دانا مەنمی: ئامانجی ڕاپەڕین و کێ خاوەنی ڕاپەرینە؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامانجی ڕاپەرین، بونیادنانی ژیانێکی هەژارانەی سەربەرزانە، دوور لە ترسی ئەنفال و کیمیایی و راوەدونان و گرتن و تیرۆری سیاسی بوو. خەڵک راپەڕینی ئەنجام دا بۆ ئەوەی کار بکات و نان بخوات و بەرگی خۆی بدرێ، بە بێ ئەوەی ناچار بکرێ رێگای تاوان بگرێ! بەڵام وا نەبوو لە قاسمە ڕەش و کەرەجەوە هاتن نان و کارو قوتی میلەتیان زەوت کردو لەناو زۆرانبازی یەکتریدا ئازادی ئینسانەکانیان لە قالبدا و شکۆو کەرامەت و حورمەتی گەلێکیان لەناوبرد، ئاشتی کۆمەڵایەتیان وێران کرد.
دوای پەلاماردانی دەوڵەتی کوەیت لەلایەن سەدام حوسێنەوە، ژینگە و دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد رەخسا، چونکە عێراق لەلایەک پشتیوانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە دەستدا لەلایەکی تریش کەرەستەی سەربازی و توانای لۆجیستی لاواز بوو، لەپاڵ ئەمانەدا ئاسمانی عێراق لە لایەن هاوپەیمانانەوە کۆنترۆڵ کرا، لەم قۆناغەدا مام جەلال ئاگاداری دۆخی عێراق و کاردانەوەی هاوپەیمانان بوو دژ بە عێراق، هەر بۆیە پەیوەندی بە (نەوشیروان مستەفا) وە دەکات و بارودۆخەکە پێکەوە باس دەکەن و ئیتر یەکێتی لە رانیەوە خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕاپەرین و قورسایی خۆی خستبوە سەر ناوچەکانی (رانیە و بتوێن و چوارقوڕنە و حاجی ئاوا و سەروچاوە ) لەگەڵ دابەشکردنی میحوەرەکان شانەی چەکداری دروست دەکات و پاشان بانگەوازی رادیۆی کە دەورێکی زۆر هەبوو لە بەرزکردنەوەی ورەی خەڵکدا.
بۆچی یەکێتی خاوەنی بیرۆکەی راپەرینە؟! چونکە یەکێتی لە دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول و لە دەیەی هەشتاکاندا خاوەن هێز و نفوز و رووبەرێکی فراوان لە جوگرافیا بوو، بەلام بەهۆی ئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفالەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو هێزەکانی کشاندبویەوە بۆ ناوچە سنورییەکان (قاسمە ڕەش و زەڵێ )، بەهەڵە تیمەگەن یەکێتی قاسمە ڕەش و زەڵێ جیاواز بوو لە یەکێتی دوای ڕاپەرین و قەڵاچوالان و کودەتاکەی هەشتی تەمموز! یەکێتی ئیستا بێباکە لەئاست خراپی گوزەرانی خەلک و گوێ لە کێشەکانیان ناگرێت و هەست بە نەهامەتی خەلک ناکەن و تادێ ڕێژەی تاوان و پێشێلکاری یاسایی لە قەڵەمڕەوی یەکێتی دا زیاد دەکات و سنورەکانی ئازادی رادەربڕین و رەخنەگرتن بەرتەسک دەکرێتەوە.
ئەوەی کە هیچ ڕۆڵێکی نەبوو لە ڕاپەریندا، پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکەکەی ( مەسعود بارزانی ) بوو، پارتی لەو سەردەمەدا هیچ سەنگ و قورساییەکی نەبوو بایی ئەوەش هیزی نەبوو کە قیادەی ڕاپەرین بکات. پارتی لەودیوی باشماخەوە شەڕی کەسیاتیەکانی ناو یەکێتی ( مام جلال و نەوشیروان مستەفا ) و یەکێتی دەکرد، خولاسە ئەوەی یادی دەکەینەوە و شانازی پێوەدەکەین، ئەو ڕۆحیەتی کوردبوونە بوو کە نەیدەپرسی کێ لایەقی سەرۆک بوونە، بەڵکو دەوترا کورد لایەقی بە دەوڵەت بوونە!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت