عیماد عەلی: سەرکردە و حزبەکانی ئێستای کوردستان.
کە تێرٍامانێکی کورت لە حزب و سەرکردایەتیی ئەوسا بکەین، باری سەرکردایەتی و تەنانەت خودی حزبەکانی کوردستانی ئەمرٍۆمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئایا دەتوانین بڵێین کورد سەرکردە و حزبی راستەقینەی هەیە، یان دەتوانین بەمانەی ئێستای لای خۆمان بڵێین حزب وەکو کرٍۆک و پێکهاتە و بیروباوەر و ئایدیۆلۆجیا و فەلسەفە، یان دەتوانین پێناسەی راست و دروستی سەرکردە و حزبی ئەم قۆناغە بکەین.
ئەوسا هەر کەسێک حزبی دروست بکردایە یان سەرکردایەتی بکردایە، خاوەنی رۆشنبیریەکی باڵا و فەلسەفەیەکی پێشرٍەو و جیاواز و دەگمەن بوو لە ناو کۆمەڵگەدا.
سەرکردەی راستەقینە، دەبێت خاوەن دیدگا و و بیروباوەر و رۆشنبیریی تایبەتی و فەلسەفەی گشتی خۆی بێت و پێشبینی گۆرٍانکاریەکان بکات و گەلەکەی هەڵسەنگێنێت و ئایندەی بخوێنێتەوە و دوارۆژی حزب و وڵات و گەلەکەی لای روون بێت و کەسێکی بژاردە بێت و جیاوازیی گەوهەر و راوبۆچونی لەگەڵ خەڵکی ئاساییدا زۆر بێت و بە ئامادەیی وبوونی لە پێشەنگی حزبەکەی جێگەی تایبەتی خۆی بگرێت و بە نەبوونی کاریگەریی نەرێنی دروست بکات و جێکای دیاری خۆی لە ناو خەڵک و حزبدا دیار بێت، نەوەک سەرکردایەتی ئێستای کورد، بوون و نەبوونیان یەک شت بێت.
سەرکردە کەسێکە دیدگای بۆ ئایندەیی کۆمەڵگەکەی خۆی هەیە، کتێب و ئایندە و ئێستای خەڵک و دەوروبەری خۆی دەخوێنێتەوە، هەنگاوی وا دەنێت کە پێشەوای بێ هاوتای کۆمەڵگە و حزبەکەی خۆی بێت و بتوانێت سەرکردایەتی راستەقینەی حزب و کۆمەڵگەش بکات.
ئەمرٍۆ زۆر بە پێچەوانەوە دەیبینین، حزب پێویستی بە کەسی رۆشنبیر نیە و خۆیش پێویستی بە هیچ جۆرێک لە رۆشنبیریی نیە، حزب و بەتایبەتی داردەستانی دەرەکی، تەنها پێویستی بە پارە و سەرمایە هەیە. بۆیە زۆر حزب دەبینین کە ریش سپی و پارەدار و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و هێزی چەکدارجێگەی سەرکردەی راستەقینەی کرتۆتەوە. حزب و سەرکردایەتی بەم حۆرەمان هەبێت کۆمەڵگەکەمان بێ مێشک و بێ سەر دەبێت و بە شلۆقی و حەنجاڵی و بێ رێکخراوەیی بەرٍێوەدەبرێت، کە تەماشای حزب و رێکخراوەکانی پێشتر دەکەیت دەزانیت ئەوەی بەرٍێوەی بردون بە پێچەوانەی ئەمرٍۆ خەڵکی رۆشنبیر و بە توانا و لێهاتوو و خاوەن راوبۆچون و فەلسەفە و فکر بوون، بۆیە سەرکردە و حزبە کان پێشرٍەوی رۆشنبیری و فەلسەفی و فکر بوون بۆ هەموو کەس و لایەک و هەڵگری خەمی مرۆڤایەتی بوون، سەرکردەو حزبەکانیش کۆڵەکەی سەرەکی کۆمەڵگاکەی خۆیان بوون. بۆیە هاندەر بوون بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکانیان لە رووی رۆشنبیری و پیشەسازی و کشتوکاڵی و ئەدەبی و فیکر و هونەری رۆی لەپێەوە بێت، بەڵام ئێستا هیچ حزب و سەرکردەیەک لەسەر هیچ کۆڵەکەیەکی فکری و رۆشنبیری و فەلسەفی راستەقینە نەوەستاوە، بۆیە جیاوازی گەورە لە نێوان سەرکردە و حزبی رابوردوو و ئەمرۆ هەیە.