عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دوا هه‌ناسه‌ی حه‌مه‌ره‌ش.
له 10. 3. 1991 مه‌فره‌زه‌که‌ی (حه‌مه‌ره‌ش ) و عوسمانی حاجی مه‌حمود، له‌شاری کفری یه‌وه بۆ ئازادکردنی دوز خورماتوو به‌رێکه‌وتن، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وان بگه‌نە دوز، مه‌فره‌زه‌یه‌ک لە ره‌تڵێ پارتیزانه‌کانی گه‌رمیان به‌سه‌رپه‌رشتی (حه‌مه ئاخهومهجید دووزی ) له ناوشاری دوز خورماتوو بوون، به‌هاوکاری جه‌ماوه‌ی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی دوز خورماتوو، ئه‌و شاره یان ئازاد کردبوو.
هه‌ر ئه‌و رۆژه سوپای عێراق و مجاهیدین، چه‌ند هێڕشێکی کرده سه‌ر ئه‌وشاره‌و شکێنران، بۆ رۆژی دووه‌م سوپای عێراق و مجاهیدین، له چه‌ند قۆڵێکه‌وه په‌لاماری شاری دووزیاندا.
له‌وکاته‌دا حه‌مه‌ره‌ش و مه‌فره‌زه‌که‌ی له سهرشهقامە سهرهکییەکەی که‌رکوک – به‌غداد بوون، لەو شەقامەوە، شه‌قامێکی تری لێ ده‌بێته‌وه بۆ تکریت، پارتیزانەکان له‌وێدا رووبه‌رووی زنجیرە هێڕشێکی سوپای عێراق و موجاهیدەکان بوونه‌وه‌و تێکیان شکاندن.
داواتر ناقیلهیهک به‌ره‌و روویان هات، حەمەرەش تێکی شکاند، له‌وکاته‌دا که‌تیبه‌ی تۆپخانه‌ی عێراق، ئه‌و شه‌قامه‌ی بهرهتڵی تۆپ بێژا، تۆپێک له نزیک حه‌مه‌ره‌ش ته‌قییه‌وه، پارچه‌کانی سه‌ری و سنگی و سه‌راپا جه‌سته‌ی پێکا. جەستەی لە خویندا سوور کرد.
تۆپ بارانه‌که به‌رده‌وام بوو، عوسمانی حاجی مه‌حمود ، به‌خێرایی (نه‌وشیروان حاجی ئه‌حمه‌د و سوڵتان )و چه‌ند پارتیزانێکی ده‌ست نیشانکرد، بۆ ئەوەی بەخێرایی حه‌مه‌ره‌ش بۆ چاره‌سه‌ر بگەیننە کفری.
ئەوان بە جادە قیرەکەدا کەوتنە ڕێ، نه‌یانزانی هێزێکی بێ شوماری سوپای عێراق و مجاهیدین له سێ رێیانی (سلێمانی – به‌غداد – کفری ) بۆسه‌یان داناوه، که لێیان نزیک بوونه‌وه، بۆسەکە بە دەستڕیژ ئەوانی داگرتەوە، ئه‌مجا زانیان ئەو رێگایەیان لێ گیراوه.
بۆ ئەوەی له‌و بۆسهکە دەربازبن، نه‌وشیروان و سوڵتان و هاوڕێ پارتیزانه‌کانی به لانگرۆزهکهیانهوه لایان دایه سه‌ر رێگایه‌کی خۆڵ بۆ ئەوەی لەوێوە بگەنە بناری زنجیره شاخی (غهرهوه ).
باڵی تاریکای به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا کشا، له نیوه‌ی رێگا له به‌رامبه‌ر سێ رێیانی سلێمان به‌گ، له دهشتایهکهدا، جارێکی‌تر که‌وتنه ناو که‌مینی تری موجاهیدەکانەوه، بە ناچاری لانگرۆزهکهیان به‌جێ هێڵا. حهمهرهشیان به‌شان و کۆڵ ده‌رکرد، له بۆسەکەی مجاهیدین، دووریان خسته‌وه.
سه عات 10.30 ی شه‌و، سوڵتان و پارتیزانێکی تر به‌پێ رۆێشتن بۆ کفری، بۆئه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێک لەوێ بهێنن، حه‌مه‌ره‌شی پێ بگوێزنه‌وه بۆ کفری.
نه‌وشیروان و دووپارتیزانی تر به دیار حهمهرهشهوه مانه‌وه.
له‌سه‌عات 1-ی شه‌و حه‌مه‌ره‌ش بە دەم ئازارێکی بێ سنوورەوە بۆ یەکجاری گیانی سپارد، سوڵتان بە درێژایی ئەو شەوە، هه‌ر به رێگاوه بوو، ئه‌و شه‌وه نه‌یتوانی بگاته کفری، ئوتۆمبیلێک به فریای حه‌مه‌ره‌ش بگه‌یه‌نێت، به‌یانییه‌که‌ی نه‌وشیروان و هاوڕێکانی، ته‌رمی شه‌هید حهمهرهشیان بەکۆڵ نزیک به شاخی (غه‌ره) کردەوه، تەرمهکهیان له‌وێدا شارده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست هێزه‌کانی دوژمن نه‌که‌وێت، تا دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌و رۆژه له نزیک ته‌رمه‌که‌ی حەمەرەش مانه‌وه، هیچ که‌س به‌هانایانه‌وه نه‌هات.
نه‌وشیروان و دووپارتیزانهکهی تر، بە ناچاریی به‌پێ به‌ره‌و شاری کفری به‌رێکه‌وتن، له نێوان ده‌ربه‌ندی تاوڵه و قۆری چای، دوو ئۆتۆمبیلیان به‌دی کرد،که لێیان نزیک بوونه‌وه، ئەمجا زانیان سوڵتان و نازمی وه‌ستا شه‌ریف و چه‌ند پارتیزانێکی تر بوون. ئەوان بە پەرۆشەوە به خێرایی پرسیاری باری ته‌ندروستی حهمهرهشیان کرد: نه‌وشیروان به خه‌مێکی قوڵه‌وه وتی: حه‌مه‌ره‌ش شه‌هید بوو، ته‌رمه‌که‌یمان له جێگایه‌کدا شاردوه‌ته‌وه. هه‌موویان پێکەوە روویانکردە ئه‌وشوێنه‌ی ته‌رمه‌که‌ی لێ شارابوەوە.
سه‌عات 9شه‌و ته‌رمی حهمهرهشیان گواسته‌وه بۆشاری کفری، هه‌ر ئه‌و شه‌وه نه‌وشیروان ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن و سوڵتان بە خیرایی گەڕانەوە بۆ لای عوسمانی حاجی مه‌حمود و پارتیزانه‌کان لە شاری کفری، سه‌عات 12 نیوه‌ڕۆ گه‌یشتنه ناوشاری دووز.
پارتیزانه‌کان له شه‌ڕێکی سه‌خت دابوون، له گه‌ڵ سوپای عێراق و مجاهیدین، نەوشیروان و سوڵتان، له رێگه‌ی دووزخورماتوو – که‌رکوک، رێکه‌وتی عوسمانی حاجی مه‌حمودیان کرد، یه‌کسه‌ر پرسیاری باری ته‌ندروستی حه‌مه‌ره‌شی کرد:
نه‌وشیروان چیرۆکی ئه‌و تراژیدیا تاڵه‌ی بۆ عوسمانی حاجی مەحمود گێڕایه‌وه، زۆری پێ ناخۆش بوو. ئێواره‌که‌ی سوپای عێراق و مجاهیدین تێكشکان، پارتیزانه‌کان هه‌ر له‌ناو شاری دوزمانهوه به‌رگریان ده‌کرد، دوای چه‌ند رۆژێک له‌شه‌ڕی به‌رده‌وام و به‌رگری له‌وشاره، پارتیزانەکان له دوایه‌مین ساتی رۆژی كشانهوهدابوون، سوڵتانی پارتیزان پێکراو دواهه‌ناسه‌ی سپارد.
سه‌رچاوه :
عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود ، ره‌شه بای ژه‌هرو ئه‌نفاڵ ، به‌رگی دووه‌م ، ل 418.
* شێخ محه‌مه‌د شیخ که‌ریم عیسا که‌سنه‌زانی، ناسراو بە (حەمەرەش ) له 1957 له گوندی هۆمهرامان ی قه‌ره‌داخ له‌دایک بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی له ناحیه‌ی سه‌نگاو بووه، له 1974 رووی کردووه‌ته شاخ و بووه به پێشمه‌رگه، دوای هه‌ره‌س بووه به پۆلیس، له 1977بووه به کۆمه‌ڵه، له 1978رووی کردوەته سنووری هه‌رێمی یه‌ک بووه به پێشمه‌رگه، پێشمه‌رگه یه‌کی هێمن و زیره‌ک وبه جه‌ربه‌زه‌و لێهاتوو بوو، له بهرتوانا ی له بن نه‌هاتووی خۆی، له 1980بووە بە فەرماندەی مەفرەزەو چەند پلەیەکی فەرماندیی بە دەست هێناوە، له 1987 بووه به فه‌رمانده‌ی تیپی 53 ی شێروانه، به‌شداری ده‌یان چالاکی و داستانی کردوه‌و رۆڵی دیاری بینیووه، چه‌ند جارێک بریندارکراوه، به‌شداری شه‌ڕی به‌رگری ئه‌نفالی یه‌ک و سێی کردوه، له ئه‌نفالی سێی گه‌رمیان کاروانێکی گه‌وره‌ی ژن و پیاو منداڵ و پێشمه‌رگه‌ی له تۆڕی ئه‌نفال چییەکان ده‌رباز کردووه.
دوای ئه‌نفال له گه‌ڵ هاوڕێ پارتیزانه‌کانی گه‌رمیان له گه‌رمیان ماونه‌ته‌وه، سه‌رپه‌رشتی ده‌سته پارتیزانه‌کانی گه‌رمیانی کردووه، جیهازێکی راکاڵی له چیای ئاشداخ لابوو، په‌یوه‌ندی به رێکخراوی شاره‌کان و نه‌وشیروان مسته‌فاوه هه‌بوو، رۆڵی حه‌مه‌ره‌ش و هاوڕێ پارتیزانه‌کانی له پێشمه‌رگایه‌تی و پارتیزانیدا، داستانێکی سهرهوەری و ئه‌فسانه‌یه‌کی شکۆی مه‌زنه، له مێژووی جه‌نگی پارتیزانی کوردستان و دنیادا ، عه‌بدوڵا که‌ریم مەحمود،گۆڤاری سه‌نگاو .
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts