رەسوڵ بۆسكێنی: بەرژەوەندی زلهێزەكان و چارەنووسی كوردستان.
لەو ڕۆژەی زلهێزە ئەوروپاییەكان چاوی تەماع و بەرژەوەندیان بڕیوەتە ڕۆژهەڵات، شێلگیرانە هەوڵ دەدەن زیاتر پێی خۆیان لەڕۆژهەڵات بچەسپێنن، ئەمەش بەچەند قۆناغێك دەستی پێكرد، سەرەتا بەهۆی كێشەو ململانێی نێوخۆو لاوازبوونی ئێران و ئیمپڕاتۆری عوسمانی، ڕووسیا چاوی بڕیە خاكی ژێر دەسەڵاتی ئێران و عوسمانی و ویستی لەسەر حسابی ئەوان خاكەكەی فراوان بكات، لەنیوەی دووەمی سەدەی هەژدەوە كەوتە پەلاماری خاكی ئێران و عوسمانی و دوای شكستەكانی دەوڵەتی عوسمانی دەسەڵات و پێگەی ڕووسیا بەسەر دەریای ڕەش و تەنگەبەرەكانی بۆسفۆڕ و دەردەنیل زیادی كرد، لەگەڵ ئەوەشدا مەبەستی سەرەكی ئەوە بوو، بگاتە ئاوە گەرمەكانی كەنداوی عەرەب و دەریای ناوەڕاست، ئەمەش بووە هۆی وروژاندنی زلهێزەكانی دیكەی ئەوروپا، لەوانەش فەڕەنسا و بەریتانیا، ئیتر فەڕەنسا بۆ پەرەپێدانی زیاتری بەرژەوەندیەكانی بەرەو ڕۆژهەڵات ڕووی وەرگێڕاو دواتریش بەداگیركردنی میسر زیاتر پەرەی بە ململانێ و ڕكەبەرێیەكەدا، بەریتانیەكانیش بەهەمان ئاراستە هەنگاویان و دواتر بەدامەزراندنی یەكەم نشینەگە (موقیمیە) لەمەسقەت توانی پێگەی خۆی لەكەنداو جێگیر بكات، پێشتریش كەوتبوونە بیری پەلهاویشتن بۆ سەرووی كەنداو، بەهۆی دەوڵەمەندی سامانی سروشتی و پێگە ستراتیژیەكەی عیراق بڕیاریاندا بەدامەزراندنی نشینەگەی (كۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی بەریتانی) لەبەغدا، ئەمە سەرەتایەكی هەستپێكراوە بەگرنگیدانی بەریتانیا بەكوردستان، لەچوارچێوەی گرنگیدانی بەرۆژهەڵات، دواتریش لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكان گرنگیدان بەنۆكەندی سوێس و ڕێگای ڕۆژهەڵات، دەسەڵاتی بەریتانیای لەناوچەكە بەهێز كرد، چونكە ئەم ڕێگایە شادەماری هاتوچۆی نێوان بەریتانیا و هیندبوو.
پشتگیری لەشۆڕش و ڕاپەڕینی نەتەوەكانی باڵكان، لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم دووبارە ڕووسیای هێنایەوە مەیدان، سەركەوتنەكانی ڕووسیا بەسەر دەوڵەتی عوسمانیدا لەئەنجامی هەڵگیرسانی شەڕ و نزیك بوونەوەی ڕووسیا لەئاستانە، مۆركردنی پەیماننامەی سانستیڤانۆ، گەلێ بەندی قورسی خستەسەر شانی دەوڵەتی عوسمانی، بووە هۆی وروژاندنی زلهێزەكانی تر بەتایبەت بەریتانیا، ئەمەش وایكرد لەڕێگای پەیمانێكی نهێنی نێوان بەریتانیاو عوسمانی دورگەی قوبرسی دەستكەوت لەبەرامبەر بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی ڕووسیا، ئەمەش زیاتر بەریتانیای لەڕۆژهەڵات نزیك كردەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی.
دواتر هاتنە ناوەوەی ئەڵمانیا و كاركردنی لەتەك بەریتانیا و نەمسا بۆ بەرهەڵستكاری ڕووسیا لەباڵكان ئەڵمانیای هێنایە ناو مەیدانی كێشەی ڕۆژهەڵاتەوە، توانی ببێتە یەكێك لەدەوڵەتە پێشكەوتووەكان لەپیشەسازی ئامێر و سەربازیدا، بەمەش دەوڵەتی عوسمانی زیاتر پاڵی دایە لای ئەڵمانیا و كاریگەری ئەڵمانیا شێوەی جۆراوجۆری وەرگرت، تا پێدانی مافی دامەزراندنی هێڵی شەمەنەفەر بەرلین- بەغدا، ئەوە زلهێزەكانی هەراسان كردو بووە هۆی نزیك بوونەوەی بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕووسیا، سەرەڕای ئەوەی بەریتانیا نەیاری سەرسەختی ڕووسیابوو، لەئەنجامدا هەڵگیرسانی جەنگی یەكەمی جیهانی هاتەئاراو هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دابەشكردنی لەنێوان زلهێزەكان زیاتر خۆیان لەڕۆژهەڵات چەسپاند، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش وەك زلهێزەكانی تر پشكی خۆی هەبوو، لەململانێ و ڕكەبەرێتی نێوان زلهێزەكان لەچوارچێوەی كێشەی ڕۆژهەڵاتدا، بەبیانوی پاراستنی بەرژەوەندی بازرگانی لەمەترسی هێرشە چەتەگەریەكان لەدەریای ناوەڕاست.
بەهۆی هاتنەسەركاری بولشەویكەكان رووسیا لەشەڕی یەكەمی جیهانی كشایەوە، بەڵام هاوپەیمانەكان و بەتایبەت بەریتانیا بەهەموو شێوەیەك كەوتە بەرپەرچدانەوەی ڕووسیا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە ڕووسیا تائێستاش ویستی گەیشتنی بەئاوەگەرمەكانی كەنداوو دەریای ناوەڕاستی هەیە، بەریتانیاو هاوپەیمانەكانیش دەیانەوێت بەهەموو شێوەیەك ڕێگا لەهەر جموجۆڵێك دەگرن ببێتە هۆی جوڵاندنی ئەم مەسەلەیە، تەنانەت كاتێك مەسعوود محەمەد لە ساڵی 1953 داوا لەنوری پاشا لەعیراقی دەسندەی بەریتانیا دەكات، بۆ كردنەوەی ڕێگای نێوان كۆیەو ڕانیە، كێشە دێتەپێشەوە، لەفایلەكانی مدیریەتی حەرەكاتی وەزارەتی دیفاع تەقریرێك هەیە لەبارەی ئەو ڕێگایەوە دەڵێ كردنەوەی ڕێگای كۆیەو ڕانیە خەتەر پەیدادەكا بۆ نەوتی كەركوك، مایەی سەرنجە لەپڕۆژەیەكی وابچووكدا ستراتیجیەتی سوپای عیراق نەزانێ ئەگەر ڕووس هێرشی هێنا، ئەو چل كیلۆمەترەی نێوان كۆیەو ڕانیە نابێتە لەمپەڕێكی نیو سەعاتیش بۆ سوپای سەردەمی نەوەوی، سەرەڕای ئەوەی ڕێگای تریش هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سوورن لەسەرئەوەی بەهەر شێوەیەك بێت ڕێ لەپەلهاویشتنی هەر هێزێك بگرن بێتە ڕۆژهەڵاتەوە.
لەدوای سەركێشیەكانی سەدام و شەڕی هەشت ساڵەی عیراق- ئێران و داگیركردنی كوێت لەلایەن عیراقەوە، دووبارە دەرفەتی زێڕین بۆ هاوپەیمانەكان هاتەوەئارا، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرفەتیان لەدەستنەداو لەگەڵ داگیركردنی كوەیت لەلایەن سەدامەوە، دووبارە هەوڵەكانیان لەڕۆژهەڵات تازە كردەوەو لەوكاتەوە بەهەر بیانویەك بێت نایانەوێ ناوچەكە جێ بهێڵن.
سەرەڕای بەرەی هاوپەیمانان بەرەی ڕۆژهەڵاتیش، كە ڕووسیا و چین و ئێران و هاوپەیمانەكانیان بەهۆی نەوتو غازو پێگەی سروشتییەوە هاوشێوەی هاوپەیمانان دەستبەرداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابن، هەوڵی مۆسکۆو پەکینو تاران مەترسیی ئەوە دروستدەکات عێراقیش بەو هەموو سامانە دەوڵەمەندەیەوە بچێتە پاڵ ئەو هاوپەیمانییە نوێیە، بەتایبەت کەخەڵکی عێراق دژ بەداگیرکاری ئەمریكان.
دیارە بەدرێژایی مێژوو لەهاتنی هاوپەیمانەكان بۆ ڕۆژهەڵات، كورد هیچ خێرێكی لەدەستیان نەبینیوە، بۆ بەدەستهێنانی مافی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی، ئەگەرچی كورد خۆی ئەو ئامادەییەی تێدانەبووە، بەڵام ئەوانیش هەنگاوی پێویستیان بۆ ئەو مەسەلەیە نەناوە، تاهاوكاربن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەبەخۆ بۆ كوردو ڕزگاربوونی لەدەست چەوساندنەوەی نەتەوەی سەردەست و دەوڵەتە چەوسێنەرەكان.
بیرهێنانەوەی هەموو ئەم ڕاستیانەی سەرەوەو زۆری تریش بۆ ئەوەیە بزانین، هاتنی هاوپەیمانان بۆ عیراقو ناوچەكە لەسەردەمی تازەدا، سەرەڕای بەخەرجدانی تواناو داهاتێكی زۆر، هەزاران لەئەفسەرو سەربازەكانیان بوونە قوربانی و گیانیان تێداچوو، ئەگەرچی ئەمجارەیان كورد بەهۆی بارودۆخی تایبەتی و بوونی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە، لەسایەیدا سەرەڕای ژیانێكی ئارام پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانی پێكهێناوە، بەڵام بێگومان ئەمە لەبەر خاتری چاوی كاڵی كوردنیە، بەڵكو لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیانە، گرنگە كورد لەوە تێبگات و بتوانێت خۆی لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزەكان و بارودۆخەكە بگونجێنێت، هەر هەڵەیەك لەلایەن بەرپرسانی كوردەوە دەبێتە كارەساتێكی خۆكوژی، سەرەڕای پاراستنی كورد لەلایەن هاوپەیمانانەوە، بەڵام یەك هەڵەی پێچەوانەی بەرژەوەندی ئەوان، كورد دەكرێتە قوربانی بەرژەوەندیەكانی خۆیان، هەروەكو چۆن كاتێك حكومەتی هەرێم بەپێداگری پارتی دیموكراتی كوردستان ویستی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات بۆ سەربەخۆیی، ئەمریكا ئامۆژگاری سەركردەكانی كوردی كرد، واز لەم بیرۆكەیەبێنن، هیچ نەبێت هەڵی بگرن بۆ كاتێكی تر، بەڵام كورد سەركێشی كردو ڕیفراندۆمەكەی ئەنجامدا، هەرئەوەش نا، بەڵكو بۆئەوەی بەئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بڵێت ئێمەش شتمان لەدەست دێ و دەتوانین دژایەتی خۆمان لەگەڵ ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی پەرە پێ بدەین، بەڕێز نێچیر بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئاشتی هەورامی خۆیان گەیاندە ڕووسیاو گرێبەستی دەرهێنانی نەوتیان بەكۆمپانیای(ڕووس نەفتی) ڕووسی سپارد، كەچی ئەمەبووە بەڵایەك و ڕیفراندۆمەكەشی لەناوبردو هەرێم لەسەداپەنجاویەكی خاكەكەی لەدەستداو خەڵكەكەشی تووشی نەهامەتی كرد، پشكەكانی كۆمپانیای ڕووس نەفتیش دابەشكران.
ئێستاش سەرەڕای تەماعكاریەكانی ڕووسیا، دەوڵەتی چینیش جوڵەو پەلهاویشتنەكانی زیادكردووە، ئەمەش بۆتە جێگای مەترسی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، كەچی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی گیرۆدەبوونی بەتەنگژەو بارودۆخی نالەباری هەرێم لەگەڵ ناوەند دووبارە خەریكە هەڵەیەكی گەورەتردەكات، وەك لەڕاگەیاندنەكان بڵاوكرایەوە چەند ڕۆژ لەمەوپێش د.محهمهد شوكرى، سهرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان، ڕایگەیاندووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای گێژۆبای چینی كردووە، ئەویش ئامادهیی نیشانداوه بهسهرمایهی 10 ملیار دۆلار وهبهرهێنان پهیوهست بهرێگاوبانی خێرا، هێلی شهمهندهفهر، كارهباو بهنداو ئهنجامبدهن، ئهو کۆمپانیا چینییە یەکێکە لەکۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان و وەبەرهێنانی لەچەندین وڵاتداکردووە، ئێستاش لەهەماهەنگیدان لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی کار لەسەر پەرەپێدانی بوارەکانی رێگاوبان و چهند بوارێكی دیكهدا بکەن، لەكاتێكدا هەموومان دەزانین وڵاتی چین و پەلهاویشتنەكانی لەلایەن ئەمریكاو هاوپەمانەكانی وەكو مۆتەكەیەك سەیر دەكرێ و بەهەموو شێوەیەك بەرەوڕووی دەوەستن.
بێگومان لەهەر گۆڕانكاریەك پرسی كورد لەسەر مێزی دانوسانەكان دەبێت، پێویستە ژیرانە بیركردنەوەو تێگەیشتنی واقیعی مێژوویی لەناوچەكە ڕەچاوبكرێت و وێرانكاری و قوربانیەكانی لەبەرچاوبگیرێن، بەتایبەت دەستێوەردانە دەرەكیەكان، كەهەمیشە قوربانی و زیانی گەورەی بۆ كوردو ناوچەكە لێكەوتۆتەوە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی وردبینانەو ژیرانە بنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی حكومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان، كورد دەبێ ژیرانە ئاسۆی داهاتوو ببینێت، ڕێگا بەنیازی خراپ و پیلانی دوژمنان نەدات و كێشەو ململانێی نێوانیان نەهێڵن، لەپێناوی ڕێكەوتنی ئابووری لەگەڵ هەر لایەنێك بەرژەوەندی وڵاتەكەمان لەگرەو نەنێت.