عەتا قەرەداخی: په‌یوه‌ندی نێوان نه‌مری و داهێنان له شیعری ( غه‌زه‌لێك به‌شی تۆ ناكات )ی كه‌ریم ده‌شتی دا – بەشی سێیەم.
هه‌موو یه‌كتر به رێ ده‌كه‌ین
هه‌موو ده‌چینه‌وه ئه‌وێ
ئه‌وێ نیشتمانی ئه‌به‌دییه
شاعیر لێره‌دا باسی ئه‌وه ده‌كات كه چۆن نه‌وه به نه‌وه مرۆڤ یه‌كتر به‌رێ ده‌كه‌ن و به‌رو دوا هه‌موو به‌ره‌و یه‌ك جێگا ده‌ڕۆن بۆ جێگایه‌ك كه دوا نیشتمانی هه‌مووانه . هه‌ڵبه‌ت ئه‌م كۆپله‌یه ئه‌وه به‌رجه‌سته ده‌كات كه هه‌موو زینده‌وه‌ران مل كه‌چی یه‌ك یاسان ئه‌ویش ئه‌و یاسایه‌یه كه هارمۆنیای سرووشتی رێكخستووه‌و خاسێتی گرێچنی ئه‌رستۆیی هه‌یه هه‌رچه‌نده گرێچنی ئه‌رستۆیی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی له سه‌رزه‌مینه‌ی واقیع په‌یوه‌ست به ژیانی زینده‌وه‌ران هه‌یه به‌رجه‌سته كراوه كه هه‌موو بوونه‌وه‌رێك سه‌ره‌تاو هه‌ڵكشان و لوتكه‌و دابه‌زین و كۆتایی هه‌یه, كۆتایش ئه‌و خاڵه‌یه كه تیایدا نه‌وه به دوای نه‌وه‌دا یه‌كتر به‌ڕێ ده‌كه‌ن هه‌تا ده‌گه‌نه دوا مه‌نزڵ كه ئه‌ویش بریتیه له خاك واته لێره‌دا مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵی خۆی. دیاره لێره‌دا شاعیر پێمان ده‌ڵێت ژیان له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه شتێكی كاتییه‌و زه‌ویش نیشتمانێكی كاتییه نیشتمانی هه‌تاهه‌تایی له دوای مردنه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه ده‌شێ له ئاستی ئاسایدا وه‌كو خاك سه‌یری بكه‌ین و له ئاستی قوڵتری ده‌قه‌كه‌شدا مه‌به‌ست ئه‌و دنیای ته‌مه‌ن درێژ و بێ كۆتایی بێت. لێره‌وه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای پشت به‌ستن به‌م لێكدانه‌وه‌ی سه‌ره‌وه روویه‌كی ئایینی جیهانبینی ده‌قه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت كه لای كه‌ریم ده‌شتی ئه‌و ئاراسته‌یه له سنووری ده‌قه‌كه‌دا سیمایه‌كی تهسهوفیانه وه‌رده‌گرێت.
شتێ هه‌میشه بۆ لای خۆی رامده‌كێشێ
منیش بێ ویست و ئاره‌زوو بۆ لای ده‌چم
نازانم چییه
به‌ڵام ده‌زانم گیانم پڕ خرۆش ده‌كا
ئه‌م یه‌كه‌م جار خۆی ده‌بووه چه‌ق و ئه‌وی خۆشه‌ویستی به لای خۆیدا راده‌كێشاو هه‌وڵیده‌دا له مه‌داری ئه‌و نه‌چێته ده‌ره‌وه, به‌ڵام ئێستا جێ گۆڕكێ روو ده‌دات و له بری ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ئه‌وی دی به‌لای خۆیدا رابكێشێت هێزێكی تر ئه‌م راده‌كێشێت به‌لای خۆیداو ئه‌میش بێ ویستی خۆی به‌ره‌و ئه‌و هێزه كێش ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته هه‌ڵده‌گرێت كه ئه‌م وه‌كو كه‌سێك خاوه‌نی بڕیاری خۆی نییه له جوڵه‌و كردارداو ده‌شێ له ده‌ره‌وه‌ی ویست و ئاره‌زووی خۆی بڕیاری بۆ بدرێت و بجوڵێنرێت یان ئاراسته بكرێت, ئه‌مه‌ش له ئاستێكی قوڵتردا یان باشتر بڵێین له ئاستی نه‌بینراوی ده‌قه‌كه‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م ده‌هێنێت ئێمه وه‌كو مرۆڤ كه له‌م ده‌قه شیعرییه‌دا كه كه‌سێتی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه نوێنه‌رایه‌تیمان ده‌كات تاكو ئێستا نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه توانای بڕیار دانمان هه‌بێت و بتوانین بڕیاری چاره‌نووسی خۆمان بده‌ین چ وه‌كو تاكه كه‌س یان وه‌كو كۆمه‌ڵگا, به‌ڵكو هه‌موو بڕیاریكى په‌یوه‌ست به چاره‌نووس و داهاتووی ئێمه وه‌كو مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی ویست و ده‌سه‌ڵاتی خۆمان ده‌درێت و ئیِمه مه‌گه‌ر زۆر به ده‌گمه‌ن ئه‌گینا توانای گۆڕینی هیچ شتێكی ئه‌وتۆمان نییه له‌و بواره‌دا.
