حەمەئازاد بەرزنجی: دزییەکانیشمان لە دزی ناچێت و بوینەتە مەخسەرە.
لە کەناڵی ڕوداوەوە بڵاوکرایەوە ، کە گەشتیارێکی ئەڵمانی بە ناوی (سانتۆش ڕایدس ) بە ماتۆڕسکیلە یابانییەکەیەوە، کە زیاتر لە دەهەزار دۆلاری پێداوە. بەو نیازەی گەشتیک بەجیهاندا بکات. پاش ئەوەی زیاد لە بیست وڵاتی دیکە چوە، هاتۆتە هەرێمی کوردستانیش. هەر بە گەیشتنی بۆ هەولێری پایتەخت، یەکسەر لە بەردەمی ئەو ئۆتێلەی لێی دابەزیوە، حەیا چوخۆین ماتۆڕەکەیان لێدزیوە. ئەویش نەیکردۆتە نامەردی لە سایتەکان و میدیاکاندا، ئەم دەنگوباسەی بڵاوی کردۆتەوە و دونیای لێتێگەیاندوین. هەرچەندە بەدەستخۆشیەوە پاش چەند ڕۆژێک پۆلیسی هەولێر ماتۆڕەکەیان بۆ دۆزیوەتەوەو دزەکانیان دەسگیر کردوە. بەڵام پاش چی! پاش باران کەپنەک. پاش ئەوەی ناوی زڕاندین.
هەرچەندە لەهەمو وڵاتێک دزی هەیەو دزی زۆر گەورەتریش، بەڵام ئەم جۆرە دزییانە دەنگدانەوەی گەورەی هەیە بۆ شان و شکۆی حکومەتەکەمان باش نیە، گەر بەخەیاڵیاندا بێت. بوین بە مەخسەرە. گەر دەپرسی مەخسەرە چیە؟ مەخسەرە ئا ئەمە یە. کارێکی ناڕەوا بکەیت و سەرەرای ناڕەوایی و نابەجێیی کارەکەش، دەنگو باسەکەی بە خێرایی بە ناو شاردا بڵاو بێتەوەو بێت بە ویردی سەر زمان و، ببی بە نوکتە و جێ لاقرتی نەک ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیشت، بەڵکە سنور ببەزێنیت و بە هەمو جیهاندا دەنگ و باسەکەت بڵاو بێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە لە حەملەیەکی ئقلیمگیری ناوچەی شارباژێر لە سلێمانی، بە تایبەتی لە چواردەوری سیتەک کۆمەڵێ دز لە ماوەیەکی کەمدا چەندەها باخیان تاڵان کردوە. کەم کەس هەیە باخی هەبێت و بەر حەملەی ئەودزانە نەکەوتبێ. گوتەیک هەیە دەڵێ: ( جا دز بۆ دزی دەکات؟ دەڵێن لە برسا! ). سابەوەڵاهی ئەمانە لە برسان نەبوە، ئەوانەی تا ئێستا دەسگیر کراون دوو پیکاب و وەنەوشەیەکیان پێگیراوە. ئاخر بابە بە وەنەوشەوە ( جێبی بەرزی تۆیۆتا لانکرۆز ) بچیت بۆ دزیی، کەی لە برسایە! هەر چەندە ئەمیش بە دەستخۆشیەوە لەلایەن پۆلیس و ئاسایشی سیتەکەوە دەسگیرکراون. ئەوسا دزی بکرایە زیاتر لە ناو شارە قەرەباڵغەکاندا بو. کەی لەناو ناحیەو دێکاندا کلتوری دزی هەبوە. دەرگا و چەپەری لادێکان لە کۆندا هەمو هەر لەسەر پشت بوە و کراوە بوە. سیاج و دیوار کوا هەبوە هەر پەرژینێ یان تەیمانێ هەبوە. تەنانەت لەناو سلێمانیشدا، دوکاندارەکان کە دەچون بۆ نوێژ هەروا بە واڵایی دوکانەکانیان بەجێ دەهێشت یان کورسیەکیان لەبەردەم چونە ژورەوەی دوکانەکەدا دادەنا.
یەکێ لە وانەی ماڵەکەی دزراوە وتبوی چۆن بزانم چۆتە باخەکەم هەرچەندە کەلوپەلەکانی خۆیشم دەناسمەوە، ئەفسەرەکە وتبوی دەبێ دزەکە بڵێ چومەتە باخەکەی بەڕێزتەوە گەر بە بیری بێتەوە. کابرا وتبوی بۆچی بەبیری نایەتەوە، ئەفسەرەکە وتبوی کاکە ماڵ و باخەکان ئەوەندە زۆرن کە دزیونی، شوێنەکانی لێتێکچوە و بە بیری نایەتەوە لە ماوەی دو سێ هەفتەدا زیاد لە سی باخی بڕیوە. جا دەڵێن لەو ماڵ دزراوانە چەند ئەفسەرێکی پۆلیس و ئاسایشی تیادایە. یەکێ وتبوی چۆن دەبێ دزی لەوان بکرێ، بۆ نابێ خۆ ئەوانیش فەرمانبەرێکن لە وەزارەتی ناوخۆ و لەوێ باخیان هەیە خۆ خۆیان ئێشکگر و پاسەوانی خانو و باخەکانی خۆیانین. باشە ئەمەیش پچرانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و تێكچونی تان و پۆ و تەونی یەکێ لە پاکترین و بە خزمەترین و تێکۆشەرترین ناوچەیەکی کوردستان نیە کە ناوچەی شارباژێرە!.