سەلامە موسى: خەونی فەیلەسوفان/ بەشی دووەم.
وەرگێڕانی: عیماد عەلی
خەونی تۆماس مۆر
پاش مردنی گریک ئازادی فیکری لە سەرجەم جیهاندا مرد، جگە لە تروسکاییەک لای عەرەب مایەوە، کەبە پێی زەمان و شوێن تروسکەی دەهات و دەکوژایەوە. گریکەکان بوێر بوون، لە خەیاڵدا سەرکەشییان دەکرد و هیچ گوێیان بە خوداوەند و خەڵک نەدەدا. لەبەر ئەوەی خوداوەند و خەڵک بە هەردووکیان ئەو دەسەڵاتەیان نەبوو کە دواتر پەیدایان کرد، واتە لە پاش دەرکەوتنی کریستیان و ئیمبراتۆر و پاشاکان دەسەڵاتەکانیان پەیداکرد. خوداوەندەکانی گریک ژمارەیان زۆر بوو، هەر یەکەیان تایبەت بوو بە کارێک، ئەم خوداوەندانە ئەو رێزەی خوداوەندی کریستیان، یان خوداوەندی ئیسلامیان نەبوو، یان هیچ سەروەریەکی ئۆتۆکراتیەکانیان نەبوو و هەموو شتێکیان نەزانی، بۆ ئەوەی بەسەر خەڵکدا بیسەپێنن. هەروەها پاشای سەرکوتکەری هاوشێوەی فەرمانرەوایی و سیاسەتی وڵاتان و شەریعەت دانەریان نەبوو رێگری لە خەڵک بکات بیربکەنەو.
هەموو شتێک لای گریک نەبوو، بیروبۆچونیان بە ئازادی دەەردەبرٍی و بەهەر شێوە و ئاراستە و بۆ هەر کوێیەکیان بویستایە مەلەی خۆیان دەکرد. فەیلەسوفەکانیان هەر شتێکیان بخرایەتە بەردەست بە بێ رووگیری دەیاننوسی، هیچ سڵێکیان لە ئایین نەدەکردەوە و لە سەرکوتکردنی پاشاش نەدەترسان. کەچی کریستیان و خوداوەندەکەی دەیانتوانی هەموو شتێک بکەن و هەموو شتێکیشیان دەزانی. موڵکداری و فەرمانرەوایی لە دەستی مرۆڤ دەرچوو و کەوتە دەستی خودا، هەروەها لەم دونیاوە دەرچوو بۆ ئەو دونیا. ئەگەر ( ئەفلاتۆن) لەبەر خەیاڵ فراوانی بواری زۆری دۆزیەوە و خەونی بە هێنانەئارای موڵکداری و فەرمانرەوایی سەر زەوییەوە بینی، بۆ ئەوەی خەڵک خۆشگوزەرانی بەدەست بێنن و خۆشحاڵ بن. مەسیحیەت ئەم بوارەی تەسک کردەوە، لەبەر ئەوەی بەهەشتی خۆشگوزەرانیی لەو دونیا وەک ئەڵتەرناتیڤێکی ئەم جۆرە خەونانە سەر زەوی هێنایە ئاراوە. لە چاوی مەسیحیەت ئەم زەویە جگە لەوەی خانەی ناخۆشی و تاقیکردنەوە ی خەڵک بێت بۆ گەیشتن بە بەهەشتی خۆگوزەرانی ئەو دونیا هیچی تر نیە. ئەمەش هەمان دیدی ئیسلامە.
پاشای نەسرانیەکان و خەلیفەی موسڵمانان رێگرێکی تر بوون لە خەیاڵکردن و گەرٍان بەدوای نمونەی باڵای حکومەت و شێوازە کۆمەڵایەتیەکاندا. لەبەر ئەوەی گەرٍان بەدوای ئەم بابەتانە بەڵگەی بێزاری بوو لەو سیستمەی هەیە و پاشا و خەلیفەش رازی نابن رەخنەیان لێبگیرێت.
ئینجا رێنیسانسی ئەورۆپا هاتە ئاراوە، ئەوروپا گەرٍایەوە بۆ بارە کۆنەکەی و وای لێهات کە گرنگی بە مێژووی گریک بدات، فێری کەلتورەکەیان بێت و نوینەرایەتیی بکات، تاوەکو شێوازی گریکی نوێ بێتەئاراوە. وای لێهات زانا و فەیلەسوفانیان لەو بارەوە پێشبینی بکەن و خەیاڵی لێبکەنەوەو خەونی پێوە ببینن.
یەکێک لەو خەونبینانە( تۆماس مۆر)ی ئینگلیزی بوو، کە وەزیری هینری هەشتەم بوو. خەونەکانی لەسەر بناغەی خەیال دانەنابوو، ئاگای لە وڵاتان بوو، لەبەر درێژی پیادەکردنی سیاسەتی بەشێک لە حەقیقەتە سروشتیەکانی مرۆڤایەتی، خەونەکانی لەسەر بناغەی خەیاڵ دانەنابوو. بۆیە کەخەیاڵی دەکرد، خەیاڵەکەی لەسەر بناغەی حەقیقەت بونیات دەنا.
پاڵەوانی خەونەکەی تۆماس مۆر پورتوغالی بوو، ناوی ( هیتلودای) بوو، زمانی گریکیی دەزانی، لەسەر سەرەرۆیی فیکری فەیلەسوفانی ئەو زمانە راهاتبوو، بەڵام ئەو تەنها پیاوی کتێب نەبوو، پیاوێکی دەناسی ناوی ( فسبۆتیۆس) بوو، لەگەڵ ئەودا سەردانی ئەمریکای باکوور و باشوورو دورگەکانی هیندی رۆژهەڵات کرد، لەوێدا ولاتێکی بینی کە ناکۆک بوو لەگەڵ ئەوەی لە ولاتەکەی حۆی لەسەری راهاتبوو لە رووی دامودەزگەیی و سیستم و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی. بۆیە باسی ئەو خەونەی کردووە کە لەوێدا بینیویەتی.
هیڵتۆدای دەڵێت: سەردانی دورگەیەکی کردووە لە شێوە کەوانەیی بووە لە ناوەرٍاستی ئۆقیانوسدا. دەوری کەنداوێکی گەورەی داوە، کە درێژیەکەی دوو سەد میل بووە، ئەو شێوەیە ئاسان بووە بەرگری لێ بکرێت لە هێرٍشی دوژمنان. 45 شاری تێدابووە، نزیکترین شاریان لەیەکتر بەدووری بیست و چوار میل بووە و دوورتریینیان بەدووری رۆژە رێیەک بووە. پایتەختی دورگەکە شارۆچکەیەک بووە پێی وتراوە ( ئامۆرت)، هەر یەک لەو شارانە دەسەڵاتی کاروباری داداگەری بەسەر بیست کیلۆمەتر لە دەوروبەری خۆیدا هەبووە.
بناغەی بەسەربردنی ژیان لەم وڵاتەدا لەسەر کشتوکاڵ وەستاوە. هیچ کەسێکی تێدا نەبووە ئەم پیشەیە نەزانێت. لەوێدا جوتیار هەبووە کە هەموو ژیانی لە کێڵگەدا بەسەربردووە، هەر یەکەو لەوانە شاگوندێکی لە شاردا هەبووە، بەڵام لەکاتی درەو و چنینەوەدا کرێکاریان بۆ هاتووە بۆ یارمەتیدانیان، هەر شاگوندێکیان چل ژن و چل پیاوی تێدا بووە. هەر ساڵێک بیست لەوانە دەگەرٍانەوە بۆ شار بە بیست دانەی دیکە ئاڵوگۆرٍیان پێدەکرا بەوانەی لە شارەوە دێن بۆ شاگوندەکان بۆ ئەوەی فێری کشتوکاڵ بن.
کشتوکاڵ لە هەردوو رووی ئابووری و بەرهەمهێنانەوەی پێشکەوتوو بوو، ئەوان دەزانن چۆن بە رێگەی پیشەسازی مریشک بەرهەمبهێنن و دەزانن ئەو برٍە خۆراکە پێویستەی بۆ ژیانی خەڵکی دورگەکە پێویستە چەند بێت، بۆیە ئەوان بەقەد ئەو برٍە یان تۆزێک زیاتر بەرهەمدێنن، لەگەڵ ئەوەی سەرجەم خەڵکی دورگەکە کشتوکاڵ دەزانن، لە ماوەیەک لە ژیانیاندا کاریان لە کشتوکاڵ کردووە، بەڵام سەرجەمیان پیشەی تریشیان وەکو بەنایی و بازرگانی و ئاسنگەری و رستن و چنینیان هەبووە و ئەو کارەشیان کردووە. هەموو پیشەکان یەکسان بووە لە بەهادا و هیچ جیاوازیەکیان لە نێواندا نەبووە و یەکێکیان لەویتر بە باشتر دانانەنراوە. خەڵک بە پێی هەمان پیشەی باوکیان رٍۆیشتوون. خێزانەکان پیادەی پیشەکان دەکەن نەک تاکەکان. ئەگەر هەر کەسێک پیشەکەی باوکی نەگرێتەبەر و بە لای پیشەی تردا برٍوات، دەرٍوات بۆ لای خێزانێکی ترو ئەوانیش لای خۆیان دایدەنێن و فێری پیشەکەیان دەبێت. ئەگەر بیەوێت بەم رێگەیە فێری پیشەی دیکە دەبێت و کام پیشەیان بوێت دەیکات.
کاری دادوەر لەوەدا قەتیس دەبێت کە خەڵک ناچار بکات بۆ کارکردن. ئەمەش واتای ئەوە ناگەیەنێت کە خەڵکی دورگەکە شەو و رۆژ خۆیان بە ئیشەوە هیلاک کردبێت، کاتی دیاریکراویان هەیە بۆ کار و پشودان. ئەوان هەشت کاژێر دەخەون و شەش کاژێر کار دەکەن و دە کاژێرەکەی تر ئەوەی بیانەوێت دەیکەن. ئەم کاژێرە کەمانەی کار دەکەن، لەبەر ئەوەی هەموو کەسێک ناچارە کار بکات. ئەوان سەرپەرشتیار و میر و سواڵکەریان نیە کە لەسەر ئەویتر بژین. هبچ کەسێک لەو کارە ناچاریە نابورێت جگە لە قوتابی لە قوتابخانە و دادوەر نەبێت.
لە نێوان شار و شاگوند دا ئاڵۆگۆر دەبێت، هەموو مانگێک ئاهەنگێکی گەورە دەگێرٍن. جوتیارەکان ئەوەی پێویستیان پێیە لە بەرهەمی پیشەی خەڵکی شارەکان دەیبەن و خەڵکی شار ئەوەی پێویستە لە دەغڵودانی گوندەکان دەیبەن. دەبێت ئەم ئاڵۆگۆرە سیستمی هەبێت، بەڵام هیتلۆدای باسی ئەم سیستمەی نەکردووە.
شار لە خێزانەکان پێکدێت، وەکو وتمان خێزانەکان نەک تاکەکان پیشەسازی دەکەن. هیتلۆدای دەڵێت: هەر شارێک دابەشکراوە بۆ چوار بەش و لە ناوەرٍاستی هەر بەشێکدا بازارێک هەیە، ئەو بەرهەمە پیشەسازیانەی کە خێزانەکان دەیهێنن، دەیبەن و هەر جۆرێک لە شوێنی تایبەتی خۆی دادەنرێت، ئینجا باوکان دەرٍۆن هەر شتێکیان پێویست بێت بێ بەرامبەر دەیبەن، بێ ئەوەی نرخەکەی بدەن یان هیچ شتێک لە جێگەی ئاڵۆگۆرٍی پێ بکەن.
(هیچ شتێک واناکات کە یەکێک داواکاری کەس رەتبکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو شتانەی دانراون زۆرن و هیچ ترسێکیش نیە کە کەسێک لە پێویستی خۆی زیاتر ببات، لەبەر ئەوەی هیچ وروژاندنێک بۆ ئەوە نیە و ئەو بەرهەمانە بە بەردەوامی هەیە).
ئینجا دەڵێت، ترسی پێویستی هەڵپە و چاوچنۆکی لە دەروونی ئاژەڵدا هان دەدات، لەناخی مرۆڤ لە گەڵ ترسدا خەسڵەتێکی دیکە هەیە کە ئەویش لوتبەرزیە، مرۆڤ لەو وەهمەدا دەبێت کە ئەو لە سەرووی خەڵکی ترەوەیە و هەست بە گەورەیی و مەزنێتی و شکۆداری زیاتر دەکات. بەڵام لەوێدا کەس لە توانایدا نیە لە دورگەکەدا ئەوە ناکات.
تۆماس مۆر خەون بە فەراهەمبونی ژنان بۆ هەمووان نابینێت وەکو ئەوەی ئەفلاتۆن خەونی پێوە بینی، بەڵام خەون بە رێگەدان بە خاوەندارێتیەوە دەبینێت. ئەو بۆ ئەوەی ئەم رێگەدانە بێنێتەدی پارە ناهێڵێت، خەڵک پێویستیەکانیان بە بێ پێدانی نرخەکەی دەبەن.
هەموو ساڵک دادوەران ( ئەوان فەرمانرەوایانیشن) لە ( ئارۆمۆت) ی پایتەخت کۆدەبنەوە و تەماشای دەغڵودانی هەر ناوچەیەک دەکەن و بۆ ئەو ناوچانە دەینێرن کە پێویستیان پێیە و لە زۆر ناوچەکانی دیکەدا زێدەتر بەرهەم هاتووە.
زێرٍ و زیو و جەواهێر هیچ بەهایەکی نیە لە لای خەڵکی دورگەکە. بۆیە ئەو خەونەی کە تۆماس مۆر دەیبینێت بە خەونەکەی یوحەنا ناپێورێت، لە لایەن جوانکاری و مرواریەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەم دەیەوێت لەم جیهانەدا ئەم خەونە بێنێتە دی، بەڵام لە ئاسمان نەبێت نایەتە دی. ئەوەی نامۆیە پیاوی دونیا داوای مەلەکوتێک بکات بەتاڵ بێت لە جوانکاری و جەوهەر کەچی پیاوی ئایین داوای ئەوانەی لە ئاسمان دەکات. (ئارۆمۆت) پایتەختی دورگەکە لەسەر تەپەیەکە شورای لەدەوردا و خانووەکانیشی لەسەر ریکە ریًیەکدان تەنانەت وەکو تاکە بینایەک دەردەکەوێت، پانی جادەکە بیست پێیە، لە پشتەوەی هەر خانویەک باخچەیەکی تێدایە کە دانیشتوانەکەی گرنگی پێدەدەن و لە ئەستۆی دەگرن بۆ ئەوەی بە سەوزی و بەردەوام بەگەشاوەیی بمێنیتەوە. لە هەر جادەیەکدا هۆڵی تایبەتی هەیە لە دووری یەکسان بۆ خانووی خەڵکەکە بنیاتنراوە کە دادوەران( فەرمانرەوایان) تێیدا نیشتەجێن، هەریەکەیان کاروباری سی خێزانی لەبەردەستە نیوەیان لەسەر لایەکی جادەکەن و نیوەکەی دی لەودیوی جادەکەن.
هەموو دانیشتوانەکە لەم هۆڵانە خواردنی خۆیان دەخۆن، ژنانی سی خێزانی یەک لەدوای یەک بە ریز چێشت لێدەنێن. لەتەنیشت هەر هۆڵێکەوە پەرستگایەک و شوێنێکی دیکە هەیە بۆ یاری ئەو منداڵانەی کە دایکیان چێشت لێدەنێن.
با ئێستا تەماشای حکومەتی ئەم دورگەیە بکەین، خێزان بناغەی کۆمەڵگەیە. هەر سی خێزانێک هەموو ساڵێک دادوەرێک هەڵدەبژێرن، هەر دە دادوەر سەرۆکێکیان هەیە. هەموو دادوەرانی دورگەکە کە ژمارەیانە 200 دادوەرە میرێک هەڵدەبژێرن، بە درێژی ژیان لە شوێنی خۆیدا دەبێت، ئەگەر خەڵکەکە نەیانەوێت لایدەن. بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە میر یان خەڵکیتر کودەتا دژی سیستمی حوکم بکەن، هەر پرۆژەیەک لە ئارابێت دەخرێتە بەردەست سەرجەم دانیشتوان. دادوەر دەیخاتە بەردەست ئەو سی خێزانەی سەر بەون، ئینجا گفتوگۆی لەسەر دەکەن و دواتر ئەو بریارەکەیان بۆ ئەنجومەنی پیران بەرزدەکاتەوە. وەک دەبینیت خێزان تەنها ماڵێک نیە، بەڵکو هەروەها یەکەیەکی پیشەسازی و سیاسیشە. بەم شێوەیە ئەم پرۆسەیە دەبێت بە رێسایەکی سیستمی دیموکراسی لە هەڵبژاردنی حکومەت و دەستەبەری مانەوەی دەکات .
بەڵام ئەم خەونە شتی وای تێدایە کە شایانی رەخنە لێگرتنە و تۆماس مۆر نەیتوانی لە حوکمی ژینگەکەی خۆی دەربچێت. درکی بەوە نەکردوە کە دانیشتوان زۆر دەبن، لەگەڵ گرنگیدان بە تەندروستی خەڵک و پێویستی بە زۆری خواردن بۆیان، دەبێتە هۆکاری بێسنووری ژمارەی دانیشتوان و پێویستیان بە برٍی خۆراکی زیاتر بەگشتی. ئەمەش هەڵەیەکی تۆماس مۆرە و دەبێت لێی نەگیرێت، لەبەر ئەوەی مردن لەو کاتەدا ئەوەند زۆربووە نزیکبووە لە ژمارەی لەدایکبوان. هیچ خەیاڵ لەوە نەکراوەتەوە لەدایکبون لە کۆمەڵگەیەکدا سنووردار بکرێت. هەرچەند ژیری ئەفلاتۆن وای لێکرد حسابی ئەم ئەگەرەش بکات و رایسپاردوە کە ئەوانەی زیادبن بکوژرێن.
لە پرسەکانی تر ئەوە دەردەکەوێت کە تۆماس مۆر چارەسەری ئەو شتانەی کردووە، ئەوەی تێدایە کە ئاستی نمونەی باڵا لای ئەو تا ئەو رادەیە بەرز نەبووە کە ئَێمە خەیاڵی لێ دەکەینەوە. ئەمەش بەتایبەتی لە چارەسەری مەسەلەی گواستنەوەی خەڵکەکە لە شوێنێکەوە بۆ ئەویتر و مەسەلەی جەنگ دەردەکەوێت. لە مەسەلەی گواستنەوەدا، وا دانراوە کە تاک کارێکی هەبوو لە لایەن میری دورگەکەوە رێگەی پێدەدرێت. ئەگەر هەر کەسێک زیاتر لە رۆژێک دیارنەبوو، دەبێت پیشەکەی لەو شوێنە پیادەبکات کە بۆی دەرٍوات. ئەگەر هەر کەسێک بدۆزێتەوە بەڵگەنامەی گواستنەوەی پێ نەبێت، سزا دەدرێت. ئەگەر ئەمە دوبارە بکاتەوە، وەکو کۆیلە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.لای خوێنەر وا دەردەکەوێت کە تۆماس مۆر بۆ چارەسەری ئەم مەسەلەیە هیچ گرنگیەکی بە بیرکردنەوەی جددی نەداوە، یان ویستویەتی کۆیلە بەدەست بێنێت بۆ دورگەکە. ئەوەی دەبینی لێرەدا ئەوەیە کۆمەڵێک پیشە هەن خەڵک پێویستیان پێیە و خەڵکەکە بە کارێکی سروشتی نازانن و بە دڵخوازی خۆیان پیادەی ناکەن، وەکو سەربرٍینی ئاژەڵان و پاک کردنەوەی رێگەوبان و لەو شێوە ئیشانە ، بۆیە کۆیلەکان بەم کارانە تاقی دەکرێنەوە و، لە سیستمی ئەم جۆرە کۆمەڵگەدا بێکەڵکترین کاریان بۆ کۆیلەکان دەدۆزیەوە، بۆ ئەوەی تاکەکانیان لەو کارە پیسانە دوور بن. بەڵام ئەو شتێکی تری لەبیرچوو، ئەوە بوو کە بەسەربردنی ژیان لەگەڵ کۆیلە کاریگەریی لەسەر گەورەکان هەیە. ئەگەر لە گەڵ سەرکوتکردنی کۆیلە لە لایەن گەورەوە رابێن، ئەوا لە نێوان میرو گەورەش رادێن.
بەڵام بە مەرج رێگەی بە شەرٍ دەدات، لەو مەرجانەش بەرگری لە زەوی و، چەوسانەوەی بازرگانانی بیانی و، رێگری لە میلەتان لە کۆچکردن بۆ ولاتێک کە بتوانرێت کشتوکاڵ لە زەویەکەیدا بکرێت و کەس نەبێت لەخەڵکەکەی کشتوکاڵی تێدا بکات. خوێنەر لەم مەرجانەی تۆماس مۆر وا تێدەگات کەباس لەو رووداوانە دەکات کەوا لە سەردەمەکەی ئەودا روویداوە. ئەمریکا زۆر تازە دۆزرابووەوە، کۆچکردن بۆ ئەوێ بەردەوامبوو. لە بەندەرەکاندا دەست بەسەر کەشتی بازرگاناندا دەگیرا و کاڵای سەر کەشتیەکانیش راورووت دەکرا . بەڵام سوپا لەسەر رێگە ( یۆجینی) دادەمەزا، ئەو خراپترین پیاوانی ریز دەکرد بۆ ئەوەی بیاننێرێت بۆ جەنگ، ئەگەر بکوژرێن، وەکو چۆن جوتیار گژوگیای زیانبەخش لە کیڵگەکەی هەڵدەکەنێت، میلەت لە نەمانی ئەم بێ کەڵکانەش قازانج دەکات.
با ئێستا تەماشای مەرجەکانی هاوسەرگیری و ئایین بکەین. خەلًکی ئەم دورگەیە ریگە بە کورٍ و کچ دەدەن لە پێش هاوسەرگیری بەرووتی یەکتر ببینن. بۆ جیابونەوە دوو هۆکار هەن: یەکەم زینا، دووەم لادانی یەکێک لەو دوانە، ژن یان مێرد لەویتر، بە شێویەک کە نەتوانرێت راست بێتەوە. ئەگەر زینا بکات بە کۆیلە کردن حوکمی لەسەر دەدرێت، ژن بێت یان پیاو ناتوانێت جارێکی تر هاوسەرگیری بکات.
ئەمە خەونی تۆماس مۆر بوو، هیچ بیرێک یان خەیاڵێکی قووڵی داهێنراوی تێدا نیە ، بەڵام تاکە فیکرێک لە پشت پێشنیارەکانیەوە بێت ئەویش زاڵبونی مرۆڤە بەسەر موڵک و تفاقەکانیدا و چێژی لێ دەبینێت، نەک خۆی کۆیلەی ئەو مولًک وماڵەی بێت و هەموو ژیانی بە کۆکردنەوە و هەڵگرتنی بەسەر ببات و هەموو هەوڵی بۆ پاراستنی بێت و پاسەوانی بکات و گرنگی پێ بدات، کە بە موڵکی خۆی دایدەنێت، بەوەش حسابی وا دەکات کە تەنها بۆ خۆی موڵکداری دەکات. لە حەقیقەتدا ئەو موڵک و ماڵەیە کە ژیانی دەدزێت، ئەو دەبێتە کۆیلە و موڵکی کاڵاکان، بۆیە پارە و دراو هەڵدەوەشێنێتەوە، لەبەر ئەوەی ئامرازێکی کۆکردنەوە و هەڵگرتنی موڵک وماڵە.
وا فەرزە لەسەر هەمووان کە لە کشتوکاڵ کار بکەن، ئەگەر ماوەکەی هەچەند بێت، تاوەکو هەموو مرۆڤێک هەست بکات کە بەرهەمهێنە، ئینجا فەرزە لەسەر هەر کەسێک ئەگەر کشتوکاڵ نەکات لە پیشەیەکدا کار بکات و شتیًک دروست بکات. ئبنجا سەرجەم کاڵاکان دەخەنە بەردەست خەڵکەکە بۆ ئەوەی چیان پێویست بێت بیبەن و ترسیان لەوە نیە کە کەسێک دەست بخاتە سەریان و لە پێویستی خۆی زۆرتر ببات و کۆی بکاتەوە.
بەڵام کاتی بێکاری زۆرە، لە فێربونی زانست و ئاداب بەسەر دەبرێت، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بەوەی دەیخوێنێت یان گفتوگۆی لەسەر دەکات زیهنی پێشبخات.
ئەندریا و خەونەکەی
( یۆحەنا ڤانتین ئەندریا)جێرمەنییەکی کریستیان بوو. ویستی مەدەنیەتی کریستیان لە خەونەکەیدا پراکتیزە بکات ، وەکو چۆن پیاوی باوەرٍداری ئەم ئایینە خەیاڵ دەکات. بەڵام هەروەکو هەموو پیاوانی ئایینی، زۆرجار لە خەونەکەی هەڵدەسێت و زاری ئامۆژگاریانەی بەسەردا زاڵە. بەردەوام خەریکی ئامۆژگاریە تا ئەو رادەیەی گوێگر بێزار دەکات.
خەونەکەی بەوە دەست پێدەکات کە باسی حکایەتی کۆچکردنی لە دەریادا دەکات و چۆن کەشتیەکەی بەر تاشەبەردەکانی دورگەکە دەکەوێت ئەوێ دەبێتە شانۆی ئەم خەونە و لەوێدا کەشتیەکە تێکدەچێت. لەم دورگەدا شاری ( کریستیانو پۆلس) یان شاری مەسیحیەت هەیە. هەرکەسێک بیەوێت بچێتە نێو ئەم شارەوە ، یەکەم جار خەڵکەکە لەسەر چاکەکاری و ئەخلاق و رۆشنبیریی تاقیی دەکەنەوە. کە هیچ شتێکی ناکۆک لەگەڵ یەکدا لێی نەبینن رێگەی پێ دەدەن بچێتە شارەکەوە.
با ئێستا وەسفی ئەم شارەت بۆ بکەم: شێوەی چوارگۆشە ئاسایە و درێژی هەر لایەکی 700 پێ یە. بە چوار شورە و قوللە دەورەدراوە و توندکراوە .. بۆیە بەسەر چوار ئاراستەکانی جیهاندا دەرٍوانێت. دیواری خانوەکانی بە دوو ریز دروست کراوە. بەڵام کە تەماشای بینای فەرمانگەی حکومەت و کۆکاگان بکەیت دەبینیت لە چوار ریز و بە شێوازی توندوتۆلتر دروست کراون، جگە لە جادەیەک و بازارٍێک لە تەرزی یەکەم، هیچی دیکەی تێدا نیە. لە ناوەراستی شارەکە پەرستگایەکی بازنەیی هەیە تیرەکەی 100 پێیە، هەر خانویەکی ئەم شارە لە سێ نهۆم پێکهاتووە. هەمویان بەلەکۆنیان هەیە و بەیەکەوە بەستراونەتەوە . بە شێوەیەکی گشتی خانوەکان هاوشێوەی یەکترن . هیچ زیادەرۆیی و بە فیرۆدان کەرەستە و شتی پۆخڵ لەوێدا بوونی نیە. بای پاک و بێگەرد بە ناو سەرجەم خانوەکاندا دەسورٍێتەوە، ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارەدا چوارسەد کەس دەبێت، بە هێمنی و ئاشتی و باوەرٍداری دەژین. سەرجەم خەڵکی دورگەکە تایبەتمەندن بە کاری کشتوکاڵی و کارگەوە.
شاری مەسیحیەت لە رووی پیشەسازیەوە بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبێت. یەکێک بۆ پیشەسازیە سوکەکان کە پێویستی بە ئاگر نیە، یەکێکی دیکەی بۆ ئەو پیشەسازیەیە کەهەروەها پێویستی بە سوتەمەنی نیە بەڵام ئاگری تێدا دەمێنێتەوە، بەشی سێیەم بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و پێویستیە گوندیەکانە. مەبەست لەم بەشە بۆ ئەوەیە کە پیشەسازیەکان زەرەر بەو خەڵکە نەگەیەنن کە لە تەنیشتیانەوە نیشتەجێن و، بە بێ هیچ رێکخەرێک لە هەموو شارەکەدا دابەشبوون. ئەو کرێکارانەی بۆ ئەوێ دەبرێن، وەکو ئاژەڵ بەرٍێناکرێن، بەڵکو ئەوان پێشتر فێرکراون و ( مەعریفەتی راستەقینانەی مەسەلە بیرکاریەکان ) یان بەدەست هێناوە. تیۆری خاوەن خەونەکە، لە زەروورەتی ئەم پەروەردە زانستیەی کارگەکان ئەوەیە: (تۆ کە کەرەستە و ماتریاڵ بە تاقیکردنەوە شیی نەکەیتەوە، ئەگەر پەند لە کەموکورتیی زانیاریەکانت بە چاک کردنی ئامێرەکانت قەرەبونەکەیتەوە، هیچ سودێکت نابێت ).
ئەمەش سەرنجێکی سەرسورٍهێنەرە لە دیدی ئەندریادا، کە باس لە سودی زانست لە پیشەسازی و توانای فێربوونی پیشەوەر دەکات، هەردوکیان ئامانج و مەبەستێکن تاوەکو ئەمرٍۆش لە هەموو ولاتانی شارستانی نەهاتونەتەدی، بەڵکو هەندێک کەس هەن باوەرٍیان پێی نیە. ئەمەش وەسف کردنێتی بۆ پیشەسازی: ( کارکردنیان یان وەکو لەوێدا دەڵێن: بەکارهیًنانی دەستیان: لەسەر تەرزێکی تایبەتی دەروات بەرێوە، هەموو ئەو شتانەی دروست دەکرێن دەبرێن بۆ کۆگایەکی گشتی، پیشەوەر دێت و ئەوەی پێویستی پێیە بۆ کارەکەی بۆ ماوەی هەفتەی داهاتووی دەیبات، لەبەر ئەوەی لە راستیدا شار یەک کارگەیە و شتی جۆراوجۆر دروست دەکات). ئەگەر لە کۆگاکەدا برٍێکی زۆر لە دروستکراوەکان کۆکرابنەوە، رێگە بە پیشەوەر دەدرێت لە کۆتو بەندەکانی کارەکەیان دەربچن و زیهنیان بەکاربێنن بۆ هەر شتێک بیانەوێت.. هیچ کەسێک پارە هەڵناگرێت، لە لای ئەوان پارە هیچ سودێکی نیە.لەگەڵ ئەوشدا کۆمار کۆگای خۆی هەیە. دانیشتوانیش لەم لایەنەوە تایبەتمەندی یەکسانیان هەیە، هیچ کەسێکیان پارەی زۆرتری لەویتر نیە، بەڵام بە بەهێزی زیهنیان و بە ئەخلاق و و لێهاتوویی و شیاویان بەراورد دەکرێن. ژمارەی کاژێرەکانی کارکردنیان کەمە، لەگەڵ ئەوشدا ئەوان لایەنی زۆری کارەکان تەواو دەکەن، لەبەر ئەوەی زۆر شورەییە بۆ یەکێک لەو ماوەیە زیاتر پشووبدات کە رێگەی پێدەدرێت. لەوێشدا ئەرکی نیشتمانی هەیە کە دانیشتوان لەگەڵ پیشەوەران پێی هەڵدەستن، وەکو چاڵ کەندن و درەوکردن و رێگە دروست کردن و بەنایی و فرٍێدانی پیسایی و خۆڵ و خاشاک بۆ ئاوەرۆکان.
بەڵام بازرگانیی دەرەکی نادرێتە دەستی کەسێک بۆ خۆی کاربکات، بەڵکو لە لای دەستەیەکە لە لایەن شارەوە دادەمەزرێت. مەبەست لەم بازرٍگانیە زیادکردنی سامان و قازانج نیە، بەڵکو بۆ هێنان و ئاڵوگۆرکردنی ئەو کاڵایانەیە لە هەموو وڵاتاندا هەن و لە (شاری مەسیحیەت) دروست ناکرێن .
بناغەی ئەم سیستمە لای ئەندریا خێزانی مەسیحیە. هەر کورٍە گەنجێک دەگاتە تەمەنی بیست و چوار و هەر کچێک دەگاتە هەژدە سال، هاوسەرگیری دەکات و لەگەڵ منداڵەکانیاندا خێزانی نوێ دادەمەزرێنن.
هیچ شتێک نیە قورسایی بخاتە سەر ژن و مێردەکە، تانەنات کەرەستەکانی ماڵی نوێ بە بێ نرخ ( بەخۆرٍایی) حکومەت پێیان دەبەخشێت. ئەم کەرەستانە ساکارن و ژن دەتوانێت بە بێ هیلاکبون پاکیان بکاتەوە، بۆیە لە شاری مەسیحیەت خزمەتکاری ماڵان نیە. ژنان بە خۆیان ئەوە فێردەبن، مێرد لە کاری ماڵدا یارمەتی ژنەکەی دەدات جگە لە درومان و شت شتن. ئینجا لەوێدا چێشتخانەی گشتی هەیە، ئەگەر ژن هیچ چێشتێک بۆ خۆی لێنەنێت، هەر چێشتێکی بوێت پێی دەبەخشرێت.
بەڵام منداڵ تاوەکو تەمەنی شەش ساڵان لە ژێر سەرپەرشتی دایکیدا دەمێنێتەوە، دوای ئەوە دەچێتە قوتابخانە و تاوەکو تەمەنی گەنجێتی لە ژێر سەرپەرشتی ئەودا دەبیًت. ئەم قوتابخانانە باشترین مامۆستای دەبێت. باوکان هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن منداڵەکانیان ببینن. بەدەر لە کاتی خوێندن، منداڵەکان کاری دەستی دەکەن وخاوەنی بەهرەی زانستی و هونەری دەبن، هەر کەسەو ئەوە هەڵدەبژێرێت کە لەگەڵ مۆرکی خۆیدا بگونجێت. منداڵ کاتی بێ ئیشی بە وەرزشی لەشجوانی دەباتەسەر. بە بۆچونی ئێمە لە قوتابخانەکانی ( شاری مەسیحیەت) دوو شتی خاوەن تایبەتمەندی هەن، یەکەمیان ئەوەیە کە قوتابخانە لە رووی دەستوریەوە، بە تەواوی هاوشێوەی کۆمارێکی بچوکە. دووەم مۆمۆستاکانیان لە نێو باشترین و چاکەخوازترین دانیشتواندا هەڵدەبژێردرێن، باشترین پۆستی دەوڵەت داخراو نیە لە بەردەم مامۆستایان، بەم شێوەیە باسی مێژووی سروشتی دەکەن: ( لێرەدا وێنەی مێژووی سروشتی بە دوورودرێژی و بە گەورەترین لێهاتوییەوە لەسەر دیوارەکان وێنەدەکێشرێن. وێنەی شێوازی ئاسمان و دیمەنەکانی زەوی لە ناوچە جیاوازەکان، گەلانی مرۆڤی جیاواز و نمونەی ئاژەڵان و جۆرەکانی گیانەوەران و زیندەوەران و جۆرەکانی بەرد و گەوهەر، هەمووی وێنەیان کێشراوە و ناونراون. قوتابی سروشت و جۆرەکانی لەو وێنانەوە فێردەبێت.. ئایا حەقی ئەوە نیە کە شتەکانی ئەم زەویە بزانرێت و ئاسان بێت بۆ ئەوەی روون بێت لایان؟ ئەگەر لەوێدا نمونە هەبێت بۆ روونکردنەوە لەگەڵ بوونی بەڵگە بۆ یارمەتیدانی یادگە دانرابێت باشتر نیە؟ لەبەر ئەوەی زانست لە رێگەی بینینەوە ئاسانترە لەوەی لە رێگەی بیستنەوە بچێتە یادگەوە).
کە وتمان دانەر جێرمەنیە، وردەکاریەکان بە ورد و درٍشتیەوە لەم قوتابخانە بەجێناهێڵێت تاوەکو نەیژمێرێت و ئامارەکەی نەنوسێت، بە وردی بەو شێوەیە باس لە گۆرٍەپانی وەرزش و کارگەی سروشت و توێکاری و دەرمانخانە دەکات، وەکو ئەوەی پرۆژەیەک وێنا بکات کە جێبەجێ بکرێت. سەرەرٍای ئەوەی جێرمەنی زانستی خۆش ئەوێت بەڵام واز لە کاروباری هونەریش ناهێنێت. دەڵێت : لەبەردەم دەرمانخانەدا دوکانێکی فراوانی هونەری وێنەکێشان هەیە ، کە هونەرێکە خەڵکی شارەکە چێژ لە گرنگی پێدانی دەبینن، لەگەڵ ئەوەشدا شارەکە بە وێنەی شێوە جیاوازەکانی زەوی جوانکاری کراوە، ئەو دوکانە بۆ فێرکردنی گەنجان و ئاسانکردنی فێرکردنیان دانراوە.. ئینجا وێنە مەزنەکان و پەیکەرەکانیان لە هەموو شوێنێکدا دەبینرێن، ئەوەی تێدایە کە هانی سۆزی گەنجان دەدات لە (چاکەخوازیاندا )لاسایی بکەنەوە .
بێگومان پەرستگای شار گرنگترین تەلاریانە و داهێنراوترین هونەری تێدایە و لە شوێنی تردا نیە. بەڵام وەکو وتمان ئەندریا پیاوی ئایینی بوو، سەردانی جنێفی کرد و کەوتە ژێر کاریگەریی کاڵفنەوە، بۆیە خواپەرستی لە پەرستگاکە دەکاتە ناچاریی. کۆبونەوە گشتیەکان لەم پەرستگایە بەرٍێوە دەچێت، هەروەها نواندنی کۆمیدیای ئایینیش هەر لێرە دەبێت.
ئێستا کە باسی شتێکمان لەپیشەسازی و فێرکردن وخێزان کرد، با شتێکیش لەسەر حکومەت بڵێین. ئەنجومەنێکی 24 کەسی لە شارەکە دادەنیشێت و دەستەی جێبەجێکار لەم ئەنجومەنە لە سێ کەس پێکدێن، کە وەزیر و دادوەر و بەرٍێوەبەری فێرکردنن. یەکەمیان نوێنەری ویژدانی میلەتە و دووەم تێگەیشتن و سێیەم حەقیقەت.
فەرموو بزانە چی لەسەر سزای تاوانباران دەڵێت: دادوەرانی ( شاری مەسیحیەت) ئەم نەریتە رەچاو دەکەن، ئەویش قورسترین سزای ئەوانە دەدرێت کە تاوان دژی خودا بکەن، بەڵام ئەوانەی تاوان دژی مرۆڤ بکەن سوکترین سزایان دەدرێت. سوکترین سزایەکیش دژ بە مرۆڤ بێت، بەرامبەر ئەوانەیە کە تاوان دژی موڵک و ماڵ دەکەن. لەبەر ئەوەی خەڵکی شارەکە دژی خوێنرشتنن: (ئەوان رێگە لە سێدارەدان بۆ خۆیان دەدەن… لەبەر ئەوەی هەموو کەسێک دەتوانێت بکوژێت، بەڵام تەنها چاکترین کەس دەتوانێت چاکساز بێت).
زرٍە خەون
(بیکۆن) و (کامبانیلا) هەردوکیان بەناوبانگن بە خەونەکانیان. یەکەمیان ئینگلیزیە و دووەمیان ئیتاڵیە. ئەگەر لەو خەونانەی لەسەر نمونەی باڵا بۆ ژینگەی کۆمەڵایەتی وردبیتەوە ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە ئەم خەونانە زرٍن و لەوانەن کە کۆمەڵە خەون و دیدێکی ناوازەن کە وا مۆر و ئەفلاتۆن لە پێش ئەمان ئیلهام بەخشی بوون، لەگەڵ کەمێک زیادەرۆیی کە روحی ئەو سەردەمەمان پیشان دەدەن، واتە ئەو کاتەی ئەم دانەرانە خەونەکانیان لە کتێبەکانیاندا داناوە.
کامبانیلا خەونێک دبەینێت ناوی دەنێت ( شاری خۆر) کە لە دوای هێڵی کەمەرەیی ناوەراستدایە، جیاواز نیە لە کۆماری ئەفلاتۆن، جگە لە فەراهەم کردنی گشتی ژنان بۆ هەمووان و خاوەندارێتی بۆ هەمووان. ئەوەی لە کامبانیلا دەیبینین هەندێک دەربرٍینە، پێشبینی هەردوو سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەم دەکات. بۆ نمونە دەڵێت : دانیشتوانی شاری خۆر کەشتییان هەیە لەسەر ئاودا ، نە بەهێز و توندی با و نە بە هێزی سەوڵ دەرٍۆن ، بەڵکو بە (داهێنانێکی سەرسورهێنەر) دەرٍۆن. ئینجا یەکێک لە دانیشتوانی شار قسەی لەگەڵدا دەکات و دەڵێت:
(ئاە گەر تۆ گوێت لە فاڵچیەکانی لای ئێمە بێت لەسەر زەمانی داهاتوو چی دەڵێن ) ئەوەی لە یەک سەدە روودەدات زیاتر دەبێت لەوەی لە چوار هەزار ساڵی رابوردوو روویداوە. بەڵی داهێنانی چاپکردنی سەرسورهێنەر، تۆپی جەنگی سەربازی و موگناتیسی تێدا دەبێت..) ئەوەی داهێنان بێت، لە ( شاری خۆر) زۆر دەبێت و بەرەو سەرکەوتن دەچێت، خەڵکی شار پێویستیان بە بەکارهێنانی کۆیلە نابێت. ئینجا : (ئەوان یان دەوڵەمەند دەبن و پێویستیان بە هیچ شتێک نابێت، یان هەژار دەبن کە هیچ شتێکیان نابێت. بۆیە ئەوان کۆیلەی باردۆخەکە نابن، بەڵکو ئەوان خۆیان بارودۆخەکە بەکاردێنن).
لەم قسانەدا ئاماژەیەک بۆ ئایندە دەردەکەوێت کە کامبانیلا هەستی پێکردووە. لەو زەمانەدا ویژدانی مرۆڤ رادەبێت و پرسیار دەکات: ئەوەی خوداوەندی کۆن لەسەر کۆیلە برٍیاری داوە شایانی ئەوەیە کە مرۆڤی نوێش هەمان برٍیار بدات؟ ئایا ئەو داهێنانەی دەکرێت رۆژێک دێت کاری مرۆڤیش نەکات، کە بە شێوەیەک نەفرەتی ئادەمی لەسەر لا نەچێت یان نزیک نەبێت لە لاچوون؟ ئینجا کامبانیلا بە ئەرێنی وەڵام دەداتەوە و کۆیلایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە و کارکردن کە خەڵک پێویستی پێیەتی بۆ تەنها چوار کاژێر کەم دەکاتەوە. لەبەر ئەوەی هەموویان کاردەکەن و داهێنانە نوێکانیش کاتیان زیاتر پۆ دابین دەکات.
بە شێوەیەکی گشتی خەونەکانمان بە پێی هەوەس و خوو و راهاتنی خۆمانە. لەبەر ئەوەی مۆر و ئەندریا هاوسەرگیریان کردبوو و هەر یەکەیان خێزانی خۆی هەبوو، بۆیە خێزان بناغەیەک بوو لەو بناغانەی ئەو شێوازە کۆمەڵایەتیەی خەیاڵیان لێ کردبووەوە، بەڵام ئەفلاتۆن و کامبانیلا رەبەنی بوون، بۆیە فەراهەمکردنی ژن بۆ هەمووان یەکێک بوو لە بنەما سەرەکیەکانی شێوازی کۆمەڵگەی لای ئەمان، کە هەر یەکەیان لە خەونەکانیدا دەیبینی. مرۆڤ بە پێی مۆرک و راهاتنی خۆی خەیاڵ دەکات، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین، ئەفلاتۆن بە خۆی لەگەڵ ئەوەشدا رەبەنی بوو زۆر باوەری بە فەراهەمکردنی ژن بۆ هەمووان نەبوو. بەڵکو ئەو ئەم فەراهەمکردنەی ژن بۆ هەردوو چینە زاڵەکەی کورت کردبووەوە. بەڵام بۆ چینی جوتیاران و پیشەوەران، بێگومان ئەمان جەماوەری شار و میلەتن، رازی نەبوو بۆ فەراهەمکردنی ژنان بۆ هەمووان لە نێوان ئەماندا . ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو درکی بەوە کردبوو کە هاوسەرگیری خێزان دروست دەکات و بۆ زیادبونی میلەت زەروریە. ئەو لە رێگری کردنی لە هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزان لە چینی راسپاردەکاران و چینی جەنگاوەران، بۆ ئەو بیرە رۆیشتووە کە ئەستەمە خزمەتی هەردوو مەبەست بکات. هەر ئەو فیکرەیە بوو کە قەشایەتی هێنایە ئاراوە. ئەوەش وادەکات کە پیاوی هونەر زۆرجار لەبەر بەرژەوەندیی هونەرەکەی هاوسەرگیری ناکات، هەروەها قەشەی کریستیان لەبەر خۆتەرخانکردنی بۆ خزمەتکردنی ئایین هاوسەرگیری ناکات، بە پێی بەهرەکەی خۆی تەرخان دەکات بۆ پەرستن، هەروەها ئەفلاتۆن ئارەزووی دەکرد کە چینی راسپاردەکار بە رەبەنی ببینێت و هەموو هیلاکیەکی بۆ خزمەتی میلەت بێت نەک بۆ ژن و منداڵەکانی. رێساکە لای ئەفلاتۆن هاوسەرگیریە، بەڵام لەگەڵ هەڵاویرد کردنی رەخساندنی ژن بۆ هەمووان بەشێوەیەکی دیاریکراو.
با تەماشای بیکۆن و زرٍە خەونەکانی بکەین. ئەوەمان بینی کە کامبانیلا هیچ شتێکی زیاتری نەوت و هەروەها بیکۆنیش وا بوو، بەڵکو ئەگەر خەیاڵی بیکۆن بەراوردی بکەیت بە خەیاڵی کامبانیلا، خەیاڵێکی باڵبرٍاو بوو. ئینجا پەرٍی باڵەکانی خەیاڵی بیکۆن زیاتر بوو لە باڵەکانی خەیاڵی کامبانیلا، ئەم پەرٍە بەم شێوەیە وەرگیراوە لە خەیاڵی ئەندریا و خەونی ئەفلاتۆندا رەسەن بوون. هیچ پێویست بە دووبارە کردنەوەی ناکات. ئەوەی گرنگە لە خەونەکەی بیکۆن ئەوەیە ( ماڵەکەی سلێمان، وەکو دامەزرێنەر هاوشێوەی هەموو ماڵەکان بوو، ئامانج لەوە: زانینی هۆکاری جوڵەی شتەکان و نهێنیەکانیان و، فراوانکردنی دەسەڵاتی مرۆڤ بوو، تاوەکو ئەو کاتەی ناتوانێت هیچ کارێک بکات. لەم دامەزراوەیە کارگە و تاقیگە لە لاپاڵی تەپۆڵکەکاندا داتاشرابوون و روانگە هەبوو و قولەکانی بەرزیەکەیان نیو میل بوو و زۆنگاوی خوێیاو و ئاوی سازگاری هەبوون . لە قسەکانی بیکۆن ئەوە دەردەکەوێتن کە دەیەوێت تاقیگە بۆ بەخێوکردنی ماسی و سەرجەم زیندەوەرە ئاویەکانی هەبێت و ئینجا ئامێری هەبێت بۆ بەرێوەبردنی کاروبارەکان، لەگەڵ ئەوەشدا کارگەی تاقیکردنەوەی دەرمانیشی هەبێت و،هۆڵی گەورە بۆ دەرخستنی تاقیکردنەوەی سروشتی و ناوەندی کشتوکاڵی گەورە بۆ کاری تاقیکردنەوەی کوتانی هەبێت . ئینجا کارگەی دەرمانخانە و پیشەسازیشی هەبێت. کارگەی تر بۆ تاقیکردنەوە لە دەنگ و رەنگ و رۆشنایی و شتی خۆش و تام و چێژەکان. بیکۆن دەڵێت ئەمە هەمووی لە (ماڵی سلێمان) دایە بە بێ هەماهەنگی و بە پەرشوبڵاوی شتە کەڵەکەبووەکانی کۆدەکرێنەوە، ئەمە بە شێوەی بیرەوەریە زیاتر لەوەی خەونێکی بینراو بێت. لەم کۆلێجە یان ( ماڵی سلێمان) دوانزە زانا گەشت دەکەن بۆ وڵاتە بیانیەکان و کتێبی نامۆ دەهێنن و راپۆرت لەسەر داهێنراوەکان و شتە سەرسورهێنەرەکان دەنوسن کە لە گەشتەکەیاندا دەیبینن. ئەم کۆلێجە گرنگترین شتە لە شارەکەی بیکۆن و ناوی دەنێت ( ئەتڵەنتیسی نوێ).ئەوەی لەم شارەدا هەیە جیاواز نیە لەوەی لای ئەفلاتۆن و ئەندریا هەبوو.
ئەم کۆلێجە وەکو بیکۆن باسی کرد خەونێکە تاکو ئێستا زانیاانی کۆلێجەکان خەونی پێوە دەبینن. نزیکە لەوە هەندێکیان بۆ نمونە لە ( دەزگای رۆکفیلەر) لە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بێتە دی. ئەوەش خەمەکانی بیکۆنمان پیشان دەدات. خەمی پیاوێکی زانا بوو، شایانی ئەوە بوو یەکێک بێت لە کۆڵەکەکانی رێنیسانسی ئۆروپا. ئەو باسی لە عەقلڕ لە جێی نەقل (گواستنەوە) کردووە. دەیەوێت بینای حەقیقەت لەسەر تاقیکردنەوە و ئەزمون بکات و هێزی مرۆڤ لە پێشخستنی زانست و مەعریفەت پر بکاتەوە. بۆ ئەم پێشخستنە ئەوەی پێویستی بێت لە نێو میلەتدا کۆبکاتەوە. ئینجا ئەو هیچ لقێک لە لقەکانی مەعریفەتی مرۆڤایەتی ، پیشەسازی بێت یان کشتوکاڵ یان پزیشکی یان شتی تر جێناهێڵێت، تاوەکو ئامرازی تاقیکردنەوە و ئەزمون ئامادە نەکات، کە بنەچەی ئەو زانستە یان هونەرەی لەسەری بنیات دەنرێت. لەگەلً ئەءەی تێکەڵ و پێکەڵیەک لە خەونەکەیدا هەیە، بەڵام ئەو وێنەیەکی بۆ کێشاوین کە مەبەستی پێکاوە لەوەی زانست و پێشخستنی مەعریفەت پێشکەش بکات.