هەڵۆ بەرزنجەیی: گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی – پاسۆک
گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی – بەرگی یەکەم ژمارە 1 تا 16/ چاپی 2022
ژمارە 3 نیسانی 1981 نەورۆزی2593
ئاڵای سووری کوردایەتی/ ئۆرگانی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی پاسۆک
لەم ژمارەیەدا نووسراوە: نرخی بەپێی توانایە.
پێدەچێ نەداریی وای لە پاسۆک کرد بێت، بیر لە فرۆشتنی ئۆرگانەکەی بکاتەوە. ئەگەرچی کارێکی ڕەوا و ئاساییە، ھاوکات دەست و دڵ کراوەشە، نرخی بە پێی توانا بۆ دیاری کراوە.
بەرگەکەی لۆگۆی خۆرێکی لەسەرە چوار تیرۆژی لێ بۆتەوە. مەشخەڵێکی بڵێسەدارە قەدەکەی، دەستکەکەی قەڵەمێکە و خەنجەڕێکیش بە نیوە کەوانەیی لەتەنیشتییەوە کێشراوە.
ھەردوو دروشمە ناوەندییەکەی بە تۆخی بەسەر بەرگی گۆڤارەکەوە دەدرەوشێنەوە. {پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، ئەبێ کوردبین } [چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە]. لەم ژمارەدا 15بابەتی جۆراوجۆر بەرچاو دەکەون. کە وەک ژمارەکانی پێشوو 4 یان ھەمیشەیی نەگۆڕن. لەبەرئەوەی بەشێکی زیندووی ناسنامەی حیزب بوون. ھەروەھا قەبارەی بریتییە لە 43لاپەڕە و بە بەراورد بە ژمارەکانی پێشوو، لاپەڕەکانی زیادی کردووە.
کۆپلە شیعرێکی شۆڕشگێڕیی دەروازەی گۆڤارەکە دەخاتە سەر پشت و مانا و پێداویستی شۆڕشی کورد و پێداویستییەکان و فەلسەفەی بوونی بە ناچاریش بێت ڕوون دەکاتەوە:
تەنیا لە لوولەی تفەنگدا
ئازادی چاوی ھەڵدێنێ.
ھەق بانگ ئەدا.
تەنیا ھەر لە ئاستی چەکا
داگیرکەر مل کەچ ئەکا!.
دەکرێ بەسەدان لاپەڕە لەسەر ئەو چەند دێڕە کورتە بنووسین، چونکە زۆر شتی مێژوویی و سیاسیمان پێدەڵێ، لێ بەکورتی و کرمانجی لە کرۆکدا ئەوەی روون و ئاشکرایە بریتییە لە: داگیرکەران ئاشتییان ناوێ زمانی دیالۆگ ڕەت دەکەنەوە. ئەقڵێتیان ھێندە داخراوە، ترووسکەی دانوساندنیان تێدا بەدی ناکرێ. وەک یابانییەکان دەڵێن:” ئەگەر گەوجی پێشکەوت، ژیری پاش دەکەوێ. لێرەش لەم ژینگە تەمومژاوییەی دەوری کوردی داوە، دەرفەت بۆ رزگاری لە کۆلۆنیالیزم تەنیا خەباتی چەکدارییە، ئاخر لەمێژە گووتراوە” لە کوێدا قسە نەچێتە ناو گوێوە، مرۆڤایەتی تێیدا دۆڕاوە”. بە درێژایی مێژوویەکی خوێناوی نێوان داگیرکەران و کورد بیر جگە لە شەڕ و کاولکاری بەولاوە لە ھیچی تر نەکراوەرەوە. دۆخی کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ تورک و فارس و عەرەبدا و بێ ئاکام بوونی تێژڕای ھەوڵەکان، بەڵگەی زیندووی ئەم گوێ نەگرتنەیە! نێرجسیەتی لەخۆبایی بوونی ئەوان و ئەقڵێتی گرفتاربوونیانە بە وەھمی دەسەڵات و ئاغایەتی.
گەر بەوردی دیقەت بدەین لە مێژووی داگیرکەران و تەنانەت ھەوڵەکانی کورد بۆ چارەسەری ئاشتی لەتەکیان دا، لۆژیک و ھەقیقەتی تەواو لەم پەیامە شیعرییەدا دەبیننەوە.. گووتە بەناوبانگەکەی گاندی مەزن” مێژوو مرۆڤ فێر دەکات، کە مێژوو ھیچ فێری مرۆڤ ناکات” کتومت لێرەدا ڕەنگی داوەتەوە..
ئەوەیشی لێرەدا نەرێنی بەسەر کورددا شکاوەتەوە، فەرامۆشکردن یاخود کەم بایەخییە بۆ شێوازەکانی خەباتی مەدەنی و دیبلۆماسی و لۆبیستی و تەنانەت ئابوووریی و کولتووریی و ھونەریی و وەرزشیش. ئەم کێماسییە بەزەقی بە مێژووی سیاسی کوردەوە دیارە.
سەروتارێک لەسەر شوناسی سەربەخۆیی کوردبوون و خۆ ڕزگارکردن لە پاشکۆی تەواوی حیزب و ھێزە سیاسییەکان لە چەپەوە بۆ ڕاست. ھاوکات تەواوی بیروڕێبازەکان کە دووربوون لە گیان و ھەستی کوردایەتییەوە. لەم ڕووەشەوە بە ئەزمونە تاڵەکانی مێژوودا گوزەر دەکات پێمان دەڵی:کردنی ھەر ھەموو شت لەپێناوی کورد و کوردستاندا دروست و تەواوە!.
لە یادی پیرۆزی رۆژنامەگەریی کوردیدا کە مێژووەکەی لە 22. 4. 1898 ەوە دەست پێ دەکات، وتار و یادھێنانەوە نووسراوە و سڵاوێک بۆ وشەی پیرۆز و قەڵەمی ئازای کوردیی نێردراوە. ئەوجا لە مانگی نیسان/ ئاپریلدا چی لە رۆژمێریی کورددا رووی داوە، مشتێک لەو خەرمانە بەسەر کراوەتەوە. ئەمەش بەردەوامی کارکردنە لە مێژوو و یادەوەرییەکانیدا جا گەش بن یاخود تاڵ و نائومێدیی.
وتاری [ڕازێکی کوردانە]ی ئەم ژمارەیە: چارەسەری بنەبڕی مەسەلەی کورد مافی دیاریکردنی چارەنووسیەتی.
کورد مێژوویەکی تاڵ و ئازاراوی لەگەڵ دروشمەکانی ئۆتۆنۆمی و خەباتی ھاوبەش دژی ئیمپریالیزم و پێکەوە ژیان و دروشم و شتگەلێکی تر ھەیە و دواجاریش ھەر کورد زەرەرمەند بووە و لە پرۆسەژەدا دەستی لەبنی ھەموو ھەمانەکان دەرچووە. چونکە ھەم دروشمەکەی ناواقعی بووە و ھەم ئەقڵێتی ئەوان ئەم تۆوەی تێدا شین نابێت. ئەمەش ھۆکاریی ڕیشەیی خۆی ھەیە، لە فیکر و سیاسەت و نەزانی و سادەیی و دواکەوتوویی کورد و جارەوجار ناواخنی درێژەی ئەم باسانەمان لەم خوێندنەوەدا بەرچاو دەکەوێت.
وتارەکە شیکارێکی مێژوویی ئەم باسە ھەستیارە کراوە، کە تا ئیمڕۆ جێی مشتومڕی سیاسی و فیکری حیزبە کوردییەکانە. بەداخەوە وزە و توانست و بڕشتێکی زۆری بزافی کوردی ھەڵلوشیووە. بەدرێژایی مێژووی گەلان ھیچ میللەتێکی داگیرکراو و دابەشکراو نەبووە یەکلایەنە بڵێ من دەمەوێ لەگەڵ داگیرکەرەکەمدا بژیم و باسی پێکەوە ژیان و خەباتی ھاوبەش بکات. دیموکراسی بۆ داگیرکەر بوێ و خۆی بە مافی ئۆتۆنۆمی ڕازی بێت! داگیرکەریش ھەر بیکوژێ و بیکوژێ و فەرھەنگی بسڕێتەوەو لە سێدارەی بدات لە کوردبوونی بخات و ڕایگوێزێ و زێند و نیشتمانی کاول بکات. تەنیا کورد بەو مۆدێلە کاری کردووە لەدوای جەنگی جیھانییەوە کە سەردەمێکی زێڕینی رزگاری گەلانە.
ئاڵای سوور دەنووسێ” {حوکمی زاتی }فشە و راستەقینە ( ئەگەر وەک قۆناغ و وچانێک نەبێت) ناھێنێ فیشەکێکی بۆ بتەقێندرێ و گیسکێکیشی بۆ وەکوژرێ”.
ئەزموونی گەلان نیشانی داوین ھیچ میللەتێک نییە، بندەست بوو بێت بۆ سەربەخۆیی تێ نەکۆشابێ!. ھیچ لایەک بە ئۆتۆنۆمی ڕازی نییە، داگیرکەرانی کورد ئۆتۆنۆمیشیان بە کورد بە ڕەوا نەبینیووە و نابینن. جا کە تۆ ھەر خەبات دەکەیت و گیانبازی بە بە ژیانی خۆت دەکەیت! ئەوانیش سڵ لە کوشتن و قڕکردنت ناکەنەوە، ئەی بۆ لەسەرەتاوە داوای ھەقی راستەقینەی خۆت ناکەیت؟!. وتارەکە نزیکەی 8 لاپەڕەی گرتۆتەوە.
فەرھەنگ و کەلەپووری میللی کوردی دەوڵەمەندە بە شتی جوان و بەھێز، بۆ ئاڵا، ھەر جارێک چەپکێ گووڵی لێ دەخاتە ناو ئینجانە لەسەر ڕەفە و تاقەکانی خۆی دادەنێ.
شیعری (سنووری کوردستان) ی حاجی قادری کۆیی. بۆن و بەرامەی خۆی دەدات. ماتزینی مەزن دەڵێ: نیشتمان بەر لەھەر شتێ ھوشیارییە بە نیشتمان. ئەوەش ھوشیاری حاجییە بە کوردستانەکەی.
[شادەمارە سەرەتاکانمان]: ڕامان بەرانبەر ھەموو بەرەو لا و کۆڕ و کۆمەڵ و کەسێک، لەبەر رۆشنایی ھەڵسوکەوت و ڕایاندا دەبێت بەرانبەر نەتەوەکەمان”.
شەنوکەوێکی ورد و بابەتی چڕوپڕی ئەم باسە ھەستیارە کراوە و گۆڤاری ئاڵا بە دوورودرێژی تیشکی خۆی خستۆتە سەر پاشخان و پێشخانی ئەم بیرکردنەوە و ھەڵوێستە و بە لۆژیکێکی بەھێز خوێنەر بەرەو ھەقیقەت ڕادەکێشێ و دەنووسێ: عەینی عەقڵ و سیاسەتی زانستی و واقعیش ئەوەیە، کە شتەکان وەکو ھەن ببینرێن و ھەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت، نەک وەکو ئەوەی دڵمان دەیخوازێ.
ئەم خوێندنەوەیە لەسەر زەمینەی واقع و بنەمای ئەو ئەزموونانە دروست بووە، کە مێژووی کوردی نەخشاندووە.. مێژوویەک پڕ لە وانەو بەسەرھاتی تراژیدیایی لەگەڵ داگیرکەرەکانیدا!. ئاڵای سوور پێی وایە دەبێت [ مەسەلەی کورد تەرازووی زێڕھەڵکێش] بێت.. خەباتی نەتەوەیی لە چوارچێوەی پاسۆک دا لەبەرایی ھەر ھەموو شتێکەوە بۆ کورد و کوردستان بووە. بەم پێیە لەچاوی بەرژەوەندی کوردەوە تەماشای ھەموو دنیا کراوە و ئێستاش دەکرێ و پێویستە بکرێ!. ئەودەم و تا ئیمڕۆش کەموزۆر ئەم جۆرە بیرکردنەوەی جێ ڕەخنە و بەکەم تەماشاکردنی ھەندێ کەس و لایەکی فیکری سیاسییە!. تیرۆرێکی فیکری لە کوردستاندا خوڵقێندرا بوو، زۆر کەس و لایەن بە شەرمیشەوە دەترسان ناوی کورد و دۆزە ڕەواکەی بھێنن. خۆیان بە برا ھەرە بچووک و رۆڵە دڵسۆز و گیان لەسەر دەستی دەوڵەتە دەستکردەکانی داگیرکەری کوردستان لە قەڵەم دەدا. گووتەیەک ھەیە دەڵێ: زۆربەی ئەو قسانەی دەترسین بیانڵێین، ئەو قسانەن کە دەبێت بگووترێن” کورد ترساوە ڕەپوڕاست داوای ھەقی خۆی بکات.
ئەم ھۆکارەش بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر ئەو زیانەی بە کورد گەیاند، دۆزەکەی وەک کێشەیەکی ناوخۆی ئەو دەوڵەتانە تەماشا دەکرا. بۆیە تەماشاکردنی جیھان لە کڵاوڕۆنەی نیشتمانی خۆتەوە، وای لە بایرۆن کردووە بڵێ” ئەو کەسەی وڵاتەکەی خۆش نەوێ، ھیچ شتێکی خۆش ناوێ. بەڵێ ئەوانەی بەناوی ئاین و ئایدۆلۆژیا و کۆسمۆپۆلۆتییەکان بانگاشەی ھەر خۆشەویستییەک بکەن لەئاست ھەقیقەتدا کورتیان ھێناوە و دێنن.
