شەماڵ بارەوانی: گێلە فەقێ/ بەشی سیانزە.
مەلا محۆی لایوعتەمەد عەلەیهی..!
گێلە فەقێ ئەوڕ ۆژە گوێم لێبوو لە پرسەی پورت دەتگوت:ئیماندارینە، ئێوە ئەو گەردوونە زل و زەبەلاحەیە دەبینن؟ دەزانن کە بە حەوت زنجیر بەستراوەتەوە و هەرزنجیرە و قوڵپێکی پێوەیە و حەوت فریشتە، هەر یەکه و قوڵپی زنجیرێکیان هەڵگرتووە؟
ئەها کە زەوی لەرزە ڕوودەدات، ئەوە بە قودرەتی قادر، قوڵپی زنجیرەکان لەدەست مەلایكەتەكان دەلەرزێت و زەویی و هەموو گەردوون دەلەرزێت. سەترەک یا ڕەب. ئەی لە قوڕێت نێم فەقێی پێوەنانێ.
ئەوڕۆژە مەلای میحیەدینی ئەسەریش وەکوو تۆ، بە دڵی خۆی ترش و خوێی پێدادەکرد و پێیوەدەنا و دەیگوت:ئیماندارینە، موسا نەبوایا، وەڵاهی ئەمە ئومەتی محەمەدی، لە تڕی سەی دەچووین !
دەزانن لۆ؟ نوێژسەرەتا، پەنجا دانەی ڕێک بوو، ئەی باوکەڕۆ، ئیماندارینە، پەنجا دانە!
کوڕه خەڵکی لە پێنج دانەکە ڕادەکات، ئینجا پەنجا.
ئیمانداران، لە شەوی ئیسرا و میعراجێ، ئەها کە نووری چاومان، پەیامبەری ئاخیر زەمان، بەرزبووەوە بۆ حەوت تەبەقەی ئاسمانان، موسا بە پەیامبەری گوت:خێرا بڕۆ بە خوای گەورە بڵێ، کاکە ئەو ئومەتە ئەمن دەیانناسم و دەزانم مەعدەنیان چییە، بەخوای پەنجا نوێژیان پێناکرێت ئەگەر بشفڕن، ئەوجە با ئەو چاکەیان لەگەڵ بکاتن و داشکاندنێکیان بۆ بکاتن و هەندەک خاتریان بگریت و چل دانەکیان لۆ بینتە خوارێ. بەوشێوەیە ئیماندارینە بە قسەی موسای، خوای گەورە پاداشتی بداتەوە، لە پەنجای، بۆ کردنە پێنج.
وەڵاهی موسا دەیگوت:پێنجیش زۆرن، بەڵامەکینێ پەیامبەر سەلەلاهو عەلەیهی وەسەلەم، گوتی کاکە بەسه، وەڵاهی چیتر ڕووم نییە بڕۆمەوە لای خوای گەوره و داوایەکی وەهای لێبکەم.
کوڕم، دەزانی ئەوە چی سوکایەتی و بێڕێزییەکە بە خودای گەورە؟
یانی خودا بڕیار و فەرمانێک دەردەکات، ناڕاست و هەڵەیە و حەزرەتی موسا، و مەلا محۆی نەخوێندەوار، بۆی ڕاستدەکەنەوە؟
کوڕم تۆزەک ئەو ئەقڵە کڵۆم دراوەتان بخەنەکار و وەرنەوە هۆش، هۆۆۆۆۆۆۆش.
گێلە فەقێ، پاشان ئەتووی نەخوێندەوار دەزانیت کە ئەو هەموو ڕیوایەت و شتە، سەدساڵ زیاتر لە دوای مردنی پەیامبەرەکەتان دەست بە نووسیونەوەی کراوە و پرۆسەکە سێ سەد ساڵی خایاندووە، تا ئەوەی ئێوەی مەلا و فەقێ ناوتان ناوە:سیحاحی ستە و سەحیحی بوخاری و موسلیم، موسنەدی ئیمام ئەحمەد ومووەتەئی ئیمام مالیک و موستەدرەکی دارمی و مەهزەلەی نازانم کێ و چی تورموزی، و ئیبنولحیببان.. هەمووی نووسراوەتەوە.
سێسەد ساڵ!
لچ ئەستوور، ئەتو ئێستا لێت بپرسم دوێنێ چیت خواردووە، بیرت نەماوە. جاوەرە ئەقڵ و هۆشت هەبێت و گومان لەو هەموو عەن عەنە و قال فولانی ئیبونولعەلانی ئوختولمەولانی عەن جەددەتول بولانی حەددەسەنا عەمەت ئیبنولئەخی و قالە قیلە یەقولو قەولە، نەکە!
کوڕە چما گەمەی منداڵانە، تا ئەو هەموو حەددەسەنا و قیلە و قالە و یەقول و قول و قەول و مەول و عەن عەنعەنەیه لە خەڵک و خوا بکەن بە دین؟!
