پشکۆ ئەمین: شەری ئۆکرانیا ئەو شەڕەی کە ڕووسیا دەستی پێکرد.
پێشەکیەک بۆ شەرەکە
ئۆکرانیا کە ڕووبەرەکەی 603 هەزار کیلپمەتری چوارگۆشەیە، سنورەکەی دەکەویتە سنوری قارەی ئەوروپاوە. تاساڵی 1991 ئۆکرانیا یەکێک بوو لە15 کۆمارەکەی سۆڤیەتی جاران ئەوکات. لەدوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت، سەربەخۆی خۆی راگەیاند. لە کۆتای مانگی شووباتدا، واتە ماوەیەک دوای دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، داوای بوونە ئەندامیتی لە یەکیەتی ئەوروپادا کرد.
رووسیا لە 2014 دا نیمچە دوورگەی کریم کە لەسەر دەریای رەشە داگیرکرد، دوای ئەوەش هەردوو ناوچەی دۆنێتسک و لۆهانسکی داگیرکرد، ئیتر لەوێوە شەڕفرۆشتنی رووس بە ئۆکرانیا بەردەوامە.
لە 24 شوباتی 2022دا هێرشی بەربڵاوی سەربازی لەچەندین باڵەوە بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا دەستی پێکرد، هەرئەو رۆژە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ،لە تویتێکدا نووسی، ڕووسیا بەیانی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فێڵبازانە هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، وەک ئەوەی ئەڵمانیای نازیی لە جەنگی جیهانی دووەمدا کردیە سەر پۆلۆنیا. هەر ئەو رۆژە رووسیا موشەک بارانی شاری کێیڤی کردو دانیشتوانی پایتەخت، شارەکەیان بەجیهێشت. وە تائێستاش هەربەردەوامە لەداگیرکردن و ویرانکردن! بەپێی ئەوداتایانەی نەتەوەیەکگرتوەکان بلاویان کردۆتەوە تائیستا 13.7مڵۆن کەس مال وحالی خۆیان بەجیهێشتوەو ئاوارەبوون.
پۆتین لەسەرەتادا داوای دەکرد،کە دان بنرێت بە جزیرەی کریمدا وەک خاکی رووسیاو، هەردوو ناوچەی دۆنیتسک و لۆهانسک وەک دوو کۆماری سەربەخۆ بناسێنێت، هەروەها پۆتین دەڵێت: نابێت، ئۆکرانیا هەرگیز ببێتە ئەندامی ناتۆ! دواتر رووسیا بەفەرمی و بەبڕیارێک جگە ناوجەی دۆنیتسک و لۆهانسک، دوو هەرێمی تریشی خستە سەر خاکی رووسیا. هەروەها پۆتین داوادەکات کە وڵاتانی ناوسۆڤیەتی جاران نابێت ببنە ئەندامی ناتۆ.
لە 25 شوباتی 2023 وە شەری داگیرکاری ئۆکرانیا خۆی کرد بە ساڵی دووهەمیدا، دەست پێکردنی ئەمشەرە جگە لەفەرمانرەوا ڤلادیمێر پۆتین کەس پێی خۆشنیە، پاڵنەری ئەم شەرەش پاڵنەرێکی ئیمپریالیستانە و داگیرکاری و گەرانەوەیە بۆسنورەکانی سۆڤیەتی جاران، پۆتین چاوی بڕیوەتە ئۆکرانیاو دەیەوێت داگیری بکات، ئۆکرانیا ببێتەوە بەگوێرایەڵی رووسیا وەک جاران.
ئۆکرانیا ماوەیەکە داوای بەئەندام بوونی لەیەکیەتی ئەوروپاو ناتۆدا دەکات، رووسیاش بەمە رازی نەبوو. نەیدەویست کە ناتۆ پچێتە نزیک سنورەکەی، بۆیە دژایەتی بە ئەندام بوونی ئۆکرانیای دەکرد!
ترس و دڵەراوکی و ناسەقامگیری رۆژبەرۆژ زیاتردەبێت، هەموو شتێک لە ئەمرۆە بەرەو ئالۆزبوونی زیاتر دەروات، سات بەسات قەیرانەکان و ئازارەکان نەهامەتیەکان و مردن زیاترو زیاتر دەبن، هیچ چارەسەریکیش بدیناکرێت. هیچ هەوڵێکیش بۆ وەستانی شەرەکە نیەو رۆژ بەرۆژ زیاترکڵپە دەستێنێت، هەردوو لایەنی شەڕەکەرو ئەمریکاو ئەوروپاش چاوەڕوانی هاتنی بەهارن تا هێرشی زیاترو زیاتر بۆ سەریەک تریی بکەن، واتە لەبەهاردا شەری یەکلاکەرەوە روودەدات!
مرۆڤایەتی لە پەتای کورونا نەجاتی نەبووە، قەیرانی ئابووری و گۆرانی کەش و هەواو، شەری نەگریس و ماڵوێرانی ئۆکرانیا دەستی پێکرد، ئەمانە هەموو سەلمێنەری ئەوەن،کە حوکمرانی و دەسەڵات لەجیهاندا شکستی هێناوە. ئەم شەڕە ئێستا کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو جیهان داناوە بە رووسیاشەوە، تا بەردەوام بێت، بێگوومان خراپترو خراپتر دەبێت!!
جیهان چاوی بڕیوەتە شەڕەکەو دەپرسێت ئەم ئاگرە، کەی دەکوژێتەوەو کەی کۆتای دیت؟ بەداخەوە کە ئەم پرسیارە تائیستا هیچ وەڵامێکی بۆنیە! من پێموایە، تا ئەوکاتەی کە ئەمریکاو ئەوروپا ئیتر ناتوانێن بەردەوامبن لە پێدانی چەک و جبەخانەو هاوکاریە جەنگیەکان کە ئەم هاوکاریانەی ئەوروپاو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان، هۆیەکن بۆ درێژە کێشانی جەنگ، دەنا ئۆکرانیا بەتەنیا نەیدەتوانی تائیستاو بەم شێوەیە بەرەنگاریی رووس بوەستێتەوەو دریژەی نەدەکێشا. ئەوەش کاتێک دەبێت کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو رۆژئاوا جێبەجێ دەبێت، ئەوسا واز لەهاوکاریە سەربازیەکانیان دەهێنین بۆ ئۆکرانیا.
ئێستا بەشێکی زۆر لە ئەورپایەکان دەڵێن ئەم نرخە زۆرە بۆ شەڕێک کە لە راستیدا هی ئەوروپا نیە بۆ؟ یان ئەو کاتەی کە شەرخوازەکانی رووسیاو دەرەوەش واز لەچەپڵە لێدان و هاندانی پۆتین دەهێنین و پێیدەڵێن ئیتر بەسە با شەر کۆتایی بێت،! هەردوولایان بە بروای من ئاگر خۆشکەرو بەنزینی سەر شەڕەکەن.
پۆتین قوتابی قوتابخانەی KGB بێیەو بە ورچە سپیەکە ناوی دەرکردووە، روسیاش ولاتیکی زلهێزی گەورەیەو خاوەن چەکی ئەتۆم و خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزە ئەمرۆ، ناکرێت پۆتین و رووسیا ئامادەبن لەبەردەم ئۆکرانیادا چۆکدابدەن!گەرچی لەبیرمانە هەر ئەم رووسیایە لەبەهێزیەکەیدا لەبەردەم ئەفگانستاندا هات بەچۆکدا و هەڵات، هەروەک چۆن ئەمریکاش لەڤیتنام و لە ئەفگانستان هەر هەڵات. ئیستا شەرخوازانی رووسیا چەپڵە بۆ پۆتین لێدەدەن تا سەرکەوێت.
پۆتین دەڵێت: حوکمەتی ئێستای ئۆکرانیا سەرۆکەکەی فاشیستە، ئۆکرانیا بوکەڵەیەکی ناتۆیەو، ئەمە شەڕی بە وەکالەتە دەکات!
درێژە کێشانی ئەمشەرە کێشەو گرفتەکان لە هەموو وڵاتانی ئەورووپادا بەرەو هەڵکشان بردووە، کۆمپانیاو بازارە گەورەکانی ئەوروپاو ئەمریکاو جیهان کە ژمارەیان لە هەزاران تێپەراندووە دادەخرێن و بەرەو مایە پووچ بوون دەڕۆن و رۆژانە هەر بازارو کارگەیەو دەوەستێن و دادەخرێن! نرخی کارەباو گاز سێ قات زیادی کردووە، هەر رۆژە خواردنێک لەبازاردا کەمدەکات و نامینێت، بە هۆی کەم بوونەوەی کۆگاکانی خۆراکەوە، هەڵاوسان لەبازارەکانی ئەوروپاو تەنانەت ئەمریکاشادا لە هەڵکشاندایە و نرخی هەمووشتێک چەندجار زیادی کردووە، بێگوومان بێکاریش رۆژ بەرۆژ لەزیاد بووندایە، خەڵکە هەژارو کەمدەرامەتەکان لەهەموان زیاتر.
ئەوەتا سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپا کریستین لاگارد بەڵێن دەدات کە هەموو کارێک بکات، بۆ ئەوەی هەڵاوسان بۆ لەسەدا دوو دابەزێنێت، کرستیان دەڵێت: تا ئەوکاتەی هەڵاوسان دەهێنینەوە بۆ ئاستی لە 2% ڕێگایەکی دوور و درێژەمان لەبەردەمدایە. بۆیە دەبێت کە هەمووان شەڕی دژی هەڵاوسان بکەین.
لاگارد دەڵێت: بانکی ناوەندی ئەوروپا هەموو هێزەکان کۆدەکاتەوە بۆ شکاندنی شەپۆلی هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ، لاگاردی فەرەنسی لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ گروپی میدیایی ئیسپانی ڤۆسنتۆ کەڕۆژی یەک شەمە بڵاوکرایەوە، دەڵێت: هەموو ئەو کارانە دەکەین کە پێویستن تا هەڵاوسان بگەڕێنینەوە بۆ لە 2% کە ئێستا لە 8.5% ئەم گرانبوونەی بازار لە کاتێکدایە کە مووچە وەک خۆیەتی و نرخی گازو کارەبا هەر زۆر بەرزبۆتەوە، راستە دەوڵەت ساڵی پار هاوکاریەکی کەمی کرد، بەڵام ئەو هاوکاریە تەنها بەشی زیادبوون و گرانبوونی شەش مانگی گازو کارەبای دەکرد.
جەنگ هەر بەردەوامەو خەریکی خواردنەوەو هاڕینی گیان و خوێنی مرۆڤەکانە، هیچ هیوایەک تا ئێستا نیە بۆ وەستانی جەنگەکە، هینری کیسنجەر 99ساڵە کۆنە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی 17. 1. 2023 لە کۆربەندی ئابوری جیهان لە داڤوس بۆ جاری دووهەم، بۆوەستاندنی شەڕەکە لەرێگەی ڤیدیۆوە، وەک شرۆڤەکارێکی دبلۆماسی گەورە دەستپێشخەریەکی بۆ وەستانی شەرەکە پێشکەش کرد و خستە بەردەم هەردوولایەنی شەرەکەو ئەمریکاو یەکیەتی ئەوروپا کە تیایدا داوای وەستانی شەری کردو رێکەوتن لەسەر پێدانی جزیرەی کرم و هەردوو ناوچەی دۆنیتسک و لۆهانسک بە رووسیا، بە مەرجی وەستاندنی شەرو ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە، ئەم پێشنیارە واتە، پێدانی خاک بەرامبەر بەوەستان و کۆتایهێنان بەشەڕ. بەمەرجی رازی بوونی رووسیا بە چوونی ئۆکرانیا بۆ ناو ناتۆ، بەڵام گوێی پێنەدراو لە لایەن زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیاوە دژایەتی کرا.
لە مانگی شووباتدا وڵاتی چین کە وەک وڵاتێکی گرنگ و گەورەی جیهان تەماشادەکرێت، بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ، دەست پێشخەرییەکی ئاشتیانەی پێشکەش کرد،کە تیایدا بانگەوازی بۆ ئاگربەست و دانوستانی ئاشتی و رێزگرتن لەسەروەری وڵاتان و کۆتاییهێنان بەعەقڵیەتی شەری ساردو ئاگربەستی هەمەلایەنە، خستە روو. بەڵام بەداخەوە لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە نائومیدکراو پێشنیارەکەی رەتکرایەوەو، چینیان وەک لایەنگرو پێدەری چەک بە رووسیاو پشتگیری کارو وێرانکەری ئۆکرانیا ناوبردو، وتیان کە لەو دەست پێشخەریەدا داوای کشانەوەی هێزەکانی رووسیای لەئۆکرانیا نەکردووە!
شەر رۆژ بەدوای رۆژدا زیاتر کڵپەدەستێنێت!
بێگومانم کەلەم شەرەدا سوپای ڕووسیا خەسارەتێکی زۆریی بەرکەوتووە، بەڵام لەشارەکانی رووسیادا وەک لای ئۆکرانیەکان خەڵکەکە بێ کیشەو بە شێوەیەکی ئاسایی ژیانی خۆی بەڕێوە دەبەن. ئەو سزایانەی لەسەر رووسیا دانراوون پێدەچێت کە هیچ کاری گەریەکیان لەسەر خەڵکی رووسیا دروست نەکردبێت، بۆیە خەڵکەکە نەبوونەتە هۆی خۆپیشاندان و مانگرتنێکی بەرچاوو، یان دروستکردنی فشارێکی بەهیز لەسەر پوتین، تا ئەو شەرو ماڵوێرانیەی پۆتیین دروستی کردووە بوەستێت!
بە پێچەوانەوە ئۆکرانیای پچووک و هەژار لە هەموو رویەکەوە گەر بەراوردی بکەین بە رووسیا، ویران بووەو خەڵکەکەی ئاوارەو دەربەدەری وڵاتان بوون! شارو گوندو ژیرخانی ئابووری بەتەواوی وتێک و پێکدراون! ئەو وڵاتە هەرهەمووی وێران بووە. بەڵام سەربازەکانی بەگرو تینێکی بەهێزەوە شەڕیی رزگاری و سەربەخۆی وڵات و خاکیان دەکەن!!
لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی زلهێزە ئابوورییەکانی جیهاندا، گرووپی (G20) کەلە رۆژی 02. 03. 2023 دا لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان بەسترا، کە لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لەسەر مێزی گەورەی 20 کەسیەکە دانیشێتبوو، ئانالینا باێربۆک (سەوزەکان) وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، تەمەن 42 ساڵ،رووی کردە سێرگی لاڤرۆڤ ی وەزیری دەرەوەی رووسیاو داوای لیکردوو پێیوت (کاک لاڤرۆڤ، ئەمشەڕە بوەستێنە، واز لە پێشێلکردنی نێو دەوڵەتیبهێنین، بۆردومانکردنی شارەکانی ئۆکرانیاو کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ڕابگرن،کاک لاڤرۆڤ، ئەم شەڕە بوەستێنە، دەزانیت کە لێرە لەم کۆبونەوەیەی جی 20 دا، لێرە 19 وڵات بە ڕوونی ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە دەبێت ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت، واتە دواجار ئەم نۆزدە وڵاتە ئاشتییان دەوێت و داوای ئاشتی دەکەن.
جێگەی باسە کە لە کۆبونەوەی پێشوتری گرووپی 20دا کە لەکۆتای تەموزی 2022 دا، کە لە دوورگەی پشووەکانی بالی لە ئەندەنوسیا کرا، لاڤرۆڤ ڕاستەوخۆ دوای وتارەکەی ژووری دانیشتنەکەی بەجێهێشت، بەڵام ئەمجارە تاکۆتایی مایەوەو گوێی لەداواکاری و رەخنەکان گرت. لە کۆتایدا پرسیارێک خۆی دەخاتە ناو باسەکەوە، ئایا دەکرێت شەڕی ئۆکرانیا پەرە بسێنێت؟
بۆنا، ئەوەتا مۆسکۆ بەردەوام ترسی پەرەسەندن دەوروژێنێت و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات، وتەبێژەکەی پوتین ڕایگەیاند، بەڵێندان بە دابینکردنی تانک بۆ ئۆکراینیا بەو مانایەیە کە ڕۆژئاوا راستەوخۆ بەشدارە لە ململانێکانداو هەڕەشەیە بۆسەر رووسیا، بۆیە ئێمە دەستە وەستان ناوەستین،رۆژئاواش درێغی ناکات لە ناردنی چەکی زیاترو پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا!
بەهیوام نەتەوەکەم و مرۆڤایەتیش بەگشتی پارێزراوبێت.