ئاڵا لە وتارێکدا بەناونیشانی: [ئەم کورد کوردێنە بۆ]؟!. جارێکی تر پڕ بە گەرووی بۆ پرسە نەتەوەییە ڕەواکە ھاوار دەکات و بۆ ھێندە ھاواریی کوردبوونێتی، وەڵامی پوخت و کاكڵەکراوی ھەمووان دەداتەوە. بسمارک دەڵێ: سەرکەوتنی گەشەی نەتەوەیی ھەر وڵاتێک بە شێوەیەکی بنەڕەتی وەستاوە لەسەر کەمینەی خوێندەواری وڵات. تێکچوونی ئەو کەمینە خوێندەوارە نەخۆشی درێژخایەن پێک دێنێ. رێگری لە پاسۆک و دژایەتی بیری نەتەوەیی ئەو دەردوبەڵا و کێشانەی ھێناوەتە سەرەڕێی بزاڤی کوردایەتی کە ئێستا ڕۆژانە بە لووتماندا دەتەقێنەوە.
کوردبوون وەک بوویەک لەبەردەم ھەڕەشەی نەماندایە، ئیدی ھەر پەرۆشییەکی بۆ دەربڕین، نابێت جێی سەرسوڕمانی کەس بێت. لە دنیای شارستانێتی ئیمڕۆدا ئاژەڵێک/ پەلەوەرێک بوونی بەرەو قڕان و نەمان بڕوات، مرۆڤایەتی بە شانازییەوە ھاواری لێ ھەڵدەستێ و بۆی دەکەوێتە ھەڵپەوە و بەرگری لە نەمانی دەکات. خەمی کورد گەلێک بۆ نەتەوە و خاکەکەیان نابێ بێتە جێی لاقرتە و گاڵتەجاریی ھیچ بەرە و لایەک. بەھێزترین خۆشەویستی، خۆشەویستی نیشتمانە” ئەبرەھام لینکۆلن.

[تیشکێک لە خۆری کوردایەتی] تۆماری چالاکییە پێشمەرگایەتییەکانی پاسۆکە.
لێرەدا دەمەوێ سەرنج بۆ چۆنایەتی و چەندایەتی بیر و سیاسەت و ھەڵویستی بێھاوتای پاسۆک بکەم و نموونەیەکی دیار و زیندوو بکەمە گەواھی راستییەکانی بەر چاوی خوێنەر.
بەکورتی: شەوی 16 /17 .2. 1981 دەستەی شەھید (ملازم حەمەشەوقی) 19 قوتابی بەعسی لە پلەی سەرەتایی تاوەکو (نصیر متقدم) کە پلەیە حیزبی بەرز بوو، دەگرن کە 8 دانەیان خەڵکی ئەردون بوون. ناوناونیشانی پلەی حیزبیان ڕیزبەندکراوە. بەم چالاکییە شڵەقانێکی گەورە لە بەغدا و عەمان و پایتەختەکانی تری عەرەبیدا دروست بوو. درێژەی نادەمێ، چونکە بەوتارێکی دوورودرێژ لەسەر ئەم رووداوەم نووسیووە. ئەوەی زۆر گرنگە دواتر پاسۆک مەرجی بەردانیان دەبەستنەوە بە:
بەردانی 100 خێزانی گیراوی سیاسی ھەموو لایەنەکانەوە بەم جۆرە:
20 خێزانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان/ 20 خێزانی حیزبی شیوعی عێراق/ 20 خێزانی پارتی دیموکراتی کوردستان/ 20 خێزانی حیزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستان / 10 خێزانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان- کە باڵێکی یەکێتیە/ 10 خێزانی پاسۆک..
ئەمەش لەسەر بنەمای باوەڕ و پرنسیپێک کردووە، چونکە ئێمە سەنگەر لە ھیچ کوردێکی دڵسۆز جوێ ناکەینەوە!. بۆ زیاتر زانیاری تەماشای ئەم وتارە بکە:
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=87701&authorid=4436
ئەمە لە کاتێکدا ئەو دەمیش حیزبەکانی تری کوردستان ھەر بەدوای بەرژەوەندی خۆیان و فڕکان فڕکانی دەستکەوتەکانەوە بوون. پاسۆک دەیتوانی بە بازرگانی کردن بەم قوتابیانەوە بۆ نموونە: ملیۆنان دۆلاری پێ وەرگرێ بۆ خۆی! یان ئیمتیازی تری پێ بەدەست بھێنێ. بەڵام لەڕووە مێژوویی و نەتەوەییەوە بەرپرسانە ھەڵسوکەوتی کرد و توانی ئەم سەروەرییە بۆ خۆی تۆمار بکات.
