خالید مەجید فەرەج: سوهرەوەردی، حیکمەتی ئیشراق.
سەرچاوەکان دەڵێن سۆفی و فەیلەسووف و نووسەر و شاعیر شهاب الدین سوهرەوەردی لە سوهرەوەردی ڕۆژئاوای باکووری ئێران ساڵی 1155 لە دایک بووە و ساڵی 1191 لە حەڵەب لە شام وەفاتی کردووە.
بۆ جیاکردنەوەی لە دوو سۆفی دیکە کە هەمان نازناویان هەبووە، شهاب الدین عمر السهروردی دانەری کتێبی عوارف المعارف و ابو النجیب سوهرەوەردی ئەم نازناوی سوهرەوەردی کوژراویان پێ داوە.
سوهرەوەردی 36 ساڵ ژیاوە، بووە ئەوەش وای کردووە، لێکۆڵەرانی سۆفیگەری سەراسیمە بکات، چۆن لەو ماوە کەمەی تەمەنیدا توانیویەتی بەو قووڵی و فرەیی هەمەجۆرییە لە بوارەکانی فەلسەفە و مەنتیق فیکر، بەگشتیدا بنووسێت و ئەو بەرهەمە بەرچاوەی هەبێت کە دەکاتە نزیکەی دوانزە کتێب و دانراو.
سوهرەوەردی لە سەردەمێکی ئاڵۆزدا و لە کۆتایییەکانی تەمەنیدا لە وڵاتی فارسەوە دێت بۆ شام. لەو کاتەدا بووە کە سەلاح الدینی ئەیووبی سەرگەرمی بنە بڕکردنی فاطمیە شیعەکان دەبێت، ئەوەش هەستیارییەکی زۆری دروست کردبوو بەرامبەر ئەوانەی کە مەیلی شیعەگەریان لێوە دەردەکەوت.
سوهرەوەردی شیعە نەبوو، بەڵام هۆکاری تۆمەتبارکردنی ئیرەیی زاناکانی ئەو دەمەی حەڵەب دەبێت پێی، هەرچەندە ئەو بە بەرگێکی ڕەشی چڵکنی ئاسایییەوە دەچێتە ناو مەجلیسەکەی مەلیک زاهیر کوڕی سەلاح الدین میری ئەو دەمەی حەڵەب و وەک عادەتی زانا ئایینییەکانیش ئامادەی دەبن. لە کاتی موناقەشە کردن لەگەڵیدا دەردەکەوێت لە وان باڵاتر و زاناترە، ڕۆژێک لێی دەپرسن بۆ جلەکانت ناشۆیت، دەڵێت: بیشۆم پیس دەبێتەوە .دەڵێن جارێکی دیکە بیشۆرەوە، دەڵێت: جارێکی دیکەش هەر پیس دەبێتەوە و هەروەها… لە کۆتاییدا دەڵێت: من بۆ بۆ جل شتن دروست نەبووم، بۆ کارێکی لەوە گرنگتر خولقاوم.
سوهرەوەردی دەیویست تیۆرییەکی قووڵی سۆفیگەری فەلسەفی پێشکەش بکات، ئەو وای دەبینی کە وجود (بوون) پێک هاتووە لە پلە یان مەرتەبەکانی ئەنوار، خودا نووری نوورەکانە و باقی بوونەکانی دیکە پلەکان، یان مەرتەبەکانی دیکەی نوورن. لێی دەپرسن ئەی تاریکی چییە؟ دەڵێت: تاریکی عەدەمە، بەڵام بوون نوورە و بەو شێوەیە، دەڵێت: کەون پێک هاتووە لە بنیاتێکی نوورانی.
دەڵێن ئەم بۆچوونەی سوهرەوەردی، ئەگەر لێرەدا بوەستایە بەبێ کێشە تێپەڕ دەبوو، بەڵام ئەو باوەڕی بە تیۆرییەکی دیکە هەبوو کە دەیگوت: کەسە کامڵەکان (تەواوەکان) دوو جۆرن:
1- کەسانێک لە توێژینەوە و زانستدا کامیلن (تەواو) (مەبەست زانستی ئایینییە بەگشتی)
1- کەسانێک لە عیبادەت و لە ڕێگە و لە حەقیقەتەکاندا (دەستەواژەی سۆفیگەرین) کامیلن، هەر سەردەمێک حەکیمێکی عابید (متألە) هەیە بە ناخی لێکۆڵینەوە و گەڕاندا شۆڕ بووەتەوە کە ئەوە ترۆپکی پێگەیشتن و هۆشیارییە بە نیسبەت ئینسانەوە.
بەردەوام دەیگوت هەرگیز جیهان بێ (القائم بالحجة) نەبووە و هەر سەدەیەک حەکیمێکی عابیدی خۆی هەیە و لە نێوان لایەنی زانستی لایەنی ڕۆحی دا کە بە (تألە) ناوی دەنێت.
هەر وەکوو پێشتر باسمان کرد فوقەهاکانی ئەو سەردەمە ئەوە دەکەن بە بیانوو لێی و نامەیەک بۆ مەلیک زاهیر شا دەنێرن تێیدا دەنووسن عەقیدەی ئەو گەنجە فاسیدە، مەلیک زاهیر وەڵامیان دەداتەوە کە ئەو هیچی وای لێ نەبینیوە کە خیلافی عەقیدە بێت. فەقیهەکان دەڵێن باشە بە حزووری خۆت مەجلیسێکی بۆ دەگرین، بێ گومان لەو فەقیهانە ئێستاش زۆرن کە ڕقیان لە هەر شتێکی جوان بێت دەبێتەوە. خەباسەتێکی زۆر شەیتانی لەگەڵ بەکار دەهێنن کە پێی دەڵێن (قیاس الأحراج) واتا هەرچۆنێک بێت وەڵامەکەت تۆ ئیدانە دەکرێیت، نموونەیەکی میللی هەیە لەسەر ئەو جۆرە قیاسە دەڵێن پیاوێک بەژنەکەی کە لەسەر پەیژەکە دەبێت دەڵێت بچیتە سەرەوە تەڵاقت کەوتبێت و بێیتە خوارەوە تەڵاقت کەوتبێت ناچار ژنەکە بۆ ئەوەی تەڵاقی نەکەوێت خۆی فڕێ دەداتە خوارەوە و دەمرێت.
بە سوهرەوەردی دەڵێن ئایا خودا لە توانایدایە لە پاش پێغەمبەر محمد (د.خ) پێغەمبەرێکی دیکە بنرێت. ئەگەر بڵێ بەڵێ دەتوانێت، لەوێدا هەر وەکوو دەڵێن (انکر معلوما من الدین بالضرورة) واتا نکوڵی لە شتێک دەکات کە ئایینەکە بە ڕا شکاوی جەختی لەسەر کردووە کە ئەویش ئەوەیە محمد دوایین پێغەمبەرە(خاتم الأنبیاء) و کەسی دیکە لەدوایەوە نایەت، خۆ ئەگەر بڵێت ناتوانێت ئەوەش ئینکاری توانا و قودرەتی خودایە کە هەموو شتەکان لەدەستی خۆیدا یە واتا لەوێشدا هەر ئیدانە دەکرێت.
سوهرەوەردی بە ئاگاوە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت هیچ سنوورێک بۆ قودرەتی خودا نییە. لێرەدا فەقیهەکان دەڵێن ئەها مەبەستت لەوەیە کە دەکرێت خودا پێغەمبەرێکی دیکە بنرێت کەواتە تۆ باوەڕت بەوە نییە کە محمد (خاتم الأنبیاء)ـە.
دەست بەجێ نامەیەکی ڕەش بۆ سەلاح الدین الأیوبی دەنێرن ئەویش هەرچەندە لەگەڵ موسی بن میمون فەیلەسووفی ئەندەلوسی کە ئیسلام دەبێت و دەیکات بە پزیشکی تایبەتی خۆی نەرمی دەنوێنێت کاتێک کە دەڵێت: من بە زۆر کراوم بە ئیسلام و دەگەڕێتەوە سەر ئایینەکەی خۆی هیچی لێناکات بەڵکو پرسی فوقەهاکان دەکات، ئایا ئەوە جائیزە ئەوانیش دەڵێن: بەڵێ مرۆڤ ئازادە چ ئایین و عەقیدەیەک هەڵببژێرێت، کە بەڕای ئێمە لێرەدا ئەو فەتوایە لەبەر دڵی سەلاح الدین بووە، چونکە زانیویانە نایەوێت دەستبەرداری مەیمون بێت و پێویستی پێی بووە وەکوو پزیشکێک، بەڵام لە حاڵەتی سوهرەوەردیدا سەلاح الدین هیچ ئیشێکی ئەوتۆی بە سوهرەوەردی نەبووە، بۆیە تەکفیریان کردووە ئەوەش ئەوە دەردەخات کە فوقەها بەدڵی سەردەم و بەرژوەندی خۆیان و سوڵتان حوکمە شەرعییەکانیان بە درێژایی مێژوو گونجاندووە.
مەلیک زاهیر دەیەوێت ئیعدام کردنەکەی دوا بخات، بەڵام سەلاح الدین بە نامەیەکی دیکە جەخت لەسەر دەست بەجێ ئیعدام کردنی دەکاتەوە.
ناچار دەیبەن بۆ قەڵای حەڵەب لەوێ بیکوژن، سەهرەوەردی دەڵێت: با ئێوە دەستان نەچێتە خوێنم و گوناهبار نەبن، بمخەنە ژوورێکەوە بێ نان و ئاو وازم لێ بهێنن با خۆم بمرم، ئیدی لەو ژوورەدا دەمرێت.
بۆچی پاشماوەکانی سوهرەوەردی ئەو مەکانەتە گەورەیەی بەدەست هێناوە کە لە هەموویان گەورەتر و بەناوبانگترینیان کتێبی (حکمة الأشراق)ـە. هەروەها هیاکل النور هەیکەلەکانی نوور.
بۆ چی سوهرەوەردی تا وەکوو ئێستا کە سەدەی بیست و یەکەمە بە زیندوویەتی ماوەتەوە؟ ئەو هەر دوو فەلسەفەی بورهان (سەلماندن) و عیرفانی پێکەوە گرێ دابوو، بورهان لەفەلسەفەی (المشائیەدا) قوتابخانەیەکی یۆنانی کۆنە ئەفکاری خۆیان لە ئەرستۆوە وەرگرتووە وشەیەکی یۆنانی کۆن هەیە peripatetikos ئاماژە بۆ کرداری ڕۆیشتن دەکات و ئاوەڵناوەکەشی بە واتای مشاء واتا ئەو کەسەی کە دەڕوات دێت، چونکە ئەرستۆ بەدەم ڕۆیشتنەوە موحازەرەکانی دەگوتەوە ئەو فەلسەفەیە پشت بە ئیستیدلالی عەقڵی و مەنتیقی دەبەستێت. بەڵام عیرفان دەکەوێتە ژێر بەندی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان بەهۆی کەشف و تەجەلاوە (دەرکەوتن). ئەو کۆکردنەوەیە بە تەماوی مایەوە لە فەلسەفەدا دواتر بوو بە پێگەی پرسی توێژەرەکان دەربارەی ئەوەی چۆن یەک پیاو توانیویەتی عەقڵی و ڕۆحانی لە یەک بۆتەی فەلسەفیدا کۆ بکاتەوە.
حیکمەتی ئیشراق لەلای سوهرەوەردی بوو بەدوو بەشەوە، کە دەکاتە سنوورەکانی فیکر و ئەنوارە ئیلاهییەکان هەردووکیشیان پێکەوە دوو ڕووی یەک وێنەن، یەکەم باس لە مەنتیق و فیکر و فەلسەفە دەکات ئەوی دیکەشیان تەسەوفێکی خالیسە.
لە بەشی یەکەمیاندا ئەو فەیلەسووفە لاوە (سوهرەوردی) دەیەوێت چاکسازی لە مەنتیقی ئەرستۆدا بکات کە لەسەر ئیستیدلالی مەنتیقی و پشت بە عەقڵ بەستن بە سیفەتێک کە سەرچاوەی سەرەکی مەعریفەتە دەوەستێت.
سوهرەوەردی لە فەیلەسووفە سۆفییە بەرایییەکان بوو کە لەو ڕێسایە لایاندا بوو، گرنگی بە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی هەر لە سەرەتای ژیانییەوە دابوو، مەنتیقی ئەرستی(ارسطو) فێر بوو دوای ئەو بەباشی ئەو مەنتیقەی وەک دەڵێن هەزم کردبوو، دەستی کرد بە پاککردنەوە و ڕەخنە لێگرتنی، هەوڵی دا لێکۆڵینەوە لەنێوان هەر دوو چەمکی (کلی و جزئی)دا فراوان بکات. ئەو دەیگوت لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی سۆفیگەریدا، تاک دەزانێت کە زاتی ڕۆحی مرۆڤ ( زاتی جزئی ) لە زاتی حەق کە ( زاتی کولییە) زاتی گشتی یان گشتگیرە جیابووەتەوە، لەبەر ئەوە سۆفییەکان لەپێناوی یەکگرتنی بەش لەگەڵ گشتدا موناجات دەکەن و دەیانەوێت نەفسی خۆیان بگەێین بە زاتی هەق تاوەکو لەڕێگەی میعراجی ڕۆحییەوە بەرز بوونەوەی ڕۆح لەناویدا فەنا دەبن.
هەروەها چەمکەکانی (المتناهی و لا متناهی) موتەناهی بە نیسبەت سوهرەوەردیەوە شتە مادییەکانن و بە هەست پێکردن پێیان ئاشنا دەبین نەک لەڕێگەی (حدس)ـەوە -پەی پێ بردن- بەڵام اللا متناهی بە (الحدس) پەی پێبردنەوە بەستراوە، کە بناغەکەی نووری ڕەبانییە، موتڵەقی کوللی و بێ سنوورە، زات زاتی خۆی لە ڕێگەی ناسینی خوداکەیەوە دەناسێتەوە، ئەگەر خۆی ناسی ئەو کاتە ڕێگەی خێر دەگرێتە بەر.
سوهرەوەردی کوژراو گرنگییەکی زۆری دابوو بە مەسەلەی ماهییەت و وجود، ئەوەش وای کردووە کە ئەو پێش سەرهەڵدانی فەلسەفەی وجودی، وجودی بێت سوهرەوەردی دەڵێت وجود پێش ماهیەتە و ئەگەر وجودی موتلەق (ڕەها) نەبوایە ماهیەت نەدەبوو.
پێش سوهرەوەردی کەس فەلسەفە و تەسەوفی بەیەکەوە نەبوستبووەوە ئەو هەوڵیدا حیکمەتی فەلسەفە و حیکمەتی ڕۆحی لە یەک بۆتەدا کۆ بکاتەوە، دەڵێت؛ هیچ ناسازییەک لە نێوان ئەو دوو حیکمەتەدا نییە.ئیشراقی راستەقینە ئەو کەسەیە کە بە لێکۆڵینەوە و دیراسەت دەگاتە سەرچاوەکانی حیکمەتی عەقڵی و لەهەمان کاتدا دەتوانێت بەناو نهێنینەکانی حیکمەتی زەوقیدا شۆڕش ببێتەوە- کە حیکمەتی تایبەتە بە موکاشەفەی خودایی (پەردە لاچوون لەنێوان رۆحی مرۆڤ و جیهانی نادیاردا) وجیهانی رۆحیدا.
بۆ تێگەیشتن لە ماهیەتی نوور لەلای سوهرەوەردی، کە بەردی بناغەی ئەفکاری ئیشراقە، دەبێت لەوە بگەین کە خودا بە نیسبەت ئەو زانا لاوە ((نووری ئەنوار))ـە، ئەو ئەو ئەسڵەیە کە هەموو نوورەکانی جیهانی مادی و ڕۆحی لێوە فەیز بووە واتا سەری کردووە یان بڵاو بووەتەوە.