خالید مەجید فەرەج: چەمکی وجودیەت لەلای سارتەر.
تەوژمێکی فەلسەفی نوێیە بە بەراورد بە تەوژمەکانی دیکەی سەردەم و دوای سەردەمی ڕۆشنگەریی، واتا سەدەی هەژدەیەم و دوای ئەوە، بەڵام وەکوو دەڵێن ڕەگی مێژوویی هەیە.
وەکوو مەزهەبێکی فەلسەفی لەسەر دەستی فەیلەسووفی دانیمارکی کیرکەگارد کە لە ساڵی 1855 دا وەفاتی کردووە، سەری هەڵدا. پاش ئەو لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیری و ئەهلی فیکر و ئەدەبدا پێش کەوت. هەرچەندە بەڕای ئێمە سوهرەوەردی زۆر لەپێش ئەمانەوە جەختی لەسەر بوونی وجود لە پێش ماهیەتەوە کردووە. بەڵام بەداخەوە لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە مەزهەبی وجودی ئاماژە بەوە ناکەن.
لەم مەزهەبدا دوو ئاراستە دەبینرێن.
1- ئاڕاستەیەکی ئیمان دار کە کیرکەگارد و مارسیل و ئەوانی دیکە نوێنەرایەتی دەکەن.
2- ئاراستەیەکی مولحید کە هایدگەر و سارتەر و خەڵکی دیکە نوێنەرایەتی دەکەن.
گوتەی وجود پێش ماهیەت چی دەگەێنێت بە دیاریکراویش لەلای ئاراستە مولحیدەکە. چۆن فەیلەسووفی گەورەی فەرەنسی ئەمەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە:
لەڕووی مێژوویییەوە فەلسەفە میسالیە گەورەکان (ئایدیالیست) فەلسەفەی ((ماهیەوی)) بوون، بەواتا دەیان گوت ماهیەت پێش وجود((بون)) کەوتووە. ئەوان وای دەبین کە ماهیەتی مرۆڤ پێش بوونی ((وجودی کەوتووە))، سەرەتا با بزانین ماهییەت چییە، ((جەوهەر یان وەزیفە یان سروشتی نەگۆڕ و چەند تایبەتمەندییەکە کە پیش بوونی فیعلی مرۆڤ دەکەوێت، واتا پێش ئەوەی مرۆڤ دروست بووبێت، تەسەورێک هەبووە بۆ مرۆڤ کە دەبێت چۆن بێت، وەک شێوە و تەنانەت ناوەرۆکیش کە دەکاتە تەبعی بەشەر و هەڵسوکەوتەکانی. هەر وەکوو هەموو شتەکانی دیکە)).
بۆ نموونە کاتێک کە پەیکەرتاش، دەیەوێت پەیکەرێک بۆ مرۆڤێک دروست بکات، پێشان بیرۆکەیەکی لە مێشکدا هەیە لەسەر مرۆڤ و تایبەتمەندییەکانی و شێوەکەی چۆنە، بۆیە لەو شێوەیەدا دروستی دەکات کە لە خەیاڵیدایە واتا پێشان ماهییەتەکە هەیە و بەپێی ئەوە دروستی دەکات. نموونەیەکی دیکە ماهییەتی چەقۆ کردەی بڕینە، بۆیە چەقۆ بەو پێیە دروست کراوە، واتا تیژ و ڕەق.. هەروەها نموونەی کورسی، پێش دروست کردنی دارتاشەکە ئەوەی لە خەیاڵدا بووە کە دەبێت شتێک دروست بکات مرۆڤ بتوانێت لەسەری دابنیشێت. بەو جۆرە کورسی بەپێی ئەو ماهییەتە دروست کراوە کە پێش دروست کردنی هەبووە.
هەر وەکوو پێشتر ئاماژەمان پێدا، فەلسەفە میسالییەکان دەڵێن خودا مرۆڤی بەپێی تەسەور و ماهیەتیەتێکی پێش بوونی فیعلی خەلق کردووە، ئەمەش ڕێک لە ماهییەت یان بیرۆکەی پەیکەرتاش و دروست کردنی چەقۆ و کورسی دارتاشەکە دەچێت.
ئەگەر بگوترێت ماهییەت پێش وجود ((بوون)) کەوتووە، ئەوە دەگەێنێت کە ئەو شتە یان کائینە وەزیفە و تایبەتمەندییەتی نەگۆڕی هەیە و ئەوەش دەمان گەێنێتە ئەو قسەیەی کەدەڵێت؛ ئەو دیزاینە پێش وەختە بۆ ئامانج و مەبەست و واتایەکی دیاریکراو دروست کراوە.
جان پۆل سارتەر ئەم بۆچوونەی ڕەت کردەوە و گووتی؛ وجود ((بوون)) پێش ماهیەتە و نکۆڵی لە بوونی ماهییەتێک بۆ مرۆڤ لە پێش بوونییەوە هەبێت، یان ماهییەتێک (تەسەورێک) هەبێت بۆ مرۆڤ پێش دروست بوونی.
مرۆڤ لەلای سارتەر دروست دەبێت، دواتر خۆی ماهییەت بۆ خۆی دروست دەکات، ئەو ڕەتی دەکاتەوە کە مرۆڤ سروشتێک یان تەبیعەتیکی جێگیری هەبێت کە پێشتر بۆی داڕێژرابێت، یان وەزیفەیەک و ئامانجێکی دیاریکراوی پێش بوونی بۆ دانراوی هەبێت، بێگوومان لێرەدا سارتەر ئەم بۆچوونەی خۆی لەسەر ڕەتکردنەوەیەکی پێشتر بۆ بوونی خوداوەندێک کە مرۆڤی لەسەر وێنایەکی( تەسەورێکی) پێشتر بۆی لە زەینی خۆیدا بۆ سروشتی مرۆڤ دروست کردبێت، وەک نموونەی پەیکەرتاشەکە یان دارتاشەکە کە پێشتر وێنە و وەزیفەی ئەو شتەی لە زهنیەتیدا بووە کە ویستوویەتی دروستی بکات.
لە بەرامبەر ئەوەدا دەڵێت؛ مرۆڤ کە دروست بووە هیچ پێشینەیەکی نەبووە، ڕوونتر بڵێین؛ قاڵبێک بۆ شێوەوە وەزیفە و سروشتەکەی نەبووە تاوەکوو لەسەر ئەوە داڕێژرابێت، بەڵکوو لە عەدەمەوە دروست بووە. بۆیە لەسەری بووە کە ململانێ بۆ مانەوەی خۆی بکات و بە خۆی ماهیەت و ئامانجی لەژیانی خۆی دیاری بکات، تا دەگاتە ئەوەی کە مرۆڤ خۆی ناسنامە و ماهیەتی خۆی دیاری دەکات و ئەوەی کە لە دەرەوەی خۆی لە هەر سەرچاوەیەکی دیکەوە کەوەری دەگرێت. بە واتایەکی دیکە مەبەستی سارتەر ئەوەیە مرۆڤ بوونەوەرێکی دینامیکییە جیاوازە لە چەقۆ و کورسی کە پێشتر ماهییەتیان دیاری کراوە، واتا بۆ دانیشتن و بڕین دروست دەکرێن، ئیدی لەوە زیاتر هیچ وەزیفەیەکی دیکەیان نابێت و ناتوانن خۆیان بۆ ئامانج و کارێکی دیکە پیش بخەن بەپێچەوانەی مرۆڤەوە کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشکەوتندایە..
هەر وەکوو سارتەر بۆی دەچێت هیچ کەس لە خۆم زیاتر ئەو ڕێگەیەم بۆ دیاری ناکات کە مومارەسەی وجودی خۆمی تێدا دەکەم، هەر خۆم جڵەوی ژیانی خۆم دەگرم و هەڵسوکەوتم دیاری دەکەم، جگە لە خۆم هیچ کەسێک بڕیاردەر نییە. خۆم ناسنامەی خۆم سات بە ساتی ژیانم دیاری دەکەم و واتایەکی تایبەتی دەبەخشم بە بوونی خۆم و شێوازی ژیانم.
کەواتە واتای وجود ((بوون)) لەلای سارتەر لەپێش ماهییەتەوە دێت، سەرەتا مرۆڤ دروست دەبێت دواتر خۆی بەدەستی خۆی ماهییەت بۆ خۆی دروست دەکات.
لێرەدا دەبینین سارتەر بەرپرسیاریەتی تەواوی خستووەتە سەرشانی مرۆڤ خۆی لە هەڵبژاردەکانی، چونکە خۆی بە ئازادییەکی تەواوەوە هەڵیان دەبژێرێت، واتا بڕیاردەری ئەوەڵ و ئەخیر هەر خۆیەتی.
بە بۆچوونی سارتەر هیچ دەسەڵاتێک بەسەر ئازادی مرۆڤەوە نییە. ئەو ئازادییە هەر وەک سارتر دەیبینێت ئازادییەکی ڕەهایە و هیچ کۆت و مەرجێکی لەسەر نییە. ئەوە جەوهەری بوونی مرۆڤە، بوونی ئینسانی لە جەوهەرەکەیدا بە پێچەوانەی شتەکانی دیکەوە کە ملکەچی جەبریەتەن ((ماهییەتێک کە پێش بوونی کەوتووە))، کەواتە مرۆڤ ناتوانێت سەربەست نەبێت تەنانەت ئەگەر مرۆڤ بە ویستی خۆشی وازی لەو ئازادییە هێنا، وازی لەسەر بەستی نەهێناوە. چونکە تەنانەت هەڵنەبژاردنیش لە کۆتاییدا هەر هەڵبژرادنە، واتا وەرگرتنی هەڵوێستێکی سەربەست و ئارەزوومەندانەیە.
بۆچی مرۆڤ بە تەواوەتی بەرپرسە لە بژاردە و بڕیار و کردەوە و ئەوەشی لەو داهاتووەدا کە خۆی هەڵی بژاردووە تووشی دەبێت، چونکە بەرپرسیاریەتی لەلای سارتەر لەگەڵ ئازادیدا دوانەیین، واتا بەبێ یەک نابن. مرۆڤ بەو واتایەی کە بوونەوەرێکی ئازادە خۆی بڕیاردەرە و ئیختیار لەدەستی خۆیدایە کەواتە هەر خۆشی بەرپرسە لەو بڕیارانەی خۆی، بەڵام دەبێت بژاردەکانی ڕەچاوی ئەوە بکات کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر دەور و پشتیشی هەبێت.
لە پوختەی ئەوەی ڕابورد بۆمان دەر دەکەوێت کە سارتەر وای بۆ دەچێت؛ بوون پێش ماهییەت دەکەوێت (بەنیسبەت مرۆڤەوە).
مرۆڤ دروست دەبێت دواتر بەو پەری ئازادییەوە خۆی ماهییەت بۆ خۆی دروست دەکات.
مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی دەتوانێت خراپەکاری یان کاری چاکە بکات واتا بژاردەکان لەدەستی خۆیدایە. دەبێت بیر لەو بژاردانە بکاتەوە کە کاریگەری لە خودی خۆیەوە دەپەڕێتەوە بۆ بوارە گشتییەکە، واتا کاتێک کە لە شێوەی یاسادا دەبێت، ئایا زیانی هەیە بۆ خەڵکی یان نا؟.
دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە مەزهەبی موعتەزیلە بدەین کە هەر وەکوو پێشتر ئاماژەمان بە سوهرەوەردی دا، ئەمانیش لایەنگری پەیڕەوەی قەدەری بوون، نەک جەبری، واتا مرۆڤ موخەیەرە نەک موسەیر، ئەوانیش دەیان گووت بۆ ئەوەی مرۆڤ بەرپرس بێت لە کردەوەکانی خۆی، دەبێت ئازاد بێت لە بژارەکانیدا، بەپێچەوانەی جەبریەکان کە دەڵێن؛ مرۆڤ ئەوەی کە دەیکات، واتا ژیان و هەڵسوکەوت چارەنووسی پێشتر لە لەوحی مەحفوزدا بۆی دانراوە. واتا چاری نییە دەبێت بیانکات.
دەگوترێت ئەم فەلسەفەی سارتەر کوڕی سەردەمەکەیەتی ئەو دەمە دوو جەنگی جیهانی گەورە بەرپابووبوون بەتایبەتیش دووەمیان زۆر وێرانکەر بوو تەڕ و وشکی پێکەوە سووتاندبوو دەیان ملیۆن کەسی لەناو برد، ئەوە وای کرد مرۆڤ بکەوێتە ناو دەریایەک لە بێ ئومێدی و عەبەسییەت و ڕەشبینی بەرامبەر بە چارەنووسی مرۆڤایەتی. ئەوان دەڵێن جان پۆل سارتەر و فەلسەفە وجودییەکەی تەنیا بۆ کێشەکانی ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە.
بێگومان سارتەر ئەوەی ڕەت کردەوە و گووتی فەلسەفە وجودیەکەی ئەو ناکرێت لەو سنوورە تەسکەدا قەتیس بکرێت، لەبەر ئەوەی فەلسەفەی وجودی فەلسەفەیەکی ئینسانییە. فەلسەفەیەکە ئاسۆی نوێی لە هێز و باوەڕ بە خۆ کردن لەلای مرۆڤ دەکاتەوە و هەوڵدەدات ئازادی بکات لەزەلیلی و تەسلیم بوون و بەندی داب و نەریتە چەقبەستووەکان.
هەر وەکوو مونەزیرەکانی ئەم فەلسەفەیە دەڵێن سارتەر ویستوویەتی هەموو ئەو شتانەی کە لەباوەڕە کۆنەکانەوە بۆی ماوەتەوە و ئازادییەکەی کۆت کردووە، لێ بکاتەوە، مرۆڤ لە بەندەکانی ڕەش بینی هەڵواسینی چارەنووس بەسەر تەنافی قەدەردا، واتا لەچارەی نووسراوە و دەبێت هەر بێتە دی ڕزگار کرد بۆیە دەتوانین بڵێین فەلسەفەی وجودیەت فەلسەفەی گەشبینییە، نەک تەسلیم بوون و بێهوودەیی.