سەلامە موسى: خەونی فەیلەسوفان – بەشی چوارەم و کۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی: عیماد عەلی
حەقیقەت کچی وەهمە
ئەگەر حەقیقەت کچی تویژنەوە بێت، توێژینەوەش کورٍی وەهمە. یەکەمجار خەیاڵپڵاوی شتەکان دەکەین ئینجا راستیەکان دەزانین. لە خەیاڵی خۆماندا خەون بە بونیاتنانی خانوەوە دەبینین، بە دروستکراوی و بە بەرزی خەیاڵی لێدەکەینەوە، ئینجا بەدوای پێویستی و کەرەستەکانی دەگەرٍێین و دوای ئەوەش بە پێی ئەوەی خەیاڵی لێ دەکەینەوە، لە خەیاڵدانماندا دروستی دەکەین. نە شۆرشێک و نە کودەتایەک و نە چاکسازیەک نەبووە، هۆکارەکانی لای میلەتێک هاتبێتە ئاراوە، ئەگەر پێشتر وەهمێک نەبوبێت لە خەیاڵدانی بیریارێکدا.
پرسەکە پێچەوانە نابێتەوە، زۆرێک لە خەون و وەهمی زانایان بە فیرٍۆ رۆیشتوون، یان لەبەر ئەوەی زرٍ خەون بوون و کەڵەبووی بیرکردنەوەی ناسازبوون، یان پێش کاتی خۆیان کەوتوون. بەڵام ئەگەر ئێمە ژمارەیەک لەو کودەتا نوێیانە بخەینە روو، کاریگەری و نمونەی باڵای وای تێدا دەبینین کە فەیلەسوفان و بیریاران خەیاڵیان لێ کردۆتەوە. خوێنەر لەبەر ئەوەی نوساوە بە حەقیقەتەکانەوە، وا دەزانێت کاریگەریی ئەم خەونانە لاوازە بەسەر کۆمەڵگاکانمانەوە. بەڵام لە راستیدا کاریگەریەکانی زۆر گەورەن. بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا لەوە گەورەترن کە دەبوایە بەو شێوەیە بن. بۆ نمونە ئەگەر کۆمۆنیستەکانی روسیا بە هەموو شێوەیەک خۆیان رادەستی ئەوانەیان نەکردایە کە خەونیان بە کۆمۆنیزمەوە دەبینی وەکو ( باکۆنین) و ( کرۆبتکین) و خەڵکی تریش، ئەو سیستمەی لەدوای شۆرش هاتەئاراوە لە زۆرێک لەوەی لەگەڵیدا نەدەگونجا هەڵاوێرد دەکرایەوە. ئینجا هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە کۆمەڵەی گەلان، هیچ نیە جگە لە بەدیهێنانی خەونی کریستیان لە دۆزینەوەی ئاشتی لە جیهاندا. نیچە خەونی بە حکومەتی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئۆرپاوە بینی، ویڵز لە یۆتۆبیاکەی حکومەتێکی جیهانی بینی کە هەموو جیهان ملکەچی بن. بۆ نمونە شۆرشی ئەمریکا بە دروستبونی ولایەتە یەکگرتوەکان تەواو بوو، شۆرٍشی فەرەنسا کە بە لەناوچونی خاوەندارێتی لە فەرەنسا تەواو بوو، ئەوەتا دەیانبینین لە پاش خەونی فەیلەسوفان لە فەرٍەنسا و ئەمریکا لەسەر ئازادی و یەکسانی هەموو ئەو بیرانە هاتنە ئاراوە، کە تائێستاش خەڵک رێگەی بەدیهێنانی گرتۆتە بەر.
تەماشای فێرکردنی گشتی بکە، زۆرێک لە فەیلەسوفان بانگەشەیان بۆ دەکرد، سەرەرٍای بڵاوبونەوەی قوتابخانە، تاکو ئێستا خەیاڵێکە لەبری ئەوەی حەقیقەت بێت. لێرەدا دەبێت لەسەر مەسەلەی فێرکردن بوەستین بۆ ئەوەی شتێک لە خەیاڵ و لە دەروونماندا ببین کە زاڵە بەسەر عەقڵدا. هەموو ئەوانەی کە بیریان لە نمونەی باڵا کردەوە لەبیریان نەچوو کە بیر لە فێرکردن و گشتاندنی بکەنەوە. هەروەها کە ئارەزووی سەردەمی یەکسانیان دەکرد و ئاواتەخوازی بەدیهێنانی بوون، ئەوەیان لەبیر نەکرد کە بڵێن یەکسانی لە هەوڵی فێرکردندا باڵاترین جۆری یەکسانی و دادگەرترینیانە. دەرئەنجامی ئەوەش وای لێهات کە جارێک سەدەی نۆزدەهەم تەواو نەبوو، سەرجەم میلەتانی ئۆرپا ئەوەیان لە زیهنیاندا جێگیربوو کەدەبێت فێرکردن بۆ هەمووان بێت. بەڵام جیاوازی لە نێوان خەیاڵی فەیلەسوفدا هەیە، بیرکردنەوەی رۆشنبیری گەشەی پێ دەدات و هەروەها جیاوازی لە حەقیقەتدا هەیە کە خەڵکی ژیان مام ناوەندیە دەیگرێتە دەست. ئێستا فێرکردن لە ئۆرپا لەگەڵ گشتاندن و خۆرٍاییەکەی تا ئێستا توێکڵ و وێنەیە زیاتر لەوەی حەقیقەت و کرٍۆک بێت. فێرکردن لە واقعی ئێستادا لەوە زیاتر نیە یاریەک بێت ئامرازەکانی کاغەز و پێنوس بن. منداڵان فێری شتێک لە جوگرافیا لەسەر کاغەز و شتێک لە مێژوو لەسەر کاغەز و حسابی کرٍین و فرۆشتن لەسەر کاغەز دەبێت و وێنە لە پەرٍەیەکەوە بۆ ئەویتر دەگوێزێتەوە. سروودەکان لەسەر کاغەز لەبەر دەکرێن و لە هەموو ماڵان یان زۆرینەیان ناوەرٍۆکی کاغەزە لەناو یەکدا پێچراوەتەوە و پێی دەڵێین پەرتوک و هەموومان دەڵێین زانیاری سودبەخشی تێدایە. لەم فێرکردنەوە ئەوە دروست بوو کە کاغەز زۆر بێت تاوەکو وای لێهات زۆرێک لەو رۆژنامانەی دەخوێنینەوە لە کاغەزبن. تاوەکو پەند لە نواندن وەرگرین بۆ نمونە پەندەکە لە نواندنێکی ترەوە وەریدەگرین کە لە کاغەزێکەوە یان هاوشێوەکەیەوە بۆ کاغەزێک یان هاوشێوەکەی دەیگوازینەوە. بەڵام ئەو فەیلەسوفانەی کە خەیاڵی فێرکردنی گشتیان کرد، قەت باوەریان نەکرد کە ئەم رۆشنبیریە کاغەزیە دەرئەنجامی خەونەکانی ئەوانە. ئەگەر پرسیاریان لێ بکەیت ئایا دەبێت لە کوێ وێنەکێشان فێربکرێیت، خێرا بەوە وەڵامت دەدەنەوە: لە کێڵگە، لە جەنگەڵستان، لە بازار، لای رٍانەمەرٍ، لە تەنیشت قەدی درەخت، ئەگەر تۆ داوات لە وێڵز کرد: دەبێت چۆن جوگرافیا و مێژوو فێربکەین؟ خێرا وا وەڵامت دەداتەوە: ئایا دەکرێت پرسیاری لەم جۆرە بکرێت، ئایا لە جیهاندا ئامرازێکی دیکە هەیە بۆ فێربوون جگە لە گەشتوگوزار؟ ئایا ئەوە دادگەریە کە مرۆڤ لەم جیهانەدا بمرێت و نەزانێت دەریا یان شاخ چیە؟ ئەگەر تۆ پرسیارت لە گەورە کیمیاویەکان کرد: چۆن کچ و کورٍەکانمان فێری کیمیا بکەین.. هیچ دوودڵ نابێت لە وەڵامدا ، دەڵێت ئەوە بێ کەمۆڵە و بۆتە و تیوب و بیست سی ئامرازی دیکەش نابێت.
بەڵام ئەو سیاسیانەی بە ناحەقی میلەتان بەرێوەدەبەن وا دەیبینن کە فێرکردن بەو شێوە بێت خەرجیەکی زۆری لەسەر میلەت دەکەوێت، بۆیە ئەوان فێرکردن بەو جۆرە دەشێوێنن و تێکیدەدەن و وای لێدەکەن ببێتە یاریەکی بێزارکەر، بۆیە فێرکردن بە پێنوس و کاغەز و لاستیک بە راست دەزانن. ئەوان ئەوە بە ئاسان دەبینن کە گەنج لە پەرتوکی گیانەورانی دەریا بخوێنێتەوە کە ئاواو و ئاوایە، بە لیستێک ناوەکانی بۆ دەنوسێت، وەکو چۆن لیستی ناو هۆتێلەکان دەنوسیت و ئەویش بەدڵ و گیان لەبەری دەکات. لەبەر ئەوەی ئەمە ئاسانە لەسەر پیاوی سیاسی لەوەی بۆ نمونە: ماسیەکی گەورە فێری قوتابیەک بکەیت کە لە ساڵێکدا دە هەزار جنێە خەرجی تێدەچێت. ئاسانیشە کە قوتابی وانەکەی لەسەر رووەک لەسەر کاغەز لەبەربکات و وێنەکانی بە پێنوسەکەی لە کاغەزی کتێبەکەوە بگوازێتەوە بۆ کاغەزی تێنوسەکەی. لەبەرئەوەی پیاوی سیاسەت کە ئێستا بە ناحەق میلەتان بەرێوەدەبات وا دەبینێت کە فێرکردنی ژیانی رووەک لای قوتابی لە کێڵگە و جەنگەڵستان خەرجیەکی زۆری لەسەر میلەت دەکەوێت و ترس لەوەیە ئەگەر ئەوە لە میلەت داوا بکات لە هەڵبژاردنەکان دەنگی پێنەدەن و بیخەن، بۆیە ئەو یاری قەڵەم و کاغەزی پێ باشترە.
بەڵام زانایان دەزانن کە فێرکردنی راستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤ راستەوخۆ خۆی لە ناو سروشت بێت و ئەوەی دەیەوێت لێی فێربێت. ئەوە بۆ منداڵ باشترە کە پەنجەی لە ئاگرەکە بسوتێت نەوەک پێی بڵێن ئاگرەکە گەرمە و دەست دەسوتێنێت. رۆژێک لە سەر لمی بیابان بباتەسەر و باکەی هەڵمژێت و هەست بە تینوێتیەکەی بکات و لەگەڵ دەشتایەکەی تێکەڵ بێت زۆر باشترە لەوەی هەزاران پەرتوک لەسەر پەیوەندی دەشتەکی و شارستانیەت و ژیانی رووەک و گیانەوەری بیابان بخوێنێتەوە.