ئێمه نازانین ئه‌و شته‌ی كه ئه‌م به‌لای خۆیدا راده‌كێشێت چییه‌و چ جۆره هێزێكه‌و ئه‌و توانای كێش كردنه‌ی ئه‌می له كوێوه به‌ده‌ست هێناوه, به‌ڵام به جۆرێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م داناوه كه بێ هیچ به‌ربه‌ستێك به‌ره‌و ئه‌و هێزه كێش ده‌كرێت, بۆیه ده‌شێ وه‌های لێك بده‌ینه‌وه كه ئه‌و هێزه هێزی خۆشه‌ویستییه كه ده‌شێ به‌جۆرێك كار له مرۆڤ بكات كه هه‌موو ئیراده‌یه‌كی لێ بسه‌نێته‌وه‌و بیكاته بوونه‌وه‌رێك یان پێكهاته‌یه‌كی قه‌ده‌ری كێش كرا‌و به دوای رووداوه‌كاندا .له راستیشدا ئه‌م هیچ شتێك له‌باره‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌وه نازانێت كه به‌و جۆره به‌لای خۆیدا كێشی ده‌كات, به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه تێی ده‌گات ئه‌وه‌یه كه ئه‌و هێزه گیانی ئه‌م ده‌وروژێنێت واته سه‌رگه‌رم و مه‌ستی ده‌كات بۆ كه‌وتنه جوڵه به‌و ئاراسته‌یه‌ى كه ده‌یگه‌یه‌نێت به‌و ناوه‌نده یان به‌و چه‌قه. هێزێك ئه‌م به‌لای خۆیدا كێش ده‌كات و كار له هه‌ست و سۆزی ده‌كات و دهیۆروژێنێت ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات كه زیاتر پاڵنه‌رێكی دنیایی له پشتی ئه‌و هێزه‌وه‌یه كه ئه‌م به‌لای خۆیدا راده‌كێشێت كه ده‌شێ ئه‌و هێزه‌ش هه‌ر ئه‌وی دڵدار یان خۆشه‌ویست بێت كه ئه‌م هه‌وڵیده‌دا له سنووری مه‌داری خۆیدا بیهێڵێته‌وه. هه‌روه‌ك خرۆشان بۆ خۆی ده‌لاله‌تێكی سێكسی هه‌یه‌و له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌و هێزه‌ی كه ئه‌م به‌لای خۆیدا كێش ده‌كات ده‌شێ هێزێكی دنیایی بێت كه ته‌نیا له ئه‌وی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ردا هه‌یه.كه‌واته لێره‌دا ئه‌وه زیاتر ئاشكرا ده‌بێت كه ئه‌و كه‌سه‌ی شاعیر وه‌كو قسه‌كه‌ری شیعره‌كه ده‌یدوێنێت ئه‌وی خۆشه‌ویست یان ئه‌وی ئافره‌ته ئه‌گه‌ر له ئاستێكی گشتیدا سه‌یری بكه‌ین.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی گه‌وره‌یان ده‌كه‌ین
رۆژێ دێ جێ‌مان ده‌هێڵن
هه‌موو ئه‌وانه‌ی جێ‌مان ده‌هێڵن
رۆژێ بچووك بووینه لای ئێمه
یاساكانی سرووشت به‌و شێوه‌یه كه هه‌موو ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌ی كه نه‌وه ده‌خه‌نه‌وه, نه‌وه‌كانی خۆیان گه‌وره بكه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی كه نه‌وه‌كان وایان لێ دێت پێویستیان به باوانیان نه‌مێنێت. ئیتر ئه‌و كاته باوانیان به جێده‌هێڵن و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان وه‌رده‌گرن . شكسپیر له شانۆگه‌ری بازرگانی ڤینیسیادا ده‌ڵێت: هه‌موو بێچووه باڵنده‌یه‌ك كهگهوره بوو ئاره‌زوو ده‌كات كه دایك و باوكی به‌جێبهێڵێت. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر زمانی یه‌كێك له كه‌سێتیه دووهمیهكانی ئه‌و شانۆگه‌رییه‌وه به شایلكۆك ده‌گوترێت له كاتێكدا كه جێسیكای كچی شایلۆك له‌گه‌ڵ لۆرینزۆی خۆشه‌ویستیدا به دزی شایلۆكهوه هه‌ڵدێن. كه‌ریم لێره‌دا هه‌مان بۆچوون به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه و پێمان ده‌ڵێت ده‌بێ ئه‌وه به سروشتی وه‌ربگرین كه یاسای سرووشت وه‌هایه كه هه‌موو زینده‌وه‌رێك له پێناوی سه‌ریه‌خۆیی و سه‌لماندنی خۆیدا باوك و دایكی به‌جێده‌هێڵێت. شاعیر لێره‌دا قسه بۆ كه‌سێك یان بۆ كه‌سانێك ده‌كات، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا واده‌رده‌كه‌وێت كه بۆ ئێمه هه‌موومان ده‌دوێت. هه‌روه‌ك له هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌شمان پێده‌ڵێت كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه ئێستا ئێمه به‌جێده‌هێڵن رۆژانێك له‌لای ئێمه بچووك بوون.
هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا قسه له‌سه‌ر مانای به‌جێهێشتن دێته ئاراوه كه ئه‌م وشه‌یه ته‌نیا كاتێك مانای ته‌واوه‌تی خۆی ده‌به‌خشێت كه ئه‌وه‌ی به جێ‌مان ده‌هێڵێ له راستیدا ده‌بێ په‌یوه‌ستبوونێكی ره‌چه‌ڵه‌كی یان مه‌عنه‌وی به‌هێزی هه‌بێت پێمانه‌وه. دیاره ئه‌وانه‌ی كه ئێستا ئێمه به‌جێده‌هێڵن یان نه‌وه‌كانی خۆمانن یان خۆشه‌ویستمانن یان كه‌سانێكن كه په‌یوه‌ندی به‌هێز له نێوانماندا هه‌یه. واته لێره‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م دێت كه ئه‌وانه‌ی رۆیشتتنیان ده‌بێته مایه‌ی خه‌م بۆمان ئه‌و كه‌سانه‌ن نزیكن لێمان و جێ‌مان ده‌هێڵن كه له راستیشدا خۆمان گه‌وره‌مان كردوون و ده‌شێ به‌شێك بن له خۆمان . بێگومان ئێمه پێشتر ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه كرد كه یاساكانی سرووشت به‌و جۆره رێكخراون كه ده‌بێ هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ژیان به‌رده‌وام بێت نه‌وه‌ی نوێ بخاته‌وه‌و په‌روه‌رده‌شی بكات. نه‌وه‌ی نوێش له‌گه‌ڵ پێگه‌یشتنیدا به‌سرووشتی هه‌وڵی سه‌لماندنی بوونی خۆی ده‌دات, به بۆچوونێكی فرۆیدیانهش بۆ ئه‌وه‌ی كه بوونی خۆی بسه‌لمێنێت ده‌بێ راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ تاوانی كوشتنی باوك ئه‌نجام بدات كه ده‌شێ كرداری به‌جێهێشتن لێره‌دا وه‌كو ئه‌و تاوانی كوشتنه سه‌یر بكرێت.كه نه‌وه‌كان له پێناوى سهلماندتی بوونی خۆیاندا ئه‌و تاوانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت له‌م تاوانه‌شدا هیچ سزایه‌ك بوونی نییه چونكه ئه‌م كاره بووه‌ته پێداویستیه‌كی رێكخستنی هارمۆنیای سرووشت و پێداویستیه‌كانی ژیانی بایۆلۆجی و مه‌عنه‌ویش پێویستیان به‌وه‌یه كه نه‌وه‌كان بۆ ته‌واوكردنی ئه‌ركی سرووشتی بایۆلۆجیانه‌ی خۆیان و بۆ درێژه دان به ژیان ده‌بێ ئه‌و رێگایه له‌به‌ربگرن كه یاساكانی سرووشت سه‌پاندوێتی. دیسان ده‌شێ له روویه‌كی تریشه‌وه وه‌های لێكبده‌ینه‌وه كه هه‌موو بوونه‌وه‌ران و له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه مرۆڤ به خۆڕسكی ویست و ئاره‌زووی به ده‌ستهێنانی شووناسیان هه‌یه. به‌ده‌ستهێنانی شووناسیش ته‌نیا له سه‌ربه‌خۆیدا به‌دی دێت, كه‌واته هه‌وڵدانی ئه‌و بچووكانه‌ی كه گه‌وره ده‌بن بۆ به‌جێهێشتنی باوانیان یان گه‌وره‌كانیان له پێناوی گه‌یشتن به ئازادیدایه كه ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی شووناسی هه‌ڵگرتووه. به واتایه‌كی تر ناتوانین ته‌سه‌وری به ده‌ستهێنانی شووناس له ده‌ره‌وه‌ی ئازادی یان به بێ ئازادی بكه‌ین ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له شووناس و به ه‌ستهێنانی خۆسه‌لماندن بێت. به چه‌مكی هیگڵی به ده‌ستهێنانی شووناس ته‌نیا له گه‌یشتن به رۆحی ره‌هادا بههست ێت دیاره ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه به‌بێ گه‌یشتن به رۆحی ره‌ها قسه‌كردن له‌سه‌ر ئازادی هیچ مانایه‌كی نییه. لێره‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م دێت كاتێ نه‌وه‌كان باوانیان به‌جێ ده‌هێڵن مانای وایه له پێناوى ئازادی تاكه كه‌سی خۆیاندا ئه‌وه ده‌كه‌ن و له‌و كاره‌شیاندا رۆحی تایبه‌تیان ده‌گاته ئاستی بڵندبوون بۆ ئاستی ره‌ها.
ئێمه به خاتری تۆ بوو په‌نجه‌ره‌كانمان واڵا كرد
به‌ڵام تۆ هه‌موو ده‌رگاكانت لێ داخستین .
ئێمه دوو دنیای جیاوازین
یه‌كمان دڵی پڕ ئاگره
ئه‌وی تر یه‌ك پارچه به‌فر
ئاگر به‌فر ده‌توێنێته‌وه
به‌فر ئاگر ده‌كوژێنێته‌وه
شاعیر پێشتر به ناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه ده‌دوێت, به‌ڵام لێره‌دا به‌ناوی كه‌سی یه‌كه‌می كۆوه خۆی پێشكه‌ش ده‌كات, دیسان ئه‌وی به‌رامبه‌ر هه‌ر بریتییه له كه‌سی دووه‌می تاك واته ( تۆ ). ئه‌مان له‌به‌ر خاتری ئه‌و هه‌موو په‌نجه‌ره‌كان واڵا ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و نه‌ك هه‌ر په‌نجه‌ره ناكاته‌وه ته‌نانه‌ت ده‌رگاكانیش به روویاندا داده‌خات. لێره‌دا قسه‌كه‌ری شیعره‌كه ده‌یه‌وێت وای نیشان بدات كه ئه‌مان كه‌سانێكی به‌خشنده‌ن و بۆ پێك گه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هیچ به‌ربه‌ستێكیان نه‌هێشتۆته‌وه كه‌واته ئه‌مان هه‌ڵگری پرۆژه‌ی گوێ له‌یه‌كتر گرتن و لێكتر تێگه‌یشتن و یه‌كتر قبوڵ كردنن, به‌ڵام ئه‌و هیچ ئاماده‌گیه‌كی نییه بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه, بێگومان له بارێكی له‌و جۆره‌شدا رووبه‌رێك بۆ پێكه‌وه ژیان نامێنێته‌وه. له راستیشدا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردی بۆ هاوشێوه‌ی ئه‌و بۆچوونه بگه‌ڕێین ئه‌وا ده‌توانین بڵێین ئه‌م بۆچوونه یان ئه‌م حاڵه‌ته كۆنترۆڵی واقیعی كه‌لتووری و عه‌قڵی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی كردووه. راسته لێره‌دا قسه‌كه‌ر له شیعره‌كه‌دا به‌ناوی كه‌سی یه‌كه‌می كۆوه ده‌دوێت، به‌ڵام زیاتر پێ ده‌چێت كه هه‌ر خۆی بێت به‌ته‌نیا به‌ڵام به‌مه‌بستی به‌هێزكردنی هه‌ڵوێستی خۆی به‌ناوی كه‌سی یه‌كه‌می كۆوه ده‌دوێت.
قسه‌كه‌ری شیعره‌كه رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌م و ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌یدوێنێت دوو كه‌سی جیاوازن و ته‌نانه‌ت له بری ئه‌وه‌ی وه‌كو ته‌واوكه‌ری یه‌كتری سه‌یریان بكات وه‌كو دوو دژ لێیان ده‌ڕوانێت كه هه‌ریه‌كه‌یان وه‌كو له‌ناوبه‌رى ئه‌ویتریان ده‌رده‌كه‌وێت .له سنووری ده‌قه‌كه‌دا ئه‌م و ئه‌و وه‌كو ( ئاگر و به‌فر ) پێشكه‌ش ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌وه دیاری نه‌كراوه كه كامیان به‌فره‌و كامیان ئاگره, به‌ڵكو ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته ئه‌وه‌یه كه ئه‌م دوو ره‌گه‌زه وه‌كو دوو دژ له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا داده‌نرێن و هه‌ریه‌كه‌ش ده‌توانێت ئه‌ویتریان له‌ناو ببات. هه‌رچه‌نده ئه‌وه ئاشكرایه كه دژه‌كانیش ته‌واوكه‌ری یه‌كترین. دیسان له به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌م دوو كه‌سێتیه‌دا له شێوه‌یه‌كی دژ به‌یه‌كی ئه‌وتۆدا شاعیر ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت هارمۆنیای سووشت له‌سه‌ر بنه‌مای بوون و به‌رامبه‌ر یه‌كتر وه‌ستانی دژه‌كان بنیاد نراوه, به‌واتا له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر وه‌ستانی دژه‌كاندا جۆرێك له هاوسه‌نگی پێك دێت كه ئه‌وه‌ش له دوای ململانێ و ناكۆكی ده‌گاته ئه‌نجام. دیاره ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه ئه‌و ململانێ و ناكۆكیانه رۆڵی گرنگ ده‌گێڕن له درووست كردنی گۆڕانكاریدا و به جۆرێكی ئه‌وتۆ كه ده‌توانین بڵێین به‌ره‌و پێشه‌وه چوونی كۆمهڵگاو بنیادنانی شارستانێتیه‌كان به‌رهه‌می ئه‌و ماملانێ و پێكدادانانهن كه نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه وێرانكاری درووست بكه‌ن. ئاگرو به‌فر ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌ریه‌كتر بكه‌ون ئه‌وا ده‌شێ هه‌ردووكیان دووچاری له نێوچوون ببن واته وه‌كو ئه‌وه‌ی له ده‌قه‌كه‌دا هاتووه ئاگر بكوژێته‌وه‌و به‌فریش بتوێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو ره‌گه‌زه له‌گه‌ڵ یه‌كتر ناكۆكه به شێوه‌یه‌كی هێمن و گونجاو به‌ریه‌ك بكه‌ون یان له‌یه‌كتر نزیك ببنه‌وه ده‌شێ ئاگر هه‌ندێ سارد ببێته‌وه‌و به‌فریش ببێت به ئاو به‌ڵام هیچیان له ناو نه‌چن .ئه‌مه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه كه به ئاستی ناوه‌ند ناوده‌برێت كه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی كۆمهڵگاو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌یری هاوشێوه یان وێنای ئه‌م حاڵه‌ته بكه‌ین ئه‌وا ده‌بێ چاوه‌ڕوانی درووستبوونی بارێكی ئه‌وتۆ بكه‌ین كه تیایدا گفتوگۆ‌و لێك تێگه‌یشتن و یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه ژیان دێته ئاراوه.