لەتیف ئەمین: خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی(بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا.
دەرهاتن لە قاوغ و قەپێلکی جەهالەت و ڕزگاربوون لە دۆگم و دواکەوتوویی و چەقبەستوویی هزری و بێداربوونەوە لە خەوی خورافە، ئاسان نییە، بەڵام ئەستەمیش نییە. وشکەباوەڕی و وەستان لەسەر یەک دید و تێڕوانین و بۆچوون و باوەڕ، عەقلی مرۆڤ پەک دەخات، بیری مرۆڤ پووچ دەکات. بەپێچەوانەوە، گومان و گەڕان و خوێندنەوە و لێکۆلینەوە و کنە و پشکنین و بەدواداچوون، دەرگا بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤ دەخەنە سەر پشت، مرۆڤ لە توونێلی تاریکی و زەلکاوی نەزانی ڕزگار دەکەن.
نووسەر(شەماڵ بارەوانی) بە زمانێکی سادە و ڕوون و ڕەوان و بێ گرێوگۆل، بیرەوەری و بەسەرهاتی قۆناغێکی دیاریکراوی ژیانی خۆیمان لە دوتوێی کتێبێکدا، بە ناونیشانی(بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا) بۆ دەگێڕێتەوە. باسی ئەوسەردەمە دەکات کە لە حوجرە و قوتابخانە ئایینییەکانی شاری هەولێر فەقێ بووە، ساڵانێکیش لە گەلێک ناوچە و گوند و شوێنە جیاجیاکانی کوردستان پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوت. نووسەر، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، سەرەتا فەریکەفەقێیەکی تەکفیری و ڕادیکاڵ و توند و دەمارگیر بووە، بەڵام فەقێیەکی پرسیارکەر بووە، تاسە و تامەزرۆیی بۆ زانین و خۆپێگەیاندن و خۆ پەروەردەکردن هەبووە. فەقێیەکی خوێنەر و کونجکۆڵ(فزوولی) بووە، وەک خۆی باس دەکات، سلی لە خوێندنەوەی هیچ کتێبێک نەکردۆتەوە، بێ ترس و دوودڵی، لەوپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەوسەری چەپ، لە خوێندنەوەی کتێبەکانی مارکس و نیچە و شۆپنهاوەر و کافکا و سارتەر و هەرچی سەرچاوە و کتێب هەیە سەبارەت بە مارکسییەت و ئیلحاد و عەدەمیەت نووسراون، تا زۆربەی ئەو کتێبانەی کە ڕادیکاڵییەکانی وەک ئیبن تەیمییە و ئیبن قەییم و عەبدوللا عەزام و زۆری دیکەشی خوێندووەتەوە.
نووسەر، سەرکێشی لەگەڵ فیکر و فەلسەفە و ئایدیا جیاوازەکان کردووە، لە ڕووباری بە خوڕی زۆر مەزهەب و بیروباوەڕ پەڕیوەتەوە، لە زۆر پێدەشتی باوەڕی دڕ و دڕکاوی دەرباز بووە، لە دەرگای هەرچی قوتابخانەی فیکری و فەلسەفی هەیە چووەتە ژوور، سەری لە ماڵی هەموو دژەباوێک داوە.
نووسەر، وەک لەبیرەوەرییەکانیدا باس دەکات، دوای خوێندنەوە و گەڕان و بەراوردکاری نێوان ئایینەکان و بیرکردنەوە و تێڕامانێکی زۆر، بە میتۆد و لۆژیکی زانستی، نەک بەهۆی ڕق و کاردانەوە، تووشی گۆڕانی فیکری بووە. گۆڕانێکی کتوپڕ و لەخۆڕا نا. وەک شێخی سەنعان، بەهۆی سۆز و ئەڤین و شایدابوونەوە نەگۆڕاوە، شێخی سەنعان، شێخێکی دیار و ناودار بووە و(٥۰۰) موریدی هەبووە، (٥۰) جار حەجی کردووە، لەپڕێکدا عاشقی کچە مەسیحییەک دەبێت و لە دین وەردەگەڕێت و بەگەل دڵبەرەکەی دەکەوێ و دەبێتە بەرازەوان.
وەک لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژەی پێ کردووە، قۆناغی یەکەمی گۆڕانە فیکرییەکەی نووسەر، بە قورئانیبوون دەست پێدەکات. قورئانییەکان ئەوانەن کە بۆ تێگەیشتن لە ئایین، تەنها پشت بە ئایەتەکانی قورئان دەبەستن، فەرموودە و سەرچاوەکانی کەلەپوور و ڕای ئیمام و پێشەوای مەزهەبەکان ڕەت دەکەنەوە، تەنها قورئان بە سەرچاوەی تەشریع دادەنێن.
نووسەر لە قۆناغێکی تردا بە موعتەزیلەکان سەرسام دەبێت. موعتەزیلەکان گرووپێکی کەلامی بوون، بڕوایان بە پشتبەستن و گەڕانەوە بۆ عەقل هەبووە بۆ شیکردنەوە و تێگەیشتن لە دەقە ئاینییەکان و بڕیاردان لەسەر کاروبارەکانی ژیان.
نووسەر لە بەشێکی یادداشتەکانیدا باس لەوە دەکات، لە حوجرەکاندا وانەی فەلسەفەی بە هاوڕێ فەقێکانی گوتووەتەوە و کاریگەریشی هەبووە لەسەر هزر و بیرکردنەوەی هاوڕێکانی و چەندین فەقێ بەهۆی ئەوەوە تووشی گۆڕانی فیکری بوونە. بەهۆی ئەمەوە تووشی کێشە بووە لەگەڵ مەلاکان، چونکە خوێندنی فەلسەفە و لۆژیک و ئەو بابەتانە لای پیاوانی ئایین مەترسیدارە، وەک باوە، دەڵێن: “من تمنطق، تزندق” ئەوان پێیان وایە فەلسەفە هەڕەشەیە بۆسەر ئایین، گوایە مێشکی مرۆڤی بڕوادار تێک دەدات و تووشی گومان و گومڕایی دەکات.
ئەم فەقێیە، ڕۆژبەڕۆژ هەوڵی داوە خۆی لە کۆتوبەندی ئایین و ئایدیۆلۆژیا ڕزگار بکات، هەوڵی داوە بێ ماسک و ماکیاژ ڕا و سەرنجەکانی خۆی لەسەر ئایین و ئیمان و ئازادییەوە دەڕبڕێت. وەک لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژەی پێداوە، لە فەقێیەکی حافزقورئانەوە بازی داوە بۆ کەناری لائیکبوون، لە ئیسلامییەکی پابەند و داخراو و دەقگەراوە بۆ مرۆڤێکی ئازادیخواز، کە بڕوای بە پێکەوەژیان و پلوراڵییەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی هەیە. دواجار، بەهۆی نەچوونە ژێر باری عەقلی مێگەل و ئەنتی باوی و یاخیبوون و هۆشیاری و بوێری و سلنەکردنەوە لە گوتنی ڕاستییەکان، تۆمەتی مولحیدبوون و بێدینی و کافربوون و زەندیق و زەردەشتی و ئێزدی و گومڕایی ئاراستە کراوە. بەڵام ئەو کۆڵی نەداوە و ئەم تۆمەتانە کاریان لێی نەکردووە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەم تۆمەتانە بێت، وەکو تەنزێک، ناسناوی فەقێی گومڕای بۆ خۆی داناوە.
لەگەڵ هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەکی ئەم کتێبە، گوزەرێک بەنێو ژیان و بەسەرهات و یادداشت و بیرەوەری و فیکری فەقێیەک دەکەین، فەقێیەک لە لوتکەی دۆگمایی و فێندەمێنتالیستییەوە، بۆ مرۆڤێکی سیکۆلار و لیبراڵ و عەقلگەرا. فەقێیەک، لە دژایەتی ژنەوە بۆ سەنگەری فێمێنیستان و هەوڵدان بۆ سەربەستی ژن و دژایەتیکردنی عەقلی نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی و چەوساندنەوە و بە کەنیزەککردن.
ئەم کتێبە، بیرەوەری فەقێیەک دەگێڕێتەوە، کە تا سەر ئێسقان دژ و دوژمنی ئازادیخوازان و ڕۆشنگەران و شاعیران بووە، تەنانەت خۆزگەی ئەوەی خواستووە کە ئەگەر بێت و ڕۆژێک دابێت دەوڵەتی ئیسلامی دابمەزرێت، بۆئەوەی بەدەستەکانی خۆی سەری فلان نووسەر و کەسایەتی ببڕێت، بەڵام دوای گۆڕانە فیکرییەکەی، شتەکان پێچەوانە دەبنەوە، دەبێتە هاوڕێ و هاوبیر و هاوسەنگەری هەمان ئەو کەسەی کە بەڵێنی بەخۆی دابوو سەری ببڕێت.
لەگەڵ بیرەوەرییەکاندا، نووسەر شیکردنەوەی بۆ چەمکەکانی ئیلحاد و ئەتایست و لائیکبوونیش دەکات. هەروەها باس لە ڕوانگە و جیهانبینی موعتەزیلەکان و قورئانییەکان و عەدنانییەکان و ئەشعەرییەکان و مەزهەبی شافیعیش دەکات.
ئەم کتێبە پێمان دەڵێت، گۆڕانی فیکری ئەستەم نییە، هەژانی هزری ئەگەری ڕوودانی دوور نییە. ئەم کتێبە پێمان دەڵێت، دەکرێ لە قۆناغێک، لە ڕۆژگارێک، لە وێستگەیەکی ژیاندا، مرۆڤ لە گۆمی مەنگی نا ئاگایی و نەزانیدا مەلە بکات، لە خەون و خەیاڵی خورافەدا ڕۆ بچێت، لە بەستەڵەکی ئایدیۆلۆژی بتەزێت و بخزێت، هزر و بیری سڕ ببێت، بەڵام تا هەتایە نا، بۆئەبەد نا، ڕۆژێک هەردێت، تیشکی خۆری ڕۆشنگەری، شەختەبەندی دەمارگیری و ئایدیۆلۆژی بتوێنتەوە، ڕۆژێک هەر دێت، چرای زانست و زانیاری، ئەشکەوتی بیری کۆنخوازی پڕکاتەوە. وەکچۆن ئێستا شەماڵ بارەوانی، دوای خوێندنی حوجرە و تەواکردنی کۆلێژی شەریعە و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە فەلسەفەی ئیسلامی، خاوەنی سەدان وتار و بابەتی ڕەخنەیی و فیکری و سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و باس و بابەتی جۆراوجۆرە و لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکوردییەکان بابەتەکانی بڵاو دەبنەوە. جگە لەمانە، نووسەری ئەم کتێبە تا ئێستا خاوەنی سێ بەرهەمی شیعرییە، ئەم کتێبەشی بەرگی یەکەمی(بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا)یە، بەرگی دووەمیشی لەژێر چاپدایە. داوا لە خوێنەرانی کتێب و شەیدایانی ئازادی بیروباوەڕ و ڕۆشنگەری و عەقلانییەت دەکەم، ئەم کتێبە بخوێننەوە.