەرێت، نەخواستی دابینکردنی نەوتی هەیە لەم وەرزە ساردەدا کە بەشێکی زۆر خەڵکەکەی لێی بێ بەشە. نەوت وەک دەوڵەمەنترین سەرچاوەی ووزە لەم وڵاتەدا کەزۆرترین کان و کانگای نەوت مان هەیە بەدەست بەدەست دوو بنەماڵە قۆرخکراوە لەڕابووردوودا دەیان گرێبەستی نەوتیان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانیەکان ئەنجامدا لەوان ئێکسۆن مۆبیل، ڕوز نەفت، گرێبەستی پەنجاڵ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لەسەردەمی کابینەی هەشت کەهیچ ئەنجام و خێرو بێرێکی بۆ خەڵکە ڕەشو ڕووتەکە نەبوو جگە لەگیرفان پڕکردنو تاڵانکاری.
ئەمڕۆ 09- 02- 2023 لەم خاکی پڕ لەکانزاو ووزە و پڕ واریدات بەرهەمەدا بۆ دووەمجار دووەمین بەرمیلێک نەوتم کڕی بەبڕی 235 هەزار، بەخوێن و هەوڵ و مافی پێشلکراوی خۆم و هەزارانی تر، لەکاتێکدا دەیان هەزار هاوڵاتی لەم هەرێمە توانای کڕینی 10 لیتر نەوت نیە، من وەک هاوڵاتیەک زۆر بێ منەتم بەم حکومەت فاشلە حیزبیە، بەڵام هەزاران هاوڵاتی ئەم وڵاتە چۆن بژین چۆن گوزەران بکەن لەهەمبەر ئەم ئیدارە فاشلە حیزبیەی خۆی ناو ناوە حکومەت.
ئێمە زۆرباش دەزانین لەسەردەمی حکومەتی بەعسی ڕووخاو نەوت ساڵانە بەتەوزیعات دەدرا بە هاوڵاتیان هیچ کەس کێشەی سووتەمەنی و خۆراکی نەبوو، بەڵام کێشەی سیاسی هەبوو، هەمیشە وتومە دەڵێم سەدام ستەمکار بوو، بەڵام ئیدارەیەکی تەندروستو ئابوورییەکی سەربەخۆی هەبوو. دەسەڵاتدارانی کوردستان جگەلە قۆرخکاری و ئیفلیجی ئیداری خاوەنی هیچ مۆراڵ و بەهایەکی حکومداری نین تابتوانین هاوڵاتیانی کوردستان لەسایەی ئەم ئازادیە بێ بەهایە نامرۆییە دا بژین.