دلێر محەمەد نوری: خۆوکە گێل، یان تەماشای سەرەوە مەکە.
لە نێتفلێکسدا فیلمێکی کۆمیدی ئەمریکی سەرنجڕاکێشم بینی. دەکرێ ئەم فیلمە بەراوردی بکەین لە گەڵ زۆر دۆخی دیکەی دوور لە ناوەڕۆکی فیلمەکە و هەمان کارەساتی فیلمەکەش کۆتایی ئەو دۆخانەش بێت. ئەو فیلمە لە ژێر ناوی “تەماشای سەرەوە مەکە” بوو.
لە سەرەتای دووهەزارەکانیشدا لە فەرمانگەیەکی کوردستان کارم دەکرد. هاوڵاتییەک لە گەرمیانەوە هاتبووە سلێمانی بۆ بەردەمی هاوڕێ کارەکەم و فایلێکی پێبوو. بۆ جێ بە جێ کردنی داواکارییەک لەو فەرمانگەیەدا. لە نێو ئەو نووسراو و پشتگیریی و پێویستییانەی کە بۆ جێ بە جێ کردنی وەها داواکارییەک پێویست بوو، گرنگترینی لە بیر کردبوو. هاوڕێ کارەکەیشم وتبووی؛ “مامە گیان ناکرێ، دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ کەلار و ئەو نووسراوەشمان بۆ بهێنیت”. کابراش تکای لە هاوڕێکەم کرد کە جێ بە جێی بکات و زوو زوو بە دیالێکتە گەرمییانییەکەی خۆی ئەیووت؛ “خۆوکە گێل، خۆوکە گێل” واتا خۆت لەو نووسراوە گێل بکە و کارەکەم بۆ جێ بە جێ بکە. کۆتایی ئەم فیلمەش لە وتەی ئەم مامە کەلارییە ئەچوو.
بەڵام لە فیلمەکەدا بابایەکی هەژار نەی دەووت؛ “خۆوکە گێل”، بەڵکو سەرۆک و وەزیر و کاربەدەستە باڵاکان و میدیاکاران و ڕۆشنبیران ئەیانووت “تەماشای سەرەوە مەکە و خۆت لە گێلی بدە لەو تەنە زەبەلاحەی ڕوو بە ڕووی گۆی زەوی، بە خێرایی دێت و دەبێتە هۆی لە ناوبردنی گۆی زەوی!
فیلمەکە وەها دەستی پێکرد کە دوو شارەزای ناسا لە کاتی چاودێری کردنی بۆشایی ئاسماندا بۆیان دەرئەکەوێت کە تۆپێکی زەبەلاح کە تیرەکەی چەند کیلۆمەترێکە و بە خێرایی ڕووەو گۆی زەوی دێت. ئەگەر لە بۆشایی ئاسماندا بە ڕۆکێتی زەبەڵاحی تایبەتی نەتەقێنرێتەوە ئەوا لە شەش مانکی داهاتوودا دەگاتە گۆی زەوی و شتێک نامێنێت بە ناوی ژیانەوە.
بە کورتی لە یەکەم هەنگاودا ئەم کارە بۆ سەرۆکی وڵات ڕوون ئەکەنەوە. سەرۆک هێندە سەرقاڵە بە شەو و ڕۆژێک ئەگەنە لای. لە سەرقاڵی بە خۆی و مێز و کورسی و سیاسەتی وڵاتەوە، هیچ لەو مەسەلەیە سەردەرناکات و ئەڵێ باشە چەندتان پارە پێویستە بۆئەم مەسەلەیە؟ کاتێ شارەزاکانیش پێی ئەڵێن پارە چارەی ناکات بەڵکو بڕیاری جدی ئەوێ کە تەکنەلۆژیا بخرێتە کار بۆ تەقاندنەوەی ئەو تەنە لە بۆشاییدا. بەڵام سەرۆک هەر لە گێلی دەدات و دەڵێت؛ “ناکرێت تەماشای سەرەوە نەکەن!؟” واتا خۆتان لەو تەنە گێل بکەن. ڕووداوەکانی ناو ئەم فیلمە زۆرن لێرە جێگەی باسکردنیان نین، بەڵام لە کۆتاییدا کار لە کار ترازا و تەنەکە گەیشتە زەوی و گۆی زەویش لە ناوچوو.
تۆ تەماشا شەڕی ناوخۆی نەوەددەکان، تا نەگەیشتە خیانەتی نشتیمانی و دوا چۆڕی خوێنی ڕژاو و فشاری ئەمریکا، نە نزای پیاوی ئایینی و نە ڕجای ڕیش سپی و نە شیکردنەوەی شاڕەزایان و نە وتاری نووسەران هیچ شتێک نەیتوانی ئاو بکات بەو ئاگرەدا. دوا جار هەرێم وەها دوو لەت بوو کە تا ئێستاش پێکەوە نالکێنرێت.
ڕیفراندۆمیش وەکو ڕووداوێکی چارەنووسساز بە هەمان شێوازی فشارەکانی ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆ، سەرکردایەتی کورد نەک هەر ملی بۆ ناوخۆ نەدا بگرە هەموو ئاگادارییە نێودەوڵەتییەکانیش پشت گوێ خست. تا دواجار نەک هەر ڕیفراندۆم سەری نەگرت بگرە بووە هۆی ئەوەی هەرێم بگڕێنێتەوە بۆ زیاتر لە دوو دەیەی پێشووتر و ناوچەیەکی فراوانیشی لە دەست بچێت.
خودی دامەزراندنی ئەم هەرێمەش بەرهەمی هەلومەرجێکی زۆر تایبەتی بوو. کە داشمەزرا مانشێتە هەر گەورەکانی پشتگیری کردنی، ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی ڕادەربڕین بوو. تەماشا بکەن هیچ کام لەو مانشێتانە لە جێی خۆیاندا نەماون، ئازادی سنوردارە و دیموکراسی پڕ لە کون و کەلەبەر و مافی مرۆڤ ڕۆژانە پێشێل ئەکرێ و زیندانەکانیش پڕن لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی. بۆ هەر یەک لەم کەیسانە فشار کرا، خۆپیشاندان ئەنجام درا، داواکاری پێشکەشکرا، هەموو سەرکردەی وڵاتانی زلهێز ئامۆژگاریان دا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕاپۆرتیان لە بارەوە دەرکرد، بەڵام ئەم دەسەڵاتە وەکو مامەی کەلاری هەر ئەڵێ خۆتان لە گێلی بدەن، یان وەکو سەرۆکەکەی نێو فیلمەکە ئەڵێت سەیری سەرەوە مەکەن. لە کۆتاییدا و گەر وا بڕوات ئەو تەنە پۆڵایینەش خۆی بەم هەرێمەدا دەکێشێ و شتێک نامێنێتەوە بە ناوی هەڕێم یان کوردستان.