زەبەنگ بەهادین: هاوکێشەی ئابوری کوردوستان.
هەر وڵاتێک بنەمای زانستی نەبوو بۆ بەرێوەبردنی ئابوری و سیاسی هەمیشە لە لێواری دارمانە، ئابوری رەگی وەستان و خۆراگرییە، چەکی نوێی سەدە و قەڵغانی پاراستنی نیشتیمان و نەتەوەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت ئابوری لەسەر بنەما زانستیەکەی دارێژرابێت و پەیرەو بکرێت لە پێناوی سەقامگیری و بەردەوامی.
کوردوستان لە رووی ئابوری سەرچاوەی زۆرە، بەڵام گرنگی بە هیچیان نەدراوە تەنها نەوت و غاز نەبێت، هەرچی بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و کانزاکانە خراونەتە بەشی پشتەوەی گرنگییەکانی حکومەت و دەسەلاتی سیاسی.
نەوت ئابوریەکی نا سەقامگیرە لە خۆیدا لەبەر ئەوەی هەمیشە پەیوەستە بە دۆخی سیاسی و ئابوری جیهانەوەیە، بۆیە پشت بەستن بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات، ئابورییەکی سست بەرهەم دەهێنێت.
هەموو ئەمانە ئەگەر لە وڵاتێکی دامەزراو و زانستیدا پەیرەو بکرێت هێشتا جێگەی سەقامگیریەت نییە، جا وەرە لە کوردوستان بێت کە ئەوە چەند ساڵە بەرێدەکەین بێ یاسای بودجە و بێ بەرنامەی دارایی و ئابوری، کوردوستانێک کە هیچ بنەمایەکی زانستی دانەرشتوە بۆ بەریوەبردنی ئابوریەکی سەرکەوتو، تەنانەت لە نەوت و غاز زۆرینەی گرێبەستەکان هێندەی لە بەرژەوەندی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت و کەسە سیاسیەکان و حیزبەکاندایە نیو هێندە لە بەرژەوەندی دەوڵات و خەڵکدا نییە.
لە هەر ئەگەرێکی دابەزینی نرخی نەوت کێشە و قەیران بۆ دەسەڵات دروست دەبێت، چونکە سیاسەتی ئابوری کوردوستان زۆر بە هەرەمەکی وەک پێوسیتی رۆژانە دەبرێت بەرێوە، نە پلانی کورتخایەن و نە پلانی درێژخایەنی نییە.
بابەتی نرخی دراوەکانیش لەولاوە بوەستێ کە تەواو کاریگەری لە قوتی خەلک کردوە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ بێ بەرنامەی دەسەلات و حکومەت لەو بابەتەدا، دەبینین نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە نرخی کاڵا و شت و مەک لەگەلیدا بەرز دەبێتەوە، بەلام لەگەل دابەزینی نرخی دۆلار کاڵاکان نرخیان هەر لە بەرزی دەمێنێتەوە. ئەمە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، حکومەت توانای کۆنترۆلی بازار و بازرگانانی نییە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی بازرگانەکان لە ژێر سێبەری حیزبەکان کار دەکەن، چی لە بەرژەوەندی خۆیان و حیزبەکانیان بێت تەنها ئەوە دەکەن. بێ گوێدانە دەرامەت و ژیانی خەلک، نەبونی بنەمای زانستی ئابوری ئەمەی لێدەکەوێتەوە کە بازاری سەقامگیر بونی نابێت و هەرچی بیەوێت بە ئاسانی کۆنترۆلی بازاری وڵاتەکەت دەکات. بۆیە دەبینین نەک تەنها کوردوستان، بەلکو عێراقیش کلکی گريدراوە بە ئەمریکییەکان و ئێرانیەکانەوە. حکومەتی عێراقی وەک حوکومەتەکەی کوردوستان بگرە وێرانترە، ئابوریان نییە، تەنها بودجەیەکی ساڵانەیە کە بەرێکەوتنی حیزبی و تایفی بەرێدەکرێت، لەبری بنەمای زانستی و ئابوری. ئەوەی هەیە حیزب و کەس و دەوڵاتانن ژیانی تاک لێرە دیاری دەکەن، سەرەنجام ئەم جۆرە ئابوریانە هەمیشە لەسەر لێواری داروخانەو پەیوەستە بە کاتەوە، دەنا لە زوترین کات سیاسەتی وڵاتیش بەخۆیەوە دەروخێنێت.