بەختیار نامیق: پێشمەرگە دێرینەکان وەک گوناهبارترین نوخبەی ئێستا.
شۆڕش ئەگەر بریتی بێت لە قۆناغێک بۆ هەر نەتەوەیەک و لەم قۆناغەی شۆڕشیشیدا, قۆناغی پارتی زانی و شۆڕشی چەکداری و شاخەکان سەختترین قۆناغی ئەم شۆڕشانە بوبێت ئەوا دەبێت بارتەقای ئەو سەختیانە پێوەری ماندوبونی هەر پێشمەرگەیەک ببینرێت لەهەر ئاستێکدا بوبێت، بە تایبەت دوای تەواو بونی قۆناغی شاخ و چەکداری و دەست پێکردنی قۆناغی شار و دەوڵەتداری و دەستوری و کارگێڕی و یاسایی و هەمو دامەزراوەکان، کە دەبێتە بەرهەمی ئەو پێشمەرگە دێرینانە کە هەر یەکێکیان بە بەرهەمی ڕەنج و ماندوبونی خۆی دەزانێ و وەک بەرپرسیاریەتی مەبدەئی خەباتی لە پێناودا کردوە.
دوای ڕۆشتنی تەمەن بۆ هەر پێشمەرگەیەکی دێرین دەکرێ، یەک دنیا حیکایەتی سەیر هەبێت کە ڕودانیان ڕێک لە فیلمی خەیاڵی دەچێ. هەر پێشمەرگەیەکی دێرین بدوێنی زاکیرەو مێشکی پڕە لە سەرما و گەرما و شەونخونی و جەنگ و خوێن و ماڵوێرانی و شەهید بونی هاوڕێکانی کە دەکرێ سەدان ڕۆمانی لەسەر بنوسرێت. هەر کامیان بگری پڕە لە یادەوەری سەنگەری بەرگری و خوێنی هاوڕێ شەهیدەکانی و زیندان و دەیان هاوڕێی کەمئەندام بوی سەنگەری هاوڕێی، کە ئەمە بۆ خۆی دەکرێ وەک قۆناغێک بە سەرەوەری نیشتمانی و مێژویەکی پڕ شکۆ بچێتە ئەرشیفی نەتەوەیەکەوە.
ئەم پێشمەرگە دێرینانە لە قۆناغەکانی شاخدا سەرکردەکانیان وەک کاریزما سەیر دەکردو بە کرداریش زۆرینەیان کاریزمای بواری خۆی بووە، بەڵام با بپرسین ئەی ڕای پێشمەرگەی دێرینی ئێستا چیە.؟
زۆرینەیان پڕن لە گلەیی و پڕن لە توڕەیی و بەرامبەر بەو سیستەمەی کە پێشمەرگەی دێرین پێی وایە کە ئەو لەم پێناو ئەم جۆرە لە حکومڕانی خەباتی نەکردوە و قوربانی نەداوە، نەک هەر پێشمەرگەی دێرین لە پەنای ئەماندا قوربانیانی کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵبجە و کارەساتەکانی تر هەمان قسەیان هەیە، بە واتایەکی تر کۆڕایەکی گشتی هەیە لە پەنای ڕای نوخبەی پێشمەرگەی دێریندا سەبارەتە بە ( نەبونی دامەزراوەیی و سەرەوەرنەبونی یاسا و دروستبونی جیاوازی چینایەتی و دەیان پرسی تر و لەسەرو هەمویانەوە بە بنەماڵەیی کردنی کۆی سیستەمی حکومڕانی.
ئا لێرەوە با بپرسین ئەی بۆچی کوێرانە ناوزەندیان بکەین بە گوناهبارترین نوخبە و گروپ بەرامبەر ئەم دۆخە، تا ئێستاش دوای گەورە بونی نەوەی هەشتاکان و نەوەدەکان و دووهەزارەکان و دوای 32 ساڵ حکموڕانی تا ئێساش زۆرینەی جومگە گرنگەکانی دەستەڵات بە دەست نەوەی یەکەم و دوەم و سێیەمی سەرکردە دێرینەکانەوەیە، بەڵام نەتوانراوە حکومڕانیەکی ڕەشید بەرهەم بهێننرێت و ئەوەی لە بیروباوەڕی پێشمەرگەی دێرینی شاخ و خەیاڵی شەهیدەکاندا هەبو بەرهەم بهێنرێت بە تایبەت عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئەوەشی وەک پێشمەگەی دێرین ماوە پڕە لە گلەیی و ڕەخنە لەم دەستەڵاتە.
ئەگەر ئەم دەستەڵاتە بەرهەمی پێشمەرگەی دێرین بێت، ئەوا هەر کەم و کوڕییەک هەبێت خاوەن بەرهەم گوناهبارە، ئەم پێشمەرگە دێرینانە لە ئێستا ئەگەر چی هێزی جەستەییان لاواز بووە، بەڵام تا ئێستا پڕن لە ئەزمون و خاوەن کارگەی ئەم بەرهەمەی ئێستان، گرفتەکە لەوەدایە و گوناهەکە لێرەدایە کە ناتوانن ببنە گوشاری جدی و بەرپرسانی ئەم حکومڕانیە ناچار بە گۆڕانکاری بکەن و ناتوانن سەرکردە دروست بکەن و ڕێکخستنی بەهێزیان هەبێت و جارێکی تر بۆ قۆناغی ئێستایان ببنە داینەمۆی شۆڕشێکی تر و هێزی مرۆیی و گەنج بە پێی ئەزمونیان ڕێک بخەن و باری لاری بەرهەمی شۆڕش ڕاست بکەنەوە و یان ڕیفۆرمی گشتی لە هەمو دەستەڵاتدا بکەن. یان بتوانن بەدیلێک بۆ ئەم دەستەڵاتە دروست بکەن، لە کاتێکدا لە ئێستادا ئەم دۆخە پڕ کارەساتەی دەستەڵات. (ئەگەر چی هاوکێشەی ناوچەیی و جیهانی هۆکار بو)، بەڵام بە بەرهەمی شۆڕشگێڕەکانی شاخ ناودەبرێت، کەواتە لە ئێستادا هەر کەموکوڕیەک لە دەستەڵاتدا هەبێت، بە پلەی یەکەم پێشمەرگەی دێرینی ماندو ومەبدەئیەکانی شاخ لێێ بەرپرسن و دەچێتە خانەی گونهابارترین نوخبەوە، وەک خاوەن ئەو کارگەیەی کە بەرهەمی خراپ بەرهەم دەهێنێت.
- بابەتەکانی تری بەختیار شارەزوری
بەختیار نامیق: هەڵبژاردن ئەم حیزبانە بە کۆێ دەگەیەنێ؟
-بەختیار نامیق: سێ جوت برا شەش کەسیەکە.
-بەختیار نامیق: دانا ئەحمەد مەجید دەتوانێ چی بۆ گۆڕان بکات.؟
- All Posts