پشتیوان عبدوڵا وەسمان: مردنێک بۆ ژیان.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
من لە ناو جەرگەی تەنگەژەی ئابوری عێڕاق و لە ناو گەرمەی شەڕی ناوخۆی هاوزمانەکانم لە ساڵی 1996, لە شوێنێکی تێکەڵ بە نەتەوەو ئاین و کلتورەکانی تر لە ناو جەرگەی پەراوێزخراو لە کارو ئاوەدانی و خۆشبەختی لە شاری دوز لە دایک بووم. ئەو ناوچەیەی من لێی ژیاوم، بە ناوچەی کارەساتبار و ماڵ وێرانی بەناوبانگە. لەزەمەنی شۆڕشدا لانکەی حەوانەوەو بەشێک بوون لەشۆڕش. بۆیە کاتێک ساڵی 1988 هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرامبەری هێزی سەدام توشی شکست هاتن، هێزەکانی سەدام بەوەوە نەوەستان، تەنها هێزەکانی پێشمەرگە لەناوچەکە ڕاو بنێت، بەڵکو کەوتە پیلانی دووەم کە ئەویش خاپوورکردنی تەواوی گوندەکانی ناوچەکەو کۆکردنەوەیان لە ئۆردووگا زۆرەمیلییەکان و سیستەمی برسیکردن و ژیانی مەگرەو مەژی. هەروەها 182 هەزار پیاو و ژن و منداڵی ئەو ناوچەیەی ڕەوانەی باشوور عێراق کردوو، بە پێی پرۆسەیەکی جینۆسایتی. زیندە بەچالی کردن.
سەدامی پاش ئەوەی ساڵی 1988 شەڕی لە دژی ئیڕان ڕاگرت، بەهۆی شەڕی چەندین ساڵەی لەگەڵ ئەو وڵاتە، توشی زیانی زۆریی دارایی و ئابووریی بووەو قەرزێکی زۆری هاتە سەر، سەرشێتانە توشی سیاسەتێك بوو، هەڵەی بەهەڵە چاک کرد، بەلاماری کویەتی دا. پەلاماردانی وڵات کووەیت، سەدامی هێندەی تر لە ڕووی سیاسەوە گۆشەگیر کرد، هەروەها بوو بەهەلێک لە تەواوی عێراق ڕاپەرينی سەرتاسەری بەرپا ببێت، لە ناوچە کوردییەکان بەرەی کوردستانی و ئامادەباشی خەڵک بۆ کۆتا هێنانی دەسەڵاتی زووڵم و ستەمی بەعس، لە 5. 3. 1991 ڕاپەڕین دەستی پێکرد. ڕاپەڕینەکە هەرچەندە پاش مانگێک شکستی هێنا، بەڵام دەستکەوتی مرۆیی و یاسایی جیهانی بەدەست هێنا. ئەوە بوو، نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاری 688 دژە فڕینیان سەپان بەسەر سەدامدا، ئەم بڕیارە سەدامی ناچارکرد، لەو ناوچانە بکشێنەوەو، حیزبە کوردییەکان پاش ساڵێک توانییان هەڵبژاردنی پەڕلەمان و پاشان حکومەتی ناوچەییان دامەزراند.
ژیانمان تۆزێک گۆرانکاری بەسەردا هات، تا ماوەیەک لە خەونی قوڵی دەوڵەت و گۆرانکاریی حوکمی کورد و دوور کەوتنەوە لەدەسەڵاتی داگیرکەری کورددا بووین، کاتیک بەخۆمان زانی دەسەڵاتی کوردی تەنها لە ڕووی فیزیکییەوە گۆڕاوە، جاران عەرەب بوو، ئێستا کورد. سەرانی کورد نەیان توانی:
1- نەیان توانی بەپێی بنەمایەکی زانستی و سەردەمیانە، پلانیان بۆ ئاوەدان کردنەوە هەبێت. شوێنە تەواو کاولبووەکان، لانی کەم لەڕوووی کستووکاڵەوە پلە بە پلە ئاوەدانی بکەنەوەو، خەڵکی بگەیەن بە کار و لە بێ کاریی بیانپارێزن.
2- ئەجندای دیموکراسی بپاریزن و جارێکی تر خەڵکی و کورێ خەڵکی نەدەن بەکوشت لە پێناو مەرامی سیاسی.
3- مافی مرۆڤ، کە بنەمای خواستی خەڵک بوو، پایەکانی پتەو بکەن، نەیان کرد و خۆیان زیاتر پێشەلیان کرد، وڵاتیان کردە مافیا گەریی.
4- ڕاوو و ڕووت و گەندەڵی و دزی گەورە، تەنها سەرانی کورد پێشەڕەویی بوون و تا ئیدارەی هەرێمیان وا لێکرد، گەندەڵی دای بڕزێنێت و بیرکردنەوە لە چارەسەری ببێتە گریمانە.
5- بە هۆی ئەوەی بە ئێستاشەوە ئەزموونی وڵاتداریان نەبووەو نییەو تەنها بیریان لە پڕکردنی گیرفانیان کردەوە، نەیان توانی لەماوەی سی ساڵی رابردوودا کۆمەڵگایەک لەسەر پێ ڕاوەستاو، نەک مۆدێرن بنیاد بنێن.
6- بەهۆی سەرقڵی ژیانی خۆیانەوەو، نەیان توانی لایەنی دیبلۆماسی گەشە پێبدەن و ئامانجە دوورەکانی خەڵکی کورد بپارێزن.
سەرئەنجام ئێستا وردە وردە وا سۆزی خەڵکی لەدەست دەدەن و بیر لەو ئامانجە دەکەنەوە، کە بە خوێن هاتوون دەبێت بە خوێن بڕۆن. ئەم بیرکردنەوەیە، ئەنجامێکی درندانەی بەدوای خۆیدا هێناوەو، کە وەک دەسەڵاتێکی پۆلیسی حوکم بکەن. هەرچی ڕەخنەییان لێ بگرێت، ئەمان لە ڕووی یاساوە بە خیانەت و جاسوسیی بێگانە بیدەنە قەڵەم و هەرچی ئیجرائاتی نامرۆڤانەیە بەرامبەریان بکەن. بڕوانن هەر لە سەردەشت عوسمانەوە تا گیراوانی بادینان بەهۆکاری ئەوەی تەنها ڕەخنەیان گرتووە، تیرۆریان دەکەن و بەسەماتی ناپاکیان دەدەن پاڵ و لە کونجی زیندان دەیانخزێنن.
دەسەڵاتیک ئەمە ئامانج و کردەوەی بێت، هەرچاوەڕوانی ئەوەی لێ ناکرێت لەڕێی دیموکراسییەوە بگۆڕدرێت. بۆیە دەبێت گەل هۆشیارانە لەگەڵ ئەمانەدا مامەڵە بکات و بەدوای دەڕەچەکانی تردا بگەرێت. بەڵام بێ ڕشتی خوێن.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە