هەڵۆ بەرزنجەیی: گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.
خوێندنەوەی کتێب: خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی – پاسۆک-گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی. بەرگی یەکەم ژمارە 1- 16 / چاپی2022
بەندە بە زنجیرەیەک وتار خوێندنەوە بۆ ھەر یەک لە ژمارەکانی ئاڵای سووری کوردایەتی دەکەم کە لە دووتوێی ئەم بەرگەدا کۆکراونەتەوە.
لە خوێندنەوەمان بۆ ژمارە {یەک}، کە لێرەدا پێویست بە دووبارە کردنەوەی ناکات پێشەکییەکی پێویستمان خستۆتە بەرچاوی خوێنەر لەمەڕ پاسۆک و ھەلومەرجی بوون و ھزر و فیکر و دروشم و بڵاوکراوەکانییە و پێویستی و میکانیزمی خوێندنەوەی خودی مێژوو و پاسۆک بە چاوی ئیمڕۆ.. ئاماژەشمان بە بڵاوکراوەکانی پاسۆک داوە، لە نێویاندا ئاڵای سووری کوردایەتی.
ژمارە( 2) ی ئاڵای سووری کوردایەتی ئازاری 1981.. ئەم ژمارەیە 16 بابەتی ئەدەبی و سیاسی و رەخنەیی و مێژوویی و شۆڕشگێڕیی لەتەک کۆمەڵێ چالاکی حیزبیدا لەخۆ گرتووە و بریتییە لە 40 لاپەڕە. دوو ھێندەی ژمارە یەک. ئەمەش نیشانەی گەشە و دەوڵەمەندبوونی گۆڤارەکە بەدەردەخات.
ھەر کاروانێ
بۆ تیشکی خۆر بڕوانێ
کەم بن یان زۆر
ئەگەنە خۆر
لە لاپەڕەی یەکەمدا بەم کۆپلە شیعرە ئەم پەنجەرەیە بەڕووی خوێنەردا کراوەتەوە تا لە ئاسۆی روون بڕوانێ! ھەروەھا لە گرنگی و بایەخی ئەم کاروانە بچووکە تێبگات کە بە باوەڕی بەرزەوە بەڕێ کەوتوو..
ھەڵگرانی بیریی نەتەوەیی لە چوارچێوەی پاسۆکدا، بە ژمارەیەکی کەمەوە، لێ پوخت و چوست و چالاک و تەیار بە ھزر و بیر و خۆنەویست لە بەرژەوەندی. ئەو پۆلە خەڵکەن دەستەچیلەی کوردایەتیین … بە ھەموو ھیوایەکەوە بەرەو گەیشتنە لوتکەی ئامانج کەوتوونەتە ڕێ. ئەم کۆپلە شیعرە “کاڵا وەقەد باڵایە”. ئێمە زۆر حیزبی گەورە و زەبەلاحمان بینیووە و دەبین لە ڕەشەخەڵکێکی ڕۆبۆرت و دەروێش ئاسا بەولاوە قەرەباڵغییەیی شپرزەبووی سەرلێشێوار زیاتر نەبوون و نین!.کەواتە چۆنایەتی گرنگە نەک چەندایەتی. دەڵێن٬ پیاوی بەهێز ڕزگاری بووە لە دوودڵی، بەڵام هی ئاسۆ تەنگ بە گشتی شپرزەیە٬. پاسۆک لە تێڕوانینیدا بۆ دۆزی کورد ڕەها بوو لە ترس و شەرم و منجەمنج.
سەروتار. بەناونیشانی « کورد و ئازار» ە. ھەموو دەزانین بۆ کورد مانگی ئازار خۆش و ناخۆش و گەش و سیس و رووناک و تاریکە. تژییە لەم جۆرە بەسەرھات و یادەوەرییانە.
ڕازێکی کوردانە: چارەسەری ناکۆکییە لاوەکییەکان بە ڕێگای دۆستایەتی و برایەتی دەبێت]. بابەتێکی تری ئەم ژمارەیەی ئاڵایە!.
ناپلیۆن” ناکۆکی بە کرمی ژەهراوی ناو ریخۆڵەی گەل دادەنێ”. ناکۆکی دیاردەیەکە لە مێژووی کورد و نەتەوە بندەستەکاندا زۆر بە زەقی بەرچاو دەکەوێ. بۆ شەنوکەوکردنی ئەم پرسە ترسناک و ماڵوێرانکەرە، پاسۆک لێی بە ئاگایە و دەیەوێ قسەی هەبێت لەسەری. وتارەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە بەرژەوەندی باڵای کورد ئەوە دەخوازێ، سەرلەبەری ناکۆکییەکانی ھەناوی بزافی کوردیی بە دیالۆگ و گفتوگۆی دۆستانە چارەسەر بکرێن. ناکۆکی لاوەکی ھەرگیز نابێت ناکۆکییە سەرەکییەکەمان لەگەڵ داگیرکەراندا لەبیرەوە بەرێت!! ھەمیشە شێوازی دۆستانە بگرینە بەر بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوخۆمان. واتە بە ئاشتی.. داخوازی ئاشتی و پێداگریی لەسەر ئاشتی باوەڕ و دروشمێکی سەرەکی سیاسەتی پاسۆک بووە.. بۆئەوەی دڵەڕاوکێش لای هیچ لایەک دروست نەبێت ،پاسۆک نێتی خۆی روون دەکاتەوە کە ڕێی گفتوگۆ کردن باشترین ڕێگاچارەیە کارل پۆپەر دەڵێ:٬٬ نرخ و بەهای دیالۆگ بەر لە هەر شتێک وەستاوە لەسەر فرەڕەنگی بیروڕا و کێبەرکێیانەی ڕکەبەرەکان.
پاسۆک بە ڕژدی و شێڵگیرانە کاری کردووە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. ڕەنگە ھێنانەوەی گووتە بەناوبانگەکەی گینابەختکردووی گەشمردە ( قاسملۆ)” بارەگاکانی پاسۆک بوون بە بارەکای نەتەوە یەکگرتووەکان” بەس بێت بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە.. بەھەق پاسۆک توانایەکی بێشوماری تەرخان کرد بۆ ھێنانەدی یەکێتی و تەبایی نێو کورد و ھێزە سیاسییەکانی و بەرقەرارکردنی ئاشتی و زمانی نەرم و رۆحی دیالۆگخوازی.. پێشی وا بوو ئەوانەی پێڕەوی ئەم سیاسەتە ناکەن، زەبری کوشندە لەکورد دەدەن و خزمەتی بەلاشی داگیرکەر دەکەن.
وتارەکە بە دروشمی ” کێ زیاتر دڵسۆز بێی، ئەوە زێاتر کوردە”. تەواو بووە.
شیعرێکی (شاھۆ) ی شاعیر و شیعرێکی دیاری (عەبدوڵا پەشێو) کە پێشکەش کراوە بە گیانی شەھید (فەرھاد خەفاف) بڵاوکراوەتەوە. ئەگەرچی ناوی پەشێوی شاعیری لەسەر نەنووسراوە-. ئینجا لەلایەن دوو ھاوبیرەوە دوو وتاری کورت و دوو سەرنج لەسەر شەھید فەرھاد خەفاف بڵاوکراوەتەوە.
شەھید فەرھاد یەکێکە بوو لە ھەڵکەوتووترین کادێرانی سیاسی و سەربازی پلە دووی پاسۆک لە دوای ڕسکانییەوە. رۆشنبیرێکی فرەلایەن و خۆشەویستێکی نێو پێشمەرگە و جەماوەر بووە. چەندین ھاوبیری بۆ پاسۆک گۆشتکردووە و ڕۆڵی بەرچاو و گەورەی لە ژیانی رێکخستنی و پیشمەرگایەتیدا گێڕاوە. دەرفەتی ھەڵچوون و سەرکەوتنی تا چڵەپۆپەی بەرپرسیارێتی ھەبوو!، لێ دەستی قەدەری نەگریس بە خۆی و پاسۆک و کورد لێی نەگەڕا، زوو لە کارەساتێکی تەواو دڵتەزێندا بەدەستوپلی خۆی شەھید بوو. بۆ زانیاری پتر لەسەر ئەم شەھیدە بڕوانە ئەم لینکە.
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=66963…
وانەی دووەمی [قوتابخانەی پاسۆک] وتارێکی تێروتەسەلە بەناونیشانی [نە دوژمن دەبێتە دۆست و نەداگیرکەر بە برا]. ناوەڕۆکی وتارەکە بۆ خۆناسین و داگیرکەرناسییە!.. دۆست کێیە و دوژمن کێیە ؟! دۆستایەتی چۆنە و چی بکەین و چۆن خەبات بکەین بۆ ئامانجەکانمان؟!. ئەی ئامانجەکانمان کامانەن؟!.
٬٬ گووتراوە کەوا خۆناسین سەرەتای هەموو حیکمەتێکە٬٬ بابەتی ئەمجارەش وانەیەکی بەنرخە بە ناوەڕۆک و ئامانج بۆ ئەوانەی لە دەروازەی بنەماکانی بیری کوردایەتی تەماشای دۆزی نەتەوەکەیان کردووە.. ئاخر دەردی خۆناسین و داگیرکەرناسی بە زەقی ڕۆڵێ نەرێنی خۆی لە مێژووی کۆن و نوێی کورد دا گێڕاوە و تا ئێستا بایی پێویست ھەڵویستە لەم میکانیزمە گرنگەی چەکی خەبات نەکراوە. بە دەربڕینێکی تر ئەگەرچی ئەم خاڵە زۆر بایەخدار و پێداویستییە، خوێندنەوەی دروستی بۆ نەکراوە و نەکراوەتە مەرجێکی چەسپاوی خەبات و تێکۆشان.. جگە لەوەی وتراوە” دوژمنێکی ھاوبەش، زەمینەی ھاوپەیمانێتی خۆش دەکات” .
یاخود وەک ئەریستۆتالیس دەڵێ” مرۆڤی ژیر لە دوژمنەکەیشییەوە فێر دەبێت”.. گاندیش دەڵێ:” بۆئەوەی بەسەر دوژمندا سەرکەویت، سەرەتا دەبێ تێی بگەیت”… ھەڵبەت بەم میکانیزمەی تێگەیشتن لە دوژمن ئەوەمان بۆ روونە کە پێشتر لەخۆشت گەیشتوویت…ئاخر سەرکەوتن بە پلەی یەکەم لەو حیکمەتەوە سەرھەڵدەدات کە خۆت دەناسی… بێ خۆناسین ، مەحاڵە بتوانی ئەوی تر بناسیت!.. کاتێکیش دوژمن نەناسی ناتوانی شەڕی بکەیت و بەسەریدا زاڵ بیت!. هۆکاڕێکی گرنگ بۆئەوەی کورد دروست خۆی ناناسێ دەگەڕێتەوە بۆ بندەستییەکەیی و و داگیرکەر و دوژمنان مێژوویان بۆ نووسیوەتەوە . ئاشکرایە چۆنیان نووسیوەتەوە!
ئاڵا ..لە بازنەی مێژوودا دەمێنێتەوە و ئاوڕێ لە [قازی]یان کورد لە مەھاباد دەداتەوە. “قازییان یادتان بەخێر لەبەر سێدارەدا”، وتارێکە مێژووی کورد بە خۆیی و مانا و بایەخ و ڕووداوە تاڵ و شیرینەکانی لەم گۆڤارەدا ئامادەیە.
[بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]، لەسەر چەمکی (ژیان).. وتارێکی فیکرییە، ئاڕاستەی ھاوڵاتی و ھاونەتەوە و ھاوژان و ھاوچارەنووس کراوە.
لە بڕگەیەکدا دەڵێ: بۆیە ژیانی ڕەنگڕێژراوی مرۆڤانە ئەو ژیانە سەرکەش و ئازادانەیە کە مرۆڤ خۆی لە جەوھەری بووندا دەدۆزێتەوە و ھەست بە گرنگی و کەرامەت و بوونی خۆی دەکات”.
وتارەکە دەیەوێ وێنەیەکی کتومتی واقعی کورد و ژیان و شۆڕشەکەی نیشان بدات.. ھاوکات داوای چارەسەر و باشترکردنی کێماسییەکان دەکات و بانگاشەی ئەوە دەکات، گیان و ورەی بەرەنگاربوونەوە لەکەسدا بزر نەبێت.. زۆر واقعی راستگۆیانەش خاڵی خستۆتە سەر پیتەکان و پێ لەوە دەنێ خەسڵەتی شۆڕشەکە لە ئاستی حەز و ھیواکاندا نییە و نایەوێ دیماگۆگێتی لەتەک جەماوەردا بکات و بە درۆ بە شانوباڵی شۆڕشدا هەڵبدات و وێنەیەکی دروستی دۆخەکە دەخاتە بەرچاو و ڕێیز لە ڕەخنە و بۆچووەکانی جەماوەر دەگرێ و دەنووسێ:” ھەرچی بڵێین و بڵێین ڕاستە.. شۆڕش لە گرێژنە براوە،چەواشەکراوە، لابراوە، لەمەش زیاتر ناوەڕۆک و شێوازیشی پووچ کراوەتەوە.. بەڵام ئایا شۆڕش چارەنووس و قەدەری کورد نییە؟!.. ئایا تاکە ڕێگای ڕزگاریی و سەربەخۆیی نییە؟! چ بە ئابڕوویەکی دڵسۆز ئەتوانێ بڵێ نەء؟!”..
پاسۆک تەواوی ئەم شت و ھەقیقەتانەی زانیوە، لێ دیسان داوا دەکات ڕۆڵەکانی نیشتمان مل بۆ واقعی ناسروشتی داسەپاو نەدەن و بێنە کۆڕی خەبات و بەشداری بکەن و ئاگری تەندرووی سووتاندنی جەستەی داگیرکەر خۆشتر بکەن!.
دواتر دوو بروسکە پیرۆزباییمان بەرچاو دەکەوێ پاسۆک ناردوویەتی بۆ حیزبی سۆسیالیست و یاداشنامەیەکی گلەیی و گازندەیی بۆ «جیسکار دیستان» سەرۆکی فەرەنسا دژ بە دۆستایەتی و ھاوکاریان بۆ رژێمی فاشی سەددام. یاداشتامەکە بە زمانی عەرەبی نووسراوە.. دەشێ درابێتە سەفارەتێکی فەرەنسا لە پایتەختێکی عەرەبی.
[شادەمارە سەرەتاکانمان] گرنگترین کۆڵەکە و پایەی فیکر و بەرنامەی پاسۆکە کە کاری بۆ دەکات و کردووە.. لەم ژمارە دووە بەدواوە تا لیستی شادەمارە سەرەتاکانمان تەواو دەبێت، ھەرجارەی خاڵێک لە ژمارەیەکدا شرۆڤەکراوە و روون کراوەتەوە.
[ رزگاری و یەکگرتن و ئازادی کوردستان و یەکسانی نەتەوەی کورد]. یەکەم ناونیشانی ئەم تەوەرە ھەرە سەرەکی و گرنگەیە..
لێرەدا پانۆرامایەکی خێرای مێژووی کورد و بزاڤەکانی خراوەتە ڕوو. .. گرنگ و بایەخی رزگاری و یەکگرتن بۆ (ئازادی) شی کراوەتەوە و لە جۆری سیستەمی داھاتووی کوردستاندا دوای گەیشتنە ئامانج ئاماژە بە (یەکسانی) بۆ کۆمەڵگەی کوردی دیاری کراوە و ئەرک و خەباتی پاسۆکیش لەم نێوەدا باس کراوە..
وتارەکە دوورودرێژە و وەک زۆر لە وتارەکانی دی بە دروشمی { دۆست و دوژمن بە نێزیکی و دووری لە بەرژەوەندی کورد دەناسرێتەوە} کۆتایی ھاتووە.. بەم شێوەیە لەپاڵ شیکاری فاکتە مێژووییەکان دا، ڕێگا چارەی بۆ ئایندەیەکی بە فەڕتر دیاری کراوە..
وتارێک بۆ نەورۆز نوسراوە، لەبەر ڕۆشنایی و بایەخی ئەم بۆنە نەتەوەییە کوردییە، لەھەموو لایەنەکان داواکراوە بە بڵیسەی ئاگرەکەی نەورۆز تۆوی ناتەبایی و خۆخۆری بسوتێنین و بە تین و تاوەکەی یەکێتی و تەبایی پێک بھێنن و گەرم بکەن..
وەک دیارە ئەم ژمارەیەی ئاڵای سوور لە مانگی ئازاردا دەرچووە..بۆیە وەک ڕێز و سەنگێک پێش وتاری [ماڵاوا] ، چەند وتەیەکی مێژوویی پێشەوا قازی محەمەد نووسراوەتەوە.. پێشەوا لە مانگی ئازاری 1947 لەتەک کۆمەڵێ لە بەرپرسانی دیکەی کۆماری کوردستان دا، لە مەیدانی چوارچرا لە سێدارە دراوە.. ھێز و سەنگی نەتەوەیی مێژوویان ھەیە و ئەوجا دوا لاپەڕە بە وتاری فرمێسکی گێلانە بۆ ئابووری عێراق، رازێندراوەتەوە.. وتارەکە زیاتر بەرپەرچدانەوەیەکی ئەو بیر و پروپانگەندە و دەنگە ناسازانەی ئەو سەردەمەیە، کە بەھۆی شەڕی (ئێران و عێراق)ەوە شین و چەمەریان گێڕاوە بۆ ئابووری عێراق و کاول بوونی و داڕمانی .. دیارەدەیەکی گەمژەیی و ناشرین و بێ بەھا و نرخە! داگیرکراو بیت و بۆ پۆشتەوپەرداخی داگیرکەرەکەت ھاوار و فیغانت بێت!..
دوا دێڕەکانی وتارەکە بریتییە لەم بۆچوونە ڕەپوڕاستانەی کوردایەتی:
{ دەک خوای دەکرد بە سەبەتەیەک دیناری عێراقی سەلکەپیازێکی نەدەکرد}.
{ مزگەوتێ بۆ من نەبێت، خوای دەکرد دەیانکرد بە خان}.
ئاڵای سوور باش دەرکی بە نێت و ئامانجی ئەو دەستەوتاقمە کردووە.. بۆیە تۆمەتباریان دەکات بەوەی ئەم گارەگارەیان بۆ ئەوەیە بە خەیاڵ پڵاوی خۆیان وا بیردەکەنەوە سەددام دەروخێن یان دەڕووخێ! و ئەوان [سبەی نەچنەوە سەر خەزێنەی بەتاڵ و بەشیان نەمێنێ].