باشە قورئان ناڵێت﴿أَوَلَمْ يَكْفِهِمْ أَنَّا أَنزَلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ يُتْلَىٰ عَلَيْهِمْ ﴾
ئەرێ قورئان بەس نییە ؟
ئەدی بە پێی ئایینەکەت، خودا بە پەیامبەر ناڵێت﴿لَيْسَ لَكَ مِنَ الْأَمْرِ شَيْءٌ﴾
گێلە فەقێ، خوێندەواریت هەیە ئەتوو؟
ئەی هەر ئەو موسلیمەی ئێوەی مەلا و فەقێ لە خەڵکتان کردووە به خوا، ڕیوایەتەک لەسەر زاری پەیامبەر ناگێڕتەوە و ناڵێ جگە لە قورئان هیچ شتێکیتر لەمنەوە مەنووسنەوە؟( لا تَكْتُبُوا عَنِّي وَمَنْ كَتَبَ عَنِّي غَيْرَ الْقُرْآنِ فَلْيَمْحُهُ وَحَدِّثُوا عَنِّي وَلا حَرَجَ … ) ئەمە قسەی کێیە؟ بۆ قسە ناکەیت؟
هەرچەندە من گەردێک بڕوام بەو ئاینەی ئێوە نییە، کوڕم بەڵام یەک فەردە بەڵگە هەیە، کە ئەو ڕیوایەت و شتە، زیادەن و، زۆربەی سیاسەت و بەرژەوەندی و بازرگانی ئاڵ ئومەیە و ئاڵ عەباس و خەڵکیتر درووستی کردوون.
بەم قسەیەی من، دڵگران دەبیت، یان نا، کێشەی خۆتە و سەرت دای لەو دینگەی. وڵڵاهی ئێوە، چینی مەلا و فەقێ، سەرتان لەو خەڵکەی شێواندووە و ئابڕووی دینیشتان بردووە.
کوڕم دوو فەقێ و مەلایەکتان لەسەر ڕیوایەتەکی دینەکەتان هاوڕانین و هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنن و هەمووی یەکتری تەکفیر و تەفسیق و تەبدیع دەکات و ئەو مەلایە زەمی ئەوەکەی تر دەکات و ئەم فەقێ، ڕقی لە فەقێکەیترە و مەلایێک دەڵێ:ئەو ڕیوایەتە قەڵەوە، یەکێ دەڵێ لاوازە، یەکێ دەڵێ نانا کاکەحەسەن و کوڕی چاکە، یەکێ دەڵێ نەوەڵڵا مەوزوعو درۆیە و یەکێتر دەڵێ نانا سەحیحە، کوڕه دین چۆ دەبێت بەو شێوەیە و بەو ڕێگه گاڵتەجاڕەیە و بە حەسەن لیزاتیهی و سەحیح لغەیریهی و وەفی موسنەدی ئیبنولفولان، وعندە تلانین وەهوە کازیبون لا یوعتەمەد عەلەیهی، بگاتە دەستی خەڵکی؟
فەقێ، جا ئەو مەلا محۆ ئەسەرییە ڕیش درێژ و ئەقڵ کورتە، هەر ڕاوییەک لەسەنەدی ڕیوایەتەکەیابێت، کەسێکی سۆفی بیرو باوەڕ و تۆزەک نەرم بووبێت و لەگەڵ میزاجە بۆگەن و ئاڕاستە فیکرییە توندئاژۆییەکەی ئەو نەگونجێت، بە دڵی خۆی هێڵەکی ڕەشی بەسەردادێنیت و درۆیەکی دەکات و دەڵێت: هازەل ڕەجول عیندە سەلەفونا ئەلساڵح و عولەمائولئومەتی غەیرومەوسوق، لیئننەهو موتتەهیمون بیلکیزبی، لیزا لا یوعتەمەد عەلەیهی.
ئای مەلامحۆی لایوعتەمەد عەلەیهی هاهاها.
باشە هەرخۆتان دەڵێن ڕیوایەتەکان دووسێ دانەیەک نەبێت، کە موتەواترن، ئەوەیتری هەمووی ئاحادە و ئاحادیش سبوتولزەنن و جێگای گومانە. ئێ کەواتا چۆن به گومان دین و بیر و باوەڕەکەتان دەسەلمێنن و لەو خەڵکە مێگەڵەیشی دەکەن بە پەیامی خودا و یەقین و حەقیقەتی ڕەها و کۆتا تەفسیر؟!
کوڕم بەئێزدان سوێند، من هەرگیز گلەیی لەو هەموو فەقێ و مەلانەخوێندەوارە ناکەم، کە گەردێک شارەزاییتان لە ئایینەکانی تر و هیچ قوتابخانەیەکی فەلسەفی و فیکری و شتێکیتر نییە و هیچی ناخوێننەوە و دوژمنتان پەڕتووکە، هەر هیچ نەبێت، یەک تۆز شارەزایی لە دینەکەی خۆتان پەیداکەن، شارەزایی.
کاکە خۆ کافرنابن و ئەقڵتان لە دەست نادەن