بۆ گوێگرتن لە وانەی سێیەمی[قوتابخانەی پاسۆک] ” ئێمە سەربازی جەماوەرین کوێخای نین” ناوەڕۆکی ئەم وتارە دووردرێژە تەرخانە بۆ بایەخ و سەنگی جەماوەر و نەسەپاندنی ھیچ ئیرادەیەکی دەرەکی بەسەریدا. دۆڕاندنی جەماوەر شەیپووری مەترسیداری مەرگێکی بێ چەندوچوونە. بۆیە لەدیدی پاسۆکەوە رێزگرتن لە جەماوەر و گرنگی دان بە سەنگ و ڕۆڵیان، ئاماژەیەکی تەندروستی بیرکردنەوەی ھەڵسوکەتی دروستی شۆڕشگێڕانەیە. شایانی گووتنە( جەماوەر سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتە) دروشمێکی ناوەندی و کۆڵەکەیەکی فیکری و سیاسی پاسۆک بوو. ئەگەر خوێنەر بەوردی سەرنج لە ئەدەبیاتی پاسۆک بگرێ، سەری دەسوڕما لەوەدا بۆ ھێندە پێگەی جەماوەر بەرز و بەنرخ و ھەژمار بکراوە؟. ئەم دیاردەیە ڕەھەندی قوڵی فکریی و فەلسەفی و تێڕوانینی ئاوەزمەندانە و یەکسانخواز و دیموکراسی ھەیە و رێزێکی بێ پایانیشە لە مرۆڤ و پێگەی جەماوەر و کۆمەڵ و گەل و نەتەوە.
لە دوای قوتابخانەی پاسۆک دێینە لای ناونیشانی بابەتێکی تری گرنگ لە [بانگێ .. لەسەنگەری پاسۆکەوە]. کە بۆ ھاوڵاتی و ھاونەتەوە و ھاوژان و چارەنووسی کورد نووسراوە.. ڕووی دەمی لەتاکی کوردە، کە دەبێت بێتە مەیدانی خەبات و بەشداری بکات لەو ئەرکە پیرۆزانەی دەکەوبە سەرشانی. ھەروەک چۆن دەنووسێ: مرۆڤ لەسەریەتی بەپێی بەھرە و ھەڵکەوتی، ڕۆڵی خۆی لە کۆمەڵداببینێ.
وتارەکە بە دروشمێکی بەرز کۆتایی ھاتووە کە نووسراوە:” ئەوەی نەتوانێ بۆ کورد بمرێ، ناشزانێ بژی.
چەند گووتەیەکی تاریک و چەندانێکی روونی کۆمەڵێ کەس و لایەن لەسەر کورد کراوەتە بابەتێک بەناوی ( تاریک و ڕوون). دواتر شیعری “سەربازی ون ” پەشێو بێ ئەوەی ناوی بنووسرێ، پێشکەش کراوە بە قەڵادزێ و ھەڵەبجەی خوێناوی. بەبۆنەی یادی ڕسکانی، کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد/ کاژیکەوە شەش بڕگە لە کەلەپووری شۆڕشگێڕی خراوەتە ڕوو.
دوا لاپەڕەش وەک لای ھەموو ژمارەیەک چۆن سەرەتا ھەیە، و ماڵاواش دەبێت ھەبێت.
[[ماڵئاوا]] بەدوای خۆیدا پرسێکی ھەستیار و ستراتیژی دەورووژێنێ و بەجێدێڵێ، چ زەخیرەیەکمان بۆ پاش ناوبژی خستووە؟!. مەبەست لەمەش ئەو کۆمەڵە ھەوڵ تەقەلا عەرەبی و ناوچەیی و جیھانییە کە دەدرا بۆ وەستاندنی جەنگی ئێران و عیراقی 1980 -1988 … بەداخەوە لەم ھەلە مێژوویەشدا سەرانی حیزبی کورد لە گێژاوی دروشمی باقوبریق دا گێژیان خوارد بوو.. وایان دەزانی بەشێکن لە ئیمپریالیزم و خەتای ئەوانە جەنگ بەرپا بووە و دڵی مۆسکۆی پێ ئێشاوە!. ئەوە دیسکۆفسکییە دەڵێ: بێ نیشتمان بیت ، واتە لە ئازار و ژاندا ژیان دەژیت. ھەتا ئێستا لە ئازار و ژاندا دەژین، چونکە بیری دروست و پێویست و تەواومان لەسەربەخۆیی نیشتمان نەکردەوە، ناکەینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت