ئامانج نەقشبەندی: سەردەمی تەفاهەت.
زۆرجار گەلێک لە ئێمە داد و بێ دامانە و ناڕەزایی دەردەبڕین سەبارەت بە بێ سەروبەری کۆمەڵگە بە گشتی و وێرانی بارودۆخی سیاسی کۆمەڵایەتی و بێ سەروبەری میدیا و ڕاگەیاندن و هەموو بوارەکانی دیکە، پرسیار لە خۆمان دەکەین ئەم هەموو جاهیل و نەخوێندەوار و خەڵکە بێ بەها و پڕوپوچ و تافیهە چۆن و بەچی خزێنرانە ناو کایەی سیاسی و دەسەڵات و سۆشیاڵ میدیا. زۆر جار پرسیار لە خۆمان دەکەین ئەم هەموو خەڵکە ئاست نزمە چۆن بوونە کەسی بەناوبانگ و خاوەن پێگە و پابڵک فیگەر؟! بەڵام کاتێک کتێبی (نظام التفاهة) ی بیرمەند و فەیلەسوفی کەنەدی (ئالان دۆنۆ) مان کەوتە بەرچاو ناڵێین بەرچاومان ڕوونتر بوو، بەڵکو دەڵێین (تێگەیشتین چۆن ماڵمان بەقوڕ گیرا).
ئالان دۆنۆ لە بەشێک لە کتێبەکەیدا دەڵێت: کەسانی بێ بەها و تافیهـ گەشتونەتە پێگەکانی دەسەڵات، لە سەردەمی باڵادەستیی و ئاست نزمی و داڕمانێکدا دەژین کە دەبێتە هۆی ئەوەی ووردە ووردە کەسانی بێ بەها و بێ مۆڕاڵ دەست بگرن بەسەر جومگەکانی دەوڵەتاندا، کارامەیی و لێهاتوویی وەلادەنرێت و بەهای بەرز ومۆڕاڵ پشتگوێ دەخرێن، ویست و ئارەزووی قێزەون و تەفاهەت جێیان دەگرێتەوە، لەبوارە جیاجیاکانی ژیانماندا کۆمەڵێک تافیهـ و کۆلکە خوێندەوار و ناڕۆشنبیر بێ بەهایی و تەفاهەت دەکەنە چەترێک بەسەر سیاسەت و ئەکادیمیا و هونەر و میدیا و ڕاگەیاندندا.
کەسانی (بەناو) خەبیرو شارەزا هەڵدەتۆقن و ڕۆشنبیری ڕاستەقینە پەراوێز دەکرین، کە یەکەمیان چەقی بێ بەهایی و تەفاهەتە، سۆفستائیەکە بۆ بەرژەوەندی و پول و پارە دەجوڵێنرێت بە ئاراستەیەکی دیاریکراو. ناوبراو دەڵێت ئەم سیستمی تەفاهەتە هانمان دەدات بە هەموو شێوەیەک تاوەکو لە بری بیر کردنەوە بێ دەنگ و کزۆڵ دانیشین، هەموو شتێکی قبوڵ نەکراو بە کارێکی حەتمی وەرگرین ، هەموو شتێکی نەخوازراو بە پێویست بزانین، ئەمانەش هەموویان بەرەو گێل بوونمان دەبەن. هەر ئەم هۆکارانەش کارێکیان کردووە کە لە ڕاگەیاندن و بواری سیاسی و فیکری و سۆشیاڵ میدیادا سوپایەک لە خەڵکی (تافیهـ) و بێ بەها ببنە کەسایەتی و بەناوبانگ لە کۆمەڵگەدا.
دەشێت لە خۆمان بپرسین لای ئێمە بێ بەها و تافیهەکان بە کوێ گەیشتوون؟ بەندبێژێک باسیی عەرەبانە و زیل و قوفڵ و کلیلت بۆ دەکات لە یوتیوبدا (8) ملیۆن تەماشای تێپەڕاندووە؟!. بەڵام نووسەر و بیرمەندی ڕاستەقینەی ئەم میللەتە خوێنەر نایانناسێت، فۆڵۆوەری بەناو مۆدێلێکی نەخوێندەوار و جنێوفرۆشێکی ناو ئەم تۆڕە نەفرەتیانە سەدان و هەزاران قاتی هونەرمەند و شێوەکار و داهێنەر و خاوەن هزری ئەم کۆمەڵگەیەن. با بپرسین کێن ئەوانەی لە کتێبی گینیس ناویان تۆمارکراوە و چ کارێکیان ئەنجام داوە ؟ کێن ئەوانەی یوتیوب خەڵاتی زێڕینی پێ بەخشیون لەناو کورددا و چ خزمەتێکیان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە؟. ئیدی ئەوکات دەزانین سەردەم سەردەمی تەفاهەت و بێ بەهاییە.