سیروان حەمەساڵح: ئازادی ڕۆژنامەگەری و هەرێمی کوردستان.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ سەر بە عێراق، دەبێت لەڕوی دەستورییەوە پابەندبێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی عێراق سەربارەت بە مافی پاراستنی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین و کردنەوەی دەرگای زانیاری بۆ هەر ڕۆژنامەنوسێک بیەوێ هەواڵێک ئامادە بکات بێ دانانی هیچ هێڵێکی سور، ئەمەش لە پێناو سەرکەوتن و بەردەوام بونی دەستەڵاتی چوارەم وەک دەستەڵاتی چاودێری، وە ئامانجی گەورەتر پێکهێنان و دستەبەرکردنی بنەماکانی دیموکراسیەتە و بەرهەمهێنانی وێنەیەکی جوانی ئازادییەکانە.
لەم ڕوانگەیەوە هەرێمی کوردستان کە دابەشبوە بە دوو زۆن و دوو دەستەڵات نەک هەر بنەماکانی دیموکراسی بۆ ئازادی ڕۆژنامەنوسیی و ڕادەربڕین نیە بگرە لەسەر ساناترین ڕادەربڕینی تاک وەک بەشداری کۆمێنتێک ڕوبەڕوی هەڕەشە و زیندانی دەبیتەوە، بە جۆرێک دابەشبوە کە دەتوانین بڵێین قێزەونترین و نامۆترین فۆرمیان بەرهەمهێناوە لە نێوان دوو زۆنی دژبەیەکدا، بۆ نمونە گەر دانیشتوی زۆنی زەرد بیت و لەو سنورەدا بیت دەتوانی هەمو شتێک بۆ زۆنی سەوز بڵێی. بەڵام بۆ زۆنی زەرد مافی بچوکترین دەربڕینت نیە لەسەر کەسەکان و ناتوانیت ناوی کەس بڵێیت ئەگەر ئارگۆمێنتی کۆنکرێتیش لەبەردەستدا بێت و دادگاش هەر بریتیە لەو دەستەڵاتە خێڵەکیەی کە هەیە، بەهەمان وێنە وەک کۆپی کراو لە زۆنی سەوزیشدا هەمان دۆخ و ژینگە هەیە ناتوانی وەک ڕۆژنامەنوسێک بەڵگەکان بخەیتە ڕوو، لە دواجاردا توشی دەیان کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابوریت دەکەنەوە و تا دەگاتە زیندانی کردن و ڕاوەدونان و تیرۆر.
بەشێکی تری یاری قێزەونی ئەم دوو دەستەڵاتە بریتیە لەوەی کە ڕۆژنامەنوسێک لە زۆنێکدا توشی ڕووبەڕووبونەوە دەبێت بە ناچاری و بۆ مانەوەی لە ژیان تەنها دوو ڕێگەی لەبەردەمە یان دەبێت بچێتە زۆنەکەی تر یان دەبێت هەڵبێت و ڕوو لە هەندەران بکات، کۆمیدیاکە لەوەدایە کە لە زۆنێک هەڵدێی و دەچیتە زۆنەکەی تر هەمان کەس لەو زۆنە ڕۆژنامەنوس بێت و بەڵگەی خستبێتە ڕوو دەبێت هەڵبێت و ڕوو لە زۆنەکەی تر بکات، ئێستە بە گشتی کاری نوسین و چاودێریکردن و ڕۆژنامەنوسی و ڕادەربڕێن و خۆپیشاندان لە دۆخێکی تەواو ترسناکدایە و نوسەر ڕۆژنامەنوسەکان و چالاکەوانانی مەدەنی تا دەگات ڕادەربڕینی کەسێکی ئاسایی لەوە تێگەشتوون کە هەڵهاتن بۆ زۆنەکەی تر هەمان یاری دووبارە دەبێتەوە تەنها ڕێگەی دروست بۆ هەڵهاتن لەو دۆخە هەڵهاتنە بۆ هەندەران، کە ئەگەر سێرچێک بکەین ئەوا دەبین لەم ساڵانەدا چەند ڕۆژنامەنوس لەسەر کاری ڕۆژنامەنوسی و بەڵگە هەڵاتون و ڕوویان لە هەندەران کردوە، ئەمە تا دەگاتە کەسێکی ئاسایی کە پۆستێک دەکات لە شۆسیال میدیا و ئەگەر ناوی بردبێت دیسان هەمان چارەنوسی چالاکەوانی و مەدەنی و ڕێکخەرانی خۆپیشاندان و ڕۆژنامەوانەکانی هەیە و دەبێت هەڵبێت و ڕوو لە هەندەران بکات تا ژیانی پارێزراو بێت، زۆر کات هەر بەمەوە ناوەستن دوای هەڵهاتن فامیلی و کەس و کاریان ڕووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت