عیماد عەلی: (مریاع)ـەکانی کورد زۆربوون.
(مریاع) لە ناو نەتەوەی عەرەبدا باوە و تاوەکو ئەمرٍۆش زۆر گرنگیی پێدەدەن. (المریاع) ئەو بەرخەیە کە لە چرکەساتی لەدایکبونیەوە لە دایکی جیادەکنەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژی یەکەمی شیر لە شوشەیەک دەخواتەوە کە لە ناو کورتانی سەر پشتی گوێدرێژی گەلەرٍانەکە دایدەنێن و ئەویش وا دەزانێت ئەو کەرە دایکیەتی و بۆ هەر کوێیەک برٍوات دوای دەکەوێت و دایکی راستەقینەی خۆی نانانسێتەوە.
ئەم نێرە بەرخە کە گەورە دەبێت و دەبێتە بەران، دەیخەسێنن و خوریەکەشی زۆر دەبێت و لێیناکەنەوە، بۆئەوەی گەنە و سپێکانیشی بشارێتەوە و شکۆدار دەربکەوێت و ئەویش بە خۆیەوە دەنازێت و وادەزانێت گەورەی خێڵە و لوتبەرز و فیززل و وادەزانێت دەتوانێت فەرمان بەسەر هەموو ئێل و عەشرەتەکە و ئەوانی تردا بکات. زەنگۆڵەیەک دەکەنە ملی پێی دەوترێت (قرقاع)، ئەم زەنگۆڵەیە زمانی فەرمانکردنی (مریاع)ـەکەیە بۆ کۆکردنەوەی رانەمەرٍەکە و رۆیشتن بەدوایدا؟، ئەویش زۆر بەخۆیەوە دەنازێت و فش دەبێتەوە و خۆی بە شکۆدارێکی دروستکراو دەزانێت و سەری دەجوڵێنیت بۆ ئەوەی دەنگی زەنگۆڵە ( قرقاع) ـەکە بگاتە هەمووان. ئەوانیش لێی تێدەگەن و لەدەوری کۆدەبنەوەو بۆ هەر کوێیەک برٍوات بێ هیچ دواکەوتن و سەرپێچیەک ملدادەنوێنن و بێ ئەوەی تەماشای پێشەوەی خۆیان بکەن و بە بێ هیچ نارەزایەتیەک ئەگەر بۆ لەناوچوون و فەنابونیشیان ببات بەدوایدا دەرٍۆن.
لەم بارەشدا چەندین جار واروویداوە کە ( مریاع)ـەکە رٍانەمەرٍەکەی گەیاندۆتە قەراخی شاخ و دۆڵێک و قاچی خزاوە و هەڵدێراوە و رانەکەش بێ ئەوەی سڵبکەنەوە و رابکەن بەدوای ئەودا خۆیان هەڵدیراوە و لە شاخ و دۆلەکان توشی چارەنوسی ( مریاع)ی فشەباز هاتوون. یان زۆر جار بۆ سەربرٍین بەو شێوەیە دەیانبەن و دوای ( مریاع) ـەکە دەکەون و ملی ئەویش بەدەستی شوانەکەیە، بێ ئەوەی رابکەن و خۆیان بدزنەوە، سەریان دەبرٍن و ( مریاع)ـەکە دەگەرٍێننەوە.
ئێستاش وەرەوە و تەماشای رەوش و رەفتاری حزبەکانی کوردستان و ئەو مێ گەلە بکەن و بە بیری خۆتاندا بێننەوە تاوەکو ئەم ساتەوەختە ( مریاع)ـەکانی حزبی کوردی چەندین جار ملی دواکەوتەکانیان خستۆتە مەیدانی هەڵدێران و لەناوچون و شەرٍی ماڵوێرانی و کاولکاری و براکوژی و ئەوانیش تەنها ملیان شۆرکردووە و فەرمانی ئەوانیان جێبەجێ کردووە.