دادوەری نیە ئەگەر بڵێین هەموو فێرکردن لەسەر پێنوس و کاغەز دەرٍوات، ئەوەی حەقیقەت بێت ئەگەر وابوایە هیچ پزیشکی و ئەندازیاری پێشنەکەوت. پزیشکی عەرەب ئەو زانستەی بە پێنوس و کاغەز فێری بوو لە نەخۆشیەکاندا تاقیان کردەوە. خەلیفەکان رێگریان لە پزیشکان دەکرد کە توێکاری بکەن، پزیشکییش وەکو یاریەکی بێ نرخ لە دەستی جادوبازان و تەڵەکەبازاندا مایەوە. هەروەها زانستەکانی سەدەکانی ناوەرٍاست بەو شێوەیە بەرێوەچوو. کە رێنیسانسی ئۆرپای نوێ روویدا، زانایان لە زانستی کاغەز دوورکەوتنەوە و روویان کردە سروشت. وایان لێهات توێکاری رووەک و گیانەوەریان دەکرد، بەدەستی خۆیان تاقیکردنەوە زانستیەکانیان دەکرد. بەڵام ئەم دورکەوتنەوە تەواو نەبوو، زۆربەی رۆشنبیریمان رۆشنبیری کاغەزە، بۆیە ئەو بەرهەمە شەرعیە لەگەڵ ئەندێشەو عەقڵماندا نایەتەوە. بەڵکو وەکو خیاڵێکی نەزۆکانە لەخەیاڵدانماندا گوزەر دەکات. ئەگەر ئێمە لق و پۆکانی ئەوەی زیندووە و بەبەرد بووەکانیش بزانین، مەعریفەتمان بەرهەمهێن دەبێت و هەر یەکێک لە ئێمە هاوشێوەی دۆزەرەوەیەک یان داهێنەرێکی لێ دێت، لەم مەملەکەتە سەرسورٍهێنەرەی کە تێیداین، کە راستە پێمان بڵێن ئێمە تێیداین و تەنها دەبیسین و نابینین.
ئەوەی لەسەر فێر کردن دەوترێت، دەکرێت ئاوها لەسەر هەموو ئەو شتانە بوترێت کە فەیلەسوفان خەونیان پێوە بینی و ئێمە توێکڵە گشتیەکەیمان وەرگرت و وازمان لە کرٍۆکەکەی هێنا. ئەو شارانەی ئێستا وا ئەوەی تێیدایە و لە سەر سیستمێکە زۆرینەی لەسەر زۆری داهێنانەکانی گواستنەوە وەستاوە کە خەونەکانی فەیلەسوفان بۆ سەردەمی ئەو ئامێرانە دەگەرێتەوە کە پێشبینیان کردبوو، بەڵام کاتێک ئەوانە بیریان لە داهێنانی ئامێرەکان دەکردەوە، وا تەماشایان دەکرد، بۆ ئەوەی کات بۆ خەڵک دابین بکەن، بۆ خۆشحاڵبون و بەختەوەری و خۆشی دەرونیان و ئاسودەییان بەکاریان بێنن. بەڵام گشت میلەتان داهێنانی ئامێرەکانیان وەک بەهانەیەک وەرگرت بۆ زیاتر کردنی سامانی خاوەن کارگەکان، هەرچەند ئەوە لەسەر حسابی رەنجی کرێکار و هیلاکی کارکردنیان بوو، ئەگەر تەنانەت لە پێناو مەعاشەکەشیان بوبێت.

پەرٍەسەندنی خەونەکان
لەوانەیە رووقایمی بێت تۆ بۆ کچێک ئەو خەونە راڤە بکەیت کە بە میرێکی قۆز و درەوشاوەت بینیوە و میرەکە هەوڵی ئەوەی داوە سڵاوی لێبکات و دەستی ماچ بکات یان ماچی کردووە. لە راڤەکردنەکە تۆمەتێک دەخاتە یاڵ عەقڵی ناوەخن کە لە کاتی خەودا کارا بووە و ئەو قەڵەمبازە جەستەییە دەردەخات کە لەگەڵ عەقڵی دەرەکی لەکاتی رابووندا دەیبەستێتەوە. خەونەکان ئەگەر لە کاتی خەونی ئاگاییدا بێت یان لە خەونی خەودا بێت بەڵگەی قەڵەمبازی و ئارەزوویەکە کە لە کاتی ئاگابوون و هۆشیاری تەواودا جێبەجێ نابێت.
زۆر راستتر و سودبەخشترە بۆ مێژوونوس ، ئەگەر خۆی بۆ فێرکردنی مێژووی میلەتێک تەرخان کرد، روو بکاتە خورافاتەکەی کە خەونەکان تێیدا چر دەبنەوە، هەر کاتێک لێی دەکۆڵێتەوە ئەو قەڵەمبازی و رەهەندانە دەزانێت کە لە گیان و دەروونی رۆڵەی ئەو میلەتەدا بووە. بۆ نمونە باسی مێژووی فەرعەونیەکان لەبارەی شەرٍ و دیل و سەرکەوتن و شتی لەوبارانەوە بکەیت، لەوانەیە سوودی نەبێت بۆ زانینی مێژووی میلەتەکە وەک ئەوەی راڤەی چیرۆکێکی خورٍافی بکەیت، کە خەڵک بە گشتی لە شەوچەرەیاندا باسیان کردووە . لەبەر ئەوەی لەم قسە و قسەڵۆکانەدا ئارەزووی ئەو خەڵکە بەرجەستە دەکات و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت گە دەروونیان حەزی لە چی بووە. ئەمەش لەوە راستترە کە باس لە بارو دۆخیان لەسەر ئەو درۆیانە بکرێت کە فیرعەونیەکان زۆرجار لەسەر خۆیان پێش مردنیان نوسیویانە.
یەکەمین یۆتۆبیایەک کە مرۆڤ تێیدا بیری کردبێتەوە ئەو یۆتۆبیا خورافاتیانەیە کە رۆچووەتە کرٍۆکی ئایینەوە. بۆ نمونە ئەم میسرە لە کۆندا کە چاکسازیی بارودۆخیان لە دونیا لەئەستەمەکان بووە و، هێزی سەرکوتکەر زاڵ بووە بەسەریدا، ئەو بەدرێژایی رۆژەکە لە ژێر گرٍەی خۆرە تاودا رەنجی داوە، وای لێدێت خەون بە خۆشیەکەوە ببینێت کە لە پاش مردندا ئەو خۆشیە بیبینێت؟ ئەو لەوێدا رەنج دەدات و حاکمە زاڵمەکان دەیخۆن و ئارەزووەکانی لێ زەوت دەکەن. بۆیە ئەو وادەیبینێت کە خۆشیەکانی ئەودونیا تەرازووی دادوەریە بۆ سزای ئەو زاڵمانە دانراوە. لەوێدا خۆشی و ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی لە سێبەری درەختەکاندا دەبینێت و جۆگەڵە ئاوەکانی لە نێواندا دەرٍوات. ئەویش لەم خەیاڵە خۆشە هیچ جیاواز نیە لەگەڵ برسیەک یان تینویەک کە لە خەونەکەیدا جگە لە سفرەی رازاوەو شەرابی بەتامی پاڵێوراو هیچی تر نابینێت، حگە لەوەی خەونەکەی بووەتە خەونی هەموو میلەتەکە و سەرگوزەشتەکە لە تاکەوە بووە بە هی کۆمەڵێک. ئینجا فەیلەسوف دێت و یۆتۆبیاکەی بۆ ئەم جیهانە وێنەدەکێشێت و هیچ گرنگی بە دوای مردن نادات و گوێی بە چارەنوسی کۆمەڵەکەش نادات. بەڵام فەیلەسوف خاوەن خەونی سەر زەویە لەبەر ئەوەی زۆر پشت بە راستیە بەرجەستەکان دەبەستێت، گرنگی بە ماتریاڵ دەدات زیاتر لەوە بە بنەما بدات و گرنگی بە ئامراز دەدات زیاتر لەوەی بە ئامانج بدات، بۆیە زۆرجار کە تەماشای خەونەکان دەکەین و دەگەینە کۆتاییەکەی دەپرسین: ئایا ئەمەیە خۆشحاڵی پێشکەوتن یان ئەمەیە کەوا قەرەبوومان دەکاتەوە، ئێستا ئێمە لەبەردەم بناغە رەسەنەکەین یان ئەڵتەرناتیڤ؟
ئینجا لەوانەیە پرسیار بکەین: بۆچی خەونێک لەم خەونانە لەگەڵ ئەوەی سەدان ساڵی بەسەردا تێپەرٍیوە نەهاتۆتەدی؟
لێرەدا جیاوازی ئایین لەگەڵ خەونەکانی فەیلەسوفان و خەڵکی دیکەی بیریاران دەبینین. ئایین بەر لەوەی پەیمان بە یوتوبیای ئەو دونیا بدات داوا لە تاک دەکات کە دڵ و دەروونی بە باوەرٍداری بگۆرٍێت و بیکات بە دەروونێکی دیکەی خاوەن دەروونی باوەرٍدارە و ئاسودەبوو بە باوەرەکەی و پێی رازیە لە جێگەی دەروونەکەی پێشتری بێت کە دەروونی کافر بووە و رارایی و دوودڵی و گۆمانی تێدا دروست کردووە. ئەم باوەرداریە بە تەنها بەس بوو بۆ ئەوەی گۆرٍان لە شێوازی ژیان و باری کۆمەڵایەتی و باری خێزانی و لە سیستمی حکومەت لای ئەو بکات. بە شێوازێکی دیکە دەیڵێین، هەر ئایینە هەوڵی داوە کۆمەڵگە بگۆرٍێت لەدوای ئەوەی دەچێتە دڵی تاکەوە و دەیگۆرٍێت، بەڵکو تازە دروستی دەکات. بۆیە ئایین سەرکەوتوو دەبێت لە بەدیهێنانی مەبەستەکەی، لەبەر ئەوەی گۆرٍانی تاک ئامرٍازی گۆرٍینی کۆمەڵە. ئەگەر ئەو نەگۆرٍێت چۆن دەیەوێت رێگەی کۆمەڵگە بگۆرٍێت.
ئا ئەمە جیاوازیە لە نێوان ئایین و خەونی فەیلەسوفان. ئایین گۆرٍانکاری لە ناوەند بە گۆرٍینی تاک دەکات و دەتوانێت شێوازی کۆمەڵایەتی ئیسلام یان مەسیحی یان یەهودی بدۆزێتەوە. بەڵام یۆتۆبیای فەیلەسوفان لە سەدەی نۆزدەهەم گرنگی بە ناوەند دەدات و هیچ ئاورٍ بەلای تاکدا ناداتەوە.
لە سەدەی نۆزدەهەم هاواری چاکسازی زۆر دەکرا و بەرزترینیان چاکسازی ئابووری بوو. بەڵام تێیاندا هەبوو داوای چاکسازیی حکومەت و پەروەردە و ئەو بابەتانەی دەکرد لەو ناوەندەی کە مرۆڤی تێیدا دەژیا. هەموو ئەو شوێنانە بەتاڵ بوون لە مەرجە سەرەکیەکانی سەرکەوتنی ئەو بانگەشانە:
مەرجی یەکەم/ ئامانج روون نەبوو، ئایا چاکسازیەکە تەندروستیە یان جوانی یان باش کردنی بەرێوەبردن یان بۆ زۆرکردنی پارە. وا دانێ کە ئەم شتانە ئامانجی خەونەکانی فەیلەسوفەکان بوبێت، ئایا دەبووە هۆکاری خۆشحاڵی و بەختەوەری و پێشکەوتن؟
مەرجی دووەم/ چاکسازیەکە بەتاڵ بوو لە دۆزینەوەی هەر ئامرازێک بۆ گۆرٍینی تاک. ئایین دڵی خەڵکی گۆرٍی، بەوەش هەر کەسێک ئەوەی بە چاکسازی حساب کرد رزگار بوو، بەڵام یوتیۆبیاکان نەیانتوانی هیچ شتێک لە دڵی خەڵکدا بگۆرٍن بۆ رێگە خۆش کردن بۆ ئەوەی بە بەرنامەکەیان رازیبن.
جەماوەری خەلًک تەنها خەڵکە گشتیەکە نیە، بەڵکو تێیدایە نابوت و بێفەرٍە و نزیکە لە مەیمونەوە زیاتر لەوەی سوپەرمان بێت، لێرەوە ئاساییە ئەوەی کە گوتاربێژی چەنەباز و ستەمکار و فێلًباز یان گەورەیەکی گێل بتوانێت جڵەوی خەڵک بگرێتە دەست. لەبەر ئەوەی ئەمانە قسە بۆ سۆزیان دەکەن کە وەڵامی داواکاریە سۆزداری و دەروونیەکانیان دەداتەوە، بەڵام فەیلەسوف قسە بۆ عەقڵیان دەکات هیچ کەسێکیان تێدا نادۆزیتەوە کە فەیلەسوفەکە وەڵامی داواکاریەکانیان بداتەوە. سۆزیش لە مۆرک و سروشتی ئێمە بەرجەستە و جێگیرترە لە عەقڵ، ئەگەر رێی پێبدەیت زاڵ دەبێت بەسەر عەقڵدا.
بۆیە دەڵێین خاوەن یۆتیۆبیاکانی سەر زەوی سەرکەوتوو نابن گەر دەروونی تاک نەگۆرٍن، ئەمەش زۆر گران نیە وەکو خوێنەر بیری لەدەکاتەوە. ئایین توانی دڵیان بگۆرٍێت، بۆچی یۆگاکاران ناتوانن عەقڵیان بگۆرن و ئەوەی گێل و گەوج و لاوازە نەهێڵن زاوزێ بکات، تاوەکو مرۆڤ نەوە لە دوای نەوە پێشبکەوێت و لە ناوەندەکەدا لەگەڵ پێشکەوتنی خۆیدا رێبکات؟
پوختەی ئەم بەشەمان، سێ یۆتۆبیا پەرٍەی سەند:
1- یۆتۆبیای گشتی کە لە قسەی کۆن و نوێیاندا دەیبینین، ئەمە مایەی کات بەسەر بردن و رابواردنیانە، ئەو کەموکورتیانەی لە حەقیقەتی ژیانیاندا هەیە بۆیان تەواو دەکات.
2- یۆتیۆبیای ئایینەکان، ئەمە لە حەقیقەتدا دوو یۆتۆبیایە: یەکێک لە ئەو دونیایە کە ئامانجی گۆرٍینی دەروونی باوەرٍدارە بە پەیمانی پاداشت بەخشین. کە دەروون گۆرٍا و باوەرٍی پەسەند کرد، هیچ رێگری لە یۆتۆبیای زەوی ناکات کە ئایین بۆ سیستمی ژیان لە سەر زەوی وێنەی دەکیشێت.
3- یۆتۆبیای فەیلەسوفان، ئەمەش نایەتەدی ئەگەر یەک مەبەستی نەبێت ئەویش خۆشحاڵی و پێشکەوتن نەبێت، یان ژیانێکی خۆش کە بۆ ئاسودەیی تاک و خۆشحاڵی و بەختەوەری و پیِشکەوتنی نەوەکان کار نەکات، ئەگەر شەرٍی گێلی و گەوجی لە نێو میلەتان بەرپا نەکات و رێگری لە زاوزێی گیل و لاوازەکان نەکات.

رەخنە و پێداچونەوە
تاوەکو دەرکەوتنی ( ئەرستۆتالیس)، مەعریفەتی مرۆڤ یەک شت بوو، ئەویش هەمووی ئەدەب بوو. هیچ نێوەندێک لە نێوان ئەدەب و زانستدا نەبوو، لەبەر ئەوە ئەدیب پیاوی خەیاڵ بوو، لە هەمان کاتدا زاناش بوو، زاناش پیاوی حەقیقەت بوو، لە هەمان کاتدا ئەدیبێکی خەیاڵیش بوو. کاتێک ئەرستۆتالیس هات و دەستی کرد بە دانانی ( مێژووی سروشتی) لەوێدا رەهەندێکی زانستی لێوەرگرت کە لەسەر مەرج و تاقیکردنەوە وەستابوو، بۆیە جیاوازی لە نێوان زانست و ئەدەبدا دروست کرد. دوای ئەوە قوتابخانەی ئەسکەندەریە دەرکەوت، بەهای زانست و گرنگیپێدانی لە بەهای ئەدەب گەورەتر بوو. کە عەرەب هات، ئەدەبەکەی هانی دەروونی نەدا بۆ خەیاڵ و کۆڵەکەکەی، تەنها لەفزی وشە بوو. بەلەرینەوەی وشە هاندانی دەرووندا بۆ خۆشی، کۆمەڵێک لەوانە روویان کردە زانستی تاقیگەیی. کە رێنیسانسی ئۆرپای نوێ روویدا، ئۆرپیەکان لە رێگەی عەرەبەوە گەرٍانەوە بۆ گریکە کۆنەکان و رەهەندی زانستیان لە عەرەب وەرگرت و رەهەندی ئەدەبیان لە گریکەکان.
بۆ دەرخستنی جیاوازی نێوان زانست و ئەدەب پێویستمان بە درێژ دادری هەیە. زانست بابەتیە و ئەدەب خودیە. جیهان بەدوای پارچەیەک لە کانزا، یان نەخۆشیەک لە نەخۆشیەکان یان روەکێک یان ئەستێرەیەک دەگەرێت و خۆی دوورە لێی و تەماشای ناکات لەبەر ئەو پەیوەندی لەگەڵیدا هەیەتی، هیچ ئاورٍ لە سودی ئەو گۆرٍانە یان زەرورەتە بۆ مرۆڤ ناداتەوە. لەوانەیە جیهان لە توێژینەوە و بەدواداچووندا بەدوای یۆ نمونە ژەهر گەرٍابێت و ئەوانەی روویان لەدۆزینەوەی ژەهر کردبیت بگەنە ژەهر. لەو توێژینەوەیاندا ناچنە ناو ئەو بیرکردنەوەی کە لەوانەیە ئەم ژەهرە لە شەرٍدا بۆ کۆشتنی دوژمن بەکار بێت، یان لەوانەیە لەو پێگەیەوە ژەهرێکی تر بدۆزێتەوە کە هەموو جۆری مرۆڤ قرٍبکات. لەوانەیە ئامێرێک بدۆزێتەوە و هیچ بەلای ئەوەدا نەرٍوات لە کاتی بەکارهێنانیدا چەندین کرێکار بێ کار دەکات. لەبەر ئەوەی گرنگی نادات بەو پەیوەندیەی مرۆڤ بەجیهانەوە کە ئەو توێژینەوەی تێدا دەکات، بەڵکو هەموو گرنگیدانەکەی بە خودی ئەو زانستەکەیە کە توێژینەوەی لەسەر دەکات و نامۆیە لێی بە دوور لە سود و زیان و زەروورەت بوونی. ئەگەر زانایەکتان بینیەوە توێژینەوە لە سەر بەدەستهێنانی سوتەمەنی یان زۆربونی ئامێرێک لە کاردا دەکات، ئەو سەرقاڵە بەو شتانەوە بێ ئەوەی ئاگای لە کاریگەریەکانی لەسەر ئەو کرێکارانە بێت کە لەبەردەم ئامێرەکەدا وەستاون و ئەوەی لە نێوان ئەو و خاوەن ئامێرەکە دروست دەبێت و پەیوەندی نوێی جیاواز لە بەکارهێنانی سوتەمەنی و کارەکە روودەدات.
ئەمە بە جیاوازی لەگەڵ ئەدیبدا، ئەم گرنگی بە مرۆڤ دەدات نەک شتەکان. ئەو ئەدەب بۆ خۆی پیادەناکات، بەڵکو ئەو ئەدەبە لە پێناو مرۆڤدا بەکار دێنێت. بۆیە ئەو خەیاڵەی، بەدوای ئایین و ئەخلاق و شەریعەتەکاندا دەگەرێت. ئەدەب بە سروشتی بابەتێکی چاکسازیی مرۆڤایەتیە. زانست ناکرێت چاکسازانە یان تێکدەرانە بێت، لەبەر ئەوەی بابەتەکەی تەنها شتەکانە و بەس، ئەدیب هەموو مەعریفەتەکانی لە زیهنیدا رەنگ دەداتەوە، بۆ ئەوەی بزانێت کامەیان سودبەخشە بۆ مرۆڤ پیادەی دەکات و ئەوەی وا نەبێت هیچ بیری لێناکاتەوە و ئاورٍی لێناداتەوە، تەنانەت ئەو جیهانەی کە تێیدا توێژینەوە دەربارەی مرۆڤ دەکات و وا تەماشای دەکات کە شتێکی جیایە لە مرۆڤ، ئەلماس جوانکاریە بۆ ژن بەڵام ( کاربۆن)ە، تا بەرزبونەوە هۆکارەکەی (میکرۆب)ە .
لە قسەیەکی سقراتدا نیشانەی روحی ئەدیب دەردەکەوێت، وتی : ( تۆ دەزانیت کە درەختەکان لە جەنگڵستان هیچم فێر ناکەن. بەڵام من لە خەڵکی ناوبازار فێردەبم و سود دەبینم.
بەڵام کە ئەرستۆتالیس هات مەعریفەتی دابەشکرد بەسەر دوو بەشدا:
مەعریفەتی دەرەکی کە دەکرێت هەموو خەڵک کاری لێبکەن. ئەمەش ئەدەبە بە لقەکانیەوە و بناغەکەی تاقیکردنەوە مرۆڤایەتیەکانە. ئینجا مەعریفەتە ناوەکیەکان، بابەتەکەی شتەکان و لێکۆڵینەوەیە لە بارەیانەوە. کە ئەویش زانستە. یەکەم مەعریفەتە گشتیەکانە بەڵام دووەم مەعریفەتە تاتیبەتیەکانە.
لێرەدا ئێمە لەسەر ئەم دابەشکردنە دەرٍۆین. بۆ هەر تاکێک لە خەڵک هەیە قسە لەسەر ئایین یان ئەخلاق یان شیعر یان چیرۆک یان ئاوەدانکردنەوە یان ئابووری بکات و بنوسێت. بەڵام بۆی نیە لەسەر کیمیا یان پزیشکی یان ئەندازیاری بنوسێت.
پێشتر وتمان رێنیسانسی ئۆرپیی نوێ رەهەندیی زانستی تێدایە و تا ئێستاش وایە. هیچ گومانی تێدا نیە کە زانا گەورەکان لە هەموو کاتێکدا لە گەورە ئەدیبان بوون لەبەر ئەوەی عەقڵ و ئەندێشەی گەورە ریگە نادات رازیبێت کۆگای ئەوە بێت کە مەعریفەتی بێ ئامانج و بێ مەبەست تێیدا کۆبکرێتەوە. ئەگەر بڵێت ئامانج لە زانستدایە تۆ زانستت گۆرٍی بۆ ئەدەب . لەبەر ئەوەی تۆ لەوێدا لەوە وازناهێنیت کە بڵێیت ئەڵماس کاربۆنە بەڵکو ناچار دەبیت پرسیار دەکەیت: ئایا ئەڵماس جوانە؟ ئایا شایانی ئەو نرخەیە بۆ دابینکردنی. ئایا لەبەرژەوەندی ئاوەدانیە چینێک لە خەڵک بێ ئەویتر لە خۆیانی بدەن؟ ئینجا کامەیان جوانتر و سودبەخشترە بۆ مرۆڤ کە تەماشای جوانی روخسار بکات یان جوانی شتێکی دروستکراو بکات. واتە پەنجەکان وەکو خۆیان جوانن یان بەوەی بە ئەڵماس جوان بکرێن؟
بۆیە ئەو کاتە و تا ئێستاش گەورە ئەدیبان زانا بوون و گەورە زانایانیش ئەدیب بوون. وا باشە یادی ئەرستۆتالیس بکەینەوە کە زیاتر لەسەر بناغەی رەوانبێژی و مێژووی سروشتی دەنوسی. یان دافینچی کە فرۆکەی داهێنا وفرۆکەوانی پیادە دەکرد، هەروەها گیتە کە لە توێکاریدا کاری دەکرد و چیرۆک و شیعری دەنوسی. بەڵام ئێتاش کۆمەڵەی زانایان کۆمەڵێکی تایبەتی جیاوازن لە کۆمەڵی ئەدیبان. ئەم دووریەی لە نێوانیان و ئەو دابرٍانەیان بووە هۆکاری ئەوەی کاریگەریی خۆی هەبێت لەسەر ئەو شێوازە کۆمەڵایەتیەی کە تێیدا دەژین.
لەبەر ئەوەی ئەدەب نا ژێت و گەشە ناکات ئەکەر لەسەر بناغەی زانست هەڵنەسێت. زانست بەخۆی مەعریفەتی بەتاڵە و هیچ ئامانجێکی نیە مەگەر ئەدیب هەرسی بکات و لە ئەندێشەی خۆیدا بینوێنێت. لیرەوە ئەدەب و زانست بەهەردوکیان لە ژیان جیابونەوە. ئەدیبی ئێستا، ئەگەر پیاوی ئایینی بیت یان وێنەکێش یان چیرۆکنوس یان شیعرنوس یان بابەتی دیکە لە هونەرەکانی ئەدەب، بەدوای خۆشحاڵی ماڵ دەگەرێت و بەخۆی هیچ لە کەرەستەکانی بینا یان رووەک کە بۆ جوانکاری بەکاردێت یان ئەندازیاری باگۆرکێی تەندروست یان پاکژی شارەکان یان شتی تر لەو بابەتانە نازانێت کە جیهان لە خۆی دەگرێت. بەڵام زانا کە ئەم شتانە دەزانێت هیچ لە توخمی جوانی ناو ماڵ نازانێت ، بەشێوەیەک بنیاتی دەنێت وەکو ئەوەی زیندانێک یان کارگەیەک بونیات بنێـت.
پوختەی هەموو لەوەی پیشودا هات، خەونی فەیلەسوفان لە کۆی گشتی کەموکورتیەکی مەزندا خۆی دەنوێنێت، ئەویش بەرهەمی یان بیرکردنەوەی ئەدیبانە یان بیرکردنەوەی زانایانە. زۆر کەم ئەدیبێک وەک ئەفلاتۆن یان ریلز یان هیدسۆن دەبینین زانا بێت و هەوڵ بدات ئەدەب و زانستیش لە خیاڵی یۆتۆبیایی خۆیدا بەکار بێنێت . ئەوەی راستی بێت زۆر قورسە بۆ مرۆڤ لەم کاتەی ئَێمەدا ئەو دوانە لە کاری خۆیدا کۆبکاتە. مەگەر قەناعەت بەو پەرگیریەی کردبێت لە جیهاندا بێ ئەوەی گرنگیی ئەوتۆی بە زۆرێک لە لقە جیاوازیەکانی بدات. هۆکاری ئەوەش دەگەرٍێتەوە بۆ ئەوەی کە دەبێت هەموو ژیانت تەرخان بکەیت بۆ ئەوەی توێژینەوە لە یەکێک لە لقەکانی زانست بکەیت ،لەگەڵ ئەوەشدا، ئایا تەمەن ئەوەندە درێژ دەبێت بۆ ئەوەی بگاتە دووسەد یان سێ سەد ساڵ بۆ توێژینەوەیەکی زانستی، یان قەناعەت بەوە دەکەین کە لە شتێکی کەمی زانستدا بکۆڵینەوە.
بەڵام دەبێت بزانین کە پێشکەوتنی زانست لەگەڵ ئەدەبدا هاوتا دەبێت، ئەوەش ئازاری خەڵک دەدات و سودیان پێ ناگەیەنێت. ئەگەر خەڵک وانەی زانستی کیمیای خوێندەوە و زانی ئەو گازە کوشندانەی لە لایەن سوپاوە بەکاردێت، دەتوانرێت لە یەک کاژێردا شارەکان فەنا بکرێن، بێ ئەوەی لەوەدا هیچ خەیاڵێکی پێشکەوتوو بان عەقیدەیەکی باڵای لە مەر ئایندەی مرۆڤ هەبێت، یان هیچ واتایەکی جوانی هگرتبێت، کارکردنیان لە کیمیا بەشێک دەبێت لە ئازاردانی خەڵک، کە پێویستە ئەو خەڵکە پارێزراو بێت لەوەدا.
شارستانیەتی ئێستامان شارستانی زانستە بە جیا لە ئەدەب، و اتە شارستانێتی پیشەسازیە، کە لەسەر دوا پلەی ئالودەبوون بە داهێنانی ئامێرەکان وەستاوە، هەرچەند پێشکەوتنی هێنابێت، جگە لە ئامرازێک و هۆکارێک لە ئامراز و هۆکاری پێویستی ژیان هیچی تر نیە، بۆیە تا ئێستا ئێمە لەسەر پیَِشکەوتنی پیشەسازیی ئەم سەردەمەین ، پرسیارەکەمان لەوێدایە: دیدگای کامەمان راستترە بۆ ژیان و خۆشگوزەرانی و رێزگرتن لە جوانی و پێشکەوتن، ئێمە یان میسریە کۆنەکان یان گریکە کۆنەکان؟
ئەگەر ویستمان دەست بە خەیاڵێکی راست بکەین کە بکرێت بێتەدی، دەبێت پێش هەموو شتێک بگەینە ئەو رایەی بزانین ئەو شتانە چین لە ئەدەب و زانست لەیەک جیابوونەوە، لەم بارەدا هیچ پەندێک لە دواکەوتنی ئەدەب نیە. پێشکەوتنی زانست بە خۆی بە تەنیا هیچ سودێکی نیە. دەبێت باس لەوە بکەین کە بە هۆی جیابونەوەی زانست لە گەڵ ژیاندا بە تەنیا بەخۆی پێشکەوت ، یان بە دەستەواژەیەکی راستتر دەکرێت بڵێین ئەو بۆ ئەوە پێشکەوت لەبەرئەوەی لە فاکتەری کەسێتیەوە داماڵرا و بووە ئەوەی بابەتەکە ئەو شتانە بن بە دوور بن لەوەی پەیوەست بێت بە خەڵکەوە. کارکردن لە زانست بەخۆی لە هەموو ئەو کۆت وبەندانە رزگاری بوو کە خاوەن دەسەڵاتی حکومی یان دەسەڵاتی دارایی یان ئایینی دەیخستە سەر هونەری ئەدەب.
وەکو ئەوەی ئەمرٍۆ لە مامەڵەکردنیان بۆ گەرٍان بەدوای ئایین یان ئاوەدانکردنەوەدا دەکرێت. ئەدەب تاوەکو خۆی لەو کۆت و بەندانە رزگار نەکات پێشناکەوێت، بەو شێوەیە بێت کە تاقیکردنەوەی گەشە پێدان وئاوەدانی هاوشێوەی تاقیکردنەوەی کیمیایی بێت، داهێنانی ئامێرێکی پیشەسازی بە هەمان شێوەی داهێنانی عەقیدەی ئایینی بێت. ئەگەر ئەدیب خەیاڵی خۆی کرد و یۆتۆبیایەکی وێنەکێشا، ئەوە تەنها بۆ چێژبەخشین یان رابواردن و چیژبینین نەبێت، بەڵکو لەسەر رێسای زانستی بێت، بەوەی کە خەیاڵی بە ئاسانی لە رووی کردەوەییەوە بتوانرێت لە شار یان گوند یان دەوڵەتدا تاقیبکرێتەوە.
زۆرینەی ئەو یۆتۆبیانەی لە سەدەی نۆزدەهەم دانران لەوە زیاتر گرنگیان پێدرا کە دەبوایە بە سیستمی ئابووریی میلەت بدرێت. ئەمەش سروشتی بوو بۆ کودەتای ئابووری گەورە لەسەدەی پێشوو کە بە بڵاوبونەوەی ئامێرەکان روویدا ، بەڵام سیستمی ئابووری هەموو شتێک نیە.
تاوەکو مەسەلەی دیکە لە تەنیشتیەوە چارەسەر نەکرێت ئەمیش چارەسەر نابێت. لەبەر ئەوەی پشتبەستن بە چارەسەری مەسەلەی ژیان بە رێکخستنی کاری ئامێرەکان و چارەسەری زانستی بابەتی کەموکورتی تێدەکەوێت. لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەوەشدا هەروەنا ژیان پێویستی بە چارەسەری ئەدەبیە کە بەهای ئایینی و رۆشنبیری و ئەخلاقیی تێیدا لەبەر چاو بگیرێت ، ئەوەش نابێت تاوەکو ئەدیب زانا نەبێت و زاناش ئەدیب نەبێت. بە دەستەواژەیەکی تر ، دەڵێین. ئەو میلەتەی کە هەر ساڵەو مۆدێلی ئۆتۆمبیلی تێدا بە داهێنانی ئامێری نوێ پێشدەکەوێت، ناکرێت بوترێت ئا ئەم میلەتە رێک بەرەو شارستانیەت دەرٍوات، ئەگەر ئایینەکەی پێشنەکەوێت و هەروەها هەر هیچ نەبێت هەر ساڵێک جارێک ئەو ئاینە بژار نەکرێت. ئەگەر ئەو شارستانێتیەی گرنگیی بە دۆزراوەکانی زانست دەدات، گرنگیی بە داهێنانەکانی ئەدەب نەدات شارستانێتیەکی راست نیە، ئەگەر میلەتێک ریگەی نویً بۆ تێکەڵکردنی بۆیاغەکان تاقی بکاتەوە و بەو شێوەیە لەگەڵ ئەودا رێگەی نوێی ژیان لە نێو تاکەکان تاقی نەکاتەوە، پێشکەوتنی گەشەپێدان و ئاوەدانی لەگەڵ پێشکەوتنی پیشەسازیدا هاوتەریب نەبێت، ژیانی میلەتەکە راست نابێت.

پێشەکی بۆ یۆتۆبیای میسری
کات جۆرێکە لە شوێن، لە جیاتی ئەوەی بڵێم : بۆ هەزار ساڵ دەبێت ئەو رووداوە روویدا. دەتوانم بڵێم ئەو رووداوە لەو شوێنە لە بۆشایی ئاسمان روویدا. لە فڵانە خولی زەوی و لە فڵانە جوڵەی خۆر روویدا.. ئەگەر بتوانرێت لە هەردوو جوڵەی زەوی و خۆر بکۆڵرێتەوە و بتوانرێت شوێنەکە لە فەزا دیاریبکرێت. لەوێ و لەو وتەیە ئەوە تێدەگەیت کە دەڵێم : لە هەزار ساڵەوە ئەو رووداوە روویداوە. بەڵکو تێگەیشتنەکەم وردترە و روونتر درکم بە رووداوەکە کردووە.
ئەم قسانە کە بەدەنگێکی بەرز لەفزی دەکەم دەیبیسم، وەکو ئەو نەریتەی کە دەمەوێت شتێکی ئاڵۆز بۆ خۆم روون بکەمەوە، لەبەر ئەوەی لەفزی وشەکە لای من بناغەی واتاکەیە نەک واتاکە بناغەی لەفزەکە بێت.
من لێرەدا دەمەوێت جیاوازی لە نێوان کات و شوێندا بکەم، لەوێدا خەو دامدەگرێت و خەریکە خەو بمباتەوە . ئینجا ئەگەر هەر شتێک لە باری ئاگاییشدا دەرکەوێت، دەگۆرێت بۆ خەون بینینین بە ئاگایی عەقڵی ناوەکی، ئینجا لەو کاتەدا دەکەویتە حاڵەتی نێوان رابوون و نەوزدا، ئینجا دەخەویت، بەڵام ئەو خەوە جگە لەوەی لەدەرەوەی جەستەدا وادەرکەوێت ناچێتە باری خەونی راستەقینەوە، بەڵام فیکرەکان لە ناوەخنی دەمارەکان و مێشکدا دەلەرێنەوە . هەموو ئەوانەی بە بیردا گوزەر دەکەن هاوتەریب دەبن و کۆدەبنەوە، ئینجا پەرشوبڵاودەبن و نامێنن. لە پاش چرکەیەک ، هەستکردن بە کاتەکەی ( یان بە شوێنەکەی) ئینجا نامێنێت. هەست دەکەم کە لامداوە بەرەو ئەو شوێنەی تاریکیەکە نامێنێت و روناکیەکە دەردەکەوێت، ئەوجا هەناسەی بەیانی هەڵدەکێشم، بەڵکو سنگم پر دەکەم لە با و لێی هەڵمدەژم، وەکو ئەوەی ساڵانێک بێت تامی بای پاکژم نەکردبێت. لە جێگەی خەوتنەکەم هەڵبەزیم و وتم( دواکەوتم دواکەوتم ) بەڵام دووبارە لە جێگەکەم دانیشتمەوە و لەو کاتەدا تەماشای دەوروبەرم کرد. نە ژوورەکە ژوورەکەی خۆمە و نە جێگەکەش جێگەکەی خۆمە . تەماشای دیوارەکەم کرد بینیم ئەم ژمارانەی 7 فبرایەر 3105 ی پێدا هەڵواسراوە.
لەدەوروبەرم تێرٍامام لەحاف و دۆشەکە و سەرینەکەم بینی کە هەموو لە میزەڵانی فوتێکراو دروست کراوە. ژوورەکە زۆر پاک و بریقەدارە. لەگەڵ خۆمدا وتم دەبێت من نەخۆش بوبم و بۆ ئەم نەخۆشخانە یەهودیە هێنابویانم ، بێگومان دەبێت ئەم ساڵی یەهودیە لە موساوە دەست پێ دەکات. موسا بە 1300 ساڵ بەر لە مەسیح هاتووە. ئەو یەهودیانە مێژووی خۆیان لەبیر ناکەن. بەڵام من نازانم بۆچی هێناویانم بۆ ئێرە و بیرم نایەت کە نەخۆش بووبم.
ئینجا تەماشای جەستەی خۆمم کرد بۆ ئەوەی ببینم ئایا نیشانەی برینداری یان شکاوی تێدایە هیچم نەبینی. هەوڵم دا بیر بکەمەوە بەدوای رووداوێک لە رابوردوودا گەرٍام، هیچم بیر نەکەوتەوە. لە جێگەکەم هەستام و بەرەو پەنجەرەکە رۆیشتم، بەڵام جارێک دوو هەنگاوم نەنابوو هاوارێک گوێی لەراندم کە ئاورٍٍم دایەوە بۆ دواوە کچێکم بینی رادەکات و دەڵێت ( خەوتووەکە هەڵسایەوە ، خەوتووە هەڵسایەوە).
چەند خولەکێکی نەبرد تاوەکو گوێم لە نەخۆشخانەکە هەمووی بوو دەستواژەی ( خەوتووەکو هەڵسایەوە) ی دووبارە دەکردەوە. لەدوای نزیکەی چارەکە کاژێرێک بینیم هەموو جادەکە ئەو قسەیە دەڵَێنەوە. خۆم بە پەنجەرەکەوە گرت، نزیک بوو لە لاوازیەوە بکەوم و درێژەم پێدا و کۆمەڵێک خەڵکم بە شێوازێکی نامۆ بینی، هاوار دەکەن: خەوتووەکە هەڵسایەوە، ئا ئەوەتا تەماشا دەکات، زەرد هەڵگەرٍاوە، لەوانەیە نەژێت، دەبێت بگەرٍێنرێتەوە بۆ جێگەکەی. کوا پەرستار و پزیشکەکان ؟) .باوکان منداڵەکانیان لەسەر پشت هەڵگرتووە بۆ ئەوەی لە ناو جەنجاڵیەکەوە بمبینن. لە نزیک پەنجەرەکەوە نزیکەی پەنجا فرٍۆکەی بچوک دەفرٍین و ئینجا دەوەستان و سەرنشینەکانی تەماشایان دەکرمدم.
لەو کاتەدا کە من سەرقاڵ بووم بەم دیمەنەوە، هەستم کرد دەستێک خرایە سەر شانم، کە ئاورٍم دایەوە پیاوێکی لاوازی دەموچاو درێژ و سەرزلم بینی، هاوشێوەی کچان بە قسەیەکی ناسک پێی وتم: ( ئایا دەتوانی بگەرٍێیتەوە بۆ جێگاکەت ؟ تۆ جارێک لاوازیت) .
لە قسەکانیدا خۆشی و وروژاندنی تێدابوو. گەرٍامەوە بۆ جێگاکەم و پاڵکەوتم.
لەتەنیشتمەوە لەسەر کورسیەک دانیشت و ترپەی دڵی پێوانە کردم و زمانی دەپشکنیم و دەستی بە بەشەکانی جەستەمدا دەهێنا. ئینجا وتی : ( وابزانم چاکبوویت. بەڵام دەبێت پزیشکان دانیشن بۆ ئەوەی دەربارەی دۆخەکەت برٍیار بدەن).
وتم: نەخۆشیەکەم چی بوو و کەی رێگەم پێ دەدەن برٍۆمەوە بۆ ماڵەوە؟) زۆر بە درێژی و بە بێ ئەوەی قاقا لێبدات پێکەنی، وتی: وادیارە هیچ شتێک نازانی. ئەمە 1180 ساڵە بەسەرتدا تێپەرٍیوە. رووداوەکەت نامۆیە. لە ساڵی 1925 توشی ئیفلیجی مێشک بوویت و بێ هۆش بوویت. هەموو ئەندامەکانی دیکەت وەکو ئەوەی هۆشت بە خۆتەوە بێت کاریان دەکرد. خۆراکمان دەدایتی و تۆ نوستبویت، تاوەکو ئیفلیجیەکەت نەما و ئێستا بە ئاگاهاتیتەوە و هۆشیار بویتەوە،تۆ 1180 ساڵە خەوتوویت)
ئەم قسەیە هیچ بە عەقڵمدا نەچوو. بەڵام دەمزانی بێ کەڵکە لەوەدا مشتومرٍ لەگەڵ ئەم پیاوەدا بکەم، گوێم نەدا بە هەموو ئەوانەی کە وتی و بەتوندی و هێز و توانامەوە وتم: دەمەوێت خێزانەکەم ببینم)
دووبارە پێکەنینێکی درێژی کرد، لای خۆمەوە وام بینی کە ئەم پێکەنینەی زۆر ناپەسەندە، لەسەر دەموچاویدا شێوەی گەمژەیەکم دەبینی کە هۆکار بێت بۆ زیندانی کردنم و بەو خەیاڵپڵاوە درۆیە دەمخەڵەتێنێت. بەو قسە و رەفتارەی تورٍە و رق لەدەروونمدا قوڵپی دەخوارد، لەو کاتەدا وتم : ( ئەگەر نەرٍۆم بۆ لای خێزانەکەم لەم پەنجەرەوە خۆم فرٍێ دەدەمە خوارەوە و خۆم دەکوژم، تۆ بەرپرسی لەوە ).
سوور هەڵگەرا و دەموچاوی تێکچوو، بە خۆشیەوە هەڵساو دلخۆشی دامەوە و وتی : لە پاش برٍیاری ئەنجومەنی پزیشکان بەم نزیکانە دەردەچیت. ترست لە هیچ نەبیت. هەموومان چاکە و ئاسودەیی تۆمان دەوێت. هیچ ترست نەبێت. تەماشا بکە ئەوە هەندێک لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پزیشکان هاتن).
تەماشای دەرگاکەم کرد بینیم پێنج بۆ شەش کەس رووەو ژوورەکەم دێن. کە لە روخساریان رٍامام دوو ژنم تێیاندا بینی. هەموویان دەیانپشکنیم، دانیان بەوە دانا کە تەندروستیم باشە، رێگەیان پیدام کە لە پاش خواردن دەربچم.
قاپی میوەی جۆراوجۆریان پێدام ناویانم نەزانی، هیچ شتێکی کوڵاویان نەدامێ. وتم : ( ئەمە تێرم ناکات ، تکایە گۆشت و نانم بۆ بێنین من زۆر برسیمە).
یەکێکیان بە جوانی لەگەڵمدا دەجوڵایەوە، وتی ئەم میوانە زیاتر خۆراکی پێویستی جەستەیی تێدایە و تامی جیاوازی هەیە بە شیرین و سوێریەوە. ئینجا بۆی رێکخستم ، یەکەمین میوەم خوارد تامەکەی لە شێوەی گۆشت دەچوو، ئینجا هەندێک گوێزم خوارد کە رۆنی لێدەتکا، ئینجا میوەیەکی رەنگ جوان و بۆن خۆشم خوارد کە نزیک بوو لە بەهێ ، هەستم بە تێربوون کرد لەم خۆراکە خۆشانە، ئەوسا ئەنجومەنەکە لە کارەکەیان تەواو بوون و یەکەم کەس مایەوە، پیًی وتم: ئێستا دەتەوێت برٍۆیت بۆ شار؟)
وتم : بەڵێ. ئەوەم دەوێت، پانتۆڵ و پاڵتۆیەکی دامێ و لەگەڵیدا رۆیشتمە دەرەوە .
چەند سەرمسورٍما لەوەی کە لەو شارە نامۆم و خەڵکەکە هەمووی هەوڵی بینینم دەدن. هەموویان وەکو ئەوەی هاورٍێم بن وابوون، جەستەی درێژ و سەر زل و لەشولاری لاواز، پیاو جیاواز نەبوو لە ژن ، مەگەر بە بونی سمێڵە باریکەکەیەوە نەبێت. بەڵام بۆ ریش، هەندێک مووم لە شوێنێکیاندا دەبینی یان هیچم لێ نەبینی. دەمیان بچوک بوو، لەپاش ئەوەی لەگەڵیاندا تێکەڵاو بووم، زانیم کە لە شەویلگەی خوارەوەیاندا ددانیان نیە، ددانی شەویلگەی سەرەوەشیان هیچی تێدانەماوە مەگەر دانەخرێکان نەبێت. ئەو کەسەی کە سپێدرابوو لەگەڵمدا بێت هەواڵی زۆر شتی تایبەت بە خۆم و ئەو شارەی دامێ کە تێیدا دەرۆیشتین. پێی وتم من چۆن بە ژیان و خواردنی رووەکی ژیاوم و من لەسەر جێگەکەم پاڵکەوتوم بێ ئەوەی هۆشم بەخۆمەوە بێت. چۆن ئەو ژیانە بۆتە هۆکاری ئەو تەمەنە زۆرەم ، لەبەر ئەوەی وەکو دەرختم لێهاتبوو و هیج هیلاک نەبووم ، پێی وتم چۆن پارەکەم کۆبۆتەوە و ئیستا من لە کەسە دەوڵەمەندەکانم. لە ساڵی 1925 یەنجا دۆنم زەویم هەبوو ، ئەوەی بەشی خەرجی ئیفلیجێکی دەکرد تەنها داهاتی چارەکی دە دۆنمێکە، ئەوەی باقیەکەی بە ناوی منەوە کۆدەکرایەوە. تاوەکو منداڵەکانم و نەوەکانیشم هیجیان لە منەوە بە میراتی بۆ نەماوەتەوە .، سەرەرٍای سکاڵا کردنیان لەسەرم بەڵام دادگا نەیتوانی برٍیار لەسەر مردنم بدات. پارەکانم بەم شێوەیە کۆبووەوە. ئینجا باسی مێژووی میسری لەو هەزار ساڵەی رابوردوودا بۆ کردم. چۆن شۆرشی سوشیالیزمی تێیدا روویدا و چۆن ئەزمونە سەرەتاییەکانی حکومەت شکستیان هێنا. ئینجا ئەو سیستمەی ئێستا تەواو بووە، لە رۆژی یەکەمی دەرچونم لە نەخۆشخانە هەندێک لە دیمەنەکانی میسری ئەو کاتەی تێیدا ژیاوم لە پێش نەخۆشکەوتنم، پیشاندام، کۆمەڵێک کاسێتی سینەماگرافیی خستەبەردەمم و وڵاتەکەم بەو شێوەیە بینی وەکو چۆن بیناسم وابوو. ئینجا کاسێتی سەد ساڵی دواتری پیشاندام، ئینجا سێیەم بەش و ئاوا بە ریز تاوەکو گەیاندمیە دیمەنەکانی (خێوەتگاکەم) یان میسر لە سەردەمەکەی خۆمدا.
ئەوەی لە مێشکمدا جێگیر بوو ئەوە بوو لەسەر نەخۆشیەکەم باسی کرد، راستبوو. لە ژیانی پێشوم شتێکم لەسەر تیۆری پەرٍەسەندن زانی، بەڵکو داوام کرد کە باوەرٍی پێبکەن. کەوابێت هیچ قورس نەبوو کە پشت بە روناکیەکەی ئەو بارودۆخەی ئێستا ببەستم و بۆم روونبێتەوە. بەڵام زانینی ئەم تیۆریە هەندێک لە پیاوەتی روشاندم، کە تەماشای خۆمم دەکرد وەکو ئەوەی 1200 ساڵ لەوان دواکەوتبم ، وەکو ئەوەی مرۆڤی بەبەردبووی زیندوو بم تێیاندا. سەرەرای رەوشت بەرزیان ، بەڵام بەراستی بە دیدێکی سوکەوە تەماشایان دەکردم. چاویانم دەبینی چۆن تەماشای روخسارم دەکەن و شێوەی مێشکم دەپشکنن و هەندێک جار منداڵەکانیان دەوێرن دەست بە ریشمدا بێنن و بەو زبری ریشم سەریان سورٍدەما، وەک چۆن زۆرجاری دیکە پێیانە وتم سەریان لە سەرە بچوکەکەم سورٍدەمێنێت.
لەکاتی خۆرئاوا گەرٍامەوە بۆ ژوورەکەم ، پەرستارەکەم بینی کە خۆراکی میوە پێشکەش کردم. لەگەڵیدا قسەم کرد و ئەو هاورێیەم بە جێی هێشتم کە لەو ژوورە بە تەنیا بووین، لە نێوان من و پەرستارەکەدا هەستێکی خێزانیم بە گیاندا دەهات. لەوەوە زانیم کە ئەو نزیکەی 30 ساڵ لە کاتی نەخۆشیەکەم ئاگای لێم بووە. ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی بە حەقی هاورێیەتی کۆن و پێکەوە ژیانی دوورودرێژ ناز بکەم بەسەریدا. ئینجا باس لە حاڵم لە رۆژەکانی نەخۆشیەکەی بۆ کردم. چیرۆکەکەی زۆر درێژ نەبوو، وا پوختی دەکردەوە کە من هاوشێوەی هەندێک گیانەوەر لە حاڵی سرٍبوندا بووم. وەکو چۆن گیانەوەران لە کاتی سربوندا سێ بۆ چوار مانگ سرٍ دەبن و لەو کاتانەدا هیچ ناخۆن. چالاکی جەستەیان تەنها لەسەر هەناسەدان لەگەڵ سورٍی خوێنی زۆر لەسەر خۆ دەوەستێت. کە پزیشکەکان بینیان ئەگەر هیچ نەخۆم بێ گومان دەمرم، وایان لێهات کە نزیکەی هەر مانگێک جارێک خۆراک بکەنە خوێنبەرەکانمەوە ، ئەو خۆراک پێدانە گیانم دەهێڵێتەوە، پزیشکەکان ئەم کارەیان لەگەڵدا کردم و کردیانم بە سەرسورهێنەری سەردەمەکە، تاوەکو ئەوەش باس کرا کە ئەم ئافرەتە کتیبَی لەسەر ژیان و کۆمەڵە نەخۆشیەکانمی نوسیوە. دوا بۆچونی هەندێک ئەوە بوو کە من لە پێکهاتنی هەندێک لە کوێرە رژینەکاندا جیاوازم، هەندێکیان ویستی لە پاش مردنم توێکاریم بکەن، بەڵام من کارەکەم لێ تێکدان و بێ ئومێدم کردن و هەڵسام و راست بوومەوە.
کچەکە بە دەنگێکی نەرم و خۆش قسەی لەگەڵ دەکردم کە ریتمێکی خۆشەویستی تێدابوو. درێژ و سەر زل بوو سنگی ئەوەندە نەبوو وەکو مەمکی ژنان دەر پەریوبێت. جلی سەردەمەکەی خۆی لەبەرکردبوو. هەردوو قاچ و دەست و سەری رووت بوون و بێ گۆرەوی پێڵاوی لە پێدا بوو. جلی لەسەر جەستەدا نەبوو جگە لە پارچەیەک چنراوی تەنکی هاوشێوەی چارۆکە لە نێوان مل و قاچیدا. پیاو و ژن لەوەدا هاوشێوەبوون. بەڵام قژی سەری خاوبوو هەندێک لە دەموچاو و ملی داپۆشیبوو.
وابزانم ئەو کچە ناوی ( رادیۆم) بوو و هەستم کرد کە سەرنجی راکێشام و دیدی بۆ من شتێک لە خۆشەویستی تێدا بوو ، ئەو رقەم لە چاویدا نەبینی کە لە سەرجەم خەڵکی خێوەتگاکەم بینی لەوکاتەی کە لە شێوازی سەرم ورد دەبونەوە، کە لە قەبارەدا لە سەری ئەوان بچوکتر بوو. هەموو شتێکی لەسەر حاڵ و بارودۆخ و ژیان و سیستمەکەیان بۆ باس کردم . هەموو رۆژێک پەیوەندیم لەگەڵیدا توندتر دەبوو و زیاتر پشتم پێبەست ، تەنانەت وا دەوەستام لە تەنیشیەوە هاوشێوەی وەستانی منداڵێک لە تەنیشت دایکیەوە بێت. باسی خۆراکەکەیان بۆ کردم، زانیم کە ئەوان نازانن چێشت لێبنێن و گیانەوەر سەرٍنابرٍن، لەبەر ئەوەی بە میوەی جیاواز و بەری دار بوونەتە کەسی رووەکی و لەو رووەکانە هەندێک وەک خۆراک بەکاردێت و هەندێکی دیکەی وەکو دەرمان. هەندێک خۆراکیان وەکو نەشا و شەکر لە توخمی رەق واتە لە پێکهاتەی کیمیاوی دەردێنن. کشتوکاڵیش بەدەست شارەزایانەوەیە کە هەر یەکەیان کارگەیەکی هەیە و تۆوی نوێ بەرهەم دێنێت و خۆراکی جیاوازی لێ دینێتە بەرهەم کە پرٍ بێت لە تامو چێژی خۆش و سوێر و مێخۆش بێت. گرنگیدانیان بە میوە تەنها وەکو خۆراک نەبوو بەڵکو سودیان لە بۆن و رەنگەکەیشی دەبینی، لەبەر ئەوەی مرۆڤ بۆ چێشت خواردن دانانیشێت، بەڵکو بۆ ئەوەی چاوی تێر بێت و لوت لە بۆنەکەی چێژ وەرگرێت وەکو چۆن زمان لە چێشت چێژ دەبینێت.
خانوەکانیان زۆر سەرسورهێنەر بوون، هەندێکیان لە چەند نهۆمێک پێکهاتبوو و هەر خانویەک نزیکەی 220 کەسی لەو خەڵکەی کە مەیلیان بە پێکەوەژیان و کۆبونەوە بوو ،تێیدا دەژیان . بەڵام لەوێدا خانوی تاکوتەراش لە نێو کێڵگەکاندت هەبوو بۆ ئەوانەی خۆیان حەزیان لە گۆشەگیری و لاتەریکی هەبێت یان سەرقاڵبوون بە خوێندنەوەی بابەتێکی تایبەت کە هەموو کاتەکەی دەبردن و هەموو هێزی خۆیان بۆ ئەوە خەرج دەکەن. ژیانیان بۆ تاک ئاسان بوو لەبەر ئەوەی لە تەنیایی خۆی هەموو چێژبەخشەکانی کۆمەڵگەی دەبینی. لە ژوورەکەیدا ئامێری تەلەفۆنی هەوایی هەبوو کە شەو و رۆژ ئەوەی بیویستایە لە گوتار و وانە و هەواڵ لەوێوە دەبیست. ئەگەر بیویستایە لەگەڵ هاورٍێکەیدا قسەبکات وێنەکەی لە تەلەفۆنەکەی دەردەکەوت و دەنگەکەیشی دەبیست و بەخۆی لە ژوورەکەیدا بوو نەدەجوڵا. ئەو شارانەی بینیمان هیچ تەپوتۆزێکی نەبوو، لەبەر ئەوەی جادەکانی هەموو بە تەختە و پلاستیک داپۆشرابوون. تەنانەت ریگە کشتوکاڵیەکانیش ەوجۆرە بوون، گڵۆپی کارەبایی لەم دیو ئەودیوی جادەکاندا ریزکرابوون، ماڵەکان پێویستیان بە گسکدان و پاک کردنەوە نەبوو. ئینجا مۆبیلیاتی ماڵەکە یارمەتیدەر بوو بۆ پاکی، لەبەر ئەوەی هەموو لە پلاستیک دروست کرابوون. ژوورەکان روناک دەبون و دەکوژانەوە و گەرم دەبوون و پەنکەیان تێدابوو بە لاسلکی بەرێوەدەبرا. هەموو کەسێک نزیکەی یەک ئۆتۆمبیلی تایبەتی یان فرۆکەی بچوکی تایبەتیی خۆی هەبوو، هەروەها ئەمانەش بە لاسلکی بەرێوەدەبران.

دەتوانم بڵێم ژیانیان بە شێوەیەکی گشتی لە رووی هەستیەوە تاکگەرایی بوو ، بەڵام لە تاکگەراییەکەیاندا لە رووی بۆچون و فکرەوە لە ئێمە زۆرتر کۆمەڵایەتی بوون. مرۆڤێکم تێیاندا نەبینی رۆژانە گوێبیستی گۆرانی نەبێت. یان درامایەک نەبینێت لە جێگایەکدا نواندن دەکرێت کە بە هەزار میل لێیانەوە دوور بێت، بەکەمترین شت لە هەفتەیەک یەکجار قسە لەگەڵ هاورێیە زۆر دوورەکەی لە وڵاتانی تردا دەکات و روخساریان دەبینێت و لەگەڵیاندا پێنەکەنێت و گفتوەگۆیان لەگەڵدا دەکات. ئینجا هیچ پێویست ناکات کە ئەم خەڵکانە لەگەڵ یەکدا بژین، هەر یەکە لەوانە ئۆتۆمبیلێکی هەوایی یان زەمینەیی نەبێت بە خێراتر لە با بیگەیەنێتە هەر شوێنپێک دەیەوێت.
بەڵام لە گەڵ سەرسامبونم بەم خەڵکانە ئەوە رەتناتکەمەوە کە زانیم ئەوان وەکو ئَێمە لە ژیانی خێزانی تێیگەیشتوین نازانن، زۆر لێیان بێزار بووم.
ئەوەی زۆر بێزاری کردم (رادیۆم) م بینی زۆر نەزان و بێسۆز بوو لەمەرٍ ئەم ژیانە. سۆزەکانم دوودڵ و رارای کردم لە هەستێکی بەجۆش و خرۆش لە ژیانی خۆش لەگەڵ ( رادیۆم) دا، وام هەست دەرکد کە خۆشەویست و هاوسەرم بێت، لەگەڵ ئەودا بژیم و لەگەڵمدا بژێت، لە ماڵێک هێلانەمان بێت، پێکەوە پەنای بۆ بەرین و بەرهەمی خۆشەویستیەکەمان منداڵێکی جوان بێت کە چێژی لێ ببینین و بە بینینی منداڵان خۆشحاڵ بین و هەست بە پەروەردەکردن و چیژی باوکایەتی بکەین.
ئەوەی حەق بێت ( رادیۆم) بەدەر نەبوو لە هاورەگەزەکانی خۆی لە خراپی سۆزی د ڵداری و خۆشەویستی و شەیدایی. هەموویان وشک و سارد بوون و زیاتر بەعەقڵ هەستیان دەربرٍی لەوەی بەسۆز هەستیان دەربرٍن. بیرم نایەت یەکێکیانم بینیبێت کە بۆ رادەی شڵەژان و تێکچون تورەبێت یان لە خۆشیەکدا خۆشحاڵی پێوە دیار بێت و رووی لە کەیف و سەما کردبێت. زۆرترین تورٍەییان بێزاربونێک بوو و زۆرترین خۆشیشیان خەندەلێوێک یان پێکەنینێکی نەرم بوو. هاوسەرگیری لەسەر شەیدایی و خۆشەویسیتی بونیات نەنرابوو، بەڵکو بۆ پێویستیەکانی ژیان و لە پێناو ئامانج و خستنەوەی نەوەدا بوو. ئەگەر یەکێکیان گوێی لەوە بوایە کە کچێک ئەو توێژینەوە یان ئەو وانەیەی ئەو دەخوێنێت، تەلەفۆنیان بۆ یەک دەکرد و نزیکبونەوەیەک و پێکەوە بەسەربردنێکی ژیان لە نێوانیاندا دروست دەبوو، وا دەگونجان کە بتوانن لە ماڵێکدا بژین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانن نەوە بخەنەوە تاوەکو مۆڵەتێکی فەرمی لە حکومەتەوە وەرنەگرن مۆڵەتی ئەوە بدات کە ئەوان شایانی ئەوەن نەوە بخەنەوە.
نەوە مەترسیدارترین شتە کە حکومەتی ( خێوەتگەکەم) گرنگی پێبدات. ئەوەی راستی بێت من کە تێرٍامان لە ژیانیان دەکەم ئەوە دەبینم کە هەمووی لە دەوری گرنگیدان بە نەوە دەخولێتەوە. لەم خەڵکە ئەوە جێگیر بووە کە مرۆڤ لە کاتێکی زوودا مەیمون بووە. دەشێت بە گرنگیدان و هەڵبژاردنی سروشتی پێشبکەوێت بۆ گیانەوەرێکی زۆر پێشکەوتو لە رووی سۆزداری و عەقڵەوە. ئەوەی یارمەتی دان و هانیدان بۆ ئەم دیدگایە ، ئەو کاسێتە سینەماتۆگفرافیە بوو کە مێژووی هەزار و دوو سەد ساڵی بۆ هەڵگرتوون و حاڵی باوباپیرانیان بۆ باس کردوون و پلەی پێشکەوتنی زۆر نزمیان بۆ باس کردون و هەروەها ئەوەی بۆ راڤەکردوون کە چۆن پلە بە پلە پێشکەوتوون تاوەکو گەیشتوون بەم بارەی ئێستای ئەمان. کەس نەبوو تێیاندا مل لە شکۆی باوانی بدات، لەبەر ئەوەی ئەو بارەیان لە سەر شریتی سینەماتۆگراف بینیوە و لەوێدا ئەو روخسارە نابوتانە و تەپوتۆز و جادەی پیس و سەری بچوکیان بینیوە. بیرم دێت کە من لە شەرمەزاریدا عارەقەم دەرشت، کاتێک شریتێکم بینی تایبەت بوو بەو لەدایکبوانەی کە یەکێک لە کۆمپانیاکان لە ساڵی 1924 لە قاهیرە وێنەی گرتبوون و سەرم سورٍما، چۆن ژیاون لەو شوێنە پیس و پۆخڵەدا .
کاتێک منداڵیک لەدایک دەبێت لیژنەیەک لەزانایان دێنەماڵەوە و پشکنینی جەستەیی دەکەن، ئەگەر بینیان بۆ ژیان و بەردەوامی لە ژیاندا دەشێت، باشە ئەگەر نا لە شوێنی خۆیدا دەیکوژن. باوک و دایک لەسەر ئەوە تورٍە نابن، گوێم لێبوو وتیان گەورەترین شت منداڵی لەسەر بکوژرێت (گەرٍانەوەیە) واتەگەرٍانەوە بۆ بنەچەی خۆیان بە سەر بچوکی لەدایک دەبن. لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ( رادیۆم ) زۆر قسەم کرد. بینیم کوشتنی منداڵی پێ ناخۆش نیە و بێزاری ناکات . بە زاراوەیەکی زۆر سارد وەڵامی دامەوە، ئەوەم لەودا بینی کە ئەوان جیاواز لە گیانەوەری تر زیاتر هەست بە مردن ناکەن. بەرژەوەندی میلەت و نەوەکانی داهاتوو ئەوە فەرز دەکات. رێگەی پەروەردە لای ئەوان لە دیدی مندا باشترین شتە هەیانبێت.
منداڵ شەش ساڵ لای باوانی دەمێنێتەوە. لەدوای ئەوە دەبرێت بۆ قوتابخانە لەوێ فێری وانەی کردەوەیی چێژبەخشی دەکەن، جوگرافیا و مێژوو و هەروەها مێژووی سروشتی بە سینەما تۆگراف فێردەکرێن. منداڵ لە پێش ئەوەی تەمەنی دە ساڵی تەواو کات ئەم شتانە زۆر بە باشی دەزانێت و زیاتر لە کەسێکی سی ساڵ لە قوتابخانە کۆنەکانی ئێمە بە مەعریفەتی راستی فێر دەبێت. قوتاباخانە وەکو کارگەیەک و کتێبخانەیەکە قوتابیەکان لەوێدا سورٍدەخۆن، دوو تاقیکردنەوە دەکەن، یەکێکیان تاقیکردنەوەی شارستانیەتی تایبەتە بە سیستمی حکومەت و پێکهێنانی ئامێرە جیاوازەکان و کیمیا و کشتوکاڵ و ئەو شتانەی کە شارستانیەت دەیکات. ئەویتر تاقیکردنەوەی رۆشنبیریە کە فێری مێژووی میلەتان و مرۆڤی کۆن و ئەو فەلسەفە جیاوازانەی کە لە زیهنی خەڵک لە سەردەمە کۆنەکان چەکەرەی کردووە و ئایینەکان و ئاداب و شتی لەوجۆرە دەخوێنن . قوتابی پێش چل ساڵی واز لە قوتابخانە ناهێنێت. ئەم ماوەیە درێژ نیە ئەگەر وامان دانا خەڵکی خێوەتەکەی من تەمەنیان درێژ بوو و گەیشتە سەد و پەنجا ساڵ. گەشتوگوزاری دوور بۆ بەفرەکانی بەستەڵەکی باشوور دەکەن یان بۆ دەشتاییەکانی بیابان دەرٍۆن، یان بۆ شاخە بەرزەکان، ئەمەش جۆرێکە لە پەروەردە کە گەنجان پەروەردەی پێ دەکران. گەنج لە قوتابخانە دەرناچێت تاوەکو نزیکەی هەموو جیهان نەبینێت، بەڵام سیستمی کار و کاسبی هاوشێوەی ئەوەیە کە گوێیستی بووین لەوانەی لە کاتی ئێمەدا بانگەشەی سۆشیالیزمیان دەکرد. خێوەتگەکەی من دابەشکرابوو بۆ دەسکەرە و گوند، هەر دەسکەرەیەک نزیکەی هەزار دۆنم زەوی لە خۆ دەگرێت و کارگەیەکی تێدایە. کشتوکاڵ هاوشێوەی ئەوەبوو کە ئێستا دەیزانین، کەم بوو، لەبەر ئەوەی لەو هەزار دۆنمە جگە لە پەنجا یان شەست دۆنم بۆ کشتوکاڵی رووەکی نامۆی ساڵانەی هیچی تریان نەکرد ، بەلام ئەو هەموو زەویە هەمووی بە درەختی تەمەندار داپۆشرابوو و خۆراک و جلوبەرگ و سوتەمەنی لێ دروست دەکرا . ئاودێری لە نیل وەکو سەردەمەکەی ئێمە نەبوو، لەبەر ئەوەی ئەم رووبارە نزیک بوو لەوشکبوون، چونکو خەڵکی خێوەتەکە وایان لێهاتبوو بە زانستەکەیان هەوریان چرٍ دەکردەوە و دەبەست و بە فرۆکە بەرزدەبونەوە بە سەریدا و مادەی کیمیاییان دەکرد بەسەریدا و هەورەکەش زیاتر چرٍدەبووەوە و لە هەر لایەک بیانەویستایە و لە هەر کاتێکدا بێت بارانیان لێ دەباراند . بەڵام کارگەکانی گوند و دەسکەرەکان هەموو شتێک دروست دەکرد و هەر دەسکەرەیەک سەربۆخەیە لە ژیانیدا و جیایە لەگەڵ ئەویتردا، جگە لە هەندێک شت کە لەگەڵ ئەویتردا ئاڵوگۆرٍیان پێ دەکرد. خەڵکی سەندیکای هاوشێوەی کۆمپانیای هاوکاریی هەیە. هیچ کەسێکیان زیاتر لە یەک کاژێری زیاتر ئیشی رۆژانەی ناوێت بۆ بەسەربردنی ژیانی. هەموو رۆژ و شەوەکەی بە رابواردنی زیهنیی جیاواز و لە بەداواداچونی توێژینەوە زانستیەکان بەسەر دەبات، کەمبوو تاک جا ژن بێت یان پیاو توێژینەوەی زانستی نەبێت و کاتی بێکاریی پێی پرنەکاتەوە. حکومەتی خێوەتەکە لە پێنج دەستە پێکدێت: دەستەی تەشریعی و دەستەی دادوەری و دەستەی رۆژنامەگەری و دەستەی ئایینی ئینجا دەستەی جێبەجێکردن.
بەڵام دەستەی تەشریعی لەوەدا دروست نەبووە کە تاکەکان هەڵیبژێرن وەکو چۆن لە زەمانی ئێمەدا دەکرا، بەڵکو سەندیکا جیاوازەکان هەڵیدەبژێرن، بۆنمونە سەندیکای پزیشکان دە ئەندامی دەبێت و سەندیکای بایۆلۆجیەکان دە ئەندام و زانایانی کشتوکاڵی دە ئەندام و سەندیکای بازرگانان دە ئەندام، ئاوا بەو شێوەیە تاوەکو لەوانە ئەو ئەنجومەنە پێکدیتَت کە نزیکەی 500 ئەندام دەبن و ئەو دەسەڵاتی باڵای تەشریعی دەبێت.
بەڵام دەستەی دادوەری کەمترین دەستەیە لە ناو میلەتدا دەربکەوێـت، لەبەر کەمی ئەوانەی دادگاییان دەکرێت. داداوەران وەکو نەریت لە لایەن پیاوانی ئاوەدانی و بایۆلۆجیەوە هەڵدەبژێریدرێن، ئەم دەستەیەش بۆ بریاردانە لەسەر ئەوەی لەو خەڵکە بکوژرێت یان رێگری لێبکرێت بۆ زاوزێ، هیچ سزایەکی دیکەی نیە.
دەستەی رۆژنامەنوسان، لە راستیدا ئەمە لە کۆمەڵێک دەستە پێکدێت. بۆنمونە یەکێکیان کار بۆ دەرکردنی رۆژنامەی رۆژانە دەکات، یان لاسلکیە یان لە رێگەی کیمیاوە نوسراوە، ئەویتر رۆژنامەی دیکە لەسەر ئەدەب دەردەکات و ئەویتر لەسەر پزیشکی، ئاوا بەو جۆرە کاردەکەن.
زانکۆکان لە دەستەی تایبەت دەبن کار بۆ دەرکردنی رۆژنامە دەکەن سیستمی زانکۆ لای ئەوان جیاوازبوو لە گەڵ ئەوانەی ئێمە.
دەستەی ئایینی لە سەندیکای گشتی فەیلەسوفان پێکدێت. کەس لە خوار حەفتا ساڵی دا لەوێدا وەرناگیرێت. رای ئەم دەستەیە گرنگە بۆ بریاردان لەسەر هەوەس و مەبەست و چێژی ژیانی گشتی میلەت، ئەم دەستەیە رێگەی وانەوتنەوەی مێژوو و دروستکردن یان روخانی پەیکەر بۆ هەندێک بەناوبانگی مێژوو دەکات. یەیکەری تایبەت بە جوانی و پێویستیەکانی مرۆڤایەتی تر لە گۆرٍەپانەکاندا دروست دەکات. هەمان شت بۆ مۆسیقا و وێنەکێشان ، ئەوە ئەم دەستەیە بە خۆی بورٍو بکوژە . لەبەر ئەوەی خەڵکی ( خێوەتگاکەم) باوەرٍیان بەوە بوو کە ئایینی مرۆڤ لەوەدا گرنگە کە لەم شتانە دروست بێت نەک لە بیروباوەرٍ و عەقیدەی لەبەر کراوی وەکو چۆن لە رۆژگاری ئێمەدا بوو. خەڵکی خێوەتگاکەم پەرستگای هەبوو بۆ ئەوە بە تاک بپەرستن، بە پێچەوانەی ئەوەی ئێمە کردمان. پەرستگاکە بریتی بوو لە بینایەکی لاکێشەی گەورە، لەسەر یەکێک لە دیوارە گەورەکان وێنەی دەردەکەوت، هەر لە کاتی دەرکەوتنی زیندەوەری یەکەمەوە تاوەکو پەرٍەسەندنی بۆ مرۆڤ.، ئینجا ئەوەی ئەو فەیلەسوفانە خەیاڵیان لێکردەوە و پێشبینی ئایندەی مرۆڤ لە وێنەی تردا کرابوو بە سەری زل و چاوی گەورە و روخساری جوان و پەلوپۆ و دەستوپەنجەی ناسک. لەسەر دیوارێکی تردا وێنەی پێشکەوتنی پیشەسازی لە سەردەمی مرۆڤی بەبەردبووەوە تاوەکو زەمانی (خێوەتگا) کێشرابوو. لەسەر دیواری دیکە وێنەی سەرسوهێنەری ناوەندی زەوی لەسەر ئەم گەردوونە و پەیوەندی لەگەڵیدا. ئەوەی لەسەر زەویە، بوونی مرۆڤ لە ناوەندەکەی لەم فەزا فراوانە رادەمێنێت . لەسەر دیواری چوارەم وێنەی فەیلەسوفان و پەیامبەرە مەزنەکان کراوە، لە نزیک هەریەکەیانەوە وتەیەکی ناوازە کە لەو کاتەوە وتراوە کاریگەریی هەبووە لە میژوودا. خەڵکی ئەو خێوتگایە کە دەچێت بۆ پەرستگا بۆ پیشاندانی مەبەستی لە ژیان ، ئەگەر هەست بە ناخۆشی و چەواشەیی کرد ، بە تەنیا لەوێ دادەنیشێت و هەوڵدەدات پەیوەندی بە گەردوونەوە بکات و ناوەندەکەی بناسێت و گرنگیەکەی بزانێت، دڵی هێمن دەبێتەوە و ویژدانی ئاسودە دەبێت. ئەگەر بێزاریەکەی درێژەی کێشا روودەکاتە یەکێک لە دەستەی ئایینی کە دانی پێدا دەنێت و دەیخوێنێتەوە و گرنگی پێدەدات و هەندێک دەرگای بۆ دەکاتەوە و بەوە دەروونی چالاک دەکات.
بەلام دەستەی جێبەجێ کردن، لە فەرمانبەری خۆجێی و گشتیی حکومەتی پێکهاتووە، ئەوان فەرمانی هەموو دەستەکان جێبەجێ دەکەن.
ژیانی تاک لەوە پوخت دەبێتەوە کە تاوەکو شەش ساڵی لەگەڵ باوانی دەمێنێتەوە، ئینجا دەرٍوات بۆ زانکۆ تاوەکو تەمەنی نزیکەی چل ساڵی لەوی دەبێت و بەجێی ناهێڵێت. لەو ماوەیەدا باوانی دەبینێت و لەگەڵیاندا دەژێت و ئینجا دەردەچێت بۆ کارکردن لە یەکێک لە پیشە دەستیەکان و دەچێتە سەندیکاکەیەوە. لەوێدا دەبێتە تاکێکی خاوەن را لە چارەنوسی میلەتدا، لەبەر ئەوەی لەو رێگەیەوە نوێنەرایەتی دەستەی تەشریعی و دادوەری و هەندێکجار رۆژنامەگەریش هەڵدەبژێرێت. هەروەها سەندیکاکەی بریتی دەبێت لە کۆمپانیایەکی هاوکاری.
کە ساڵ تەواو بوو کۆمپانیاکە حسابی کرد کە چەندیان لە بەروبومی کشتوکاڵی و پیشەسازی فرۆشتووە و چیان کرٍیوە، ئینجا قازانجەکەی بەسەر تاکەکاندا و هەر یەکەو بە پێی رێژەی کارکردنی دابەش دەکەن. ئەوەش لە نیوان هەموو ئەنداماندا نزیک دەبێت لە یەکسانی، لەبەر ئەوە بەهای پارەکە لە لای خەڵکی ( خێوەتگا) دارٍما. بەلام لەوێدا تاک هەیە رەهەندی تایبەتی خۆی هەیە ، بۆنمونە ئارەزوو دەکات خانویەکی بچوکی هەبێت و هەرچیەکی هەبێت لە ئەنتیکەی جوانکاری تێی دەکەن. ئەوانە لە کەسی تر زیاتر کار دەکەن، بۆ ئەوەی پارەی زیاترلایان هەبێت، بۆ ئەوەی لەو ئەنتیکانەیان هەبێت . سەندیکای دەسکەرە ریگری لەوە ناکات بەڵکو هانیشی دەدات، لەبەر ئەوەی ئەو ئەنتیکانەی لەوێدا بن لە دوای مردنی خاوەنەکەی بۆ ئەو سەندیکایە دەگەرٍێتەوە، لەبەر ئەوەی لەوێدا بنەمای میراتی لە زەمانێکی زووەوە هەڵوەشاوەتەوە. زۆرینەی ئەوەی خەڵکی خێوەتگاکە خەرجی دەکەن بۆ خواردن و ئۆتۆمۆبیل و فرۆکەیە( بۆ هەر یەکەیان ژمێریارێک بە لاسلکی ئیش دەکات). بەڵام خانوو و هەروەها ئاو و رووناکی و گەرمکردنەوە بە خۆرٍایی دەدرێت بە هەموو تاکێک، سەندیکا کۆگای خۆی هەیە کە خۆراک و پۆشاکی بە نرخی زۆر کەم تێدا دەفرۆشێت.
خەڵکی (خێوەتگا) هیچ گرنگی بە زۆری نەوەخستنەوە نادات بەڵکو گرنگی بە توندوتۆڵی وچاکیەکەیان دەدەن. میسر لە ساڵی 1925 نزیکەی 15 ملیۆن بوون، بەڵام لە ساڵی 3105 کەمبونەوە بۆ نزیکەی تەنها 10 ملیۆن. بەڵام کەسێکیان تێدا نیە فەلسەفە یان برٍێکی زۆر لە زانستی دیکە نەزانێت. زۆر کەمە کەسێکیان بمرێت و گەشتی بۆ جەمسەری بەستەڵەک نەکردبێت و نەگەرٍابێتەوە. لەبەر ئەوەی ئەوان ئەوەیان بینی کە پەند لە چۆنێتی ئەو کەسانە وەردەگرن نەک کە لەوەی کە چەندن.
ئیبن عەرەبی ئەندەلوسی دەلێت: بۆ کۆیلە( مەبەستی مرۆڤە) نیە کەلە خەوتنیدا هیمەت نەکات، بەوەی کە حاکم بێت بەسەر خەیاڵیدا، بەعەقڵی خۆی لە خەودا زاڵ بێت بەسەر خەیاڵیدا وەکو چۆن لە ئاگاییدا زاڵە بەسەریدا….
بە دەستەواژەیەکی تر، ئەوەی لە رابوونماندا ئارەزووی دەکەین لە خەوندا دەیبینین، لەپاش ئەوە هیچ گاڵتەت بە خەوندا نەیەت.

* ئەفلاتۆن ساڵی 428 پ.ز لەدایکبوو و لە ساڵی 347 پ.ز کۆچی دوایی کرد.
* مۆر لە ساڵی 1478 لەدایکبوو و لە ساڵی 1535 کۆچی دوایی کرد.
* ئەندریا لە ساڵی 1586 لەدایکبوو ولە ساڵی 1654 کۆچی دوایی کرد.
* کامبانیلا لەساڵی 1568 لەدایکبوو و لە ساڵی 1626 کۆچی دوایی کرد.
* بیکۆن لە ساڵی 1561 لەدایکبوو و لە ساڵی 1626 کۆچی دوایی کرد.
* فۆربێە لە ساڵی 1772 لەدایکبوو و لە ساڵی 1837 کۆچی دوایی کرد.
* ئەوین لە ساڵی 1771 لەدایکبوو و لەساڵی 1858 کۆچی دوایی کرد.
* پەنگهام لە ساڵی 1786 لەدایکبوو و لەساڵی 1855 کۆچی دوایی کرد.
* بلامی لە ساڵی 1850 لەدایکبوو و لە ساڵی 1898 کۆچی دوایی کرد.
* مۆریس لە ساڵی 1834 لەدایکبوو و لە ساڵی 1869 کۆچی دوایی کرد.
* هیدسۆن لە ساڵی 1860 لەدایکبوو و لە ساڵی 1924 کۆچی دوایی کرد.
* ویڵز لو ساڵی 1866 لەدایکبوو و لەساڵی 1946 کۆچی دوایی کرد..

فەهرەست
وتەیەکی وەرگێرٍ…………………………………………
پێشەکی…………………………………………………
کۆماری ئەفلاتۆن ……………………………………….
خەونی تۆماس مۆر…………………………………….
ئەندریا و خەونەکەی…………………………………..
زرٍ خەون………………………………………………..
سەردەمی پیشەسازی و خەونەکانی……………..
لە خەونەکانی سۆشیالیزم………………………….
ساڵی 2000 …………………………………………
سێ ئنگلیزیەکە …………………………………….
حەقیقەت کچی وەهمە ……………………………
پەرٍسەندنی خەونەکان ……………………………
رەخنەگرتن و پَێداچونەوە ………………………….
پێشەکی بۆیۆتۆبیای میسری …………………….

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت